٨ی مارسی ئەمساڵ لەکاتێکدا دەکرێتەوە کە کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی دەرگیری ئەوپەڕی توندوتیژی بەرامبەر بەژنان دەبێتەوە. سیستەمی ئەمڕۆی سەرمایەداری پایەکانی توندوتیژی بەرامبەر بەژنان لە سەرکوت، بێمافی، بازرگانیکردن، کرێی کەم، تیرۆرو تۆقاندن توندکردۆتەوەو بەڵام لەبەرامبەردا بزوتنەوەی یەکسانیخوازو ئازادیخوازانەی کۆمەڵگە لەگەڵ ئەو مەحدودیەت و سەرکوتە جۆراوجۆرانەو ترس و تۆقاندن و تیرۆرەدا بەردەوام لە ناڕەزایەتی و خەباتدایە بۆ مافەکانی ژنان و رزگاربوون لەو کۆت و بەندانەی کە یەخەی گرتووە.
٨ی مارسی ئەمساڵ نموونەیەکی ئەو ریزە ملیۆنیەبوو لەسەراسەری دنیا وەک رۆژی هاتنەمەیدانی ژنان و پیاوانی یەکسانیخوازو ئازادیخواز بۆ بەرگری لەمافەکانی ژنان و کۆمەڵگەی مەدەنی و ئینسانی، هەر لەشەقام و هۆڵەکانی ئەمریکا، ئەوروپا، تا ئاسیاو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناڕەزایەتی بوو بەدژی بێمافیەکانی ژنان لەدنیای سەرمایەداری ئەمڕۆدا.
بەر لە رۆژی ٨ی مارس، ژمارەیەك کادری حزب لەرێگای سۆشیال میدیاوە چەندین ڤیدیۆیان بڵاوکردەوە سەبارەت بە ٨ی مارس و خەباتی ژنان و پیاوانی یەکسانیخواز لەپێناو ئازادی و یەکسانی هەمەلایەنی ژن و پیاو… هەروەها رێکخستنەکانی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان لە ناوەوەو دەرەوەی وڵات لە ئاستێکی بەرفراواندا لەسەرجەم چالاکیەکانی تایبەت بە ٨ی مارسدا بەشداریان کردو لە چەندین وڵاتیش مەراسیمی ٨ی مارسیان بەڕێوەبرد. دروشمەکانی ئەمساڵی حزب بەتایبەتی لەدەرەوەی وولات بریتی بوون لە: ( دژی چەوسانەوەی ژنان، سۆشیالیزم کۆتا چارەیە) ،( باپێکەوە هاوسەگیری مناڵان و یاسای جەعفەری لە عێراق هەڵبوەشێنینەوە)، (پشتیوانی لە بەرەنگاربوونەوەی ژنان دژ بە کوشتن و توندوتیژیی ناموسی بکەن)،(رزگاربوونی ژنان لەرزگاری چینی کرێکارەوەیە وتاد..).هەروەها کادرانی حزب لەو بۆنەو چالاکیانەدا چەندین وتاریان پێشکەش کردو بەیاننامەی حزب بە زمانی ئینگلیزی لە خۆپیشاندان و رێپیوانەکاندا بڵاوکرایەوە. گۆشەیەك لەقسەوباسی هاورێیان بریتی بوو لە رێزگرتن لە خەبات و ژیانی هاورێ یەنار محمد سەرۆکی رێکخراوی ئازادیی ژن لە عێراق کە چەند رۆژ بەر لە ٨ی مارس لەلایەن تیرۆریستانی ئێسلامیەوە تیرۆرکرا. لەو ووڵاتانەی کە هاورێیانی حزب بەشداری چالاکیەکانی ٨ی مارسیان کردو یاخود مەراسیمیان بەڕێخست یان بەشداریان کرد لەو مەراسیمانەی کە بەوبۆنەیەوە بەڕیخرابوون لەلایەن رێکخراوی سەربەخۆی ژنان و کۆمیتەی ٨ی مارس لە بەریتانیا، کەنەدا، سوید، دانمارک، فنلاند، ئوسترالیا، نەرویج و ئەڵمانیا بوون.
هەروەها لە سلێمانی- کوردستان، بەبۆنەی ٨ ی مارسەوە ڕێپێوانێك لەلایەن تۆڕی هەشتی مارسەوە ئەنجام درا لە بەردەرکی سەرای سلێمانیەوە، بە ئامادەبوونی ژنانی چالاکوان و ئازادیخوازا. لە سەرەتای چالاکییەکەدا، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا بەیاننامەی تۆڕی هەشتی مارس خوێندرایەوە. دواتر بە وتنەوەی درووشمی “ژن، ژیان، ئازادی” بە ڕێپێوان بەڕێکەوتن بۆ باخی گشتی. پاش گەیشتنی ڕێپێوانەکە بۆ بەردەم باخی گشتیی، شانۆیەکی سەرشەقام پێشکەش کرا کە تێیدا بە شێوازێکی هونەری باس لە دیاردەی ژنکوشتن و ئەو مەترسییانە دەکرا کە ڕووبەڕووی ژنان دەبنەوە لەناو کۆمەڵگەدا. دواتر بەیاننامەی پشتیوانی بۆ ژنانی کرێکار خوێنرایەوە. هەر لەو کۆبونەوە جەماوەریەدا سەرکۆنی تیرۆرکردنی یەنار محمد کراو پێداگری لەسەر بەردەوام بوون لەسەر رێبازەکەی بۆ خەبات لەپێناو ئازادی و یەکسانی ژناندا کرایەوە. شایانی ئاماژەیە کە
ڕێکخستن و کۆمیتەکانی حیزب لە شارەکانی هەولێر ، کەرکوک ،ڕانیە ، سلیمانی، دەیان لافیتەو پۆستەری تایبەت بە رۆژی ٨ ی مارس لە شوێنە گشتیەکاندا هەڵواسی. لە چالاکی و رێپوانی سلێمانیدا کۆمیتەو رێکخستنەکانی حزب بەشێوەیەکی چالاک بەشدارییان کرد.
hkkurdistan.org