پەسەندکراوی پلنیۆمی ٣٣ ی کۆمیتەی ناوەندیی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان
پێشەکی
گرانی بەڕادەیەك بەرەوسەرچووە کە تەنگی بە جەماوەری ملیۆنی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێشی کوردستان هەڵچنیوە. ژیانی ئەوانی گۆڕیوە بۆ جەنگێکی ڕۆژانە لەپێناو مانەوەدا. جیاوازی نێوان ئاستی داهاتی خێزانە کرێکاری و توێژە کەمدەرامەتەکان بە بەراورد بە داهات و سامانی هەردوو بنەماڵەی دەسەڵاتدار و بەرپرسانی حزبی و حکومی و خاوەن کۆمپانیاکان، لەلایەکەوە و لەلایەکی دیکەشەوە لەگەڵ خەرجییەکانی ژیانی ڕۆژانەدا بەشێوەیەکی سەرسوڕهێنەر هەتادێت قوڵتر دەبێتەوە. گرانبوونی بەردەوامی کاڵا و پێداویستییە سەرەکییەکانی ژیان، کەمبوونەوەی توانای کڕین، نەبوونی کار و داهاتی جێگیر، و خۆدزینەوەی دەسەڵات لە هەرجۆرە بەرپرسیارێتیەك بەرامبەر بە ژیانی خەڵك و پوکاندنەوەی خزمەتگوزارییە گشتییەکان، ژیانی بەشێکی زۆری خەڵکی بەرەو هەژاری و برسێتی و کارەسات بردووە.
ئەگەرچی پاساوەکانی دەسەڵاتداران بەرامبەر بەم دۆخە سەختە ئابورییە، ئەوەیە کە بەغدا شایستە داراییەکانی هەرێم نانێرێت، یاخود ئەوەی کە ئەم گرانی و نەبونیە بەرئەنجامی دۆخی جەنگی ناوچەکەیە، بەڵام لەڕاستیدا ئەم بارودۆخە نەك بەرەنجامی هیچکام لەو پاساوانەی دەسەڵاتدارانی هەرێم نییە، تەنانەت بە تەنهاش بەرئەنجامی گرانبوونی کاڵاکان و لەڕادەبەدەر لە خوارەوەبوونی کرێ و مووچەکان نییە؛ بەڵکو ڕاستەوخۆ ئاکامی سیاسەتە ئابووری و داراییە بۆرژواییەکانی حکومەتی هەرێم و هەردوو حزبی بنەماڵەیی فەرمانڕەوا (یەکێتی و پارتی) یە کە لەسەر تاڵانی و گەندەڵی و دەستگرتن بەسەر داهاتی گشتی و سەپاندنی جۆرەها باج و لەناوبردنی هەرجۆرە خزمەتگوزاریەکی گشتی بەناوی چاکسازیەوە، بنیاتنراوە.
لەبەرامبەردا دۆخی ئێستای ژیان و بژێوی خەڵکی کوردستان بەجۆرێکە کە مووچە و هەقدەستەکان ئەوەندە کەم و لە خوارەوەن، کە بۆ بەشێکی یەکجار زۆر لە کرێکاران و فەرمانبەران، تەنها بۆ چەند کاتژمێرێك لە دەست و گیرفانیاندا دەمێنێتەوە. سەرباری ئەوەش دواکەوتنی مووچە، لێبڕینی بەردەوام، زیادکردنی جۆرەها باج و خەرجی زیاتر و زیاتر لەسەر خەڵک، نەبوونی هیچ بیمەیەکی بێکاری و کۆمەڵایەتی، فشارێکی وەها گەورەیان لەسەر خێزانە کرێکاری و کەمدەرامەتەکان دروست کردووە، کە بەتەواوی لە سنوری تەحەمولکردن دەرچووە.
لەبواری تەندروستی و پزیشکیشدا بەکردەوە ژیان و سەلامەتی بەشێكی بەرچاوی خەڵک لەبەردەم مەترسیدایە. خەستەخانەکان و نەخۆشیەکان پێکەوە دژی خەڵک یەکیان گرتووه! لاوازکردن و پوکاندنەوەی دەوری نەخۆشخانە و خزمەتگوزارییە گشتییە حکومیەکان و گۆڕانی تەواوەتی بواری تەندروستی بۆ یاساکانی بازاڕ و کەڵەکەی سەروەت، کۆنترۆڵکردنی تەواوەتی بوارەکە لەلایەن نەخۆشخانە تایبەتەکانی سەر بە دەسەڵات و بەرپرسانەوە، دۆخێکیان خوڵقاندوە کە خەڵکی ئاسایی خەریکە بەیەکجاری لە دکتۆر و دەرمان بێبەشدەکرێن! خێزانەکان لەئاستێکی فراواندا ناچاربوون بۆ دابینکردنی خەرجی نەشتەرگەری و چارەسەری نەخۆشی، ماڵوحاڵی خۆیان بفرۆشن، قەرز بکەن یان پەناببەنەبەر خزم و کەسوکار، یاخود بەئازارەوە چاوەرێی مەرگی نەخۆشەکانیان بکەن.
لەبواری خوێندندا، لاوازکردن و هێنانەخوارەوەی ئاستی خوێندنی گشتی و پەرەسەندنی خوێندنی تایبەت و گۆڕانی بۆ بازرگانی و قازانج لە هەموو ئاستەکاندا، دەرفەتی خوێندنی یەکسانی بۆ منداڵانی خێزانە کرێکاری و کەمدەرامەتەکان نەهێشتوەتەوە. لەبواری پەیداکردنی کاریشدا دەرچووانی خوێندنگا و پەیمانگا و زانکۆ حکومیەکان ڕووبەڕووی بێکاری و نەبوونی دەرفەتی کار دەبنەوە بەبەراورد بە خوێندگا و پەیمانگا و زانکۆ ئەهلی و تایبەتەکان.
سپاردنی بازاڕی سوتەمەنی بە کۆمپانیاکانی سەر بە هەردوو حزبی دەسەڵاتدار و بەرپرسانیان، بەرزبوونەوەی لە ڕادەبەدەری نرخی بەنزین، نەوت، گاز و غازی ماڵان و کارەبا بارێکی قورسی لەسەر ژیانی خەڵک داناوە؛ بەشێوەیەک کە لە زستاندا توانای گەرمکردنەوە و لە هاویندا توانای فێنککردنەوەی ماڵەکانیان نییە.
لەپەیوەند بە خۆراک و کەلوپەلی ژیانی ڕۆژانەوە، لەبەرئەوەی بەشێکی زۆری کاڵا و پێداویستییە سەرەکییەکانی ژیان لە دەرەوەی هەرێمەوە دێت، حکومەت و ئەحزابی دەسەڵاتدار لەجیاتی پشتیوانی لە نرخەکان، جۆرەها باج و گومرگ و خەرجیی جۆراوجۆر زیاد دەکەن کە راستەوخۆ خەڵک باجەکەی دەداتەوە. لەگەڵ گۆڕانی نرخی دینار و دۆلار، بەردەوام نرخی کاڵاکان بەرەوسەر دەبات و توانای کڕینی خەڵکی ڕوو لە دابەزین دەکات.
سەرباری هەموو ئەوانە گەندەڵی، تاڵان و دەستگرتن بەسەر سامان و داهاتی گشتی و کۆنترۆڵکردنی جومگە ئابوورییە گرنگەکان لەلایەن هەردوو حزبی دەسەڵاتدار و دەست و پێوندەکانیانەوە، بووەتە هۆی کۆبوونەوەی سامانێکی لەرادەبەدەر لە دەستی کەمینەیەکی مشەخۆر و تاڵانچیدا، لەکاتێکدا بەشێکی زۆری کۆمەڵگا ڕاپێچی هەژاری و برسێتی و نەداری کراوە!
بۆیە گرانی و دابەزینی ئاستی ژیان پێویستی بە وەڵامێکی کۆمەڵایەتی و سیاسیی فراوان هەیە؛ حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی پێیوایە کە ڕیشەی گرانی و نەبونی و خراپی باری ئابوری کرێکاران و کارمەندان و بەشی زۆری کۆمەڵگا، لە دەسەڵات و سیستەمی سەرمایەداریدایە، هەربۆیە وەلانانی ئەم دەسەڵاتە و گۆڕینی ئەم سیستەمە، بەدەسەڵات و سیستەمێک کە بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا بداتە دەستی نوینەرانی هەڵبژێرداوی ڕاستەوخۆی خەڵکە؛ واتە (حکومەتی شوراکان)، دەتوانێ هەنگاوێکی گرنگ بەرەو کۆتاییهێنان بە گرانی و هەژاری و نایەکسانی ئابوری بنێت و ژیانێکی شایستە و خۆشگوزەران بۆ هاوڵاتیان دابین بکات. بەڵام هەرئێستاش دەتوانرێ لەرێگای فشاری جەماوەریەوە سنورێك بۆ ئەم گرانی و هەژاریە دابنرێ لەڕێگای سەپاندنی سیستەمی بیمەکان بەسەر دەسەڵاتدارانی کوردستاندا.
حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان لەپێناو بەڕێخستنی فشارێکی جەماوەری فراوان کە بتوانێ گەروی هەردوو حزبی دەسەڵاتدار بگوشێت و بژیوی خەڵکیان لەدەست دەربهێنێت، ئەم هەنگاوانە دەخاتە بەرنامەی کاری خۆیەوە و بانگەوازی هەموو هەڵسوڕاوانی کرێکاریی و جەماوەری دەکات کە لەدژی گرانی و دۆخی ناهەمواری بژێوی سەپاو بەسەر کۆمەڵگادا، یەکگرتوانە هەوڵ و تێکۆسانی خۆیان یەکگرتووبکەن:
ئاڕاستە و مەیدانەکانی خەبات دژی گرانی:-
خەبات دژی گرانی و ئەم کارەساتەی باڵی بەسەر ژیانی خەڵکدا کێشاوە پێویستە لەم ئاراستانەدا پەرەبگرێت:-
١. خەبات دژی گەندەڵی و لەپیناو گێڕانەوەی پارەو مومتەلەکاتە دزراوەکان:
بەرپرسانی گەندەڵ و ئەوانەی دەستیان بەسەر سامانی گشتی و داهاتی خەڵکدا گرتووە، ئاشکرا بکرێن؛ موڵک و سامانیان دەستی بەسەردا بگیرێت و بڕی سامانی گەڕێندراوە بەشێوەیەکی تەواو شەفاف بۆ خەڵک ڕابگەیەنرێت و تەرخان بکرێت بۆ زیادکردنی کرێ و موچە و دابینکردنی خزمەتگوزاریە گشتیەکان.
٢. هەڵوەشاندنەوەی باج و خەرجییە سەپێنراوەکان:
هەموو ئەو باج و سەرانانەی بەناوی یاساوە بەسەر هاوڵاتیانی کەمدەرامەتدا سەپێنراوە، هەڵبوەشێنرێنەوە؛ باج لەبنەڕەتدا دەبێ تەرخان بکرێت بۆ دابنکردنی بیمە و خزمەتگوزاری گشتی. حکومەتێک کە هیچ خزمەتگوزاریەکی گشتی دابین ناکات و هیچ بەرپرسیارێتیەکی ژیانی خەڵک ناگرێتە ئەستۆ، مافی ئەوەی نییە هیچ جۆرە باجێك لە خەڵک وەرگرێت.
٣. هەڵوەشاندنەوەی گومرگی کاڵا و پێداویستییە سەرەکییەکان:
گومرگ لەسەر ماددەی خۆراکی، دەرمان و کاڵا و پێداویستییە سەرەکییەکانی ژیانی ڕۆژانە هەڵبوەشێنرێتەوە. لەجیاتی ئەوە حکومەت دەبێ پشتیوانی نرخی پێداویستیە سەرەکی و سەرەتاییەکان بکات و ئەو بەشە خۆراکەی بەسەر هاوڵاتیاندا دابەش دەکرێت دەبێ بکرێتە مانگانە و بە کواڵێتی باش و هەموو مەوادە پێویستەکان بگرێتەوە.
٤. باج لەسەر سەرمایە و خاوەن کۆمپانیا گەورەکان:
دەبێ باجی ڕوولەسەر لەسەر سەرمایەداران و کۆمپانیا و کارگە و دامەزراوە گەورەکان دابنرێت کە قازانج کەڵەکە دەکەن و سەرچاوەی پیسبونی ژینگەی وڵات و جۆرەها نەخۆشین. داهاتی ئەم باجانە بە تەواوی و بەشێوەیەکی شەفاف بخرێتە ناو خەزێنەی گشتی و بۆ بیمە و خزمەتگوزارییە گشتییەکان خەرج بکرێت.
٥. تەندروستی و دەرمانی خۆڕایی و گشتی:
حکومەت بەرپرسە لە دابینکردنی دکتۆر و دەرمانی پێویست و کواڵێتی بەرز بە نرخێکی ڕەمزی بۆ خەڵک. دەبی بەشێک لە داهاتی گشتی بۆ دروستکردنی نەخۆشخانەی تازە و باشترکردنی کواڵێتی خزمەتگوزاری لە نەخۆشخانە و ناوەندە تەندروستییە حکومییەکان بەکاربهێنرێت. کوالیتیی خزمەتگوزارییەکان بەرز بکرێتەوە و دەرمان، پشکنین، چارەسەر و نەشتەرگەری بۆ خەڵکی کەمدەرامەت بەخۆڕایی یان بە نرخی ڕەمزی دابین بکرێت.
٦. سوتەمەنی، کارەبا، ئاو و گاز بە نرخی پشتیوانیکراو:
بەنزین، نەوت، گاز، کارەبا و ئاوی خواردنەوە بە نرخێکی هەرزان و پشتیوانیکراو لەلایەن حکومەتەوە دابین بکرێن. پێویستە بەشێك لەو نەوتەی لە کوردستان دەردەهینرێت پێش هەموو شتێک بۆ دابینکردنی پێداویستیەکانی خەڵك لە سوتەمەنی و هەروەها باشترکردن و فراوانکردنەوەی تۆڕەکانی ئاوو کارەبا تەرخان بکرێت.
٧. بەرزکردنەوەی مووچە و دابینکردنی بیمەی بێکاری:
مووچە و هەقدەستی کرێکاران و مووچەخۆران بەرزبکرێتەوە بەشێوەیەک کە لەگەڵ هەڵاوسان و خەرجییەکانی ژیاندا بگونجێت. هەروەها بیمەی بێکاری و لانی کەمی ژیان بۆ هەموو بێکارانی ئامادە بەکار، ژن و پیاوەوە دابین بکرێت.
٨. خوێندنی گشتیی بەکواڵێتی بەرز و دامەزراندنی دەرچووان:
کوالیتیی خوێندن لە خوێندنگا، پەیمانگا و زانکۆ گشتییەکان بەرز بکرێتەوە و دەرفەتی یەکسانی خوێندن بۆ هەمووان دابین بکرێت. هەموو ئەو دەرچووانەی بۆ ماوەیەکی درێژ بەشێوەی خۆبەخش لە دامەزراوە حکومییەکاندا کاردەکەن، بەپێی پێویستی و توانای دامەزراوەکان بە شێوەیەکی دادپەروەرانە دامەزرێن و مافی بیمە و هەقدەستی یاساییان بۆ دابین بکرێت.
٩. مافی نیشتەجێبوون و کرێی گونجاو:
حکومەت بەرپرسیارێتی خۆی بۆ دابینکردنی خانووی گونجاو و نیشتەجێبوونی شایستە بۆ خێزانە کرێکاری و کەمدەرامەتەکان جێبەجێ بکات. یەکەکانی نیشتەجێبون بە نرخی گونجاو و قیستی درێژخایەن یان زەوی لەگەڵ قەرزی بانکی بەبێ سوود و بەشێوەی درێژخایەن، بەسەر خێزانە کرێچیەکاندا دابەش بکات. هەروەها کرێی خانوو و خەرجییەکانی نیشتەجێبوون بەشێوەیەک کۆنترۆڵ بکرێن کە لەگەڵ داهاتی خێزانە کرێکاری و کەمدەرامەتەکان بگونجێت و هیچ خێزانێک بەهۆی نەبوونی توانای داراییەوە بێخانەولانە نەکرێت.
پێویستی بەڕێخستنی بزووتنەوەیەکی فراوانی جەماوەری دژی گرانی:
بەدیهێنانی ئەم خواستانە تەنها بە بانگەشە و بەرزکردنەوەی داخوازی بەدی نایەت؛ پێویستی بە خەباتێکی ڕێکخراو و بەردەوامی جەماوەری هەیە. لەمبارەیەوە دەبێ کار و هەڵسوڕانێکی هەمەلایەنەی سیاسی و جەماوەری بەڕبخرێت. لەوانە ئەرکی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستانە کە کار بۆ ئەم هەنگاوانەی خوارەوە بکات::-
١. کردنی پرسی گرانی بە بابەتی ڕای گشتی:
-هەوڵدان بۆئەوەی لەڕێگەی کۆبوونەوە، سیمینار، وتووێژ، کەمپین، بڵاوکردنەوەی زانیاری و چالاکییە جەماوەرییەکانەوە، پرسی گرانی و دابەزینی ئاستی ژیان بکاتە بابەتێکی سەرەکیی ڕای گشتی.
