بەیانی ئەمڕۆ، ٢٦ ی جونی ٢٠٢٥ لەسەر داوای ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی لە سلێمانی، بڕیاربوو خۆپیشاندانێک لەبەردەم بینای پەروەردەی رۆژاوای سلێمانی ئەنجام بدرێت، بەهۆی ئەوەی کە مووچەکانی مانگی ئایار و جونیان پێنەدراوە.
مامۆستایان و کارمەندانی دەوڵەتی و سەرجەم مووچەخۆرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام روبەروی ئەو کێشەیە بوونەتەوەو لەساڵی ٢٠١٤ بەدواوە مووچەی چەندین مانگیان لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە دەستی بەسەردا گیراوە و پێیان نەدراوە. ساڵی پاریش لەکێشەی نێوان هەرێم و بەغدا، دیسانەوە مووچەی مانگی ١٢یان پێنەدرا. لەمانگی ئایارا دیسانەوە کێشەی نێوان هەرێم و بەغدا بوەهۆی ئەوەی کە مووچەی مانگی ئایار نەدرێ و تائێستاش دیارنیە مووچەی مانگی حوزەیران چی بەسەر دێت!؟
بەڵام یەکێتی نیشتمانی کوردستان کە دەسەڵاتی سلێمانی و ناوچەکانی دەروربەری بەدەستەوەیە، لەرێگای دەزگا ئەمنیەکانی خۆیەوە، دوێنێ بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوەو خۆپیشاندەرانی ئاگادارکردەوە کە رێگا نادەن خۆپیشان بکەن، بەبیانووی پووچی ناسکبوونی دۆخی ئەمنی سلێمانی!
ئەمڕۆ کاتێك ژمارەیەك خۆپیشاندەر بەرەو شوێنی خۆپیشاندانەکە بەرێکەوتن، لەهەموو گۆشەو شوێنێکی سلێمانیەوە روبەرووی هێزیكی زۆری ئەمنی بوونەوە. هێزە ئەمنیەکانی یەکێتی دەستیان کردە دەستگیرکردن و رفاندنی ژمارەیەك خۆپیشاندەر و هەڵیانکوتایە سەر ئۆفیسی حزبی هەڵوێست و ٣ ئەندام پەرلەمانی ئەو حزبەیان دەستگیرکرد. هەروەها دەیان خۆپیشاندەر دەستگیرکران و بەشێکیان لە دەشتەکانی دەرەوەی سلێمانی بەرەڵاکران، بەڵام تائێستازیاترلە ١٢ خۆپیشاندەر لە زینداندا راگیروان .
ئێمە لە رێکخراوی دەرەوەی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان، بەتوندی سەرکۆنەی ئەم کارە سەرکوتگەرانەیەی دەسەڵاتدارانی یەکێتی نیشتمانی بەرامبەر بە خۆپیشاندەران دەکەین. هاوکات داوای دەستبەجێ ئازادکردنی دەستگیرکراوەکان دەکەین. هەروەها ڕایدەگەیەنین کە یەکێتی نیشتمانی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان، کە پێکەوە حکومەتی هەرێم پێکدەهێنن، چەندین ساڵە داهاتی کوردستان تاڵان دەکەن، دەبێ لەو داهاتە دزراوەی خەڵك مووچەی مووچەخۆران بدەن، نەك خۆپیشاندان و خواستی پێدانی مووچەو دونەخستنی سەرکوت بکەن بەبیانووی پووچی تێکدانی ئارامی و ئاسایشەوە!
داوا لە رێکخراوەکانی ئەمنستی ئینتەرناسیۆنال، هیومەنرایت ۆچ و سەرجەم رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەکەین کە سەرکۆنەی یەکێتی نیشتیمانی بکەن لەسەر ئەم کردەوە دژی ئازادی و سەرکوتگەرانەیەی دژی خۆپیشاندەران و مووچەخۆرانی مافخوراوی کوردستان و فشاربکەن بۆ دەستبەجێ ئازادکردنی دەستگیرکراوەکان!
رێکخراوی دەرەوەی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان
٢٦ ی حوزەیرانی ٢٠٢٥
hkkurdistan.org