١
بنچینە کۆمەڵایەتی و فیکرییەکانی کۆمۆنیزمی کرێکاری
دنیایەکی باشتر
بە درێژایی مێژووی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی، گۆڕینی جیهان و بەدیهێنانی دنیایەکی باشتر ئاوات و ئامانجی هەمیشەیی ئینسانەکان بووە. سەرباری برەوی بیروباوەڕە قەدەری و خورافییەکان تەنانەت لە دنیای بەناو مۆدێرنی ئەمڕۆشدا، بە دینی و غەیرە دینیەوە، کە هەریەکەیان بە جۆرێک جاڕ بۆ بێ چارەسەربوون و موقەدەربوونی هەلومەرجی زاڵ دەدەن، ژیانی واقعی و کردەوەی ڕۆژانەی جەماوەری فراوانی خەڵک هەمیشە بەڵگەی ئومێد و باوەڕێکی قووڵە بەوەی کە ئایندەیەکی باشتر نەک هەر ئیمکانی هەیە بەڵکو حەتمیشە. ئومێد بەوەی کە دنیای سبەینێ دەکرێ لە بێبەشی و کوێرەوەری و کەموکوڕی و دزێویەکانی دنیای ئەمڕۆ بێبەری بێت، باوەڕ بەوەی کە کردەوەی دەستەجەمعی و فەردیی ئەمڕۆی ئینسانەکان، دەور دەگێڕێ لە دیاریکردنی چۆنێتی دنیای سبەینێدا، مەیلێکی ڕیشەدار و بەهێزە لە کۆمەڵگە کە ژیان و هەڵسووکەوتی جەماوەری فراوانی خەڵک ئاڕاستە دەکا‌ت.
کۆمۆنیزمی کرێکاری بەرلە هەرشتێک سەرچاوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئێرە، بۆ ئومێد و باوەڕی ئینسانە بێشوومارەکان و وەچە یەک لە دوای یەکەکان بەوەی کە بنیاتنانی ئایندەیەکی باشتر، جیهانێکی باشتر، بەدەستی خودی ئینسان، زەرووری و مومکینە.
ئازادی، یەکسانی، خۆشگوزەرانی
بێگومان دیدی هەمووان بۆ ژیانێکی خوازراو و دنیای ئارەزوو وەک یەک نییە. بەڵام لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا بە درێژایی مێژووی چەند هەزار ساڵەی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی هەمیشە هەندێ چەمک و دەستەواژە بە وێنەی پێوانەی بەختەوەری و پێشکەوتنی کۆمەڵگە بەشێوەی جۆراوجۆر بەرجەستە و دووبارە کراونەتەوە، تا ئەو ڕادەیەی کە ئیتر بە وێنەی کۆمەڵێک چەمکی پیرۆز لە کەلتووری سیاسی جەماوەری خەڵک لە سەرانسەری جیهاندا جێگای خۆیان کردۆتەوە. ئازادی، یەکسانی، دادوەری و خۆشگوزەرانی لە ڕیزی پێشەوەی ئەم مەحەکانەدان.
ڕێک هەر ئەم ئاوات و ئارەزووانە بنچینە مەعنەویەکانی کۆمۆنیزمی کرێکاری پێکدەهێنن. کۆمۆنیزمی کرێکاری بزووتنەوەیەکە بۆ گۆڕینی جیهان و بەرپاکردنی کۆمەڵگەیەکی ئازاد و یەکسان و ئینسانی و خۆشگوزەران.
خەباتی چینایەتی: پرۆلیتاریا و بۆرژوازی
بەڵام کۆمۆنیزمی کرێکاری دەستەی ڕیفۆرمخوازانی خۆشخەیاڵ و قارەمانانی تاسەی ڕزگاریی مرۆڤایەتی نییە. کۆمەڵگەی کۆمۆنیستی ئەلگۆ و گەڵاڵەیەکی دەرهاویشتەی مێشکی کۆمەڵێک حەکیمی خێرخواز نییە. کۆمۆنیزمی کرێکاری بزووتنەوەیەکە کە لە هەناوی خودی کۆمەڵگەی سەرمایەداری هاوچەرخەوە هەڵدەقوڵێ و ڕەنگدانەوەی ئاسۆ و ئامانج و ناڕەزایەتی بەشێکی گەورەی هەر ئەم کۆمەڵگەیەیە.
مێژووی تێکڕای کۆمەڵگەکانی تا ئێستا، مێژووی خەبات و کێشمەکێشی چینایەتیە. مشتومڕێکی بێ‌وچان، تاوێک ئاشکراو تاوێک نهێنی لە نێوان چینە چەوسێنەر و چەوساوەکان، ستەمگەر و ستەمدیدەکان لە سەردەم و کۆمەڵگە جیاجیاکاندا هەمیشە لەئارادا بووە. ئەم مشتومڕە چینایەتیە سەرچاوەی سەرەکی ئاڵوگۆڕ و گۆڕانکاریە لە کۆمەڵگە.
بە پێچەوانەی کۆمەڵگەکانی پێشوەوە کە بەگشتی لەسەر بناغەی پلەبەندیەکی چینایەتی و توێژبەندیەکی ئاڵۆز دامەزرابوون، کۆمەڵگەی هاوچەرخی سەرمایەداری دابەشبوونی چینایەتی زۆر سادە کردۆتەوە. کۆمەڵگەی هاوچەرخ، سەرباری هەمەچەشنیی فراوانی پیشەکان و کاردابەشکردنێکی بەرین، بەشێوەیەکی گشتی لە دەوری دوو ئۆردوگای چینایەتی سەرەکی بنیاتنراوە کە بەرامبەر بە یەکتر ڕاوەستاون: کرێکاران و سەرمایەداران، پرۆلیتاریا و بۆرژوازی.
لە بنەڕەتدا سەرچاوە و بنچینەی هەموو کێشمەکێشە ئابوری و سیاسی و حقوقی و فیکری و کەلتووریە جۆراوجۆرەکان لە کۆمەڵگەی هاوچەرخدا دەگەڕێتەوە بۆ ململانێی نێوان ئەم دوو ئۆردوگایە. نە تەنها ژیانی سیاسی و ئابووری کۆمەڵگە، بەڵکو تەنانەت ژیانی کەلتووری و فیکری و زانستیی ئینسانی ئەمڕۆش کە بە ڕواڵەت وەکو قەڵەمڕەوی سەربەخۆ و سەروچینایەتی دێنە بەرچاو، مۆری ئەم ڕیزبەندیە سەرەکیەی کۆمەڵگەی هاوچەرخی سەرمایەدارییان پێوەیە. ئۆردوی پرۆلیتاریا، ئۆردوی کرێکاران، لەگەڵ هەموو ئەو بیروباوەڕ و ئامانج و مەیل و حیزبە جۆراوجۆرانەی کە تیایدایە، نوێنەری گۆڕین یان باشکردنی ئەم نیزامەی ئێستایە بە قازانجی جەماوەری بێبەش و ستەمدیدەی کۆمەڵگە. ئۆردوی بۆرژوازیش، دیسانەوە بە هەموو ڕێباز و حیزبە سیاسی و بیرمەند و شەخسیەتە جۆراوجۆرەکانیەوە، خوازیاری پاراستنی کۆڵەکەکانی ئەم وەزعەی ئێستایە و لە بەرامبەر گوشاری ئازادیخوازی و یەکسانیخوازیی کرێکاریدا بەرگری لە نیزامی سەرمایەداری و دەسەڵات و ئیمتیازاتە ئابوری و سیاسیەکانی بۆرژوازی دەکا‌ت.
کۆمۆنیزمی کرێکاری لەم خەباتە چینایەتیەوە سەرچاوە دەگرێت. ڕیزێکە لە ئۆردوگای پرۆلیتاریا. کۆمۆنیزمی کرێکاری بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی چینی کرێکارە بۆ ژێرەوژوورکردنی نیزامی سەرمایەداری و بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی نوێی بێ چین و چەوسانەوە.
کۆمۆنیزمی کرێکاری
بەڵام، نە تەنها ئازادی و یەکسانی، بەڵکو تەنانەت سڕینەوەی چەوسانەوە و چینەکانیش، ئامانجێکی تایبەت بە کۆمۆنیزمی کرێکاری نییە. لە کۆمەڵگەکانی پێشووشدا ئەم ئامانجانە ئاڵای بزووتنەوە جیاجیاکانی چین و توێژە بێبەشەکان بوون. ئەو شتەی کە کۆمۆنیزمی کرێکاری وەکو بزووتنەوە و ئامانجێکی کۆمەڵایەتی لە هەوڵ و کۆششە ئازادیخوازانە و یەکسانیخوازانەکانی پێشوو جیادەکاتەوە ئەوەیە کە کۆمۆنیزمی کرێکاری چ لە ڕووی عەمەلی و کۆمەڵایەتیەوە و چ لە ڕووی ئامانج و فیکرەوە لەبەرامبەر سەرمایەداریدا، واتە پێشکەوتووترین و مۆدێرنترین نیزامی چینایەتیدا، ڕادەوەستێ.
کۆمۆنیزمی کرێکاری بزووتنەوەی پرۆلیتاریایە، ئەو چینەی کە خۆی بەرهەمی سەرهەڵدانی سەرمایەداری و بەرهەمهێنانی مۆدێرنی پیشەسازیە. ئەو چینەی کە لەسەر فرۆشتنی هێزی کاری خۆی دەژی و جگە لە هێزی کاری خۆی ئامڕازێکی تر بۆ بەڕێوەچوونی گوزەرانی شک نابات. پرۆلیتاریا کۆیلە نییە، ڕەعییەت نییە، وەستاکار و پیشەوەر نییە، نە موڵکی کەسێکە و نە کۆیلەی کەس، نەخۆیشی خاوەنی ئامڕازی کاری خۆیەتی. هەم ئازادە و هەم ناچارە کە هێزی کاری خۆی لە بازاڕدا بە سەرمایە بفرۆشێت. پرۆلیتاریا، بەرهەمی سەرمایەداری و پیشەسازی مۆدێرنە و چینی چەوساوەی سەرەکیە لەم نیزامەدا.
بنەما فیکریەکان و ئامانجی کۆمەڵایەتی کۆمۆنیزمی کرێکاری لەسەر بناغەی ڕەخنە لە پایە ئابوری و کۆمەڵایەتی و فیکریەکانی نیزامی سەرمایەداری دامەزراوە. ڕەخنەیەک لە دیدی چینی کرێکاری کرێگرتەی ئەم کۆمەڵگەیەوە، هەر بەم پێیەش ڕەخنەیەکی حەقیقی و شۆڕشگێڕ. دیدی زەحمەتکێشان و بەرهەمهێنەرانی غەیرە پرۆلیتار بۆ ئازادی و یەکسانی و بەختەوەریی مرۆڤـ، چ لەمڕۆداو چ لە کۆمەڵگەکانی پێشوودا، بە ناچاری ڕەنگدانەوەی ئەو پەیوەندیە کۆمەڵایەتیانەیە کە بەسەر کۆمەڵگە زاڵە، هەروەها ڕەنگدانەوەی جێوشوێنی خودی ئەوانە لە پەیوەند بە بەرهەمهێنان و خاوەندارێتیەوە. دیدی کۆیلە بۆ ئازادی بە ناچاری زۆر لە هەڵوەشاندنەوەی کۆیلەداری تێناپەڕێت و د‌رکی ڕەعیەت یان پیشەوەری بچووکی شار لە یەکسانی ناتوانێ شتێکی زیاتر لە یەکسانیی لە مافی خاوەندارێتی بێت. بەڵام بە سەرهەڵدانی پرۆلیتاریا وەکو جەماوەری فراوانی بەرهەمهێنەرانی داماڵراو لە هەرجۆرە خاوەندارێتیەکی ئامڕازەکانی بەرهەمهێنان، چینێک کە ئەسارەت و چەوسانەوە ئابووریەکەی ڕێک لەسەر بناغەی ئازادیە حقوقیەکەی بنیاتنراوە، ئاسۆی ئازادیخوازی و یەکسانیخوازی لەبنەڕەتەوە ئاڵوگۆڕی بەسەردا هات. پرولیتاریا ناتوانێ ئازاد بێت بێئەوەی کۆمەڵگە بەشێوەیەکی گشتی لە خاوەندارێتی تایبەتی بەسەر ئامڕازەکانی بەرهەمهێنان و دابەشبوونی چینایەتی ڕزگار ببێت. یەکسانی مەسەلەیەکی حقوقیی ڕووت نییە، بەڵکو لە هەمان کاتدا و لەبنەڕەتدا ئابووری کۆمەڵایەتیە.
ڕەخنەی پرۆلیتاری لە سەرمایەداری، هەروەها جیهانبینی و خەباتی سیاسی ئازادیخوازانە و ڕزگاریخوازانەی کرێکاری کە نزیکەی دووسەدە بەرلە ئێستا لە شێوەی دیاریکراوی کۆمۆنیزمی کرێکاریدا سەریهەڵدا، بەهۆی مارکسیزمەوە ئینسجام و بەرچاوڕۆشنی و توانایەکی تیۆری مەزنیان بەدەست هێنا. بزووتنەوەی کۆمۆنیزمی کرێکاری بە درێژایی مێژووی خۆی پەیوەندیەکی قووڵ و نەپساوەی لەگەڵ مارکسیزم و ڕەخنەی مارکسیستی لە کۆمەڵگەی سەرمایەداری هەبووە.
کۆمۆنیزمی کرێکاری بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتیە کە بە سەرهەڵدانی سەرمایەداری و چینی کرێکاری کرێگرتە قەوارەی گرت و نوێنەرایەتی گشتیترین و قووڵترین شێوەی ڕەخنە و ناڕەزایەتی چینی کرێکار دەکا‌ت لە نیزامی سەرمایەداری و مەینەتیەکانی. ئامانج و بەرنامە عەمەلیەکانی ئەم بزووتنەوەیە لەسەر بناغەی ڕەخنەی مارکسیستی لە بنچینەکانی کۆمەڵگەی سەرمایەداری هاوچەرخ، وەکو ئاخرین و مۆدێرنترین و پێشکەوتووترین شێوەی کۆمەڵگەی چینایەتی، دامەزراوە.
کۆمۆنیزمی کرێکاری بزووتنەوەیەکی دابڕاو لە گشت چینی کرێکار پێک ناهێنێ و بەرژەوەندییەکی جیا لە بەرژەوەندی هەموو چینی کرێکاری نییە. جیاوازی بزووتنەوەی کۆمۆنیزمی کرێکاری لەگەڵ باقی بزووتنەوە و حیزبە کرێکاریەکان لەوەدایە کە یەکەم، لە خەباتی چینایەتی هەر وڵاتێک‌دا، کۆمۆنیزمی کرێکاری ئاڵای یەکێتی و بەرژەوەندیە هاوبەشەکانی کرێکارانی سەراسەری جیهان بەرزدەکاتەوە، دووەمیش، لە قۆناغ و سەنگەرە جیاجیاکانی خەباتی چینی کرێکاردا، بەرژەوەندی تێکڕای بزووتنەوەی چینی کرێکاری لەبەرچاوە. سەرەنجام کۆمۆنیزمی کرێکاری بزووتنەوەی پێشڕەوترین بەشی چینی کرێکارە کە هەلومەرج و پێداویستیەکانی سەرکەوتن و دوائامانجی خەباتی چینایەتی بە باشی دەزانێ و لەپێناو هێنانە مەیدانی بەشە جیاجیاکانی چینی کرێکاردا تێدەکۆشێ.
سەرمایەداری
کارنامە
نیزامی سەرمایەداری سەرچاوە و هۆی مانەوەی هەموو ئەو کوێرەوەریانەیە کە بەرۆکی ئینسانی ئەمڕۆی گرتووە. هەژاری و بێبەشی، جیاکاری و نایەکسانی، ئیستبداد و سەرکوتی سیاسی، نەزانی و خورافە و دواکەوتوویی کەلتووری، بێ‌کاری، بێخانەولانەیی، نائەمنیی ئابوری و سیاسی، گەندەڵی و تاوان هەرهەموویان ئاکامی حەتمیی ئەم نیزامەن. قسەکەرانی بۆرژوازی بۆ نکوڵـیکردن لەم حەقیقەتە، پێمان دەڵێن کە سەرمایەداری داهێنەر و خوڵقێنەری ئەم مەینەتیانە نییە، هەموویان بەرلە سەرمایەداریش هەر هەبوون، پێمان دەڵێن کە چەوسانەوە و دەسبەسەراگرتنی دەسڕەنجی بەرهەمهێنەران، سەرکوت، جیاکاری، ستەمکێشی ژن، نەزانی و خورافە و دین و لەشفرۆشی کەموزۆر هاوتەمەنی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتین.
ئەوەی لەم نێوەدا پەردەپۆش دەکرێ ئەو ڕاستیەیە کە یەکەم، هەموو ئەم کوێرەوەری و بێبەشیانە لەم کۆمەڵگەیەدا ناوەڕۆک و مانایەکی تازەیان پەیدا کردووە کە لەگەڵ پێداویستیەکانی دنیای سەرمایەداریدا دێنەوە و هەموو ڕۆژێک لە هەناوی سەرمایەداری مۆدێرنی ئەمڕۆوە و وەکو بەشێکی جیانەکراوەی ئەم نیزامە، سەرلەنوێ بەرهەم دێنەوە. سەرچاوەی هەژاری و برسێتی، بێ‌کاری و بیخانەولانەیی و نائەمنیی ئابووری لە کۆتایی سەدەی بیستەمدا، نیزامی ئابووری سەرەتای سەدەی بیست و یەکە. سەرکوتگەری و دیکتاتۆریەتە خوێناویەکان، جەنگەکان، کوشتارە بەکۆمەڵەکان و سەرکوت و داپڵۆسینێک کە لە ژیانی ئەمڕۆدا بووەتە نسیبی سەدان ملیۆن ئینسان، حیکمەتی خۆیان لە پێداویستی و پێشمەرجەکانی نیزامی زاڵ بەسەر دنیای ئەمڕۆدا وەردەگرن و خزمەت بە بەرژەوەندیەکی دیاریکراوی هەر ئەم دنیایە دەکەن. ژێردەستەیی ژن ئەمڕۆ لە پانتایی جیهاندا، بەرئەنجامی ئابوری و ئەخلاقییاتی سەدەکانی ناوەڕاست نییە، بەرئەنجامی نیزامی ئابوری و کۆمەڵایەتی و بەها ئەخلاقیەکانی کۆمەڵگەی ئەمڕۆیە.
دووەم، ئەوە بۆرژوازی و نیزامی سەرمایەداریە کە هەمیشە و بە سەرسەختانەترین شێوە لە دژی هەوڵی هەموو ڕۆژەی جەماوەری فراوانی خەڵک ڕادەوەستێ لە چوارگۆشەی جیهاندا کە بۆ زاڵبوون بەسەر ئەم کوێرەوەری و بێبەشی و دوواکەوتووییانەدا لە ئارادایە. هەوڵی هەموو ڕۆژەی کرێکار بۆ باشترکردنی هەلومەرجی ئابوری و گوزەرانی، وە هەروەها لەپێناو مافە مەدەنییەکانی جەماوەری فراوانی خەڵک جگە لە بۆرژوازی و حیزب و دەوڵەت و زوڕناژەنەکانی هیچ کۆسپێکی تری لەبەردەمدا نییە. یەکەمین کۆسپ کە دێتە ڕێگای خرۆشانەکانی جەماوەری فراوانی خەڵک لە ناوچە دواکەوتو و بێبەشەکان بۆ دەخالەتکردن لە چارەنووسی خۆیاندا، هێزی سەرکوتی بۆرژوا خۆجێی و نێونەتەوەییەکانە. دەوڵەت، دین وەکو دامەزراوێک، میدیاکان و دەزگا ڕاگەیاندنە زەبەلاحەکانی بۆرژوازی، دابونەریت و ئەخلاقییات و سیستمی پەروەردە و فێرکردنی چینی دەسەڵاتدار هەموویان دەبنە مایەی قەوارەپێدانی بیروباوەڕە دواکەوتووو دەمارگیر و تەفرەقەئامێزەکان لەنێو جەماوەری خەڵک و نەوە یەک لەدوای یەکەکاندا. گومانی تێدا نییە کە ئەوە سەرمایەداری و بۆرژوازیە کە بوونەتە ڕێگر لەبەردەم ڕەخنەگرتن و گۆڕینی جیهانی ئەمڕۆ لەلایەن ئەو ملیۆنەها ئینسانەوە کە نە تەنها لەم نیزامەی ئێستا دەنگیان دەرهاتووە بەڵکو کەموزۆر بەو هێڵە گشتیانەش گەیشتوون کە دەبێ لەسەر بنچینەیان کۆمەڵگەیەکی شایستەی ئینسانی بنیات بنرێ.
