بەم کارەتان، تەوژمی ئازادی و یەکسانی ڕاناگیرێت!

بەیاننامە دەربارەی تیرۆرکردنی هەڵسوڕاوی ژنان و سۆسیالیست، یەنار محەمەد

بەپێی ڕاگەیاندنێکی کۆمیتەی ناوەندیی ڕێکخراوی ئەڵتەرناتیڤی کۆمۆنیستی، ئەمڕۆ دەستی غەدری ترسنۆکانەی تیرۆریستان، گەیشتە گیانی هاوڕێ یەنار محەمەد، بەرپرسی ڕێکخراوی ئازادی ژنان و ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی ڕێکخراوی ئەڵتەرناتیڤی کۆمۆنیستی و کوژرا. تیرۆرکردنی هاورێ یەنار گورزێکی توندە لە بزووتنەوەی ژنان و تەواوی بزووتنەوەی داکۆکیکار لە ئازادی و یەکسانی، خەسارەتێکی گەورەیە لە خەباتی پێشڕەوانەی ئەم بزووتنەوەیە.

ڕۆڵ و تێکۆشانی یەنار محەمەد بۆ یەکسانی هەمەلایەنەی ژنان و پیاوان، هەم لەنێو کۆمەڵگەی عێراقی و هەم لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیدا دیار و بەرچاوە. جێ پەنجەی ئەو لە بزووتنەوەی ژنان لە عێراقدا و لە ماوەی دەیان ساڵدا دیارە و مایەی تەقدیری هەموو هێز و لایەنێکی ئازادیخواز و پێشکەوتنخواز و یەکسانیخوازە. تیرۆرکردنی بۆشاییەکی بەرچاوی خستە بزووتنەوەی ژنان و خەبات بۆ یەکسانییەوە. ڕۆڵی ماندونەناسانە و کاریگەرییە قووڵەکانی وایکردبوو هەموو هێزە کۆنەپەرست و ژنکوژ و دژە پێشکەوتنخوازییەکان پێشبڕكێی پیلانگێڕییان بێت لەدژی و هەوڵی بێدەنگکردن و چۆکدادانی بدەن، بەڵام بێ سوود بوو.

ئەنجامدەرانی ئەم کردەوە تیرۆرستیە، وا بیردەکەنەوه که بە ئەنجامدانی ئەم کارە ڕەشەیان دەتوانن خەبات بۆ دامەزراندنی کۆمەڵگەیەک لەسەر بنەمای ئازادی و یەکسانی و ڕێزگرتن له شکۆ و کەرامەتی ئینسانیی ژن ڕابگرن. بەڵام ڕێگای ڕزگاریخوازی و یەکسانی ژنان زۆر لەوە بەهێزترە کە ئەم جۆرە کردەوە قێزەون و دڕندانەیە بتوانێت بەریپێبگرێت.

تاکە ڕێزگرتن لە یەنار محەمەد بەردەوام بوونە لە خەبات بۆ دامەزراندنی کۆمەڵگایەک کە بەهرەمەند بێت لە یەکسانی هەمەلایەنەی ژنان و پیاوان،  بەهەرمەند بێت لە ئازادی، کۆمەڵگەیەکی مرۆڤدۆستانە و سۆسیالیستی.

ئێمە لە کاتێکدا سەرەخۆشی بێپایانی خۆمان ئاڕاستەی خانەوادەکەی و ئازیزان و سەرجەم هاوڕێیانی لە ڕێکخراوی ئازادی ژنان و ڕێکخراوی ئەڵتەرناتیڤی کۆمۆنیستی دەکەین بۆ ئەم کۆستە گەورەیە، ئەم کارە تاوانکارییە مەحکوم دەکەین و حکومەت بە بەرپرسیار دەزانین کە بە خێرایی تاوانباران و ئەوانەی لە پشتیانەوەن و پاڵنەرەکانیان ئاشکرا بکرێن و بە زووترین کات ڕووبەڕووی دادگا بکرێنەوە.

بژی یادی هاوڕێ یەنار محمد!

بژی یەکسانی هەمەلایەنەی ژنان و پیاوان!

بژی ئازادی و یەکسانی!

حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراق

حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان

٢ی ئازاری ٢٠٢٦

  •  
     

About wp_kurdistan

Check Also

سەبارەت بە کوشتنی خامەنەیی لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە

٢٨ ی مانگی شوبات، لە بۆردومانێکی ئاسمانی ئەمریکا و ئیسرائیلدا بۆسەر تارانی پایتەختی ئیران، عەلی …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *