پیشەسازی

 ئی ئێچ کار

بەشی دووەم:

وەرگێڕانی بۆ فارسی: مەنسور حیکمەت

وەرگێڕانی بۆ کوردی: ئۆکتۆبەر

 

{ ڕاستکردنەوەیەك: 

لەژمارەی پێشوودا ئەم بابەتەمان وەکو نوسراوی مەنسور حیکمەت ناساندبوو، بەڵام ڕاستیەکەی وەرگێڕدراوی فارسی کتێبی مێژوونوسی بەریتانی ( ئی. ئێچ.کارEdward Hallett Carr  ) ەو لەلایەن مەنسور حیکمەتەوە کراوەتە فارسی. ئەم هەڵەیە بەهۆی ئەوەوە ڕویدا کە ئێمە ئەم بابەتەمان لە کتێبی(مەنسور حیکمەت، بەشێك لە دەستنوسەکان و بابەتە بڵاونەکراوەکان) کە بەفارسی بڵاوکراوتەوە، وەرگرتوەو وەرمانگێڕاوە بۆ کوردی. بەداخەوە لەو کتێبەدا ئاماژە بەوە نەکراوە کە ئەم باسە وەرگێردراوی فارسی ئەو بەشەی کتێبەکەی ئی ئێج کارە کە مەنسور حیکمەت کردویەتی بە فارسی. بەڵام دوای بەراوردکردنی لەگەڵ  نوسخەی ئینتەرنێتی هەمان کتێبی مەنسور حیکمەت بۆمان دەرکەوت کە ناروونیەك هەیە سەبارەت بەنوسەری بابەتەکە. بۆیە پەیوەندیمان کرد بە هاورێ ئیرج فەرزادەوە کە یەکێکە لەوانەی کتێبەکەی ئامادەکردوە بۆ شێوازی نوسین و پاشان چاپی کردوە. ئەو ئاگاداری کردینەوە کە ئەوە نوسخەی وەرگیڕدراوی فارسی باسەکەی ئی ئیچ کارە کە مەنسور حیکمەت ئەنجامی داوە. هەروەها  بۆ دڵنیایی زیاتر لەگەڵ نوسخەی ئینگلیزی کتێبەکەی (ئی ئێچ کار)دا بەراوردمان کرد و لەوە دڵنیا بووین کە ئەم وەرگێڕانە بەشێکە لە باسێکی ناوبراو لەژێر ناونیشانی  پیشەسازی مێژووی شۆرشی بەلشەفی- بەرگی یەکەم}

 

بەڵام لەم ڕاسپاردە بنەڕەتییانەوە دوو خاڵ ئاشکرابوو: یەکەم: پێداگریی لینین، لەم چوارچێوەیەدا، لەسەر ئاشکرابوونی حیساباتەکان، ئەوە نیشان دەدات کە ئەو بیری لای کۆنترۆڵکردن بووە بەسەر بڕیارە دارایی و بازرگانییەکان لەرێگای دەفتەری حساباتەوە، نەک کۆنترۆڵ بەسەر پرۆسەی تەکنیکی بەرهەمهێنان یان ڕێکخستنی ناوخۆیی کاروبار( بەرهەمهێنان)ی کارگەکان؛ لەم قۆناغەدا ئەم خاڵانە بۆ ئەو نەهاتبوونە پێش (تا ماوەیەکی دواتر، واتە تا ئەوکاتەی کە لینین بوو بە لایەنگرێکی سەرسەختی کارەباییکردن، هیچ مەیلێکی بۆ پرۆسەی تەکنیکی پیشەسازیکردن نیشان نەدابوو. ئەو، لەکاتێکدا بەتەواوی عەقڵیەتی سیاسی کرێکاری کارخانەی دەناسی، بەڵام زیاتر ئاگاداری ژیانی بەرهەمهێنانی جوتیاران بوو تا کرێکارانی کارخانە- پەراوێز). دووەم: پێدەچێت لینین پراتیکی سیاسی شوراکانی- وەکو دەسەڵاتداران و نوێنەرانی دەسەڵاتی لۆکاڵی و دەسەلاتی دەوڵەتی– لەبەرچاوبووبێت، نەك پراتیکی ڕاستەوخۆی ئەوان بەشێوەی نوێنەرانی بەرژەوەندی پیشەیی کرێکاران لە یەك کارخانە، پیشەسازی یان سێکتەرێکی ئیداری دیاریکراودا. ئەم خاڵی جیاکەرەوەیە لەنێوان پراتیکی سیاسی و پراتیکی ڕاستەوخۆدا لەرووی تیۆری و لەرووی پراتیکیەوە جێگای بایەخ بوو.

لەڕووی تیۆریەوە، ئەم جیاوازیە هێڵێکی جیاکەرەوەی لەنێوان ئەو کۆمۆنیستانەدا کێشا کە باوەڕیان بە ڕێکخستنی دەسەڵاتی ئابووری هەبوو لەڕێگەی ئۆتۆریتەیەکی سیاسیی موتەمەرکیزەوە کە کرێکاران بەگشتی  پیادەی دەکەن بەهاوبەش لەگەڵ ئەو ئەنارکیست و سەندیکالیستانەی دەستپێشخەریی ئابوری ڕاستەوخۆ و خۆبەخۆی کرێکارانیان وەک دوا فۆرمی هەر کردەیەکی شۆڕشگێڕانەی کاریگەر و بەدیلێک بۆ دەسەڵاتی سیاسیی ناوەندگەرا دەبینی، کە پێیانوابوو دەسەڵاتێکی گەندەڵە و بەدڵنیاییەوە بەرەو سەرکوتگەری دەچێت!

لەرووی پراکتیکیەوە جیاوازییەک لەنێوان سەرکردە بەلشەفییەکاندا، کە ستراتیژی بنەڕەتی شۆڕشیان لەسەر بنەمای گریمانەی ڕێکخراوێکی کرێکاری ڕێکوپێک و خاوەن دیسیپلین داڕشتبوو، لەگەڵ ئەو کرێکارانەدا کە لە کارخانەکاندا لەژێر سەختییە کەمەرشکێنەکانی ژیانی ڕۆژانە و لە کەفوکوڵی ئارەزووی شۆڕشگێڕانەدا بۆ شکاندنی کۆتی ستەمی خاوەنکارە سەرمایەدارەکانیان، دەرفەتیان دەقۆستەوە بۆ بەڕێخستنی بزووتنەوەیەکی لۆکاڵی، بەبێ گوێدانە سیاسەت و بەڵگەهێنانەوەکانی سەرکردەکانی حیزب لە بارەگاکانی حیزبدا. بەوهۆیەوە کە هەموو شوراکان، شورای کرێکاران یان نوێنەری کرێکاران بوون، هێڵی جیاکەرەوەی نێوان پراتیکی سیاسی و پراتیکی ڕاستەوخۆ کە لەلایەن ئەوانەوە یان بە ناوی ئەوانەوە ئەنجام دەدرا، بە سادەیی کاڵ دەبووەوە. شوراکان، وەک پێشتر ئاماژەمان پێدرا، ریشەیەکی سەندیکالیستی دیاریکراویان هەبوو. لینین بەهۆی ئەو مەیلە زۆرەی بۆ شوراکان و پرەنسیپی کۆنترۆڵی ئیداری لەلایەن خودی کرێکارانەوە هەیبوو، بەنۆرەی خۆی بە لێدوانەکانی نیسان و ئایاری ١٩١٧ ئەم هێڵی جیاکەرەوەیەی زیاتر کاڵ کردبووەوە.

ئەگەر کۆنترۆڵی کرێکاران بەمانای بەڕێوەبردن لەلایەن کۆنگرەی ناوەندی شوراکان و کۆمیتەی بەڕێوەبەری شوراکان بووبێت، ئەوا شتێکی زیاتر نەبووە لە دەربڕینێکی دیکە بۆ بە نیشتمانیکردن و کۆنترۆڵکردن لە دەوڵەتێکی کرێکاری و جووتیاراندا. لەلایەکی ترەوە ئەگەر کۆنترۆڵی کرێکاران بەمانای کۆنترۆڵکردن بووبێت لەلایەن کۆمیتەکانی کارخانە یان شوراکانی کارگەکانەوە، ئەوا ئەمە بەتەواوی دەبێتە شتێکی دیکە و ئەم شتەی دیکەش بەئاسانی دەیتوانی نەک تەنها لەگەڵ کۆنترۆڵی دەوڵەتیدا، بەڵکو لەگەڵ سیاسەتی پلاندانان بۆ کۆتاییهێنان بە بێبەرنامەیی سەرمایەداری لە بەرهەمهێناندا بکەوێتە ناکۆکیەوە. [بۆیە] لێدوانەکانی یەکێک لە سەرکردەکانی سیاسەتی ئابووری بەلشەفییەکان (ن. ئۆسینسکی) ماوەیەك دواتر، بەدەر نەبوو لە ڕاستی: ئەگەر لەخۆمان بپرسین کە حزبی ئێمە پێش ٢٥ی ئۆکتۆبەر چ تێگەیشتنێکی هەبووە دەربارەی سیستەمی کۆنترۆڵی کرێکاران و لەسەر بنەمای کام سیستەمی ئابووری ویستویەتی ئەم کۆنترۆڵکردنە جێبەجێ بکات، لە هیچ شوێنێکدا وەڵامێکی ڕوونمان دەست ناکەوێت.

یەکەم تاقیکردنەوە لە کۆنفرانسی ٤٠٠ نوێنەری کۆمیتەکانی کارخانە و کۆمیتە کرێکارەکانی ناوچەی پترۆگراد (کە لە ٣٠ی ئایاری ١٩١٧ لەو شارەدا بەڕێوەچوو) بوو. لینین ڕەشنووسی بڕیارنامەیەکی بۆ کۆنفرانسەکە ئامادە کردبوو، کە{ بەر لە پێشکەشکردنی بە کۆنفرانس} لەلایەن کۆمیتەی ناوەندی حیزب و هەروەها لەلایەن کۆمیتەی ئامادەکاری کۆنفرانسەوە، کە بەشێوەیەکی سەرەکی لە بەلشەفییەکان پێکهاتبوو، پەسەندکرابوو. ئەم بڕیارنامەیە کە بە گرنگترین ڕاگەیاندنی بەلشەفیەکان پێش شۆڕش دادەنرێت سەبارەت بە ڕێکخستنی پیشەسازی، لەسەر بنەمای تێزی کۆنترۆڵی کرێکاری داڕێژرابوو (بە ڕواڵەت ئەوە یەکەمجار بوو کە دروشمی کۆنترۆڵی کرێکاری، کە ئیتر بووبوە دروشمێکی گشتگیر، لە بەڵگەنامەیەکی حیزبیدا بەکاربهێنرێت).

بڕیارنامەکە، دوای ئاماژەدان بە بێسەرەوبەرەیی تەواوەتی ژیانی ئابووری لە ڕووسیا و ئەگەری ڕوودانی کارەساتێکی بێوێنە، بەوجۆرە بەردەوام دەبێت: ڕێگەی پێشگرتن بە کارەسات بریتییە لە دامەزراندنی کۆنترۆڵی ڕاستەقینەی کرێکاری بەسەر بەرهەمهێنان و دابەشکردنی کاڵاکاندا. بۆ قایمکردنی ئەم کۆنتڕۆڵە، پێویستە، یەکەم، کە لە هەموو دامودەزگا سەرەکییەکاندا کرێکاران زۆرینە بن – لانیکەم سێ لەسەر چواری دەنگەکان-  هەروەها هەموو ئەو خاوەن کارگانەی دەستبەرداری کارەکانیان نەبوون، لەگەڵ  ئەو کارمەندانەی لەڕووی زانستی و تەکنیکیەوە ڕاهێنراون، (لە کۆنترۆڵەکەدا) بەشدارییان پێبکرێت؛ دووەم: هەموو کۆمیتەکانی کارگاکان (یان رەنگە فرۆشگاکان – وەرگێڕی فارسی) و کارخانەکان، شورا سەراسەری و لۆکاڵیەکانی نوێنەرانی کرێکاران، سەربازان و جووتیاران، هەروەها سەندیکاکانی کرێکاران، مافی بەشداریکردنیان هەبێت لەم کۆنترۆڵەدا و دەبێت بەڕێوەبەرایەتی ئاماریان بخاتە بەردەست؛ و سێیەم: نوێنەرانی هەموو پارتە تاڕادەیەك گرنگە سۆسیالیست و دیموکراتەکان هەمان مافیان هەبێت.

کۆنترۆڵی کرێکاری، کە هەرئێستا لە هەندێک ڕووەوە لەلایەن سەرمایەدارانەوە دانیپێدانراوە، دەبێت بێدواکەوتن لەرێگای زنجیرەیەک ڕێوشوێنی وورد و هەنگاو بە هەنگاوەوە، بەڵام بکرێ کە دەستبەجێ جێبەجێ بکرێت، بۆ ڕێکخستنی تەواوەتی بەرهەمهێنان و دابەشکردنی کاڵا لەلایەن کرێکارانەوە پەرەی پێبدرێت. (بەرگی ٢٠، ل ٤٢٣-٤٢٤)