ئەمڕۆ، لەسەرەتای سەدەی بیست و یەکدا و لەوپەڕی جیهانیبوونەوەی سەرمایە و سەرمایەداریدا، لەجەرگەی مەزنترین شۆڕشە تەکنەلۆژیەکاندا، مرۆڤایەتی یەکێک لە ترسناکترین قۆناغەکانی مێژووی خۆی بەسەردەبات. مەسەلەی مانەوەی فیزیکی بووەتە گرفتی ملیۆنەها ئینسان لە وڵاتانی گیرۆدەی هەژاری ئەفریقیا و ئاسیاوە تا ناوجەرگەی پایتەختەکانی ئەوروپای ڕۆژئاوا و ئەمریکا. بێئومێدی بەتەواوی جێگای ئومێد بە گەشەی ئابووریی کۆمەڵگە دواکەتووەکانی گرتۆتەوە. کابووسی هەمیشەیی قاتوقڕی و بێخۆراکی و نەخۆشی جێگای خەونی گەشەی گرتۆتەوە. لە ئەوروپا و ئەمریکای پێشکەوتوودا بەدوای ساڵانێکی دوورودرێژ لە متبوونێکی قووڵی ئابووری، مژدەی نیوەناچڵی “ڕەونەق بەبێ دەرفەتی کارکردن” ڕێک هەمان کابووسی ناوەتە بەردەم ملیۆنەها خێزانی کرێکاری. جەنگ و کۆمەڵکوژی لە هەر پێنج کیشوەرەکەدا بێداد دەکا‌ت. مەزنترین پاشەوپاش گەڕانەوەی فیکریی و کەلتووریی لەئارادایە، هەرلە پەرەسەندنەوەی سەرلەنوێی دواکەوتوویی دینی، پیاوسالاری، نەژادپەرستی، ڕەگەزپەرستی و فاشیزمەوە تا دەگات بە هەرەسهێنانی ماف و پلەوپایەی تاکەکان لە کۆمەڵگە و سپاردنی هەموو بوون و ژیانی ملیۆنەها خەڵک لە مناڵ و پیر و لاو بەدەستی بێڕەحمی بازاڕی ئازاد. تاوانی نەخشەمەندانە لەزۆربەی وڵاتەکاندا بووەتە واقعیەتێکی چەسپاو لەژیانی ڕۆژانەی خەڵک و ژیانی ئابوری و سیاسی هەموو کۆمەڵگە. ئالوودەبوون بە مادە هۆشبەرەکان و توانای ڕۆژ لە ڕۆژ زیاتری تۆڕە تاوانکارەکانی بەرهەمهێنان و بڵاوکردنەوەی ئەم مادانە بووەتە گرفتێکی هەرەگەورە و لەچارەنەهاتووی نێونەتەوەیی. نیزامی سەرمایەداری و مەبدەئی هەموو شتێک لەپێناوی قازانجدا، تێکڕای ژینگەی لەگەڵ مەترسی گەورە و زیانی لەقەرەبوونەهاتوو ڕووبەڕوو کردۆتەوە. لەم نێوەدا بیرمەندان و قسەکەرانی بۆرژوازی تەنانەت هیچ جۆرە وەڵامێکیشیان پێ نییە لەبەرامبەر ئەم هەلومەرجەدا. ئەمە واقعیەتی عەمەلیی سەرمایەداری ئەمڕۆیە کە ئایندەیەکی یەکجار پڕمەترسی دەخاتە بەردەم هەموو خەڵکی جیهان.
کۆڵەکەکانی سەرمایەداری
گومانی تێدا نییە کە کۆمەڵگەی هاوچەرخ کۆمەڵگەیەکی ئاڵۆز‌و ئاوێتەیە. بە میلیارەها ئینسان لە میانەی پەیوەندیە ئابوری و کۆمەڵایەتی و سیاسیە فراوان و هەمەچەشنەکاندا لە مامەڵەی هەمیشەییدان لەگەڵ یەکتری. تەکنەلۆجیا و بەرهەمهێنان مەودایەکی سەرسوڕهێنەریان پەیدا کردووە، ژیانی فیکریی و کەلتووریی مرۆڤی ئەمڕۆ، هەروەک گرفت و مەینەتیەکانیشی، فراوان و هەمەجۆرە. بەڵام ئەم هەموو ئاڵۆزیە تەنها کۆمەڵێک حەقیقەتی سادە و ئاسان لەبەرچاو ون دەکەن کە بنەمای ئابوری و کۆمەڵایەتی جیهانی سەرمایەداری پێک دەهێنن.
بناغەی نیزامی سەرمایەداری، وەکو هەر نیزامێکی چینایەتی تر، چەوساندنەوەی بەرهەمهێنەرانی ڕاستەوخۆیە، واتە دەستبەرسەرا گرتنی بەشێک لە بەرهەمی کاری ئەوان لەلایەن چینە دەسەڵاتدارەکانەوە. تایبەتمەندی هەر نیزامێکی کۆمەڵایەتی لە سەردەمە جیاجیاکاندا، بەدرێژایی مێژوو، لەو شێوازە تایبەتەدایە کە لەهەریەکێکیاندا ئەم چەوساندنەوەیە ئەنجام دەدرێ. لە سیستمی کۆیلەداریدا نە تەنها بەرهەمی کاری کۆیلە، بەڵکو خودی خۆشی موڵکی خاوەنەکەیەتی. کۆیلە بۆ خاوەنەکەی کار دەکا‌ت و لەبەرامبەردا لەلایەن ئەوەوە ژیانی دابین دەکرێ. لەنیزامی فیۆدالیدا ڕەعییەت بەشێک لە بەرهەمەکەی دەداتە خاوەن موڵک و ئاغا، وەیان چەند کات و ڕۆژێک بێگاری بۆ دەکا‌ت. چەوسانەوە لەنیزامی سەرمایەداریدا لەسەر بنچینەیەکی تەواو جیاواز ڕاوەستاوە.
لێرەدا بەرهەمهێنەرانی سەرەکی، واتە کرێکاران، ئازادن. موڵکی هیچ کەسێک نین، بە موڵک و زەویەوە نەبەستراونەتەوە و ژێردەستەی هیچ ئاغایەک نین. خۆیان خاوەنی لەش و هێزی کاری خۆیانن و هەرخۆیان خاوەن بڕیارن تیایدا. بەڵام کرێکاران لەم نیزامەدا لەڕوویەکی تریشەوە “ئازاد”ن. واتە ئەوان خاوەنی هیچ جۆرە ئامڕازێکی کار و بەرهەمهێنان نین و بۆ دابینکردنی بژێوی خۆیان ناچارن کە لەبەرامبەر کرێدا هێزی کاری خۆیان بۆ ماوەیەکی دیاریکراو بە چینی سەرمایەدار، واتە ئەو کەمینە بچووکەی کە هۆیەکانی بەرهەمهێنانیان لەدەستدایە و پاوانیان کردووە، بفرۆشن و دواتر پێداویستیەکانی گوزەران و ژیانی خۆیان، کە هەر بەدەستی خۆیان بەرهەم هێنراوە، لەبازاڕدا لە سەرمایەدار بکڕنەوە. بەکاڵابوونی هێزی کار لە لایەک و لەلایەکی ترەوە خاوەندارێتی تایبەتیی چینی سەرمایەدار بەسەر هۆیەکانی بەرهەمهێناندا، ئەمانە کرۆکی سەرمایەداری و بنچینەی چەوساندنەوە پێکدەهێنن لەم نیزامەدا. لەسایەی هەر نیزامێکدا، ناکرێ بیر لە بوونی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی و خودی مانەوەی ئینسان و دابینکردنی پێداویستیەکانی بکرێتەوە، بە بێئەوەی کە هێزی کاری زیندووی ئینسانەکان ئامڕاز و هۆیەکانی کار بخاتە گەڕ و بەرهەمی نوێ بخوڵقێنێ. بەڵام لە نیزامی سەرمایەداریدا هێزی کار و هۆیەکانی بەرهەمهێنان بە دیواری خاوەندارێتی تایبەتی لێک جیاکراونەتەوە. بوونەتە ئەو کاڵایانەی کە خاوەنەکانیان دەبێ لە بازاڕدا لەگەڵ یەکتری ڕووبەڕوو ببنەوە. ڕواڵەتی مەسەلەکە ئەوەیە کە خاوەنی ئەم کاڵایانە لە بازاڕدا دەکەونە سەودایەکی هاوسەنگ و ئازادەوە. کرێکار هێزی کارەکەی بۆ چەند سەعاتێکی دیاریکراو بە سەرمایەدار، واتە خاوەنی هۆیەکانی بەرهەمهێنان، دەفرۆشێ و لەبەرامبەر ئەمەدا کرێ وەردەگرێ. سەرمایەدار، هێزی کار ئەخاتە گەڕ، بەکاری ئەهێنێ، وە سەرەنجام بەرهەمی نوێ بەرهەم دێنێ. ئەم کاڵایانە لە بازاڕدا دەفرۆشرێت و ئەو پارەیەی کە بەدەستدێت دەبێتە سەرمایە و سەرلەنوێ سووڕی بەرهەمهێنان دەستپێدەکاتەوە.
بەڵام لەودیوی سەودای بەڕواڵەت هاوسەنگی کار و سەرمایەوە، نایەکسانیەکی بنەڕەتیی خۆی حەشارداوە کە چارەنووسی هەموو مرۆڤایەتی ئەمڕۆ دیاری دەکا‌ت و ڕزگاری و ئازادی کۆمەڵگە بەبێ ڕزگاربوون لەم نایەکسانیە مەیسەر نابێ. کرێکار بەو کرێیەی کە وەری دەگرێ تەنها ئەو شتە بەدەست دێنێتەوە کە فرۆشتوویەتی، واتە توانای کارکردن و سەرلەنوێ گەڕانەوەی بۆ بازاڕی کار. چینی کرێکار بە کاری هەرڕۆژەی تەنها کرێکار بوونی خۆی، وە مانەوەی خۆی وەکو فرۆشیاری هەمووڕۆژەی هێزی کار زامن دەکا‌ت. بەڵام سەرمایە لەم نێوەدا کەڵەکە دەبێت و پەرەدەسێنێ. هێزی کار هێزێکی خوڵقێنەرە. بەهای تازە بۆ کڕیارەکەی بەرهەم دێنێ. بەهای ئەو بەرهەم و شمەکانەی کە هەرجارێک لەلایەن چینی کرێکارەوە بەرهەم دێت زیاترە لە کۆی ئەوبەشەی بەو دەبڕێ و ئەوبەشەش لە بەرهەمهێنان کە بۆ دەست پێیاهێنانەوەی ئەو هۆیانەی بەرهەمهێنان خەرج دەکرێت کە بەکار براون یان سەرف کراون. ئەم زێدەباییە، کە خۆی بەشێوەی خەروارێک لە کاڵاکان نیشان دەدات، بەهۆی خاوەندارێتی چینی سەرمایەدار بەسەر هۆیەکانی بەرهەمهێنانەوە بەشێوەیەکی ئۆتۆماتیک دەچێتە کیسەی ئەوەوە و سەرمایەکەی هەرچی زیاتر‌و زیاتر دەکا‌ت. هێزی کار لە میانەی ئاڵوگۆڕی لەگەڵ سەرمایەدا تەنها خۆی سەرلەنوێ بەرهەم دێنێتەوە. لەکاتێکدا کە سەرمایە لە ئاڵوگۆڕی لەگەڵ هێزی کاردا گەشە دەکا‌ت. توانای داهێنەرانەی هێزی کار‌و چالاکیی خوڵقێنەرانەی چینی کرێکار، خۆی لە شێوەی بەرهەمهێنانی سەرمایەی تازە بۆ چینی سەرمایەداردا دەردەخات. هەرچی چینی کرێکار زۆرتر و باشتر کار بکات، توانای سەرمایە زیاد دەکا‌ت. توانای سەرسوڕهێنەری سەرمایە لە جیهانی ئەمڕۆدا و دەسەڵاتی ڕۆژلەڕۆژ زیاتری بەسەر ژیانی ئابوری و سیاسی و فیکریی میلیارەها دانیشتووانی سەرگۆی زەویدا، شتێکی تر نییە جگە لە ڕەنگدانەوەی ئاوەژووی توانای خوڵقێنەرانەی کار و جەماوەری بەرینی کرێکاران.
بەم جۆرە چەوسانەوە لە کۆمەڵگەی سەرمایەداریدا، بەبێ هیچ کۆت و زنجیرێکی ئاسنین لە گەردن و دەست و پێ‌ی بەرهەمهێنەران، لە ڕێگەی بازاڕ و سەودای ئازاد و هاوسەنگی کاڵاکانەوە مەیسەر دەبێت. ئەمە تایبەتمەندیی بنەڕەتیی سەرمایەداریە و لەڕووی جەوهەریەوە لە هەموو نیزامەکانی پێشووی جیا دەکاتەوە.
تێکڕای زێدەبایی بەدەستهاتوو لە چەوسانەوەی چینی کرێکار بەشێوەیەکی سەرەکی لە ڕێگەی بازاڕ وە هەروەها لە کەناڵی سیاسەتە دارایی و دراویەکانی دەوڵەتانەوە لە نێوان بەشە جیاجیاکانی چینی سەرمایەداردا بەشدەکرێت. قازانج و سوود و موڵکانە شێوە سەرەکیەکانی بەشی سەرمایە جیاجیاکانە لە بەرهەمی ئەم چەوسانەوە چینایەتیە. کێبەرکێی سەرمایەکان لە بازاڕدا بڕی هەر بەش و یەکە و دامەزراوێکی سەرمایەداری دیاری دەکا‌ت.
بەڵام کار بەمە کۆتایی نایه‌ت. سەرجەم خەرجی دامودەزگای دەوڵەت و سوپا و سیستمی بەڕێوەبردنی بۆرژوازی، سەرجەم خەرجی دامودەزگا ئایدۆلۆژی و کەلتووریەکانی کۆمەڵگەی بۆرژوایی و خەرجی ئەو ژمارە زۆرە لە ئینسانەکان کە لەڕێگەی ئەم دامودەزگایانەوە پارێزگاری و پاسەوانیی لە دەسەڵاتی بۆرژوازی دەکەن، هەر لەم سەرچاوەیەوە دابین دەکرێت. چینی کرێکار بە کار‌و ڕەنجی خۆی خەرجی چینی دەسەڵاتدار، خەرجی کەڵەکە بوونی ڕۆژلەدوای ڕۆژی سەرمایە و خەرجی باڵادەستیی سیاسی و کەلتووریی و فیکریی بۆرژوازی بەسەر خۆی و هەموو کۆمەڵگە دابین دەکا‌ت.
بە کەڵەکەبوونی سەرمایە بەردەوام قەوارەی خەرواری ئەو کاڵایانەی کە سەروەت و سامانی کۆمەڵگەی بۆرژوایی پێکدەهێنن زیاد دەکا‌ت. گەشەی هەمیشەیی و خێرای تەکنیک و چوونەسەری قەبارە و توانای ئامڕاز و هۆیەکانی بەرهەمهێنان کە چینی کرێکار لە هەر سووڕێکی تازەی بەرهەمهێناندا دەیانچەرخێنێ، ئاکامی حەتمیی پرۆسەی کەڵەکەبوونی سەرمایەیە. بەڵام بە بەراورد لەگەڵ مەودای پەرەسەندنی سەروەت و سامان و توانای بەرهەمهێنانی کۆمەڵگە، چینی کرێکار هەمیشە بەشێوەیەکی ڕێژەیی بێبەشتر دەبێت. سەرەڕای ئەوەی کە ئەگەر بەشێوەیەکی ڕەها و یەکلایەنە سەیری بکەین، دەبینین کە پلە بە پلە و بەشێوەیەکی سنووردار ژیانی کرێکاران لانی کەم لە وڵاتە پێشکەتووەکاندا دەچێتە سەرەوە، بەڵام حەقیقەت ئەوەیە کە لە پرۆسەی کەڵەکەبوونی سەرمایەدا ڕێژەی بەشی چینی کرێکار لە تێکڕای سەروەتی کۆمەڵگە، بەخێرایی دێتە خوارەوە و قڵشتی نێوان ئاستی ژیانی چینی کرێکار و ستاندارد‌ە مومکینەکانی ئاسایش و خۆشگوزەرانی، کە بە هەوڵ و تەقەلای خودی ئەو وەدی هاتوون، قووڵتر دەبێتەوە. هەرچی کۆمەڵگە سەروەتمەندتر دەبێت، ئەوەندەیتر کرێکار تیایدا بەشێکی مەحرومتر پێک دەهێنێ.
پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا و چوونەسەری ئاستی بەرهەمهێنان و توانای بەرهەمهێنانی کار، بە مانای ئەوە دێت کە هەرچی زیاتر دەزگا و ئامێر و سیستمە ئۆتۆماتیکەکان جێگای هێزی کاری زیندوو بگرنەوە. لە کۆمەڵگەیەکی ئینسانی و ئازاد‌دا ئەمە دەبێ بەمانای فەراهەمبوونی دەرفەتی زیاتر بێت بۆ هەمووان بۆ دەستئاوەڵابوون و چێژوەرگرتن لە ژیان. بەڵام لە کۆمەڵگەی سەرمایەداریدا، کە هێزی کار و هۆیەکانی کار تەنها کۆمەڵە کاڵایەکن کە سەرمایە بەمەبەستی وەدەستهێنانی قازانج بەدەستیەوە گرتوون، جێگرتنەوەی ئینسان بە ئامێر دەبێتە مایەی بێ‌کاری و بێکارسازیی هەمیشەیی بەشێک لە چینی کرێکار و بێبەشبوونیان لە دەرفەتی دابینکردنی گوزەران. پەیدابوونی لەشکرێکی زەخیرە لە کرێکارانی بێکار، کە تەنانەت دەرفەتی فرۆشتنی هێزی کاری خۆشیان نییە، ئاکامێکی حەتمیی ڕەوتی کەڵەکەی سەرمایەیە کە لەهەمان کاتدا خۆی یەکێک لە مەرجەکانی بوون و مانەوەی نیزامی سەرمایەداریش دابین دەکا‌ت. بوونی سوپایەکی زەخیرەیی لە بێکاران، کە لە بنەڕەتدا ئەرکی بەڕێوەچوونی ژیانیان دەکەوێتە ئەستۆی بەشی لەسەرکاری خودی ئەم چینە، کێبەرکێ لەنێو چینی کرێکاردا پەرەپێدەدات و کرێ لەئاستێکی هەرچی کەمتردا ڕادەگرێ. ئەم سوپای زەخیرەیە ئەو دەرفەتەش بە سەرمایە دەدات کە بڕی ئەو هێزی کارەی کە دەیخاتە گەڕ بەپێی پێویستیەکانی بازاڕ کەموزیاد بکات. بێ‌کاری، دەرهاویشتەیەکی لاوەکیی بازاڕ، یان ئاکامێکی سیاسەتی هەڵەی ئەم یان ئەو دەوڵەت نییە، بەڵکو بەشێکی سروشتی و جیانەکراوەی کارکردی سەرمایەداری و ڕەوتی کەڵەکەی سەرمایەیە.
قەیرانە ئابووریە ناوبەناوەکان بە ئاکامە ترسناک و ماڵوێرانکەرە ئابوری و کۆمەڵایەتیەکانیانەوە، بەشێکی جیانەکراوەی نیزامی سەرمایەدارین. ئەم قەیرانانە لە بنەڕەتدا لە ناکۆکیەکی بنچینەیی هەناوی خودی پرۆسەی کەڵەکەبوونی سەرمایەوە سەرچاوە دەگرن: لە کاتێکدا کە کار سەرچاوەی قازانج و زێدەباییە، ڕەوتی کەڵەکەبوونی سەرمایە و گەشەی حەتمیی تەکنیک، بە بەردەوامی ڕێژەی هێزی کار بە بەراورد لەگەڵ هۆیەکانی بەرهەمهێنان دێنێتە خوارەوە. زێدەبایی بەرهەمهاتوو، تەنانەت ئەگەر بەشێوەیەکی ڕەها و یەکلایەنەش ڕوولە زیادبوون بێت، بە شێوەی ئاسایی ناتوانێ هاوشان لەگەڵ چوونەسەری هەمیشەیی ئەو سەرمایەیەی کە دەخرێتە کارەوە زیاد بکات. تێکڕای قازانجی سەرمایە ، بەپێی یاسا مادییەکانی خودی ڕەوتی کەڵەکەبوونی سەرمایە، بە ناچاری ڕوو لە دابەزینە. هەوڵ و تەقەلای هەمیشەیی بۆ بەرگرتن بەم دابەزینە و بۆ بەرزڕاگرتنی تێکڕای قازانج ، بەتایبەت لە ڕێگەی توندکردنەوەی چەوسانەوە و کەمکردنەوەی بەشی چینی کرێکار لە سەروەت و سامانی کۆمەڵگە، کە لە شێوەی کرێ و خزمەتگوزاریە کۆمەڵایەتیەکان و …تاد -دا پێ‌ی دەدرێت، کاری هەموو ڕۆژەی چینی سەرمایەدار و دەوڵەتە ڕەنگاوڕەنگەکانی و هەروەها توێژاڵێکی فراوان لە بیرمەندانی ئابوری و بەڕێوەبەران و پسپۆڕانی بۆرژوایە لەسەرتاسەری جیهاندا.
سەرباری هەموو ئەم هەوڵانە، ناکۆکیە ناوخۆییەکانی سەرمایە و ڕەوتی ڕوولەدابەزینی تێکڕای قازانج، هەموو جارێک سەرەنجام خۆی دەسەپێنێت و هەموو نیزامی ئابووری دەکێشێتە قەیرانێکی قووڵەوە. سەردەمی متبوون و قەیران نە تەنها نیشانە و بەڵگەی توندبوونەوەی ناکۆکیە ناوخۆییەکانی سەرمایەیە، بەڵکو لەهەمان کاتدا میکانیزمی عەمەلیی خامۆشکردنەوەی قەیران و دەستبەخۆداهێنانەوەی سەرمایەشە. کێبەرکێ لەنێوان توێژە جیاجیاکانی سەرمایەدا توند دەبێتەوە و گەلێکیان دەکەونە داوی ئیفلاسبوونەوە. ئەمە لەهەمان کاتدا سەرمایە لاوازەکان لە مەیدان دەکاتە دەرەوە و هەلومەرجی قازانجکردن بۆ ئەوانەی کە دەمێننەوە لەبارتر دەکا‌ت. لەلایەکی تریشەوە چینی سەرمایەدار و دەوڵەتەکانی لە وڵاتە جیاجیاکاندا هێرشێکی بەربڵاو لەشێوەی جۆراوجۆردا بۆ سەر ئاستی ژیانی چینی کرێکار دەستپێدەکەن. ژمارەی بێکاران بە خێرایی بەرزدەبێتەوە و چەوسانەوەی تێکڕای چینی کرێکار توندتر دەبێتەوە. سەرمایە لە دڵی هەر قەیرانێکدا چەقبەستووتر دێتە دەرەوە و بەم پێیەش قەیرانی دواتر بەمەودایەکی فراوانتر‌و قووڵترەوە سەرهەڵدەدات و دەبێتە مایەی کێبەرکێ و کێشمەکێشێکی توند‌وتیژتر لەناو خودی چینی سەرمایەداردا. سووک کردنی هەر قەیرانێکی تازە خۆسازدانەوەیەکی هەمەلایەنەتری سەرمایە دەخوازێ. پێبەپێی ئەمەش ئاسۆیەک کە بۆرژوازی دەینێتە بەردەم کۆمەڵگە، جار لەدوای جار تاریک‌تر و خەتەرناکتر دەبێت.
ئاکام و دەرهاویشتەکانی ناکۆکی و قەیرانەکانی نیزامی سەرمایەداری تەنها لە چوارچێوەی قەڵەمڕەوی ئابووریدا نامێنێتەوە. جەنگە ماڵوێرانکەرەکان لە ئاستی جیهانی و ناوچەییدا، میلیتاریزم و دەستدرێژیی سەربازی، داسەپاندنی حکومەتە پۆلیسی و سەرکوتگەرەکان، سەندنەوەی مافە مەدەنی و سیاسیەکانی جەماوەر و بەتایبەت چینی کرێکار، پەرەسەندنی تیرۆریزمی دەوڵەتیی و ڕێکخراوە ڕاستڕەوە توندڕەوەکان، توندبوونەوەی ڕاگەیاندن و گوشارە دواکەوتووە دینی و ناسیۆنالیستی و نەژاد پەرستانە و دژی ژنەکان، ئەمانە تایبەتمەندیە بەرجەستەکانی سەرمایەداری هاوچەرخن بەتایبەت لە سەردەمی قەیرانەکاندا.
دەوڵەت‌و سەرخانی سیاسی
قسەکەرانی کۆمەڵگەی بۆرژوازی وای نیشان دەدەن دەوڵەت دەزگایەکی پێویستە، کە بۆ بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە لەسەر بناغەی بەرژەوەندی گشتی و هاوبەشی هەموو ئەندامانی کۆمەڵگە پێکهاتووە. دەزگایەک کە گوایە ڕەنگدانەوەی ئیرادەی گشتیی جەماوەرە و دەسەڵاتی هاوبەشی ئەندامانی کۆمەڵگە دەستەبەر دەکا‌ت. دەڵێن یاسا زاڵەکان، کۆمەڵە پرەنسیپێکی بەڵگەنەویست و سروشتی و جێی ڕەزامەندیی تاکەکانی کۆمەڵگەن و دەوڵەت زامن و جێبەجێکەری ئەم یاسایانەیە. نیشاندانی دەوڵەت وەکو دەزگایەکی سەربەخۆ و بێلایەنی بەرژەوەندیە چینایەتیە ناکۆکەکانی ناو کۆمەڵگە، کۆڵەکەیەکی بنەڕەتیی ئایدۆلۆژی بۆرژواییە. ئەم تێڕوانینە بۆ دەوڵەت بەتایبەت لە وڵاتانی پێشکەوتووی ڕۆژئاوادا کە نیزامێکی پەرلەمانیی سەقامگیرتریان هەیە ڕیشەیەکی بەهێزتری لەنێو جەماوەردا داکوتاوە. بەڵام لە وڵاتانی دوواکەوتووشدا، سەرباری فەرمانڕەوایی دەوڵەتە سەرکوتگەر و پۆلیسیەکان، هەروەها سەرباری ئەوەی کە خەڵک بەگشتی بە چاوێکی خراپ سەیری ئەو دەوڵەتانە دەکەن کە لەسەرکارن، کەچی هێشتا خودی مەسەلەی پێویست بوونی دەوڵەت جێگای پرسیار نییە، وە تێگەیشتنی جەماوەر لە دەوڵەت وەکو دەزگایەک کە ئەرکی بەڕێوەبردنی کۆمەڵگەی لە ئەستۆیە بەهەمان ڕادە بەهێز و ڕیشەدارە. پەرەسەندنی ڕۆڵی ئابووری دەوڵەتەکان و بەتایبەت دەخالەتیان لە قەڵەمڕەوی خزمەتگوزاریە کۆمەڵایەتیەکان و بەڕێوەبردن و کۆنترۆڵی ئابووری لەم چەند دەساڵەی دواییدا گەلێک پەرەی بەم خۆشباوەڕیانە داوە.
ڕاستیەکەی ئەوەیە کە دەوڵەت گرنگترین ئامڕازی چینی دەسەڵاتدارە بۆ بەیەخسیری هێشتنەوەی جەماوەری چەوساوە. لەڕووی مێژووییەوە سەرهەڵدانی دەوڵەت بەرئەنجامی پەیدابوونی چەوساندنەوە و چینەکان و دابەشبوونی کۆمەڵگە بووە بۆ چینی چەوسێنەر و چەوساوە. سەرباری هەموو ئاڵۆزیەکانی پێکهاتەی دەوڵەتانی ئەمڕۆ، بەڵام دەوڵەت هەروەکو پێشوو دەزگایەکە بۆ توندوتیژی نواندن و، سوپا و دادگا و زیندانەکان کۆڵەکە بنەڕەتیەکانی پێکدەهێنن. دەوڵەت هێزی سەرکوتگەری سازماندراوی چینی چەوسێنەرە. دەوڵەت ئامڕازی پیادەکردنی دەسەڵاتدارێتی چینایەتیە. هەر دەوڵەتێک، جا لە هەر شکڵ و شێوەیەکدا بێت، چ پاشایەتی و چ کۆماری، چ پەرلەمانی و چ ئیستبدادی، ئامرازی پیادەکردنی دیکتاتۆریەتی چین یان چینە دەسەڵاتدارەکانە.
لە هەر نیزامێکدا، تەنانەت لە توند‌وتیژترین سیستمە کۆیلەداریەکانی سەردەمانی کۆنیشدا کە تیایاندا ئینتمای چینایەتی دەوڵەت شتێکی شاراوە نەبوو، چینی دەسەڵاتدار پێویستی بەوە بووە کە بناغەیەک بۆ مەشروعییەتدان بە دەوڵەتەکەی بەدەستەوە بدات. پاشایەتی و دەسەڵاتدارێتی میراتیی، دەسەڵاتدارێتی ئەریستۆکراتی، دەسەڵاتدارێتی دینی و ئیلاهی، قاڵبە جیاجیاکانی ئەم مەشروعییەت پێدانە بوون. لە کۆمەڵگەی سەرمایەداریدا، کۆمەڵگەیەک کە بناغەکەی لەسەر بازاڕ دانراوە و تیایدا کرێکار و سەرمایەدار وەکو دوو توخمی “ئازاد” پێناسە دەکرێن کە بەڕواڵەت دەچنە ناو سەودایەکی ئارەزوومەندانە و هاوسەنگەوە، مافی دەنگدان و پەرلەمان و نیزامی هەڵبژاردن قاڵبی سەرەکی مەشروعییەتپێدانی حوکمڕانیی چینایەتی بۆرژوازیە. ڕواڵەتی مەسەلەکە ئەوەیە کە دەوڵەت ئامڕازی حوکمڕانیی هەموو خەڵکە و بەدەنگدانی ڕاستەوخۆی خەڵک پێکدێت. بێگومان لەڕووی مێژووییەوە مافی دەنگدان و هەڵبژاردن و پەرلەمان بە کۆمەڵە دەسکەوتێکی گرنگی هەوڵ و خەباتی جەماوەری کرێکار دەژمێردرێن لەپێناو پەرەپێدانی مافە مەدەنییەکانی خۆیاندا. ئەوە بەڵگەنەویستە کە ژیان لە سایەی نیزامێکی لیبراڵیی بۆرژواییدا ئاسانترە وەک لە ژیان لەسایەی نیزامێکی پۆلیسی و ئیستبدادیدا. بەڵام ئەم قاڵبە جیاوازانە ناتوانن ماهییەتی چینایەتی دەوڵەتی هاوچەرخ بشارنەوە. جەماوەری بەرینی کرێکاران تەنانەت لە پێشکەوتووترین و سەقامگرتووترین و ئازادترین نیزامە پەرلەمانیەکانیشدا، کەمترین دەرفەتیان هەیە بۆ کاریگەری دانان لەسەر سیاسەت و هەنگاوەکانی دەوڵەت. نیزامی پەرلەمانی توانیویەتی بە بەکارهێنانی توندوتیژیەکی کەمترو بە دەستبەدەست پێکردنی پۆستە دەوڵەتیەکان لەنێوان بەشە جیاجیاکانی چینی دەسەڵاتداردا لەڕێگەی هەڵبژاردنی گشتیی ناوبەناوەوە، دەسەڵاتدارێتی بێئەملاوئەولای تێکڕای بۆرژوازی بەسەر ژیانی سیاسی و ئابووری کۆمەڵگە زامن بکات. دیموکراسی پەرلەمانیی میکانیزمێک نییە بۆ دەخالەتی جەماوەر لە کاروباری حوکمڕانیدا، بەڵکو ئامڕازێکە بۆ مەشروعییەت پێدانی حوکمڕانی و دیکتاتۆریی چینی بۆرژوا.
کەلتوور و ئایدۆلۆژیا و ئەخلاق
چەوساندنەوە و جیاکاری و بێمافیەکی ئاوا لەڕادەبەدەر و بەشێوەیەکی ئاوا زەق و ئاشکرا، بەبێ تەسلیم بوون و ڕەزامەندیی خودی کۆمەڵانی بەرینی چەوساوە و بە ڕەوا لەقەڵەمدانی ئەم پەیوەندیە چەوسێنەرایە لە زەینی خودی قوربانیانیدا ناتوانێ خۆی بە پێوە ڕابگرێ. پاساوکردنی ئەم هەلومەرجە و، بە ئەزەلی و ئەبەدی لە قەڵەمدانی و، ترساندن و سڵەماندنەوەی ژێردەستانی کۆمەڵگە لە یاخیبوون لە دژی ئەم پەیوەندیانە، ئەمانە ئەرکەکانی ڕووبینای فیکریی و کەلتووریی و ئەخلاقییە لەم کۆمەڵگەیەدا. جبەخانەی کەلتووریی و ئەخلاقیی بۆرژوازی لە دژی ئازادی و ڕزگاریی ئینسان یەکجار گەورە و سەرسوڕهێنەرە. بەشێک لەم ئامڕازانە لە چاخە کۆنەکانەوە بە میرات ماونەتەوە، بەڵام بە پێ‌ی پێداویستیەکانی کۆمەڵگەی بۆرژوایی ئارایش و دەمەزەرد کراونەتەوە. دین و مەزهەبە جۆراوجۆرەکان، سۆز و دەمارگیریە ئەخلاقیە ساویلکانەکان، ڕەگەزپەرستی، نەژادپەرستی، پیاوسالاری، هەموو ئەمانە بەدرێژایی مێژوو چەکە فیکری و کەلتووریەکانی چینە دەسەڵاتدارەکانی کۆمەڵگە بوون بۆ کپکردن و ملکەچکردنی جەماوەری زەحمەتکێشی کۆمەڵگە. هەموو ئەمانە بە بەرگی تازە و توانای تازەوە، لەسەردەمی ئێمەدا خزمەت بە پارێزگاری کردن لە خاوەندارێتی و دەسەڵاتدارێتی بۆرژوایی دەکەن لە مەترسی هۆشیاربوونەوە و وریابوونەوە و ڕەخنەی چینی کرێکار و کۆمەڵانی چەوساوە.
بەڵام ئەوەی کۆمەڵگەی بۆرژوایی خۆی لەمەڕ ئامڕازە فیکری و کەلتووریەکانی یەخسیرکردنەوە دایهێناوە زۆر لەمانە مەزنتر و کارامەترە. قازانج پەرستیی فەردیی و ڕکابەرایەتی، واتە لۆژیکی هەڵسوکەوتی بۆرژوا لە قەڵەمڕەوی بازاڕدا، بە سروشتی ئینسان بەشێوەیەکی گشتی لەقەڵەمدەدرێت و وەکو بەها بەرزەکانی بەشەر تەقدیس دەکرێت. لەم کۆمەڵگەیەدا پەیوەندی نێوان ئینسانەکان، ڕەنگدانەوە و پاشکۆی پەیوەندی نێوان کالاکانە. جێوشوێنی ئینسانەکان لە پەیوەند بە خاوەندارێتیەوە پلەوپایە و بەهای ئەوان دیاری دەکا‌ت. بۆرژوازی چەقبەستن و ئارایشی خۆجێیی و بەرتەسکی کۆمەڵگەی کۆنی تێکشکان و وڵاتەکانی پێکهێنا. ناسیۆنالیزم و نیشتمانپەروەریی مۆدێرنی بۆرژوایی، وەکو بەهێزترین کۆتی ئایدۆلۆژیی چینە دەسەڵاتدارەکان لە تێکڕای مێژوودا، لە گەردنی کۆمەڵانی خەڵک ئاڵا و جێگای ڕەگەزپەرستی و عەشیرەتگەریی و ناسنامەی خۆجێیی گرتەوە.
بیروباوەڕی زاڵ لە هەر کۆمەڵگەیەکدا بیروباوەڕی چینی دەسەڵاتدارە. بەڵام باڵادەستی و کۆنترۆڵی فیکری و کەلتووری و ئەخلاقیی بۆرژوازی بەسەر ژیانی کۆمەڵگەی ئەمڕۆدا لە ڕووی مەودا و قووڵیەوە بێوێنەیە. شۆڕشە زانستی و تەکنیکی و پیشەسازیە مەزنەکانی دووسەد ساڵی ڕابردوو‌و میکانیزمی بەهێزی بازاڕ کە هەموو سنورێکی میللی و ڕەگەزی و سیاسی و کەلتووری بەزاندووە، ئیمکاناتێکی بەرینی خستۆتە بەردەستی بۆرژوازی بۆ پاراستنی باڵادەستیی ئایدۆلۆژی و ڕەواج پێدانی پرەنسیپ و بیروباوەڕە خورافیەکانی خۆی لە ئاستێکی جیهانیدا. لە قەڵەمڕەوی بەرهەمهێنانی هزرو بیروبۆچوونیشدا، ڕێک وەکو قەڵەمڕەوی بەرهەمهێنانی شمەک، توانای خوڵقێنەرانەی ئینسان بووەتە چەکێک لە دژی خودی خۆی. ئەو داهێنان و پێشکەوتنە بێشومارانەی کە لە سەدەی بیستەمدا لە زەمینەی گۆڕانکاری لە شێوازە ئەدەبی و هونەریەکان، گۆڕانکاری لە میدیا بیستراو و بینراو و کۆمپیوتەریەکان و لە پەرەپێدانی مەیدانە جیاجیاکانی هەڵسووڕانی کەلتووریدا ڕوویداوە، لە پلەی یەکەمدا، بووەتە مایەی بۆمبارانکردنی هەموو ڕۆژەی کۆمەڵانی ملیۆنیی خەڵک بە بیروباوەڕە بۆرژواییەکان، لە شکڵ و شێوەی کاریگەرتر و ئاڵۆزتر و هەمەڕەنگتردا. سەرهەڵدانی هۆیەکانی پەیوەندی گشتی و ئەنفۆرماتیکی و تۆڕەکانی ڕادیۆ و تەلەفزیۆن و سەتەلایت و لەم دوو دەیەی دواییدا، کە کۆکردنەوە و گواستنەوەی خێرای زانیاری‌یان لە سەرانسەری جیهاندا زۆر ئاسان کردۆتەوە، بەدەستی بۆرژوازیەوە بوونەتە دامودەزگای زەبەلاحی پەخشکردنی زانیاری شێوێنراو و داسەپاندنی بیروباوەڕ و هەڵخڕاندنی خەڵکی لە ئاستی سەدان ملیۆنیدا. میدیا و پیشەسازیی نمایش، کە خۆیان لە پڕقازانجترین قەڵەمڕەوەکانی جموجۆڵی سەرمایەن، بەشێکی زۆر لە ئەرکە تەقلیدیەکانی دامەزراوەی خێزان و دەزگا دینیەکان و تەنانەت ئۆرگانەکانی سەرکوتیان لە کۆمەڵگە گرتۆتە ئەستۆ و ڕۆژ لەدوای ڕۆژ رۆڵێکی گەورەتر دەبینن لە پاراستنی ئەم هاوسەنگیە ئایدۆلۆژیەی لە کۆمەڵگە هەیە، لە گواستنەوەی بیروباوەڕ و مەعنەویات و ئەخلاقییاتی زاڵ بۆ نێو کۆمەڵانی خەڵک، لە پاوان‌کردنی فیکریی و لە قاڵبدانی مێشکیان، لە بەتاکخستنەوە و تۆقاندنیان و پوچەڵکردنەوەی بیروباوەڕ و بۆچوونە ڕەخنەگرانەکان لە کۆمەڵگە. ئەم دامەزراوانە و ئەم شێوە مۆدێرنانەی پاوان‌کردنی فیکریی و کەلتووریی کۆمەڵگە، کۆڵەکەیەکی سەرەکی سەقامگیریی سیاسی کۆمەڵگەی بۆرژواییە، بەتایبەت لە هەلومەرجی قەیران و بێئاسۆیی و بەرزبوونەوەی ناڕەزایەتی گشتیدا.
خەبات لە دژی بیروباوەڕ و دید و بۆچوون و ئەخلاقییاتی کۆنەپەرستانەی زاڵ بەسەر کۆمەڵگە، لایەنێکی هەمیشەیی خەباتی چینایەتی کرێکاران و ئەرکێکی گرنگی بزووتنەوەی کۆمۆنیستی کرێکاری بووە.
شۆڕشی کۆمەڵایەتی‌و کۆمۆنیزم
کۆمەڵگەی ئازادی کۆمۆنیستی
بە سەرنجدانێکی کورت ئەوە دەردەکەوێت کە چۆن جیهانی سەرمایەداری جیهانێکی پێچەوانەیە. پەیوەندی نێوان کاڵاکان دەبێتە بناغەی پەیوەندی نێوان ئینسانەکان. هەوڵ و کۆششی گەورەوگران و هەرڕۆژەی ئەو مرۆڤە بێشومارانەی کە کار دەکەن و جیهان دەخوڵقێنن، خۆی لە دەسەڵاتی ڕۆژلەڕۆژ زیاتری سەرمایە بەسەر وجودی ئەواندا دەبینێتەوە. مەبەست لە چالاکی ئابووری بەرهەمهێنانی پێداویستیەکانی ئینسانەکان نییە بەڵکو قازانج هێنانە بۆ سەرمایە. گەشەی هەموو ڕۆژەی تەکنەلۆژی و مەعریفەی زانستی و هونەریی کە کلیلی بەختەوەری و خۆشگوزەرانی ئینسانە، لەم نیزامەدا دەبێتە مایەی بێ‌کاری و بێبەشیی هەرچی زیاتری سەدان ملیۆن کرێکار. لە جیهانێکدا کە لەسەر شانی هاوکاری و هەوڵی بەکۆمەڵ بیناکراوە، ڕکابەرایەتی حوکم دەکا‌ت. ئازادی ئابووری تاکەکانی کۆمەڵ پەردەیەکە بۆ داپۆشینی ناچاریی هەموو ڕۆژەی ئەوان بۆ ئامادەبوون لەبازاڕی کاردا. ئازادی سیاسی تاک لە راستیدا بێمافی و بێکاریگەری سیاسی ئەو دەشارێتەوە و مەشروعییەت بە دەوڵەت و حوکمڕانیی سیاسی چینی سەرمایەدار دەدات. یاسا، ئیرادە و بەرژەوەندیی چینی دەسەڵاتدارە کە بە شێوەی ڕێوشوێنێک بۆ هەمووان داڕێژراوە. لە عەشق و ئینسانییەتەوە بیگرە تا ماف و دادوەری، لە هونەر و ئەفراندنەوە بیگرە تا زانست و حەقیقەت، مەقولەیەک لە جیهانی سەرمایەداریدا پەیدا ناکرێت کە مۆری ئەم لنگەوقوچیەی پێوە نەبێت.
ئەم دنیا لنگەوقوچە دەبێ لەسەر پێ‌ی خۆی دابنرێتەوە. ئەمە ئەرکی کۆمۆنیزمی کرێکاریە. ئەمە ئامانجی شۆڕشی کۆمۆنیستیی چینی کرێکارە.
تەوەرەی سەرەکی شۆڕشی کۆمۆنیستی هەڵوەشاندنەوەی خاوەندارێتی تایبەتیە بەسەر هۆیەکانی کار و بەرهەمهێناندا و کردنێتی بە موڵکی گشتیی هەموو کۆمەڵگە. شۆڕشی کۆمۆنیستی کۆتایی بە دابەشبوونی چینایەتی کۆمەڵگە دەهێنێ و نیزامی کاری بەکرێ لەناودەبات. بازاڕ و ئاڵوگۆڕی کاڵایی و پارە لەناودەچن. بەرهەمهێنان لەپێناو پڕکردنەوەی پێداویستیەکانی هەموو جەماوەر و بۆ خۆشگوزەرانی هەرچی زیاتری هەموو ئینسانەکان جێگای بەرهەمهێنان لەپێناو قازانجدا دەگرێتەوە. کار، کە لە کۆمەڵگەی سەرمایەداریدا بۆ زۆربەی هەرەزۆری جەماوەر تەقەلایەکی ناچاریی و کوێرانە و تاقەتپڕوکێنە لەپێناوی بەڕێوەچوونی گوزەراندا، جێگای خۆی دەدات بە چالاکی خوڵقێنەرانەو ئارەزوومەندانە و ئاگاهانەی جەماوەر بۆ هەرچی دەوڵەمەندترکردنی ژیانی ئینسانی. هەر کەسێک بەوپێیەی کە ئینسانە و چاوی بە کۆمەڵگەی ئینسانی هەڵهێناوە بە یەکسانی لە هەموو نیعمەتەکانی ژیان و بەروبومی کاری هاوبەشی ئینسانەکان بەهرەمەند دەبێت. لە هەر کەسێک بەپێی توانای و بۆ هەرکەسێک بەپێی پێویستیەکانی، ئەمە بنەمایەکی سەرەکی کۆمەڵگەی کۆمۆنیستیە.
نە تەنها دابەشبوونی چینایەتی بەڵکو دابەشبوونی پیشەیی ئینسانەکانیش لەناودەچێت. هەموو مەیدانەکانی چالاکی خوڵقێنەرانە بەڕووی هەموواندا دەکرێتەوە. گەشە و هەڵدانی هەر تاکێک دەبێتە مەرجی گەشە و هەڵدانی کۆمەڵگە. کۆمەڵگەی کۆمۆنیستی کۆمەڵگەیەکی جیهانیە. سنوورە میللی و نیشتمانیەکان دەسڕێنەوە و ناسنامەی جیهانداگری ئینسانی جێگای دەگرێتەوە. کۆمەڵگەی کۆمۆنیستی کۆمەڵگەیەکە بێ دین، بێ خورافە، بێ ئایدۆلۆژیا و دوور لە کۆت و زنجیری نەریت و ئەخلاقییاتە کۆنەکان بەدەستوپێی ئەندێشەی ئازادی ئینسانەکانەوە.
لەناوچوونی چینەکان و ململانێی چینایەتی، دەوڵەت دەکاتە دیاردەیەکی زیادە. لە کۆمەڵگەی کۆمۆنیستیدا دەوڵەت دەپوکێتەوە. کۆمەڵگەی کۆمۆنیستی کۆمەڵگەیەکە بێ دەوڵەت. کاروباری بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە لە ڕێگەی هەرەوەز و هاوبیری و پەیوەندیگرتن و بڕیاردانی هاوبەشی هەموو ئەندامانی کۆمەڵەوە یەکلایی دەکرێتەوە.
بەم جۆرە کۆمەڵگەی کۆمۆنیستی بۆ یەکەمین جار ئامانجی ئازادی و یەکسانی ئینسانەکان بەمانای واقعی وشەکە وەدیدێنێت. ئازادی، نە تەنها لە ستەم و سەرکوتی سیاسی، بەڵکو لە ناچاریی و یەخسیربوونی ئابوری و ئەسارەتی فیکریی. ئازادی لە مومارەسەکردنی لایەنە جیاجیاکانی ژیان و لە گەشە و هەڵدانی توانای خوڵقێنەرانە و سۆزە پیرۆزە ئینسانیەکاندا. یەکسانی، نە تەنها لەبەرامبەر یاسادا، بەڵکو لە بەهرەمەند بوون لە ئیمکاناتە ماددی و مەعنەویەکانی کۆمەڵگە. یەکسانی پلە و بەهای هەمووان لە بەرامبەر کۆمەڵگە.
کۆمەڵگەی کۆمۆنیستی شاری خۆشبەختی و ئاواتێکی خەیاڵیی نییە. هەموو مەرجەکانی پێکهاتنی نیزامێکی بەم جۆرە، لەهەناوی هەرئەم جیهانە بەردەستەی سەرمایەداریدا هەرئێستا فەراهەم کراون. توانای زانستیی، تەکنەلۆژیا و بەرهەمهێنانی ئینسانی ئەمڕۆ هێندە ئەبعادێکی مەزنی پەیداکردووە کە بنیاتنانی کۆمەڵگەیەک لەپێناو پڕکردنەوەی پێداویستیەکان و دابینکردنی ئاسایشی هەموواندا بەتەواوی لەتوانادایە. شۆڕشە ئەلکترۆنیک و ئینفۆرماتیکەکانی دەیەکانی ئەم دواییە و گۆڕانکاری سەرسوڕهێنەر لە هۆیەکان و شێوازەکانی پەیوەندیگرتن و گەیاندنی بیستراو و بینراوی زانیاری‌دا، بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی جیهانی و بەشداریی هەمووانی لە داڕشتن و بەرنامەڕێژی و ڕاپەڕاندنی کاروبارە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵگە زیاتر لە هەمیشە مەیسەر کردووە. بەشێکی زەبەلاح لەم توانای بەرهەمهێنانە هەرئێستا یان بەشێوەی جۆراوجۆر بەفیڕۆ دەدرێت وەیان بەئەنقەست دەخرێتە خزمەت بەرگرتن بە خستنەگەڕی ئەم ئیمکاناتە لەپێناو پڕکردنەوەی پێداویستیەکانی ئینساندا. بەڵام سەرباری هەموو گەورەیی سەروەت و سامانی ماددی کۆمەڵگە، کۆڵەکەی سەرەکی کۆمەڵگەی کۆمۆنیستی هێزی خوڵقێنەر و زیندووی ئەو ملیارەها ئینسانەیە کە لە یەخسیربوونی چینایەتی، لە کۆیلایەتی بەکرێ، لە یەخسیربوونی مەعنەوی و لە خۆبێگانەبوون و لەو سووکایەتیە ڕزگار دەبن کە ئەم نیزامەی ئێستا دەیسەپێنێ بەسەریاندا. ئینسانی ئازاد، زامنی وەدیهاتنی کۆمەڵگەی کۆمۆنیستیە.
سەرمایەداری خۆی ئەو هێزە مەزنە کۆمەڵایەتیەی خوڵقاندووە کە دەتوانێ ئەم ئاسۆ ڕزگاریبەخشە بەکردەوە وەدیبێنێ. توانای سەرسوڕهینەرانەی سەرمایە کە بە پانتایی جیهاندا بڵاوبۆتەوە، ڕەنگدانەوەی توانای چینێکی کرێکاری جیهانیە. کۆمەڵگەی کۆمۆنیستی بەرەنجامی شۆڕشی کریکاریە بۆ کۆتایی هێنان بە نیزامی کۆیلایەتی بەکرێ. بەم پێیە شۆڕشی کرێکاری شۆڕشێکی کۆمەڵایەتیە کە بە ناچاری هەموو بنج و بنەوانی پەیوەندیەکانی بەرهەمهێنان هەڵدەتەکێنێ. چینی کرێکار، بەپێچەوانەی هەموو چینە ژێردەستەکانی مێژووی ڕابردووی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتیەوە، ناتوانێ ئازاد ببێت بەبێ ئەوەی کە هەموو مرۆڤایەتی ئازاد بکات. کۆمەڵگەی کۆمۆنیستی یۆتۆپیا نییە، بەڵکو بەرەنجام و ئامانجی خەباتی چینێکی مەزنی کۆمەڵایەتیە لە دژی سەرمایەداری. خەباتێکی زیندو و واقعی و ڕۆژانە، کە تەمەنی بەئەندازەی تەمەنی خودی کۆمەڵگەی بۆرژواییە.
شۆڕشی پڕۆلیتاری و حکومەتی کرێکاری
قسەکەران و بیرمەندانی بۆرژوازی، مارکسیزم و کۆمۆنیزمی کرێکاری بەوە تاوانبار دەکەن کە جاڕ بۆ پیادەکردنی توندوتیژی و زەبروزەنگ دەدەن لەپێناو گەیشتن بە ئامانجە کۆمەڵایەتیەکانی خۆیاندا. ڕاستیەکەی ئەوەیە کە ئەوە خودی نیزامی بۆرژواییە کە لە بنەڕەتەوە لەسەر زەبروزەنگی بەرنامەڕێژیکراو دامەزراوە. زەبروزەنگ لە دژی گیان و جەستەی ئینسانەکان، زەبروزەنگ لە دژی سۆز و بیر و زەینیان، زەبروزەنگ لە دژی ئومێد و هەوڵی ئەوان لەپێناو باشکردنی ژیان و دنیای خۆیاندا. نیزامی کاری کرێگرتە، واتە ناچارکردنی هەموو ڕۆژەی زۆربەی هەرەزۆری کۆمەڵگە بە فرۆشتنی توانای جەستەیی خۆیان بە کەسانی دیکە لەپێناو بەڕێوەچوونی ژیانیاندا، خۆی سەرچاوە و جەوهەری هەموو زەبروزەنگە زاتیەکانی ئەم نیزامەیە. ژنان، کرێکاران، مناڵان، بەساڵاچووان، خەڵکی ناوچە بێبەش و دواکەتووەکانی جیهان، هەرکەسێک کە داوای مافێک دەکا‌ت و لەدژی ستەمێک ڕاست دەبێتەوە، وە هەموو ئەو کەسانەی کە لەم کۆمەڵگەیەدا مۆری ئەم یان ئەو “کەمینە” نراوە بەناوچه‌وانیانەوە، قوربانیانی ڕاستەوخۆ و هەموو ڕۆژەی زەبروزەنگی ئاشکرای ئەم نیزامەن. شەڕو کۆمەڵکوژی، لەبنەڕەتدا بەهۆی کێبەرکێی سەرمایەکان و جەمسەرە ئابوورییەکانەوە، لەم نیزامەدا مەودایەکی سەرسوڕهێنەری پەیدا کردووە. تەکنەلۆژیای چەکە نابودکەر و کۆمەڵ کوژەکان چەند ئەوەندە لە تەکنەلۆژیای بەرهەمهێنان پێشکەوتووترە. جبەخانەی بۆرژوازی لەئاستی نێونەتەوەییدا ئەوەندە زۆرە کە بەشی نابودکردنی چەندین جاری هەموو گۆی زەوی دەکا‌ت. ئەمە نیزامێکە کە چەکە ترسناکە ئەتۆمی و کیمیاییەکانی بەکردەوە لەدژی کۆمەڵانی خەڵک بەکارهێناوە. سەرەنجامیش سەرباری هەموو ئەمانە، کۆمەڵگەی بۆرژوایی شانازییەکی دیکەشی بەردەکەوێت، ئەویش پێشڕەویە سەرسوڕهینەرەکانیەتی لەبواری کردنی تاوان و کوشتن و دەستدرێژی و پەلاماردان بە مەسەلەیەکی ئاسایی و هەموو ڕۆژە لەژیانی تێکڕای خەڵکیدا.
ئایا دەکرێ نیزامێکی بەم چەشنە لەسەر ڕێگای ڕزگاریی ئینسان و بنەبڕکردنی یەکجاریی توندوتیژی وەلابنرێت بەبێ پەنابردنی خەڵکی کرێکار‌و زەحمەتکێش بۆ زەبروزەنگ؟ لە هیچ گۆشەیەکی تیۆری کۆمۆنیزمدا، بەکاربردنی زەبروزەنگ بە بەشێکی جیانەکراوە و زاتیی شۆڕشی کرێکاری دانەنراوە. بەڵام هەرکەسێک کە بڕێک ئەم کۆمەڵگەیە بناسێ دان بەوەدادەنێت کە چینی دەسەڵاتدار بەخۆشی خۆی ملنادات بە ئیرادەی زۆربەی هەرەزۆری کۆمەڵگە بۆ گۆڕینی ئەم نیزامە. ئەگەر بەرگریکردن لە قازانج و بەرژەوەندی ڕۆژانەی بۆرژوازی ئەرکی دەوڵەت و دەزگاکانی سەرکوتە، ئەوە هیچ قسەی تیا نییە کە بەرگریکردن لە خودی مانەوەی سەرمایەداری و خاوەندارێتی بۆرژوایی فەلسەفەی وجودی ئەم دەزگایانە پێکدەهێنێ. ئەگەر خواستی زیادکردنی کرێ یان ئازادی بەیان لەم کۆمەڵگەیەدا پێ‌ی دەوڵەت و پۆلیس و سوپا دێنیتە ناوەوە، دەکرێ ئەوە پێشبینی بکرێت کە کۆشش بۆ دەستکۆتاکردنی ئابوری و سیاسی بۆرژوازی دەبێ لەگەڵ چ کاردانەوە و بەرگریەکی زەبروزەنگاویدا بەرەوڕوو ببێتەوە. زەبروزەنگی بۆرژوازی و دەوڵەتەکەی لە دژی شۆڕشی کرێکاری، لەدژی ئیرادەی زۆربەی هەرەزۆری خەڵکی کە لە ژێر ئاڵای چینی کرێکاردا لەپێناو بەرپاکردنی کۆمەڵگەیەکی نوێ‌دا دەخرۆشێن، مەسەلەیەکە کە لەڕووی عەمەلیەوە حەتمیە.
شۆڕشی کرێکاری دەبێ دەوڵەتی بۆرژوایی بڕوخێنێ. مقاوەمەتی بۆرژوازی لە بەرامبەر شۆڕش و بەتایبەت لە بەرامبەر ئیشتراکی بوونەوەی هۆیەکانی بەرهەمهێناندا، تەنانەت پاش تێکشکاندنی دەسەڵاتە دەوڵەتیەکەشی، هەر درێژەی دەبێت. لەم ڕووەوە پێکهێنانی حکومەتێکی کرێکاری کە ئەم مقاوەمەتە پووچەڵ بکاتەوە و فەرمانی شۆڕش بەجێ بهێنێت، مەسەلەیەکی چارەنووس سازە. حکومەتی کرێکاریش، وەکو هەر حکومەتێکی دیکە، حکومەتێک نییە لەسەرووی کۆمەڵگە و چینەکانەوە. بەڵکو حکومەتێکی چینایەتیە. بەڵام ئەم حکومەتە، کە هەر لەبەرئەمە لە تیۆری مارکسیزمدا بە دیکتاتۆری پرۆلیتاریا ناوزەد کراوە، دەوڵەتی زۆرینەی چەوساوەی کۆمەڵگەیە بۆ داسەپاندنی حوکمی ئازادی‌و یەکسانی ئینسانەکان بەسەر چینە چەوسێنەرەکاندا و بۆ زاڵبوون بەسەر هەوڵ و تەقەلا و پیلانەکانیاندا. لەڕووی شکڵ و شێوەوە، حکومەتی کرێکاری دەوڵەتێکی ئازادە کە بڕیاردان و پیادەکردنی ئیرادەی ڕاستەوخۆی جەماوەری بەرینی کرێکار و زەحمەتکێش لە کۆمەڵگە سازدەدات. حکومەتی کرێکاری بەپێی ماهییەتی خۆی حکومەتێکی ڕاگوزارە کە بەوەدیهێنانی ئامانجەکانی شۆڕش زەرورەتی بوونی خۆی لەدەستدەدات و دەپووکێتەوە.
