چەتەکانی کوردایەتی!

موحسین کەریم

مەلا بەختیار، لە سیمینارێکدا رۆژی ٧ی ئەم مانگە کە تایبەت بوو بەدۆخی ئابوریی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد کە نزیکەی (٣٠٠) ملیۆنەر لەناو یەکێتی و پارتی و گۆڕاندا هەن و  ئێستا چینی چەتە لەکوردستان دروست بوە!

هەڵبەتە مەلا بەختیار دەمێکەیە گلەیی ئەوە دەکات کە بەرپرسانی حزبە دەسەڵاتدارەکان دەستیان بەسەر پارەو پوولی کوردستاندا گرتوەو لە ژێرزەمین و بانکەکانی دەرەوەدا یان هەڵیان گرتوە یان وەبەرهێنانی پێوە دەکەن، بەڵام تائێستاش خۆی لە پۆستی بالای یەکێتیدا ماوەتەوە! گومان لەوەدا نیە کە خۆشی کەم تا زۆر سوودی دارایی لە پۆستەکەی لەناو یەکێتیدا وەرگرتوە، ئەگەر یەکێك نەبێت لەو ٣٠٠ ملیۆنەرەی کە خۆی ئاماژەیان بۆدەکات!

بەڵام دەکرێ لە دوو لایەنەوە خوێندنەوە بۆ ئەم قسانەی مەلا بەختیار بکەین. یەکەم لەو لایەنەوە کە مەلا بەختیار هیچ گومانی لەوە نەماوەتەوە کە رۆژێك دێت سەرانی کوردایەتی دەسەڵاتداری هەرێم بەهۆی ئەو هەموو تاوان و ناهەقیەی بەرامبەر بە خەڵکی کوردستان ئەنجامیان داوە، دەکەونە بەر شاڵاوی ڕاپەڕینی خەڵك و چارەنوسیان وەکو هەر دەسەڵاتێکی ستەمگەرو نایەکسان و تاڵانچی دەبێت! ئەو دەیەوێ هەر لەئێستاوە فۆرمی پاکانەی خۆی پڕبکاتەوەو نەکەوێتەبەر ئەو دادگاییکردنەوە!

بەڵام ناوبردنی بارودۆخی سەرمایەداری لە کوردستان بە چەتەگەری و پاکانەکردنی سەرمایەداری وەکو سیستەمێکی ئابوری، کە مەلا بەختیار هەوڵیدا خۆی وەکو شارەزایەکی ئابوری نیشان بدات و تەنانەت بۆ پشتگیری قسەکانی ناوی مارکس بهێنێ، ناتوانێ حەقیقەتی چەتەگەری و تاڵانچێتی ئەو سیستەمە ئابوریەی مەلا بەختیار بڕوای پێیەتی بشارێتەوە، هەربۆیە سەرەڕای گلەیی و گازەندەکانی هێشتا ناتوانێ و نایەوێ ریزی چەتەکان و دەسەڵاتەکەیان جێبهێڵێت.

سەرمایەداری چ لەسەرەتای سەرهەڵدان و کەڵەبوونی سەرەتاییدا چ لە جەوهەری بەرهەمهێنانیداو چ لە مانەوەو درێژەکێشانیدا لەسەر تاڵانچێتی و چەتەگەری و زەوتکردن ڕاوەستاوە. کەڵەکەی سەرەتایی سەرمایە لەسەر زەوتکردن و دەستبەسەراگرتنی زەوی جوتیاران و  داگیرکردن و بە کۆیلەکردنی خەڵکی ڕەشپێست و تاڵانکردنی ووڵاتان لەلایەن ووڵاتانی ئەوروپاوە بەئاکام گەیشتوە. جەوهەری سیستەمەکەشی لەسەر دەست بەسەراگرتنی بەشێك لە کرێی کاری کرێکاران ڕاوەستاوەو هێشتنەوەی سیستەم و دەسەڵاتی سیاسی سەرمایەش لەسەر سەرکوت و زیندان و کوشتن و شەڕ و تاڵانکردن ڕاوەستاوە. مارکس سەبارەت بەکەڵەکەی سەرەتایی سەرمایە لە بەشی یەکەمی کتێبی سەرمایەدا/ چاپتەری سێیەم- سەرهەڵدانی سەرمایەی پیشەسازی دەڵێت: “دۆزینەوەی ئاڵتون و زیو لە ئەمریکا، قڕکردن و بەکۆیلەکردن و ناشتنی خەڵکی ڕەسەن لەناو کانەکانی خەڵوزدا، سەرەتای داگیرکردن و تاڵانکردنی هندستانی رۆژهەڵات، کردنی ئەفریقا بە جەنگەڵێکی ڕاوکردنی بازرگانی رەشپێستەکان، ئاماژەکانی بەرەبەیانی ڕازاوەی سەردەمی بەرهەمهێنانی سەرمایەدارین. ئەم پرۆسە نمونەییە سەرەکیترین هێزوتوانای کەڵەکەبوونی سەرمایەن”.