پاشان لەدرێژەی بڕیارنامەکەدا باس لە ڕێکخراوێکی سەراسەری بۆ ڕێکخستنی ئاڵوگۆڕی کەرەستە کشتوکاڵیەکان و جلوبەرگ و پێڵاو و کاڵا هاوشێوەکان، لەسەر ئاستێکی بەرفراوانی ناوچەیی و دواجار سەراسەری، خزمەتگوزاری کاری گشتی (وەکو سەربازی- وەرگێڕی فارسی) و میلیشیای کرێکاری دەکات. بڕیارنامەکە لەلایەن زینۆفیفەوە پێشکەش بە کۆنفرانسەکە کرا. لە خوێندنەوەی یەکەمدا ٢٩٠ دەنگی بەدەستهێنا و دوای ئەوەی لەلایەن لیژنەی پێشنیارکارەوە گۆڕانکاریەکی کەمی تێدا کرا، بە ٢٩٧ دەنگی بەڵێ و ٢١ دەنگی نەخێر و ٤٤ دەنگی بێلایەن پەسەندکرا. کۆنفرانسەکە یەکەم دەزگایەکی نوێنەرایەتی گرنگ بوو کە زۆرینەیەکی بەرچاوی بەلشەفیەکان پێکیان دەهێنا و هەر بۆیەش گرنگە. داڕشتن و تاکتیکەکانی بڕیارنامەکە نموونەیەکی بەرزی لێوەشاوەیی سیاسی لینین بوو. بە باوەشی فراوانەوە پێشوازی لە بزووتنەوەی خۆبەخۆی کۆنترۆڵی کرێکاری کرد؛ تەنانەت پێدەچوو بە فراوانکردنەوەی ئەم کۆنترۆڵە بۆئەوەی زۆرترین ژمارە لە ڕێکخراوە کرێکارییەکان – کۆمیتەکانی کارخانە، شورا لۆکاڵی و سەراسەریەکان، سەندیکاکانی کرێکاران، و پارتە سۆسیالیستی و دیموکراتییەکان بگرێتەوە کە هەموویان لە بڕیارنامەکەدا ئاماژەیان پێکرابوو- هانی ئەم بزوتەوەیە بدات و پشتگیری بکات ؛ و لەهەمانکاتدا، لە هەمان رێگاوە، لینین بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ لایەنە ئەنارکیستییەکانی کۆنترۆڵی کرێکاری، بەوجۆرەی تێێدەگەیشتن و ئەنجامیان دەدا، ڕوون دەکردەوە و ئاماژەی بەو ڕێوشوێنە بیرلێکراوەو ئەو هەنگاو بە هەنگاوە پێویستانەی دەکرد کە بۆ دامەزراندنی ڕێکخستنی تەواوەتی بەرهەمهێنان و دابەشکردن لەلایەن کرێکارانەوە پێویست بوون.

ئەم بڕیارنامەیە لای لینین تەنها مانۆڕێکی تاکتیکی نەبوو، بەڵکو پرۆسەیەکی پەروەردەیی بوو. لە کۆنفرانسەکەدا بە وتارێکی لاوەکی کە تیایدا ئاماژەی بەوەدا کە کۆنترۆڵی کرێکاران پێویستە بۆ کۆنترۆڵکردنی ڕاستەقینەی پیشەسازی ڕازی بوو، بەڵام بەجۆرێك دەسکاری ئەم لێدوانەی کرد تا ئەو مانایە بگەیەنێت کە زۆرینەی کرێکاران دەبێت بچنە ناو هەموو دامەزراوە بەرپرسیارەکانەوە و بەڕێوەبەرایەتی دەبێت راپۆرتی  هەموو کارەکانی خۆی پێشکەش بە هەموو ڕێکخراوە کرێکاریە خاوەن نفوزەکان بکات. بۆئەوەی نەوەك مانای ئەم لێدوانە بە هەڵە لێکبدرێتەوە، لینین لە وتارێکیدا لە پراڤدا، بەشێوەیەکی ڕوونتر و کۆنکرێت تر لە وتارەکەی کۆنفرانسی، جەختی لەوە کردەوە کە ڕێکخستنی کۆنترۆڵ و بەڕێوەبردن وەک ڕێکخراوێکی سەراسەری لەلایەن شوراکانی نوێنەرانی کرێکاران، سەربازان و جووتیارانەوە سەرۆکایەتی بکرێت (بەرگی ٢٠، ل٤٧٢)..

 

About admin

Check Also

ڕەخنە لەبەرنامەی گۆتا

ڕەخنە لەبەرنامەی گۆتا نوسینی: کارڵ مارکس وەگێرانی لەئەڵمانیەوە: سەلام مارف بۆ داگرتن و خویندنەوەی کتێبەکە …