حیزب و ئەنتەرناسیۆنالی کۆمۆنیستیی چینی کرێکار
مەرجێکی هەرە گرنگی قەوارەگرتن و سەرکەوتنی شۆڕشی کۆمەڵایەتی چینی کرێکار، پێکهاتنی حیزبە کۆمۆنیستیە کرێکاریەکانە کە ئاسۆیەکی لەم چەشنە بخەنە بەردەم چینی کرێکار و هێزی ئەم چینە لەم خەباتەدا ئامادە و ڕابەری بکەن. ئەم حیزبانە کە بەرلە هەرشتێک دەبێ ڕێکخراوی یەکگرتووکردنی هۆشیارترین و هەڵسووڕاوترین ڕابەرانی خەباتە کرێکاریەکان بن، دەبێ لە وڵاتە جیاجیاکاندا پێک بێن. سەرمایەداری نیزامێکی جیهانیە، چینی کرێکار چینێکی جیهانیە، کێشمەکێشی چینی کرێکار لەگەڵ بۆرژوازیدا کێشمەکێشێکی هەمەڕۆژەیە لەئاستێکی جیهانیدا، هەروەها سۆسیالیزم ئەلتەرناتیڤێکە کە چینی کرێکار دەیخاتە بەردەم هەموو مرۆڤایەتی. بزووتنەوەی کۆمۆنیزمی کرێکارییش دەبێ لەئاستێکی جیهانیدا ڕێکخراوبێت. پێکهێنانی ئەنتەرناسیۆنالێکی کۆمۆنیستیی کرێکاری، وەکو ناوەندی یەکخەر و ڕابەریکەری خەباتی جیهانیی چینی کرێکار لەپێناو سۆسیالیزمدا، ئەرکی دەمودەستی بەشە جیاجیاکانی بزووتنەوەی کۆمۆنیستیی چینی کرێکار و هەموو حیزبە کۆمۆنیستە کرێکاریەکانە لە وڵاتە جیاجیاکاندا.
کۆمۆنیزمی کرێکاری و کۆمۆنیزمی بۆرژوایی
لە بەشی هەرەزۆری سەدەی بیستەمدا مارکسیزم و کۆمۆنیزم قورساییەکی زۆر گەورەیان هەبوو لەناو بزووتنەوە جۆراوجۆرە ناڕەزایەتی و ڕیفۆرمیستیەکانی جیهانی سەرمایەداریدا. لەلایەک هەمەگیریی و قووڵیی ئەندێشەی ڕەخنەگرانەی مارکس و ئینساندۆستی و یەکسانیخوازیی قووڵی مارکسیزم، وە لەلایەکی تر برەوی عەمەلیی بزووتنەوەی کۆمۆنیستیی کرێکاری، بەتایبەت بە بەرپابوونی شۆڕشی کرێکاری 1917 لە ڕوسیا کە کۆمۆنیزمی کردە چرای ئومێدی سەدان ملیۆن کرێکار و زەحمەتکێش لەسەرانسەری جیهاندا، ئەمانە بوونە هۆی ئەوەی کە زۆرێک لە بزووتنەوە غەیرە کرێکاریەکان و تەنانەت غەیرە سۆسیالیستیەکانیش بەدرێژایی سەدەی بیستەم ناوی کۆمۆنیست و مارکسیست بەخۆیانەوە بلکێنن. زۆربەی ئەم بزووتنەوانە نزیکایەتیەکی ئەوتۆیان لەگەڵ ئامانجە سەرەکیەکانی کۆمۆنیزم و مارکسیزمدا نەبوو، ئەوپەڕەکەی خوازیاری کۆمەڵێک ڕیفۆرم و ووردە ئاڵوگۆڕ بوون لە چوارچێوەی خودی نیزامی سەرمایەداریدا.
کۆمۆنیزم ئەو ناونیشانە بوو کە بزووتنەوەی سۆسیالیستی کرێکاری لەسەدەی نۆزدەهەمدا خۆی پێ ناوزەد کردبوو بۆ خۆجیاکردنەوە لە سۆسیالیزمی ناشۆڕشگێڕ و هەندێ جار تەنانەت کۆنەپەرستانەی چینەکانی تر. بەڵام لە سەدەی بیستەمدا ئەم ناوی کۆمۆنیزمەش کەوتبووە بەر دەستدرێژی چینەکانی دیکە و ئیتر بەکردەوە مانا جیاکەرەوەکەی خۆی لەدەستدابوو. لەژێر ناونیشانی گشتیی کۆمۆنیزمدا، کۆمەڵێک ڕەوت و مەیلی کۆمەڵایەتی جۆراوجۆر سەریان هەڵدا کە نە لە تێڕوانین و بەرنامەدا و نە لە پێگەی کۆمەڵایەتی و چینایەتیدا، هیچ نزیکایەتیەکیان لەگەڵ کۆمۆنیزمی کرێکاری و مارکسیزمدا نەبوو. چەند لقێکی ئەم کۆمۆنیزمە غەیرە کرێکاریە، وە لەپێشەوەی هەموویاندا کۆمۆنیزمی بۆرژوایی جەمسەری سۆڤێت، لەبەشی هەرەزۆری سەدەی بیستەمدا بەکردەوە بوون بە شاڕێی سەرەکی و ڕەسمیی کۆمۆنیزم و کۆمۆنیزمی کرێکاریان بەرەو کەنارەگیری و تەریک کەوتنەوە برد.
گرنگترین ڕەوتی کۆمۆنیزمی بۆرژوایی لە سەدەی بیستەمدا بە بەلاڕێدا بردن و دواتر شکست پێهێنانی شۆڕشی کرێکاری لە ڕوسیا قەوارەی گرت. بزووتنەوەی کۆمۆنیستی کرێکاری بە ڕابەرایەتی حیزبی بەلشەفیک توانی لە شۆڕشی ئۆکتۆبەردا دەسەڵاتی دەوڵەتیی چینە دەسەڵاتدارەکان تێک‌بشکێنێ، حکومەتێکی کرێکاری بەرپا بکات و تەنانەت هەوڵ و تەقەلا سەربازیە ڕاستەوخۆکانی کۆنەپەرستیی شکستخواردوو بۆ گێڕانەوەی دەسەڵاتی خۆی پووچەڵ بکاتەوە. بەڵام سەرباری ئەم سەرکەوتنە سیاسیە، چینی کرێکاری ڕوسیا سەرەنجام نەیتوانی گۆڕانکاری لە بناغەی پەیوەندیە ئابووریەکانی ڕووسیادا پێکبهێنێ، واتە هەڵوەشاندنەوەی نیزامی کاری بەکرێ و ئیشتراکی کردنی هۆیەکانی بەرهەمهێنان. لە نیوەی دووەمی دەیەی بیستدا، لەجەرگەی گوشاری توندی ئابووری پاش جەنگ و شۆڕش، وە لە نەبوونی ئاسۆیەکی ڕۆشن بۆ گۆڕینی سۆسیالیستیانەی پەیوەندیە ئابووریەکاندا، دیدی ناسیۆنالیستی بەسەر سیاسەت و ڕێبازی ئابووری حیزب و بزووتنەوەی چینی کرێکاری ڕوسیادا زاڵ بوو. ئەوەی لەسەردەمی ستالین‌دا ڕوویدا نەک بنیاتنانی سۆسیالیزم، بەڵکو سازدانەوەی ئابووری نەتەوەیی سەرمایەداری بوو لە ڕوسیادا لەسەر بنچینەی مۆدێلێکی دەوڵەتی و چاودێریکراو. لەجیاتی ئامانجی خاوەندارێتی هاوبەش و ئیشتراکی، خاوەندارێتی دەوڵەتیی بەسەر هۆیەکانی بەرهەمهێناندا بەرقەرار بوو. کرێ و پارە و نیزامی کاری بەکرێ هەروا مانەوە. ناکامیی چینی کرێکاری ڕوسیا لە وەدیهێنانی شۆڕش بەسەر پەیوەندیە ئابووریەکاندا، بووە مایەی شکستی سەرتاپای شۆڕشی کرێکاری. چینی کرێکار دەسەڵاتی سیاسی لەدەست دا. لەجیاتی حکومەتی کرێکاری، دەوڵەتێکی تازە بابەتی بۆرژوایی، بە بۆرۆکراسی و دامودەزگایەکی سەربازیی زەبەلاحەوە کە لەسەر ئابووریەکی سەرمایەداری دەوڵەتی دامەزرابوو، لە ڕوسیا سەریهەڵدا.
ئەم مۆدێلە دەوڵەتیە بووە ئەلگۆی ئابووری ئەو جەمسەرە بەناو کۆمۆنیستیەی کە بە لەباربردنی شۆڕشی کرێکاری ئۆکتۆبەر لەئاستی جیهانیدا سەریهەڵدا. دەوڵەتگەرایی ئابوری و دەستبردن بۆ جێگرتنەوەی میکانیزمی بازاڕ بە بەرنامە و بڕیارە ئیداریەکان، ڕادەیەک لە هاوسەنگکردنەوەی سامان و دابینکردنی لانی کەمی خزمەتگوزاریە خۆشگوزەرانیەکان و بیمە کۆمەڵایەتیەکان بۆ هەمووان، ئەمە هەموو ناوەڕۆکە بەناو سۆسیالیستیەکەی کۆمۆنیزمی بۆرژوایی یەکێتی سۆڤێت و بلۆکی ڕۆژهەڵات بوو.
بەڵام سۆڤێت تاقە چاوگی قەوارەگرتنی کۆمۆنیزمی بۆرژوایی نەبوو لەم سەدەیەدا. لە ئەوروپای ڕۆژئاوادا چەند لقێک لە کۆمۆنیزمی غەیرە کرێکاری سەریانهەڵدا، کە سەرباری ئەوەی لە هەندێ شتی بنەڕەتیدا لەگەڵ تێڕوانینی ئابووریی کۆمۆنیزمی بلۆکی ڕۆژهەڵاتدا یەکیان دەگرتەوە، واتە لە قەڵەمدانی دەوڵەتگەرایی ئابووری بە سۆسیالیزم و هێشتنەوەی نیزامی کاری بەکرێ، بەڵام لە دیدگای جۆراوجۆری وەک دیموکراسی، ناسیۆنالیستی، ئینسانگەرایی و مۆدێرنیستیەوە دەستیان دایە ڕەخنەگرتن لە ئەزموونی سۆڤێت و خۆیان لەم بلۆکە دوورخستەوە. مارکسیزمی ڕۆژئاوایی، ئۆرۆکۆمۆنیزم، چەپی نوێ و لقە جیاجیاکانی تروتسکیزم لە ڕەوتە بەرجەستەکانی کۆمۆنیزمی غەیرە کرێکاری بوون لە ئەوروپای ڕۆژئاوادا. لە وڵاتانی دواکەوتوو و ژێردەستەی پێشووشدا ناسیۆنالیزم و بۆچوونە دژی ئیستعماریەکانی بۆرژوازی و وردە بۆرژوازی و جاروبار بزووتنەوە جوتیاریەکان بوونە بنەمای جۆرێکی تازە لە کۆمۆنیزمی “جیهان سێیەمی”. سەربەخۆیی ئابووری، بەپیشەسازیکردنی خێرای ئابووری نەتەوەیی بەپێی مۆدێلێکی دەوڵەتی و بەرنامەڕێژیکراو، دەربازبوون لە ژێردەستەیی سیاسی ئاشکرای هێزە ئیمپریالستیەکان و جاروبار تەنانەت زیندووکردنەوەی نەریت و میراتی کەلتووریی کۆنی خۆجێی لەبەرامبەر مۆدێرنیزم و کەلتووری ڕۆژئاواییدا، ناوەڕۆکی ئەم جۆرە کۆمۆنیزمەی پێکدەهێنا. نموونەی بەرجەستەی کۆمۆنیزمی جیهان سێیەمی، ماویزم و کۆمۆنیزمی چینی بوو، کە کاریگەریەکی قووڵی لەسەر تێڕوانین و سیاسەتی ڕەوتە بەناو کۆمۆنیستیەکانی وڵاتانی دواکەوتوو دانابوو.
بەرەنجامی سەرهەڵدانی ڕەوتە جۆراوجۆرەکانی کۆمۆنیزمی غەیرە کرێکاری لە سەدەی بیستەمدا، تەریک کەوتنەوە و پاشەکشەی بەرچاوی کۆمۆنیزمی کرێکاری و مارکسیزم بوو. یەکەم، ئامانجە بنەڕەتیەکانی سۆسیالیزمی کرێکاری و لایەنە جیاجیاکانی تیۆری مارکسیزم پێ بەپێی ناوەڕۆکە غەیرە سۆسیالیستی و غەیرە کرێکاریەکانی ئەم بزووتنەوانە کەوتنە بەر پێداچوونەوەو خراپ لێکدانەوەی بنەڕەتی و ئەم لادانانە بە فراوانی لە جیهاندا وەکو مارکسیزم و کۆمۆنیزم ناسێنران. دووەم، چەقی قورسایی کۆمەڵایەتی-چینایەتی کۆمۆنیزمی سەدەی بیستەم لەناو چینی کرێکارەوە گوێزرایەوە بۆ ناو ڕیزێکی فراوان لە توێژە غەیرە کرێکارییەکان. لە ئەوروپای ڕۆژئاوا و وڵاتە پیشەسازیە پێشکەوتووەکاندا ڕوناکبیران و خوێندکاران و قوتابیانی زانکۆ و بەشە ڕیفۆرمیستەکانی خودی چینی بۆرژوا بوونە لانکەی سەرەکی قەوارەگرتن و دەرکەوتنی ڕەوتە کۆمۆنیستیەکان. لەوڵاتە دواکەوتووەکانیشدا، سەرەڕای ئەمانە، جوتیارانی نەدار، وردە بۆرژوازی ناڕازی و لەهەمووانیش زیاتر بۆرژوازی ناسیۆنالیست و سەنعەتگەرا و تامەزرۆی گەشەسەندنی ئابووری نەتەوەیی، پێگەی کۆمەڵایەتی کۆمۆنیزمی غەیرە کرێکارییان پێکهێنا.
لەئەنجامی نەبوونی نەرێتێکی ڕیشەداری کۆمۆنیزمی کرێکاریدا، چینی کرێکار بەکردەوە بۆ دەیان ساڵ توانای دەرکەوتنی سیاسی سەربەخۆ و بەهێزی لە چوار گۆشەی جیهاندا لەدەستدا. لە ئەوروپای ڕۆژئاوا و ئەمریکا و تاڕادەیەک لە بەشێک لە وڵاتانی ئەمریکای لاتینیشدا کرێکاران بۆماوەی دەورەیەکی دوورودرێژ بەتەواوی کەوتنە دەستی بزووتنەوەی سەندیکایی و حیزبەکانی باڵی چەپی خودی چینی دەسەڵاتدار، بەتایبەت سۆسیال دیموکراسی، تا ئەو ڕادەیەی کە ئەم ڕەوتانە لەبەرچاوی گشتی و تەنانەت لەدیدی بەشێکی فراوان لە خودی کرێکارانیشەوە وەکو چوارچێوە و لانکی سروشتی و بەڵگەنەویستی بزووتنەوەی کرێکاری سەیر دەکران. لە سۆڤێت و بلۆکی ڕۆژهەڵاتدا لە بەرامبەر پێدانی هەندێ ئیمتیازی لاوەکی بە کرێکاران لە ناوەندی کاردا، بێمافیەکی سیاسی و بەتاکخستنەوەیەکی بەرین لە ئاستی کۆمەڵگە بەسەر چینی کرێکاردا سەپێنرا. لە بەشی هەرەزۆری وڵاتانی دواکەوتووتردا، تەنانەت خودی پێکهێنانی حیزب و دامەزراوە کرێکاریەکانیش تەنها وەکو خەونێکی سەرکوتکراو مانەوە.
لقە سەرەکیەکانی کۆمۆنیزمی بۆرژوایی لەچەند دەیەی ڕابردوودا یەک لەدوای یەک بە بنبەست گەیشتن. دوا قۆناغ، هەرەسهێنانی سەرسوڕهێنەرانەی سۆڤێت و بلۆکی ڕۆژهەڵات بوو لە ساڵانی کۆتایی هەشتاکان و سەرەتای نەوەتەکاندا کە قسەکەرانی بۆرژوازی بە نەشئەی سەرکەوتنەوە بە “کۆتایی کۆمۆنیزم” ناوزەدیان کرد.
سەرەڕای کەشوهەوای دژی کۆمۆنیستیی سەرەتای نەوەتەکان و هاتوهاواری وڕوکاسکەری بۆرژوازی لەمەڕ سەردەمی “هەرەسهێنانی کۆمۆنیزم” و سەرباری ئەو هەموو کوێرەوەریەی کە دوابەدوای داڕوخانی بلۆکی ڕۆژهەڵات بەسەر سەدان ملیۆن کەس لە خەڵکی سەراسەری جیهاندا داباری، ڕەوتی ئێستای بارودۆخەکە نیشانەی کرانەوەی کەشوهەوایە بۆ سەرهەڵدانەوەی سەرلەنوێی کۆمۆنیزمی کرێکاری لەنێو جەرگەی گۆڕەپانی سیاسی‌دا، بەتایبەت لەوڵاتانی پێشکەوتووی پیشەسازیدا. مەرجێکی سەرەکی ئەم کارە، بەستراوەتەوە بە بەرامبەرکێی فیکری و سیاسی توندوتۆڵ لەگەڵ لقە جیاجیاکانی کۆمۆنیزمی بۆرژواییدا کە بە پێشڕەویی بزووتنەوەی چینی کرێکار و پەرەسەندنی برەوی مارکسیزم و کۆمۆنیزمی کرێکاری، دیسانەوە لەبەرگی جۆراوجۆردا سەربەرز دەکەنەوە.
شۆڕش و ڕیفۆرم
١
بەرپاکردنی شۆڕشی کۆمەڵایەتی چینی کرێکار ئەرکی دەستبەجێی بزووتنەوەی کۆمۆنیزمی کرێکاریە، شۆڕشێک کە سەرتاپای پەیوەندیە چەوسێنەرانەکانی سەرمایەداری ژێرەوژوور دەکا‌ت و کۆتایی بەو کوێرەوەری و مەینەتیانە دێنێ کە لەم نیزامەوە سەرچاوەیان گرتووە. بەرنامەی ئێمە، دامەزراندنی دەستبەجێی کۆمەڵگەیەکی کۆمۆنیستیە. کۆمەڵگەیەکی بێبەری لە دابەشبوونی چینایەتی، بێبەری لە خاوەندارێتی تایبەتی بەسەر هۆیەکانی بەرهەمهێناندا، بێبەری لە کاری کرێگرتەیی و بێبەری لە دەوڵەت. کۆمەڵگەیەکی ئازادی ئینسانی کە لەسەر بناغەی هاوبەشیی هەمووان لە سەروەت و سامانی کۆمەڵگە و لە دیاریکردنی ڕێباز و چارەنووسی کۆمەڵگە دامەزراوە. کۆمەڵگەی کۆمۆنیستی، هەرئەمڕۆ دەکرێ پیادە بکرێت. بەڵام ئەو شۆڕشە مەزنە کرێکاریەی کە دەبێ ئەم کۆمەڵگەیە وەدیبێنێ تەنها بە ویستی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری ڕوو نادات. ئەمە جووڵانەوەیەکی بەرینی کۆمەڵایەتی و چینایەتیە کە دەبێ لە ئەبعاد و شکڵوشێوەی جۆراوجۆردا ڕێکبخرێت. کۆسپی جۆراوجۆر دەبێ لەسەر ڕێگای لابدرێت. ئەم هەوڵ و خەباتە فەلسەفەی وجودی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری و ناوکۆکەی هەڵسووڕانی هەموو ڕۆژەی پێکدەهێنێ. بەڵام هاوکات و شانبەشانی ئەم خەباتەی کە لەپێناو بەرپاکردنی شۆڕشی کرێکاریدا لەئارادایە، میلیارەها ئینسان لە جەرگەی جیهانێکی سەرمایەداریدا بەردەوام لە هەوڵی هەمووڕۆژەدان بۆ دابین کردنی گوزەران و ئاسایشی خۆیان. خەباتی شۆڕشگێڕانە لەپێناو بەرپاکردنی دنیایەکی نوێ‌دا، جیاناکرێتەوە لە هەوڵی هەمووڕۆژە بۆ باشکردنی وەزعی ژیانی ماددی و مەعنەوی کۆمەڵانی کرێکار هەر لەم دنیایەی ئێستادا.
