٢٨ ی مانگی شوبات، لە بۆردومانێکی ئاسمانی ئەمریکا و ئیسرائیلدا بۆسەر تارانی پایتەختی ئیران، عەلی خامەنەیی ڕابەری کۆماری ئیسلامی ئێران، لەگەڵ ژمارەیەک لە گەورە بەرپرسانی تر کوژران. کوژرانی خامەنەیی کە زیاتر لە چەند دەهەیە لە هەرەمی دەسەڵاتدارێتی ئێراندا ڕاوەستاوە و تەواوی بڕیاری سیاسی لەدەستدابووە، وەرچەرخانێکی گەورەیە لەسەر ئاستی سیاسی ناوخۆی ئێران و ناوچەکە و لە ململانێی لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائلیدا.
کوشتنی خامەنەیی تاوانبار کە دەستی خۆی و ڕژێمەکەی بە خوێنی هەزاران هاوڵاتی ناڕازی ئێران و هەڵسوڕاوانی سیاسی و کرێکاری و کۆمۆنیست سوورە، لەلایەن ترامپ و نەتەنیاهۆوە کە گەورەترین تاوانیان دژی مرۆڤایەتی ئەنجامداوە، لە عێراق و ئەفغانستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ڤێتنام و سەرتاسەری دنیا و هەزاران مناڵ و خەڵکی مەدەنییان لە فەلەستین و غەززە جینۆساید کردووە، ئەو دەرفەتەی لە چینی کرێکار و جەماوەری بەشمەینەتی ئێران زەوتکرد، کە زیاتر لە چوار دەهەیە، بۆ کۆتاییهینان بە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی و سەرانی دڕندەی ئەو ڕژێمە تێدەکۆشن و کێوێك لە قوربانییان بۆ ئەو مەبەستە پێشکەشکردووە، کە بتوانن خامەنەیی و باقی سەرانی مرۆڤکوژی ئیسلامی ئێران لە دادگاییەکی شۆڕشگێڕانەی جەماوەریدا دادگایی و بەسزای ڕەوای خۆیان بگەیەنن.
بانگەشەی ئەمریکا و ئیسرائیل سەبارەت بە کوشتنی خامەنەیی و باقی سەرانی ڕژێمی ئیسلامی وەکو تۆڵەکردنەوەی خەڵکی ئێران بەرامبەر بە تاوانەکانی ئەو ڕژێمە و هەڵڕشتنی فرمێسکی تیمساحی بۆ خەڵکی ئێران، هیچ نییە جگە لەهەوڵێک بۆ بەبارمتەگرتن و لەباربردنی خەبات و تێکۆشانی خەڵکی ستەمدیدەی ئێران لەپێناو سەرنگونی ئەو ڕژێمە و بۆ دەستەمۆکردنی ڕژێمی ئاخوندە ملهورەکانی ئێرانە بۆ بەرژەوەندیەکانیان و گێڕانەوەیان بۆ بازنەی ئامانجە ستراتیجیەکانیان.
کوشتنی خامەنەیی و سەرانی ڕژێمی تیرۆریستی ئیسلامی ئێران لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە هیچ شەرعیەتێك نادات بەو جەنگە دڕندانەیەی کە بەرامبەر بە خەڵکی ئێران و ناوچەکە بەرپایان کردووە. ئەمریکا و ئیسرائیل بە لەژێرپێنانی هەموو بنەماکانی یاسای نێودەوڵەتی و لەسەر بنەمای ملهوڕی و هێزنواندن دەیانەوێ ئەو دەوڵەت و ڕژێمانەی کە لەناو ئەڵقەی بەرژەوەندیەکانی ئەواندا ناسوڕێنەوە، سەرکوت یان دەستەمۆ بکەن! جەنگ و هێرشی سەربازی ئەوان بۆسەر ئێران هیچ پەیوەندیەکی بە ئاوات و هیواکانی خەڵکی ئێرانەوە نییە بۆ ئازادی و ڕزگاربوون لە دەستی ڕژێمی دڕندەی ئیسلامی ئێران و بزووتنەوەی ئەوان بۆ سەرنگونی ئەو ڕژێمە.
ئێمە لە حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراق و کوردستان، لە کاتێکدا داوای دەستبەجێ کۆتاییهێنان بە جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لە دژی ئێران دەکەین، هاوکات ڕادەگەیەنین کە ڕوخاندنی ڕژێمی ئیسلامی ئێران کار و ئەرکی چینی کرێکار و جەماوەری زەحمەتکێشی ئێرانە. دەبێ خەڵکی ئازادیخوازی ناوچەکە و جیهان پشتیوانی لە خەباتی سەربەخۆی کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێشی ئێران بۆ ڕوخاندنی شۆڕشگێڕانەی ڕژێمی ئیسلامی بکەن و دژی هەرجۆرە دەستێوەردانێکی سەربازی ئیمپریالیستی ئەمریکا و ئیسرائیل بن لە دۆخی سیاسی ئێراندا و بۆ دەستبەجێ کۆتایهێنان بە جەنگ دەنگ هەڵبڕن.
حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراق
١/٣/٢٠٢٦
hkkurdistan.org