سەرمایەداری مۆدێرنی دڵخوازی مەلا بەختیاریش هەر بە چەتەگەری و تاڵان و کوشتار دەستی پێکردوەو هەر بەوانەش درێژەی بەژیانی خۆی داوە! بەڵام ئەوەی بەلای منەوە گرنگە لەسەری ڕابوەستین، لایەنی دووەمی ئەم دانپیانانەی مەلا بەختیارە و ئەوەی کە دەبێ بۆ خەڵكی کرێکارو زەحمەتکێش و مافخوراوی کوردستان چ مانایەکی سیاسی هەبێت و چ بڕیارێکی سیاسی لێ دەربکێشرێت!؟

ئەم قسەیەی مەلا بەختیار بەڵگەی تاوانباربوونی بەرپرسانی حزبە دەسەڵاتدارەکانی کوردایەتیە لەبەرامبەر خەڵکی کوردستاندا. ئەوان خۆیان وەکو فەرمانڕەواو دەسەڵاتدار و حکومەت بە خەڵك ناساندوە. وەکو ئەوەی کە دەبێ بەڕێوەبردنی کاروباری سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی خەڵك لەلایەن ئەوانەوەو بە نوێنەرایەتی خەڵك ئەنجام بدرێ. خەڵك دەنگیان بداتێ و وەکو نوێنەری خۆی بۆ بەڕێوەبردنی کارورباری وولات قبوڵیان بکات. وەکو ئەوە قبوڵیان بکات کە خزمەتگوزاریە گشتیەکانیان بۆ دابین بکەن، ئاسایش و ئەمنیەتیان بپارێزن و بنەماکانی ژیانێکی شەرافەتمەندیان بۆ دەستبەربکەن. بەڵام ئەم دانپیانانەی مەلا بەختیار هەموو ئەوانەی پووچەڵکردەوەو ئەوەی سەلماند کە ئەم حزبە دەسەڵاتدارانەی کوردستان بێجگە لە مشتێك چەتەو رێگر کە بەزەبری چەك و میلیشیا داهاتی خەڵك تاڵان دەکەن هیچی تر نین!

ئەم ڕاگەیاندنەی مەلا بەختیار، واتە دانپیانانی یەکێك لە بەشداربوانی ئەو دۆخەی کە ئەم چەتانەی بەرهەم هێناوە! بەڵگەیەکی بەهێزە بۆ دەرکردنی حوکمی ڕاماڵینی ئەم دەسەڵاتە چەتەگەر و تاڵانچیە لەلایەن خەڵکی کوردستانەوە. لەلایەن ئەو خەڵکەوە کە دەیان دەردیسەرو کارەساتیان بەسەرهاتوە بەهۆی ئەم حزب و هێزانەوە کە ئێستا بوونەتە چەتە بەسەریانەوە. دەبێ نەك هەر لەسەر ئەو چەتەگەریەی ئێستایان، بەڵکو لەسەر هەموو ئەو کارەساتانەشی کە بەسەر خەڵکیاندا هێناوە، لەسەر ئەو هەموو گەنجانەی کە کرانە قوربانی بۆ ئەم رۆژە ڕەشەی ئیستا، لەسەر دەورونەخشیان لە بیانوو دانە دەست رژێمی دڕندەی بەعس بۆ ئەنفال و کیمیابارانکردنی خەڵك، لەسەر نۆکەرپیشەییان بۆ ووڵاتانی کۆنەپەرستی ئێران و تورکیا، لەسەر شەڕەکانی نێوان خۆیان و بەکوشتدانی سەدان و هەزاران گەنج و…تاد. دادگایی بکرێن و سزای تاوانەکانیان وەربگرن. ئەوانە نابێ فەرمانڕەوا و دەسەڵاتداربن بەسەر سەری خەڵکی کوردستانەوە، بەڵکو جێگایان زیندانە.. ئەگەر جەماوەری خەڵك دەسەڵاتی بەدەست بێت ئەوا جێگای چەتە زیندانە نەك دەسەڵات!

 

Check Also

سەربەخۆی کوردستان لەبەردەم بازرگانی بە نەوتەوە!

عوسمانی حاجی مارف حکومەتی هەرێمی کوردستان پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە دەسەڵاتی فرۆشتنی هەناردەی نەوت …