لەڕووی سیاسیەوە، کۆمۆنیزمی کرێکاری نە تەنها هیچ ناکۆکیەک نابینێ لە نێوان بەرپاکردنی شۆڕش لە دژی ئەم نیزامە و خەبات بۆ سەپاندنی ڕیفۆرمی هەرچی بەرینتر بەسەریدا، بەڵکو ئامادەبوون لە هەردوو سەنگەری خەباتدا بە مەرجێکی بنەڕەتیی سەرکەوتنی یەکجاری چینی کریکار دادەنێ. شۆڕشی کرێکاری شۆڕشێک نییە کە لە هەژاری و داماوی و ناچاریی هەلومەرجی کرێکارانەوە سەرچاوە بگرێت. شۆڕشێکە کە پشت بە هۆشیاری و ئامادەیی ماددی و مەعنەوی چینی کرێکار دەبەستێ. تا کۆمەڵانی خەڵکی کرێکار لە ئازادیەکی سیاسی بەرفراوانتر بەهرەمەندبن، تا شەخسییەت و حورمەتی خەڵکی بەشێوەیەکی گشتی و چینی کرێکار بەشێوەیەکی تایبەتی لە کۆمەڵگە جێکەوتەتر بێت، تا چینی کرێکار لە خۆشگوزەرانی و ئاسودەییەکی ئابووری زیاتر بەهرەمەند بێت و بەشێوەیەکی گشتی تا خەباتە کرێکاری و ئازادیخوازانەکان یاسا و ڕێسایەکی سیاسی و خۆشگوزەرانی و مەدەنی پێشڕەوتریان بەسەر کۆمەڵگەی بۆرژواییدا سەپاندبێ، هەر بەو ئەندازەیەش هەلومەرج بۆ شۆڕشی کرێکاری لە دژی سەرتاپای سەرمایەداری ئامادەتر دەبێ و سەرکەوتنی ئەم شۆڕشە لێبڕاوانەتر و هەمەلایەنەتر دەبێت. بزووتنەوەی کۆمۆنیزمی کرێکاری لە ڕیزی پێشەوەی هەر خەباتێک ڕادەوەستێ کە لەپێناو ڕیفۆرمی یاساوڕێساکانی ئەم نیزامەی ئێستا بە قازانجی خەڵک بەڕێدەخرێت.
ئەوەی کە کۆمۆنیزمی کرێکاری لە خەباتیدا بۆ ڕیفۆرم لە ڕەوت و بزووتنەوە ڕیفۆرمیستەکان جیادەکاتەوە، جا چ کرێکاری بن یان غەیرە کرێکاری، بەرلە هەرشتێک ئەوەیە کە: یەکەم، کۆمۆنیزمی کرێکاری هەمیشە پێ لەسەر ئەم ڕاستیە دادەگرێ کە وەدیهاتنی ئازادی و یەکسانی تەواو لەڕێگەی ڕیفۆرمەوە مەیسەر نابێت. تەنانەت قووڵترین و ڕیشەییترین ڕیفۆرمە ئابوری و سیاسیەکانیش بەپێی پێناسەکەی دەست بۆ بنەما قێزەونەکانی ئەم نیزامە، واتە خاوەندارێتی تایبەتی، دابەشبوونی چینایەتی و نیزامی کاری بەکرێ، نابەن. جگە لەمەش ڕاستیەکەی ئەوەیە کە، بە گەواهی سەرتاپای مێژووی کۆمەڵگەی سەرمایەداری و ئەزموونی هەرئێستای وڵاتە جیاجیاکان، بۆرژوازی لە زۆربەی حاڵەتەکاندا بە توند‌وتیژترین شێوە لە بەرامبەر وەدیهاتنی سەرەتاییترین داخوازیەکاندا مقاوەمەت دەکا‌ت. هەروەها ئەو پێشڕەویانەش کە بەدەست هاتوون هەمیشە کاتین و لەبەردەم ئەگەری گورزخواردن و سەندنەوەدان. کۆمۆنیزمی کرێکاری لە هەناوی خەبات لەپێناو ڕیفۆرمیشدا بەردەوام پێ لەسەر زەرورەتی شۆڕشی کۆمەڵایەتی دادەگرێ، وەکو تەنها ئەلتەرنەتیڤی بەڕاستی کارا و ڕزگاریبەخشی کرێکاری. دووەم، کۆمۆنیزمی کرێکاری لەهەمان کاتدا کە داکۆکی تەنانەت لە بچووکترین باشبوونێکیش دەکا‌ت لەژیانی ئابوری و سیاسی و کەلتووری کۆمەڵانی کرێکار لە کۆمەڵگە، هاوکات خستنەڕوو و داواکردنی مافی سیاسی و مەدەنی و خۆشگوزەرانی هەرچی بەرینتر و پێشڕەوتر بەئەرکی خۆی دەزانێ. بزووتنەوەی ئێمە بۆ دیاریکردنی دروشم و خواستەکانی لەخەباتیدا بۆ ڕیفۆرم خۆی نابەستێتەوە بە دەستڕۆیشتوویی و ئیمکانات و توانای چینی سەرمایەدار، یان بە لێکدانەوەی قازانج و زیانی سەرمایە و بەرژەوەندی “ئابووری وڵات” و…تاد. خاڵی دەستپێکردنی ئێمە مافە حاشاهەڵنەگرەکانی ئینسانی سەردەمی ئێمەیە. ئەگەر وەدیهاتنی ئەم مافانە، وەک مافی سەلامەتیی، مافی فێربوون، ئاسوودەیی ئابووری، یەکسانیی ژن و پیاو، ئازادی مانگرتن، مافی بەشداری ڕاستەوخۆ و هەمیشەیی کۆمەڵانی خەڵک لە ژیانی سیاسی کۆمەڵگە، دەستکۆتا کردنی دین و…تاد، لەگەڵ قازانجی سەرمایە و بەرژەوەندیەکانی نیزامی سەرمایەداریدا نایەنەوە، ئەمە تەنها دەتوانێ بەڵگەیەک بێت بۆ پێویستیی ژێرەژوورکردنی ئەم نیزامە. بزووتنەوەی ئێمە لە خەباتیدا بۆ ڕیفۆرم هەمیشە ئەم ڕاستیە دەخاتە بەرچاوی کۆمەڵگە و چینی کرێکار. ئامانجی ئێمە لەم خەباتەدا پێکهێنانی سەرمایەداریەکی ئارایشتکراو، سەرمایەداریەکی خاوەن “ڕوخساری ئینسانی” یان سەرمایەداریەکی “دڵسۆز” نییە. ئامانجی ئێمە سەپاندنی بەشێکی هەرچی زیاترە لە مافە ڕەواکانی خەڵکی کرێکار بەسەر نیزامی دەسەڵاتداردا. کۆمەڵە ماف و داخوازیەک کە بۆرژوازی بە ناتەبایان دەزانێ لەگەڵ مانەوەی خۆیدا و سەرکوتیان دەکا‌ت، چینی کرێکار هەر ئەمڕۆ ئامادەیە بە هەمەلایەنەترین شێوە بەدییان بێنێ.
٢
حزبی كۆمۆنیستی كرێكاری بۆ به‌سه‌ركه‌وتن گه‌یاندنی ته‌واو و هه‌مه‌لایه‌نه‌ی شۆڕشی كۆمه‌ڵایه‌تی چینی كرێكار له‌دژی سه‌رمایه‌داری و پیاده‌كردنی تێكڕای به‌رنامه‌ی كۆمۆنیستی و ئازادیبه‌خشی چینی كرێكار خه‌بات ده‌كات. حزبی كۆمۆنیستی كرێكاری پێ‌ی وایه كه پێشكه‌وتنه ئابووری، زانستی، ته‌كنه‌لۆژی و مه‌ده‌نیه‌كانی تا ئێستای كۆمه‌ڵگای به‌شه‌ری هه‌لومه‌رج و پێداویستیه ماددیه‌كانی به‌رپاكردنی كۆمه‌ڵگایه‌كی ئازادی بێ‌چین و چه‌وسانه‌وه و سته‌م، كۆمه‌ڵگایه‌كی جیهانیی سۆسیالیستی، هه‌ر ئێستا فه‌راهه‌م كردووه و چینی كرێكار له‌سه‌ریەتی هه‌ر له‌گه‌ڵ گرتنه ده‌ستی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی‌دا، دەست بە جێبه‌جێكردنی به‌رنامه‌ی كۆمۆنیستی خۆی بكات.
له‌هه‌مان كاتدا، مادام وه له‌هه‌ر شوێنێك كه نیزامی سه‌رمایه‌داری به‌رقه‌راره، حزبی كۆمۆنیستی كرێكاری له‌پێناو به‌رینترین و قووڵترین ڕیفۆرمی سیاسی، ئابووری، كۆمه‌ڵایه‌تی، كه‌لتووری و ژینگه‌یی خه‌بات ده‌كات بۆئه‌وه‌ی ئاستی ژیان و ماف و ئازادیه‌كانی كۆمه‌ڵانی به‌رینی خه‌ڵك تا به‌رزترین ئاستی مومكین باش بكات. ئه‌م ڕیفۆرمانه و هێنانه‌مه‌یدانی خه‌ڵكی كرێكار و زه‌حمه‌تكێش بۆ وه‌دیهێنانیان، ڕێگا بۆ سره‌واندنی دوا گورز له په‌یكه‌ره‌ی نیزامی چه‌وسێنه‌رانه‌ی سه‌رمایه‌داری و ده‌سه‌ڵاتدارێتی چینی سه‌رمایه‌دار به‌سه‌ر كۆمه‌ڵگای مرۆڤایەتیدا خۆش ده‌كات.
ئه‌م به‌شه‌ی به‌رنامه سه‌ردێڕی ئه‌و هه‌نگاو و خواسته ڕیفۆرمیانەی حزبی كۆمۆنیستی كرێكاری ده‌گرێتەخۆى كه ئاڵای ده‌ستی حزبه له بزووتنه‌وه موتاڵەباتیەکانی كرێكاراندا و له خه‌بات بۆ سه‌پاندنی ڕیفۆرم به‌سه‌ر ئه‌م نیزامه‌ی ئێستادا. ئه‌گه‌رچی ئه‌و خواست و ستانداردانەی له خواره‌وه هاتوون ته‌نانه‌ت به به‌راورد له‌گه‌ڵ پێشكه‌وتووترین كۆمه‌ڵگا سه‌رمایه‌داریه‌كانی جیهانی ئه‌مڕۆشدا وه‌كو ستانداردی ڕادیكاڵ و نموونه‌یی دێنه به‌رچاو، بەڵام له‌ڕاستیدا ته‌نها به‌شێكی بچووك له‌و ماف و ئازادیانه پێکدەهێنن كه له كۆمه‌ڵگایه‌كی كۆمۆنیستیدا به كامڵترین شێوه بەدیدێن.
گومانی تێدا نییه كه ئه‌مڕۆ هەر باشبوونێکی جدی له ژیانی ماددی و مه‌عنه‌وی خه‌ڵكی كوردستان و به‌ده‌ستهێنانی ماف و ئازادیه فه‌ردی و مه‌ده‌نیه‌كان، له‌گره‌وی ئەوەدایە ئەم کۆمەڵگەیە لە ڕکێفی ده‌سه‌ڵاتی بۆرژوا میلیشیایی ناسیونالیستی كورد و ئه‌و گێژاوه دەربهێنرێت كه به‌هۆی گرێدانەوەی به دەوڵەتی قەومی-ئیسلامی عێراقه‌وه دووچاری بووه و دەوڵەتێکی سكولاری غه‌یره ئه‌تنیكی پشتبه‌ستوو به ئیراده‌ی خه‌ڵك دابمەزرێت. ئەمە ئەرکی دەم و دەستی شۆڕشی کرێکاریە لە کوردستاندا. شۆڕشی کرێکاری و دامەزرانی حکومەتی کرێکاری هەموو ئەو ئالوگۆڕانە لە ژیانی خەڵکی کوردستاندا مسۆگەر دەکا‌ت و ئازادی و یەکسانی بۆ ئەم کۆمەڵگەیە دابین دەکا‌ت. حزبی كۆمۆنیستی كرێكاریی كوردستان بۆ كۆتاییهینان به‌ده‌سه‌ڵاتی میلیشیایی بۆرژوا-ناسیونالیستی كورد و دامه‌زراندنی ده‌ستبه‌جێی حکومەتی کرێکاری له كوردستاندا خەبات دەکا‌ت. حکومەتی کرێکاری نه ته‌نها به‌دیهێنانی ده‌ستبه‌جێی ئه‌م یاسا و ڕێسایانه‌ی كه له‌م به‌شه‌ی به‌رنامه‌دا هاتوون وه‌كو سه‌ره‌تاییترین مافه‌كانی خه‌ڵكی كوردستان زامن ده‌كات، به‌ڵكو به جێبه‌جێكردنی تێكڕای به‌رنامه‌ی كۆمۆنیستی خۆی هه‌لومه‌رجی ئازادی و ڕزگاری و یه‌كسانی ڕاسته‌قینه و كامڵی هه‌موو دانیشتوان ده‌سته‌به‌ر ده‌كات.
پرەنسیپ و چوارچێوه گشتیه‌كان:
- دامه‌زراندنی سیستمێكی سیاسی بنیاتنراو له‌سه‌ر بەشداری ڕاسته‌وخۆ و به‌رده‌وامی خه‌ڵك له كاروباری حوكمڕانیدا.
- ده‌سته‌به‌ركردنی ماف و ئازادیە سیاسی و مه‌ده‌نیەکان به‌شێوه‌یه‌كی فراوان و بێقه‌یدوشه‌رت و زامنكراو‌و یه‌كسان بۆ هه‌مووان. هەڵوەشاندنەوەی هه‌رجۆره جیاكاریه‌ك له‌سه‌ر بناغه‌ی جنس، ڕه‌گه‌زنامە، ئینتمای ئه‌تنیكی و نه‌ته‌وه‌یی و نه‌ژادی و دینی، ته‌مه‌ن و…تاد.
- پیاده‌كردنی ستاندارد‌ە ئابووری و باشبژێویه گشتیه‌كان، وه هه‌روه‌ها یاساى كارێكی پێشڕه‌و كه به‌رزترین ئاستی ژیان و باشبژێوی و ئاسووده‌یی ئابووری خه‌ڵك به‌سه‌ر نیزامی سه‌رمایه‌داریدا بسه‌پێنێ.
- په‌سه‌ندكردنی كۆمه‌ڵه یاسا و هه‌نگاوێكی وا كه به خێراترین و ڕیشه‌ییترین شێوه بیروباوه‌ڕ و داب ونه‌ریت و ئه‌خلاقیاتی كۆنه‌په‌رستانه و دوبەرەکی و سووكایه‌تی ئامێز هه‌ڵپێچێ و ڕێگا بۆ به‌رپاكردن و جێخستنی كه‌لتوور و كۆمه‌ڵه به‌ها و په‌یوه‌ندیه‌كی ئینسانی هه‌رچی ئازادتر و ئازادیخوازانه‌تر فه‌راهه‌م بكات.
- دامەرزاندنی كۆمه‌ڵه ستاندارد و یاسایەک كه كوردستان بكاته ناوه‌ندێك بۆ به‌هێزكردن و پشتیوانی كردنی خه‌باته ئازادیخوازانه‌كان و پێوانه و به‌ها ئینسانیه پێشڕه‌وه‌كان و خه‌باته كرێكاریی و سۆسیالیستیه‌كان له سه‌رتاسه‌ری جیهاندا. حكومه‌تی شورایی‌هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی سوپاحزبی كۆمۆنیستی كرێكاری لایه‌نگری هەڵوەشانەوەی سوپا و باقی هێزه چه‌كداره پیشه‌ییه‌كان و هه‌موو ڕێكخراوه سه‌ربازی و پۆلیسی و جاسوسی و موخابه‌راتیه نهێنیه‌كانە.حزبی كۆمۆنیستی كرێكاری سەرباری ئەوە پێ‌ی وایه تا كاتێك كه هێزه چه‌كداره‌كان هه‌ن ده‌بێ ئه‌م بنه‌مایانه‌ی خواره‌وه له‌هه‌موو حاڵه‌تێكدا و له هه‌موو هه‌لومه‌رجێكدا پیاده بكرێن:
- هێزی شوراكانی خه‌ڵك، دامه‌زراو له‌سه‌ر مه‌شقی سه‌ربازیی گشتیی و به‌شداری گشتیی له ئه‌ركه دیسپلینی و دیفاعیه‌كاندا، جێگای سوپای پیشه‌یی سه‌روو خه‌ڵكيی ئیستا ده‌گرێته‌وه.
- سوپا و هێزە چەکدارە پیشه‌ییەکان لەم کۆمەڵگەیەی ئێستادا شتێكی تر نین جگه له كۆمه‌ڵێك داروده‌سته‌ی چه‌كدار و به‌كرێگیراوی چینی ده‌سه‌ڵاتدار كه به خه‌رجی كرێكاران و خه‌ڵكی زه‌حمه‌تكێش بۆ یه‌خسیرهێشتنه‌وه‌ی خودی ئه‌وان و هەروەها پاسەوانیکردن لە بەرژەوەندیە ئابوریەکان و بازاڕی ناوخۆی بورژوازی هەر ووڵاتێک لەبەرامبەر ئەوانی تردا سازدراوە. سه‌رباری ئه‌وه‌ی كه چینی ده‌سه‌ڵاتدار هه‌وڵده‌دات له‌ژێر ناوی جۆراوجۆردا ماهیه‌تی چینایه‌تی و سوودی ڕاسته‌قینه‌ی سوپاكه‌ی بشارێته‌وه و به ئۆرگانێكی گشتیی و به پارێزه‌ری به‌رژه‌وه‌ندی هه‌مووانی له قه‌ڵه‌م بدات، به‌ڵام په‌یوه‌ندی توندوتۆڵی سوپاكان به چینه ده‌سه‌ڵاتداره‌كانه‌وه و ڕۆڵی ئه‌وان له پاسه‌وانیكردنی به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی خاوه‌نانی كۆمه‌ڵگا، نه ته‌نها له وڵاتانی ئاسیایی و ئه‌فریقیایی و ئه‌مریكای لاتین كه ڕۆڵی سه‌ركوتگه‌رانه‌ی سوپا و پۆلیس تیایاندا به‌رجه‌سته‌تر و ئاشکراتر بووه، به‌ڵكو له ئه‌وروپا و ئه‌مریكای باكوریشدا كه ئه‌فسانه‌ی سوپای غه‌یره سیاسی ڕه‌واجێكی زیاتری هه‌یه، بۆ كۆمه‌ڵانی به‌رینی خه‌ڵك زۆر به‌رچاوه.
- سه‌رده‌می ئێستا زیاتر له هه‌ر كاتێكی دیكه بێمافی ڕاسته‌قینه‌ی خه‌ڵك و ڕووكه‌شی بوونی بەشداری ئه‌وانی له مه‌سه‌له‌ی حوكمڕانی له نیزامه دیموكراسیه لیبراڵی و په‌رله‌مانیه‌كاندا نیشانداوه. كۆمه‌ڵگایه‌ك كه بیه‌وێت بەشداری كۆمه‌ڵانی به‌رینی خه‌ڵك له ده‌وڵه‌ت و له په‌سه‌ندكردن و جێبه‌جێكردنی یاسا و سیاسه‌ته‌كانیدا زامن بكات، ناتوانێ له‌سه‌ر بنه‌مای په‌رله‌مان و سیستمی دیموكراسی نوێنه‌رایه‌تی دابمه‌زرێ. ده‌بێ حوكمڕانیكردن له ئاسته جیاجیاكاندا، له ئاستی ناوچه‌یی و سه‌راسه‌ریدا، له‌لایه‌ن شوراكانی خودی خه‌ڵكه‌وه ئه‌نجام بدرێ كه هه‌موویان هه‌م وه‌كو یاسادانه‌ر و هه‌م پیاده‌كه‌ری یاسا كارده‌كه‌ن. به‌رزترین ئۆرگانی حكومه‌تی له وڵات‌دا كۆنگره‌ی سه‌رتاسه‌ریی نوێنه‌رانی شوراكانی خه‌ڵك ده‌بێت. هه‌ر كه‌سێكی سه‌رووی ١٦ ساڵ به ئه‌ندامێكی خاوه‌ن ده‌نگی شورای ناوچەکەی خۆی ده‌ژمێردرێت و مافی ئه‌وه‌ی هه‌یه كه خۆی بۆ هه‌موو پله‌وپایه و پۆسته‌كانی شورای ناوچەکەی یان نوێنه‌رایه‌تیكردن له شوراكانی سه‌ره‌وه‌تردا كاندید بكات.