٢. دروستکردنی بلۆکێکی فراوانی دژی گرانی:
پەیوەندی و هاوکاری لەگەڵ کەسایەتییە جەماوەری و کرێکارییەکان، سەندیکا و یەکێتییە کرێکارییەکان، ڕێکخراوەکانی ژنان، خوێندکاران، بێکاران، مامۆستایان و هەموو ئەو لایەن و ڕێکخراو و حزبە سیاسییانە بکرێت کە ئامادەی خەباتی هاوبەشن بۆ کەمکردنەوەی باری گرانی و باشترکردنی ژیانی خەڵک.
٣. ئامادەکردنی لایحەیەکی هاوبەشی داواکارییەکان:
لەگەڵ ئەو لایەن و ڕێکخراوانەی بەشداریی ئەم بزووتنەوەیە دەکەن، لایحەیەکی هاوبەش لەسەر خواست و داواکارییە سەرەکییەکان ئامادە بکرێت کە هەم بە شێوەیەکی ڕەسمی ئاڕاستەی حکومەت و دەسەڵات بکرێت، هەم بکرێتە ئاڵای خەباتێکی هەمەلایەنە.
٤. فراوانکردنی بزووتنەوەکە لە سەرجەم شار و شارۆچکەکان
بەپێی توانای ڕێکخراوەیی و جەماوەری، کار لە سەرجەم شار و شارۆچکەکانی کوردستان بکرێت و زۆرترین ژمارەی خەڵک لە دەوری ئەم خواستانە کۆبکرێنەوە، بۆ زیادکردنی فشاری جەماوەری لەسەر حکومەت و دەسەڵاتداران بۆ جێبەجێکردنی داواکارییەکان.
٥. دروستکردنی پشتیوانی لە دەرەوەی وڵات
لە دەرەوەی وڵاتیش هەوڵ بدرێت لەڕێگەی ڕێکخراوە کرێکارییەکان، ڕێکخراوە چەپ و کۆمۆنیستییەکان، ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و جالیەی کوردی لە دەرەوەی وڵات، پشتیوانیی جەماوەری و سیاسی بۆ ئەم بزووتنەوەیە بەدەست بهێنرێت و فشار لەسەر حکومەتی هەرێم و دەسەڵاتداران دابنرێت بۆ وەڵامدانەوە بە خواست و پێداویستییە سەرەکییەکانی خەڵک.
کۆتایی
گرانی و هەژاری چارەنووسێکی سروشتی و نەگۆڕ نییە. ئەو سیاسەتانەی سامانی کۆمەڵگا لە دەستی کەمینەیەک کۆدەکەنەوە و باری قەرەبووکردنەوەی کێشە ئابوورییەکان دەخەنە سەر شانی کرێکاران و خەڵکی کەمدەرامەت، بەشێکە لە میکانیزمی نیزامی زاڵمانەی سەرمایەداری و دەتوانرێت بە خەباتی ڕێکخراو و جەماوەری بگۆڕدرێن.
بۆیە خەبات دژی گرانی تەنها خەبات بۆ کەمکردنەوەی نرخی کاڵایەک نییە؛ بەڵکو خەباتە بۆ نان، دەرفەتی کار، دەرمان، خوێندن، خانوو، مووچەی شایستە و ژیانێکی سەردەمیانە.
بزووتنەوەیەکی فراوان و یەکگرتووی کرێکاران، خەڵکی کەمدەرامەت، بێکاران، ژنان، خوێندکاران و هەموو ئەو توێژانەی کە لە گرانی و هەژاری زیان دەبینن، دەتوانێت ببێتە هێزێکی کاریگەر بۆ گۆڕینی ئەم بارودۆخە. ئەرکی حزبی کۆمۆنیستی کریکارییە ئەم بزووتنەوە جەماوەریە ڕێکخراو و یەکگرتووبکات و بیهێنێتە مەیدان.
hkkurdistan.org