- پێکهاتە و ئۆرگانه‌كانی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی
- ئه‌م بنه‌ما گشتیانه‌ی سه‌ره‌وه ده‌بێ ده‌ستبه‌جێ له ڕێگه‌ی ئه‌م هه‌نگاوانه‌ی خواره‌وه به‌دیبهێنرێن:
- هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی پرەنسیب و یاسای گوێڕایه‌ڵیكردنی بێئه‌ملاوئه‌ولای خواره‌وه بۆ سه‌ره‌وه له‌ناو هێزه چه‌كداره‌كاندا، هه‌ر كه‌سێكی سه‌ربازیی مافی هه‌یه كه سه‌رپێچی له جێبه‌جێكردنی ئه‌و فه‌رمانانه‌دا بكات كه به بڕوای ئه‌و له‌گه‌ڵ یاسا‌كانی وڵات‌دا ناكۆكن، وە یان له‌گه‌ڵ بنه‌ما ئینسانی و ویژدانیه‌كانی ئه‌ودا نایه‌نه‌وه.
- هه‌ر كه‌سێك مافی هەیە به‌شداری نەکات له شه‌ڕ یان لە هه‌ر چالاكیه‌كی سه‌ربازیدا كه له‌گه‌ڵ پرەنسیپ و بیروباوه‌ڕیدا ناكۆك بێت.
- هێزەکانی پۆلیس ده‌بێ له كاتی ئیشوكار و ئه‌نجامدانی ئه‌ركه‌كانیاندا جلوبه‌رگی ڕەسمیی خۆیان له‌به‌ردابێت و چه‌كه‌كانی خۆیان به جۆرێك هه‌ڵگرن كه به‌رچاو بێت، پێكهێنانی هێزی چه‌كداری بێ‌جلوبه‌رگی ڕه‌سمیی، یان ئه‌نجامدانی ئیشوكار وه‌كو پۆلیسی چه‌كدار به‌جلوبه‌رگی مه‌ده‌نیه‌وه قه‌ده‌غه‌یه. ئه‌وه مافی هه‌ر هاووڵاتیه‌كه كه بتوانێ له بوونی هێزه پۆلیسیە چه‌كداره‌كان له ناوه‌نده‌كه‌یدا (شوێنی كار، ژیان، هاتوچۆ‌و…تاد) ئاگاداربێت.
- كه‌سانی ئه‌ندام له هێزه سه‌ربازیه‌كاندا مافی ئه‌وه‌یان هه‌یه كه له چالاكیه سیاسیه‌كاندا به‌شداری بكه‌ن و ببنه ئه‌ندامی حیزبه سیاسیه‌كان. هه‌ڵسووڕانی حیزبه سیاسیه‌كان و سه‌ندیكا و باقی ڕێكخراوه‌كان له‌نێو هێزه سه‌ربازیه‌كاندا ئازاده.
هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی بیرۆكراسی سه‌روو خه‌ڵكی و
به‌شداری ڕاسته‌وخۆی خه‌ڵك له به‌ڕێوه‌بردنی كاروباره‌كاندا
هه‌موو پله‌وپایه و پۆسته سیاسی و ئیداریه‌كانی وڵات به هه‌ڵبژاردن ده‌بێ و له‌لایه‌ن خه‌ڵكه‌وه هه‌ڵده‌بژێردرێن، هه‌ركاتێكیش ویستیان ده‌توانن له‌سه‌ركاریان لابه‌رن. مووچه‌ی كه‌سانێك كه بۆ كاروباری سیاسی و ئیداری وڵات هه‌ڵده‌بژێردرێن نابێ له ناوه‌نجیی كرێ‌ی كرێكار تێپه‌ڕێت. جێبەجێکردنی چاودێریی ڕاسته‌وخۆی خه‌ڵك له ڕێگه‌ی دامه‌زراوه شوراییه‌كانه‌وه به‌سه‌ر هه‌موو دامه‌زراو و پله‌وپایه ئیداریه‌كاندا. ساده‌كردنه‌وه‌ی پلەوپایەکان و زمان و ڕێسا و ڕێنماییەکانی كاری فه‌رمانگه ده‌وڵه‌تیه‌كان به‌جۆرێك كه بەشداریكردن و كۆنترۆڵی هاوڵاتیان بەسەریاندا به ئاسانی ئه‌نجام بدرێت.
بردنه‌سه‌ری ستاندارده‌كانی ئه‌خلاقی ئیداری و ویژدانی كار و ڕێزگرتن له هاووڵاتیان و ئه‌وانه‌ی كاریان ئه‌كه‌وێته لایان. به‌دكه‌ڵك وه‌رگرتنی كاربه‌ده‌ستانی ئیداری له پۆستەکانیان، به‌رتیلخۆری، واسته‌كردن، جیاکاری، سه‌رپێچیكردن و لادان له یاسا و ڕێسا و ده‌قه یاساییه‌كان یان كه‌مته‌رخه‌می كردن له جێبه‌جێكردنیاندا، ئه‌مانه ده‌بێ به وێنه‌ی تاوانی گه‌وره له دادگا ئاساییه‌كاندا لـێیان بكۆڵرێته‌وه. قه‌ده‌غه‌كردنی بێئه‌ملاوئه‌ولای به‌كارهێنانی ئیمکانات و ئاسانکاریە ئیداریەکان بۆ كاروباری شه‌خسی.
مافی بێقهیدوشهرتی هه‌ركه‌سێك بۆ تۆماركردنی داوا له‌دژی هه‌ر پۆستێكی ده‌وڵه‌تیی له دادگا ئاساییه‌كاندا.
خەبات لە دژی گەندەڵی ماڵی و ئیداری
گەندەڵی ماڵی و ئیداری بەشێوەیەکی گشتی یەکێکە لە تایبەتمەندیەکانی دەوڵەتی
بورژوازی هاوچەرخ و دەزگا بیرۆکراتیەکەی و لەسەرجەم ووڵاتانی سەرمایەداریدا و لە ئاست و شێوازی جیاجیادا دیاردەیەکی بەربڵاوە.
گەندەڵی ماڵی و ئیداری لە کوردستاندا لە سایەی دەسەڵاتی ناسیونالیستی ئێستادا بەوپەری خۆی گەیشتوە.
دەسەڵاتی ئێستا کە لە ڕێگای سیستەمێکی گەندەلی بەڕێوەبردنەوە دەستی بەسەر هەموو سامانی کۆمەڵایەتی، بە تایبەتی سامانی نەوت و گازدا گرتوە، داهاتێکی بێ‌شومار بە تاڵان دەبات. ئەم داهاتە گەورەیە بە شێوەیەکی نا یاسایی و دور لە چاوی هاوڵاتیان لە نێوان هێزە دەسەڵاتدارەکاندا دابه‌ش دەکرێت.
ئەم دەسەڵاتە گەندەڵە خۆی هەستاوە بە دروستکردنی دامەزراوەی جۆراوجۆر بەناوی نەزاهەوە بۆ داپۆشینی دیاردەی گەندەڵی.
قورسایی کارەساتی گەندەڵی ڕاستەوخۆ دەکەوێتە سەر شانی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش و ئەوان بە نوقم بون لە هەژاری و بێدەرەتانی و داڕوخانی هەلومەرجی کار‌و ژیان و خزمەتگوزاریە کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیری و تەندروستیه‌کانیان باجی ئەم گەندەڵیەی دەسەڵاتی بۆرژوازی دەدەنەوە.
ڕیشەکێشکردنی ئەم دیاردەیە بەندە بە کۆتایی هێنان بە نیزامی سەرمایەداری یەوە، بەڵام بۆ کەمکردنەوەی باری گرانی ئەم دیاردە کارەساتبارەی سەرشانی چینی کرێکار و جەماوەری زەحمەتکێش لە ئێستادا دەبێ ئەم هەنگاوانەی خوارەوە هەڵبگیرێت:
- دەستبەسەرداگرتنی هەموو ئەو سامانەی کە لە ڕێگای گەندەڵی ماڵی و ئیداریەوە بەدەست هاتوە و گێڕانەوەی بۆ خەزێنەی دەوڵەت و خەرجکردنی بۆ خزمەتگوزاری و خۆشگوزەرانی هەمووان.
- دادگایی‌کردنی هەموو ئەو دەزگا و دامەزراوە و لایەن و کەسانەی کە لە گەندەڵی ماڵی و ئیداریەوە تێوەگلاون.
- گرتنەبەری هەنگاوی پێویست بۆ داخستنی هەموو ڕێگاکانی گەندەڵی ماڵی و ئیداری لە ڕێگای دابینکردنی شەفافیەت و دانانی چاودێری جەماوەری بەسەر سەرجەم دەزگا و دامەرزاوە بەرهەمهێن و خزمەتگوزاریە دەوڵەتیەکاندا.
به‌رقه‌راركردنی دادگای سه‌ربه‌خۆ و
دابینكردنی عه‌داله‌تی یاسایی بۆ هه‌مووان
سیستمی دادوەری و چه‌مكی عه‌داله‌تی یاسایی له هه‌ر نیزامێكدا ڕه‌نگدانه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان و بنچینە ئابوری و سیاسیەکانی ئه‌و نیزامه‌یه. بواری دادوەری، هه‌ر له پێكهاته‌ی یاساكان و دیدی زاڵ له‌باره‌ی ماف و ویژدان و عه‌داله‌ته‌وه تا ده‌گات به دامه‌زراوه‌كان و سیستمی ئیداری و شێوازی ده‌سه‌ڵاتی دادوەری، هەموویان به‌شێكن له سەرخانی سیاسی كۆمه‌ڵگا كه پارێزگاری له‌و بنه‌ما ئابووری و چینایه‌تیانه ده‌كه‌ن كه له كۆمه‌ڵگادا هه‌یه. به‌م پێ‌یه عه‌داله‌تی یاسایی ڕاسته‌قینه و به‌هره‌مه‌ندبوونی یه‌كسانی هه‌مووان لـێ‌ی، هه‌روه‌ها دادگایی و داوه‌ری بەڕاستی سه‌ربه‌خۆ و بەویژدان، به‌ستراوه‌ته‌وه به گۆڕینی ڕیشه‌یی كۆمه‌ڵگای چینایه‌تی ئێستاوه.
لەم پێناوەدا و به‌مه‌به‌ستی زامنكردنی عادلانه‌ترین ستانداردی دادوەری شیا‌و له كۆمه‌ڵگای ئێستادا، حزبی كۆمۆنیستی كرێكاری خوازیاری وه‌دیهاتنی ده‌ستبه‌جێی ئه‌م بنه‌ما سەرەکیانەی خواره‌وه‌یه:
- سه‌ربه‌خۆیی تەواوی دادوەرەکان ، دادگاكان و سیستمی دادوەری له‌ڕووی حقوقیه‌وه له ده‌سه‌ڵاتی جێبەجێکار.
- دادوەران و كاربه‌ده‌ستانی دیكه‌ی دادوەری له‌لایه‌ن خه‌ڵكه‌وه هه‌ڵده‌بژێردرێن و هه‌ركاتێكیش زۆربه‌ی ده‌نگده‌ران بیانەوێ، دەبێ بتوانن لایان به‌رن.
- هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی دادگا تایبه‌تیه‌كان و لێپێچینه‌وه له هه‌موو تاوانه‌كان له دادگای ئاسایی‌دا.
- ئاشكرابوونی هه‌موو دادگاییه‌كان. به‌رپاكردنی دادگا بە ئاماده‌یی دەستەی سوێندخۆران( هیئة المحلفین) له هه‌موو تاوانه جیناییه گشتیه‌كاندا. مافی تۆمەتبار و پارێزه‌ره‌كانی له ڕه‌تكردنه‌وه یان قبووڵكردنی دادوەر و ئه‌ندامانی دەستەی سوێندخۆران.
- له هه‌موو دادگایی كردنه‌كاندا ئه‌سڵ له‌سه‌ر بێتاوانیی تۆمەتبارە. ئه‌ركی سه‌لماندنی تاوان له ئه‌ستۆی داواكاری گشتی و یان لایه‌نی داواكاره.
- ستاندارد‌ە دادوەریەکانی وڵات و مافی تاكه‌كان له به‌رامبه‌ر ده‌زگای دادوەریدا له شوێنێكی تری ئه‌م به‌رنامه‌یه‌دا به‌ووردی باس كراوه.
ماف و ئازادیه فه‌ردی و مه‌ده‌نیه‌كان
قسه‌كه‌رانی سه‌رمایه‌داری ڕێزدانان بۆ مافه فه‌ردی و مه‌ده‌نیه‌كان به خه‌سڵه‌تی جیاكه‌ره‌وه و به یه‌كێك له كۆڵه‌كه‌كانی نیزامه‌كه‌ی خۆیان له قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ن. ڕاستیه‌كه‌ی ئه‌وه‌یه كه له نێو ئه‌و پێنج میلیار ئینسانه‌ی كه ئه‌مڕۆ له‌ژێر سایه‌ی حوكمڕانیی سه‌رمایه‌دا ده‌ژین، ته‌نها ڕێژه‌یه‌كی زۆر كه‌م ده‌كرێ په‌یدا بكرێت، ئه‌ویش له ژماره‌یه‌ك وڵاتی دیاریكراودا، كه له جۆرێك مافی فه‌ردی و مه‌ده‌نی پێناسه‌كراو و تاڕاده‌یه‌ك جێكه‌وتوو به‌هره‌مه‌ندن. بەشی زۆربه‌ی هه‌ره‌زۆری خەڵک لە دنیای سه‌رمایه‌داریدا، بریتیە لە بێمافیی سیاسی كه‌م تا زۆر ڕه‌ها، ده‌وڵه‌تانێكی ملهوڕ و سه‌ركوتگه‌ر و تیرۆریزم و زه‌بروزه‌نگی نەخشەمەندانەی ده‌وڵه‌تی. جگه له‌مه‌ش، له خودی وڵاتانی پیشه‌سازیی ئه‌وروپای ڕۆژئاوا و ئه‌مریكاشدا مافه فه‌ردی و مه‌ده‌نیه‌كانی جه‌ماوه‌ر نه‌ك هه‌ر به به‌راورد له‌گه‌ڵ ئه‌و ئازادیانه‌ی كه ئینسانی ئه‌مڕۆ خوازیارێتی زۆر كه‌مه و به‌په‌نجه‌كانی ده‌ست ده‌ژمێردرێ، به‌ڵكو له جەرگەی یه‌خسیریی ئابووریی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كرێكار به‌ده‌ست سه‌رمایه‌وه و گرێخواردنی ماف و ئازادی به خاوه‌ندارێتیه‌وه، ئه‌م مافانه هیچ مانایەکی مادی و جدییان بۆ نەماوەتەوە. سه‌ره‌نجامیش، ئه‌زموونی ژیانی خه‌ڵك له‌م وڵاتانه له سه‌رده‌مه‌كانی قه‌یران و ته‌نگانه ئابووریه‌كاندا به ڕۆشنی نیشانی داوه كه مانه‌وه و ته‌مه‌نی هه‌ر ئه‌م مافه كه‌موكورت و فۆرماڵیانه‌ش په‌یوه‌ندی ڕاسته‌وخۆی به جێوشوێنی ئابووریی چینی سه‌رمایه‌داره‌وه هه‌یه و هه‌ركاتێك ئه‌م مافانه بووبێتنه كۆسپ له به‌رده‌م قازانج و كه‌ڵه‌كه‌ی سه‌رمایه‌دا، به ساده‌یی كه‌وتوونه‌ته به‌ر په‌لاماری ده‌وڵه‌ت و چینی ده‌سه‌ڵاتدار.
ئازادیی فه‌ردی و مه‌ده‌نی ڕاسته‌قینه ته‌نها له كۆمه‌ڵگایه‌كدا ده‌توانێ به‌دیبێت كه خۆی ئازاد بێت. شۆڕشی كۆمۆنیستی كرێكاری، به له‌نێوبردنی کۆیلایەتی چینایه‌تی و ئابووریی ئینسانه‌كان، مژده‌ده‌ری فراوانترین ئازادیه‌كان و ده‌رفه‌تی دەرکەوتنی تاكه‌كانه له مه‌یدانه جیاجیاكانی ژیاندا.
حزبی كۆمۆنیستی كرێكاری له هه‌مان كاتدا بۆ به‌دیهێنان و دابینكردنی به‌رینترین مافه فه‌ردی و مه‌ده‌نیه‌كان هه‌ر له‌م كۆمه‌ڵگایه‌دا خه‌بات ده‌كات. گرنگترینی ئه‌م ماف و ئازادیه حاشاهه‌ڵنه‌گرانه كه به‌هیچ جۆرێك نابێت پێشێل بكرێن بریتیه له‌مانه:
- مافی ژیان و پارێزراوبوونی جه‌سته‌یی و ده‌روونیی تاكه‌كان له هه‌رجۆره دەستدرێژیەك.
- مافی گوزه‌ران؛ مافی به‌هره‌مه‌ندبوون له پێداویستیه‌كانی ژیانێكی نۆرماڵ له كۆمه‌ڵگای ئه‌مڕۆدا.
- مافی ده‌ست ئاوه‌ڵابوون و ڕابواردن و ئاسووده‌بوون.
- مافی فێربوون؛ مافی به‌هره‌مه‌ندبوون له هه‌موو ئه‌و ئیمكاناتی فێربوونه‌ی كه له كۆمه‌ڵگادا هه‌یه.
- مافی سەلامەتی؛ مافی به‌هره‌مه‌ندبوون له هه‌موو ئیمكاناته‌كانی كۆمه‌ڵگای هاوچه‌رخ بۆ پاراستنی تاكه‌كان له ڕووداو و نه‌خۆشیه‌كان، مافی به‌هره‌مه‌ندبوون له ئیمكاناته ته‌ندروستی و پزیشكیه‌كانی كۆمه‌ڵگا.
- مافی سه‌ربه‌خۆیی فه‌ردی؛ قه‌ده‌غه‌كردنی هه‌رجۆره یه‌خسیریی و كۆیلایه‌تی و بێگاریه‌ك له هه‌ر به‌رگێكدا و به‌هه‌ر بیانوویه‌كه‌وه بێت.
- مافی تێكه‌ڵبوون و ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی؛ قه‌ده‌غه‌كردنی هه‌رجۆره جیاكاری و بێبه‌شكردنێكی تاكه‌كان له كه‌شوهه‌وای كۆمه‌ڵایه‌تی و ده‌رفه‌تی تێكه‌ڵبوون له‌گه‌ڵ كه‌سانی دیكه‌دا.
- مافی گەڕان به‌شوێن حه‌قیقه‌ت و ئاگاداربوون له حه‌قیقه‌تی هه‌موو لایه‌نه‌كانی ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی؛ قه‌ده‌غه‌كردنی سانسۆر، قه‌ده‌غه‌كردنی كۆنترۆڵی ئه‌و زانیاریانه‌ی كه ده‌گاته ده‌ستی هاووڵاتیان لەلایەن دەوڵەت یان بەرێوەبەری میدیاکانەوە.
- مافی به‌هره‌مه‌ندبوون له ژینگه‌یه‌كی پاك و ئاسووده؛ ئازادیی دانیشتووانی وڵات و نوێنه‌رانی ئه‌وان له چاودێریكردن و لێكۆڵینه‌وه له كاریگه‌ری چالاكیه‌كانی ده‌وڵه‌ت و دامه‌زراوه جیاجیاكان له‌سه‌ر ژینگه.
- ئازادیی بێقهیدوشهرتی بیروباوه‌ڕ، دەربڕین، كۆبوونه‌وه، چاپه‌مه‌نی، خۆپیشاندان، مانگرتن، پێكهێنانی حیزب و ڕێكخراوه‌كان.
- ئازادی تەواو و بێقهیدوشهرتی ڕه‌خنه و ڕه‌خنه‌گرتن، ئازادی ڕه‌خنه‌گرتن له هه‌موو لایه‌نه سیاسی، كه‌لتووری و ئه‌خلاقی و ئایدۆلۆژیه‌كانی كۆمه‌ڵگا، هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی هه‌رجۆره ئاماژه‌یه‌ك بۆ به‌ناو موقه‌دده‌ساتی میللی و نیشتمانی و دینی و…تاد له‌یاساكاندا وه‌كو فاكته‌رێك بۆ ته‌نگه‌به‌ركردنه‌وه‌ی ئازادی ڕه‌خنه و ڕاده‌ربڕینی جه‌ماوه‌ر. قه‌ده‌غه‌كردنی هه‌رجۆره وروژاندن و چاوسووركردنه‌وه‌یه‌كی دینی و میللی و…تاد له‌دژی ده‌ربڕینی ئازادانه‌ی بۆچوونی تاكه‌كان.
- ئازادی دینداری و بێدینی.
- مافی ده‌نگدانی گشتی و یه‌كسان بۆ هه‌موو كه‌سانی سه‌روی شانزه ساڵ، به‌بێ له‌به‌رچاوگرتنی ڕه‌گه‌ز، ئینتمای دینی، ئه‌تنیكی، نه‌ته‌وه‌یی، پلە و پۆست، ڕه‌گه‌زنامه، مه‌رام و بیروباوه‌ڕی سیاسی، هه‌روه‌ها ئازادیی هه‌ر كه‌سێكی سه‌رووی شانزه ساڵ بۆ خۆكاندیدكردن له هه‌ر دامه‌زراوه و ئۆرگانێكی نوێنه‌رایه‌تیدا، یان به‌ده‌ستهێنانی هه‌ر پۆست و پله‌وپایه‌یه‌كی ئینتیخابیدا.
- قه‌ده‌غه‌كردنی پشكنینی بیروباوه‌ڕ، مافی هه‌ركه‌سێك له سه‌رپێچیكردن له شایه‌تیدان له دژی خۆی كه ببێته به‌ڵگه‌ی تاوانباركردنی خودی ئه‌و كه‌سه، ئازادی نەدرکاندنی بۆچوون و بیروباوه‌ڕی شه‌خسی.
- ئازادی بێقهیدوشهرتی هه‌ڵبژاردنی شوێنی ژیان، ئازادی سه‌فه‌ر و جێگۆڕكێ بۆ هه‌موو كه‌سانی سه‌رووی شانزه ساڵ به‌ژن و پیاوه‌وه، قه‌ده‌غه‌كردنی هه‌رجۆره كۆنترۆڵكردنێكی هه‌میشه‌یی هاتوچۆ له ناوخۆی وڵات‌دا له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌ت و كاربه‌ده‌ستانی پۆلیسەوە، هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی هه‌رجۆره قه‌یدوشه‌رت دانانێك بۆ چوونه‌ده‌ره‌وه له وڵات. به‌خشینی بێقه‌یدوشه‌رت و ده‌ستبه‌جێی بەڵگەی سەفەر و پاسپۆرت.
- قه‌ده‌غه‌كردنی دانانی هه‌رجۆره كۆسپ و ته‌گه‌ره‌یه‌ك له‌به‌رده‌م هاتوچۆی خەڵکی ووڵاتانی دیکە بۆناو ووڵات ؛ به‌خشینی ڕه‌گه‌زنامه‌ی وڵات به هه‌ركه‌سێك كه خوازیاری بێت و ئیلتزاماتی هاوڵاتیبوون قبووڵ بكات، به‌خشینی بێقهیدوشهرتی مۆڵه‌تی مانه‌وه و كاركردن بۆ كه‌سانێك كه خوازیاری مانه‌وه‌ن له كوردستاندا.
- پارێزراوبوونی ژیانی تایبه‌تی كه‌سه‌كان؛ پارێزراوبوونی شوێنی ژیان، نامه و نامه گۆڕینه‌وه و گفت‌وگۆی ته‌له‌فۆنیان له هه‌رجۆره ده‌خاله‌تێك له‌لایه‌ن هه‌ر ده‌سه‌ڵاتێكه‌وه، قه‌ده‌غه‌كردنی گوێ هه‌ڵخستن بۆ قسه، شوێنكه‌وتن و چاودێریكردن، قه‌ده‌غه‌كردنی هه‌ر جۆره چاودێریه‌كی په‌یوه‌ندی و زانیاری گۆڕینه‌وه‌كان له ڕێگای ئه‌نته‌رنێته‌وه. قه‌ده‌غه‌كردنی كۆكردنه‌وه‌ی زانیاری له‌باره‌ی ژیانی تاكه‌كانه‌وه به‌بێ مۆڵه‌ت وه‌رگرتنی ڕه‌سمیی له‌خۆیان. مافی هه‌ر كه‌سێكی دانیشتووی وڵات له ده‌سته‌به‌ركردن و بینین و خوێندنه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌و زانیاریانه‌ی كه سەرچاوە ده‌وڵه‌تیه‌كان له‌سه‌ر ئه‌و هه‌یانه.
- ئازادیی هه‌ڵبژاردنی كار و پیشه.
- ئازادیی بێقهیدوشهرتی هه‌ڵبژاردن و پۆشینی جلوبه‌رگ، هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی هه‌رجۆره قه‌یدوبه‌ندێکی فەرمی یان نافەرمی له‌سه‌ر شێواز و چۆنێتی جلوبه‌رگی خه‌ڵكی، چ ژن چ پیاو، له شوێنه گشتیه‌كاندا، قه‌ده‌غه‌كردنی هه‌رجۆره جیاكاریه‌ك یان سنووردانانێك بۆ تاكه‌كان له‌سه‌ر بناغه‌ی جلوبه‌رگ و پۆشاکیان.
- ئازادیی لێپرسینه‌وه و چاودێری نوێنه‌رانی خه‌ڵك به‌سه‌ر هه‌ڵسووڕان و به‌ڵگه‌نامه و نوسینگه‌كانی دامه‌زراوه ده‌وڵه‌تیه‌كاندا، قه‌ده‌غه‌كردنی دبلۆماسیی نهێنی
یه‌كسانی و سڕینه‌وه‌ی جیاکاری
یه‌كسانی ئینسانه‌كان چه‌مكێكی سه‌ره‌كی بزووتنه‌وه‌ی كۆمۆنیزمی كرێكاری و بنه‌مایه‌كی بنه‌ڕه‌تیی كۆمه‌ڵگای ئازادی سۆسیالیستیه، كۆمه‌ڵگایه‌ك كه ده‌بێ به هه‌ڵپێچانی نیزامی چینایه‌تی و چه‌وسێنه‌رانه و پڕله جیاكاریی سه‌رمایه‌داری دابمه‌زرێت. یه‌كسانیی كۆمۆنیستی چه‌مكێكی زۆر فراوانتر و گشتگیرتره له یه‌كسانیی حقوقی و ڕووكه‌شیی تاکەکان و بەهرەمەند بوونیان بە شێوەی یه‌كسان لە یاسا و ڕێسا ده‌وڵه‌تیه‌كان. یه‌كسانی كۆمۆنیستی یه‌كسانیه‌كی واقعی و ماددی نێوان ئینسانه‌كانه له مه‌یدانه‌كانی ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی‌دا. یه‌كسانی نه ته‌نها له مافه سیاسیه‌كاندا، به‌ڵكو له به‌هره‌مه‌ندبوون له ئیمكانات و نیعمه‌ته ماددیه‌كان و به‌رهەمی كۆششی هاوبه‌شی ئینسانه‌كان، یه‌كسانی تاكه‌كان له جێوشوێنی كۆمه‌ڵایه‌تیاندا و له‌ئاست په‌یوه‌ندیه‌كانی به‌رهه‌مهێناندا، یه‌كسانی نه ته‌نها له‌به‌رامبه‌ر یاسادا به‌ڵكو له‌په‌یوه‌ندیه ماددیه‌كانی نێوان ئینسانه‌كان له‌گه‌ڵ یه‌كتریشدا. یه‌كسانیی كۆمۆنیستی، كه له‌هه‌مان كاتدا مه‌رجی پێویستی هەڵدان و گەشەی توانا و به‌هره جیاجیا و جۆراوجۆره‌كانی هه‌موو تاكه‌كان و بەختەوەریی ماددی و مه‌عنه‌وی كۆمه‌ڵگایه، ته‌نها به له‌نێوچوونی دابه‌شبوونی ئینسانه‌كان به‌سه‌ر چینه‌كاندا مه‌یسه‌ر ده‌بێت. كۆمه‌ڵگای چینایه‌تی به‌پێی پێناسه‌كه‌ی ناتوانێ كۆمه‌ڵگایه‌كی یه‌كسان و ئازاد بێت.
خه‌باتی ئێمه له‌پێناو یه‌كسانی و سڕینه‌وه‌ی جیاكاری له‌نێو كۆمه‌ڵگا سه‌رمایه‌داریه‌كانی ئێستادا به‌شێكی جیانه‌كراوه‌ی خه‌باتێكی به‌رینتر و بنچینه‌یی ئێمه‌یه بۆ ڕێکخستنی شۆڕشی كۆمه‌ڵایه‌تی و دامه‌زراندنی كۆمه‌ڵگای یه‌كسان و ئازادی كۆمۆنیستی. حزبی كۆمۆنیستی كرێكاریی له‌ڕیزی پێشه‌وه‌ی هه‌ر خه‌باتێكی كۆمه‌ڵایه‌تی له دژی جیاكاری و نایه‌كسانیه‌كانی جیهانی ئه‌مڕۆدایه و باوه‌ڕی وایه كه یه‌كسانیی حقوقیی هه‌مووان و باڵكێشانی یه‌كسانی یاساكان به‌سه‌ر هه‌موواندا، به‌بێ له‌به‌رچاوگرتنی ڕەگەز، ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی، دین، نه‌ژاد، بیروباوه‌ڕ، عەقیدە، كار و پیشه، پله‌وپایه و ڕه‌گه‌زنامه و…تاد ئینسانه‌كان، ده‌بێ وه‌كو پرنسیپێكی له شكان نه‌هاتوو و بنەڕەتی له ڕیزی سه‌ره‌وه‌ی یاسا‌كانی كۆمه‌ڵگادا ڕابگه‌یه‌نرێت. هه‌موو ئه‌و یاساوڕێسایانه‌ی كه له‌گه‌ڵ پرنسیپی یه‌كسانیی ته‌واوی مافه فه‌ردی و مه‌ده‌نیه‌كانی تاكه‌كاندا ناته‌بان ده‌بێ ده‌ستبه‌جێ هه‌ڵوه‌شێنه‌وه. هه‌ر حاڵه‌تێك له پراكتیزه‌كردنی جیاكاری، جا له‌لایه‌ن هه‌ر كه‌س و ده‌زگا و كاربه‌رده‌ست و دامه‌زراوێكه‌وه ئه‌نجام درابێت، ده‌وڵه‌تی بێت یان غه‌یره ده‌وڵه‌تی، به جدی په‌یگیری بكرێت و ئه‌نجامده‌رانی به‌پێی یاسا دادگایی بكرێن.
یه‌كسانیی ژن و پیاو،
قه‌ده‌غه‌كردنی جیاکاری له‌سه‌ر بناغه‌ی ڕەگەزی
جیاكاری له‌دژی ژنان تایبه‌تمه‌ندیه‌كی گرنگی دنیای ئه‌مڕۆیه. له به‌شی هه‌ره‌زۆری وڵاتانی جیهاندا، ژنان به‌ڕه‌سمی و به یاسایی ته‌نانه‌ت له‌و ماف و ئازادیه به‌رته‌سك و بێبایەخانەش بێبەشن كه پیاوان لـێ‌ی به‌هره‌مه‌ندن. له‌و وڵاتانه‌دا كه له ڕووی ئابووریه‌وه دواكه‌وتوون، هه‌روه‌ها له‌و كۆمه‌ڵگایانه‌دا كه دین و نه‌ریته كۆنه‌كان ڕیشه‌یه‌كی قووڵتریان له‌نێو نیزامی سیاسی و ئیداری و كه‌لتووریی كۆمه‌ڵگادا هه‌یه، سته‌مكێشی و بێمافی و ژێرده‌سته‌یی ژن به‌ئاشكراترین و قێزه‌ونترین شێوه خۆی ده‌نوێنێ. له وڵاتانی پێشكه‌وتووتر و مۆدێرنتردا و ته‌نانه‌ت له‌و كۆمه‌ڵگایانه‌شدا كه لەسایەی بزووتنه‌وه‌كانی لایه‌نگر له مافه‌كانی ژنان و هەڵمەتە سۆسیالیستیه كرێكارییه‌كان جیاكاریی جنسی به‌ڕواڵه‌ت له به‌شی هه‌ره‌زۆری یاساكاندا هه‌ڵگیراوه، هێشتا ژنان لە جەرگەی میكانیزمی ئابووری سه‌رمایه‌داری و دابونه‌ریت و بیروباوه‌ڕه پیاوسالاریه‌كانی نێو كۆمه‌ڵگا، به كرده‌وه له‌زۆر ڕووه‌وه ده‌كه‌ونه به‌ر جیاكاری و سته‌م.
خودی سته‌مكێشیی و پلەدوویی ژنان لە داهێنانی نیزامی سه‌رمایه‌داری نییه. به‌ڵام سه‌رمایه‌داری ئه‌م میراته نه‌فره‌تهێنه‌ره‌ی مێژووی له‌وه‌پێشی پەرەپێداوه و كردوویه‌تیه یه‌كێك له كۆڵه‌كه‌كانی په‌یوه‌ندیه ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانی ئه‌م سه‌رده‌مه. ڕه‌گ و ڕیشه‌ی نایه‌كسانی و بێمافیه‌كانی ئه‌مڕۆی ژنان، ناگه‌ڕێته‌وه بۆ بیروباوه‌ڕی كۆن و میراتی فیكری و كه‌لتووریی نیزام و كۆمه‌ڵگا کۆن و له‌ناوچووه‌كان و په‌یامبه‌ران و دیانه‌ته‌كانی سه‌رده‌می جاهیلیه‌ت، به‌ڵكو ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ كۆمه‌ڵگای سه‌رمایه‌داری پیشەسازی و مۆدێرنی ئه‌مڕۆ. ئه‌و نیزامه‌ی كه وه‌كو فاكته‌رێكی گرنگی ئابووری و سیاسی ده‌ڕوانێته دابه‌شبوونی ڕەگەزی ئینسانه‌كان له‌مه‌یدانی به‌رهه‌مهێناندا بۆ زامنكردنی قازانجی سه‌رمایه. مرونه‌ت بەخشین بە هێزی كار لە کارپێکردن و دەرکردندا، پێكهێنانی دووبه‌ره‌كی و كێبه‌ركێ و كێشمه‌كێشی ناوخۆیی له‌نێو بەرەی خەڵکی كرێكاردا، زامنكردنی بوونی به‌شه بێبەشترەکان له‌نێو خودی چینی كرێكاردا كه له‌خواره‌وه ڕاگرتنی ئاستی ژیانی هه‌موو ئه‌م چینه مه‌یسه‌ر ده‌كات، و سه‌ره‌نجام له‌كه‌داركردنی هه‌ستی ئینسانی و چینایه‌تی كۆمه‌ڵانی كرێكار و زیندوو هێشتنه‌وه‌ی بیروبۆچوون و ئه‌فكار و ده‌مارگیریه كۆن و سواو و ئیفلیجكەره‌كان، ئه‌مانه خێروبه‌ره‌كه‌ته‌كانی سته‌مكێشیی ژنانه بۆ سه‌رمایه‌داری مۆدێرنی ئه‌مڕۆ و له‌هه‌مان كاتدا به‌شێكن له كۆڵه‌كه‌كانی كه‌ڵه‌كه‌ی سه‌رمایه له دنیای ئه‌مڕۆدا. به‌ده‌رله‌وه‌ی كه سه‌رمایه‌داری له‌زاتی خۆیدا و به‌شێوه‌یه‌كی گشتی له‌گه‌ڵ یه‌كسانی ژناندا دێته‌وه یان نا، سه‌رمایه‌داری كۆتایی سه‌ده‌ی بیسته‌م به‌شێوه‌یه‌كی دیاریكراو خۆی له‌سه‌ر ئه‌م نایه‌كسانیه بیناكردووه و به سووك و ئاسانی و به‌بێ بەرەنگاری سه‌رسه‌ختانه و زه‌بروزه‌نگاوی ده‌ستبه‌رداری نابێت.
حزبی كۆمۆنیستی كرێكاری له‌پێناو یه‌كسانی ته‌واو و بێقهیدوشهرتی ژنان و پیاوان له هه‌موو ڕوویه‌كه‌وه، خه‌بات ده‌كات. سه‌ردێڕی ئه‌و یاسا و هه‌نگاوانه‌ی كه ده‌بێ هه‌رئێستا و ده‌ستبه‌جێ بۆ ده‌ستپێكردن به لابردنی جیاكاری له‌سه‌ر ژنان پیاده بكرێن بریتین له‌مانه:
- ڕاگه‌یاندنی یه‌كسانیی ته‌واو و بێقهیدوشهرتی ژنان و پیاوان له مافه مه‌ده‌نی و فه‌ردیه‌كاندا و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌و یاسا و ڕێسایانەی كه له‌گه‌ڵ ئه‌م پرنسیپه‌دا ناكۆكن.
- دابینكردنی ده‌ستبه‌جێی یه‌كسانیی ته‌واوی ژن و پیاو بۆ به‌شداریكردن له ژیانی سیاسی كۆمه‌ڵگا له‌ئاسته جیاجیاكاندا. مافی بێقهیدوشهرتی ژنان بۆ به‌شداریكردن له هه‌ڵبژاردن له هه‌موو ئاسته‌كاندا و به‌ده‌ستهێنان و گرتنی هه‌ر پۆست و پله‌وپایه‌یه‌ك، سیاسی بێت یان ئیداری یان دادوەری …تاد. هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی هه‌ر یاسا و ڕێسايەك كه مافی ژنان له‌به‌شداریكردنی یه‌كسان له ژیانی سیاسی و ئیداری كۆمه‌ڵگادا به‌رته‌سك ده‌كاته‌وە.
- یه‌كسانیی ته‌واوی مافەکان و جێوشوێنی یاسایی ژن و پیاو له‌خێزاندا. هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئیمتیازاته‌كانی پیاو وەکو”سه‌رپه‌رشتیاری خێزان” و دانانی ماف و ئه‌ركی یه‌كسان بۆ ژن و پیاو له‌په‌یوه‌ند به سه‌رپه‌رشتی و په‌روه‌رده‌كردنی مناڵ، كۆنترۆڵكردن و به‌ڕیوه‌بردنی ماڵ و موڵك و كاروباری دارایی خێزان، میرات، هه‌ڵبژاردنی شوێنی ژیان و نیشته‌جێبوون، كاری ناوماڵ و پیشه‌یی، ته‌ڵاق، سه‌رپه‌رشتیکردنی مناڵانی ساوا له‌حاڵه‌تی جیابوونه‌وه‌دا و به‌شكردن و خاوه‌ندارێتیكردنی ماڵ‌وموڵكی خێزان. قه‌ده‌غه‌كردنی فره‌ژنی. قه‌ده‌غه‌كردنی سیغه. هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌و ئه‌ركانه‌ی له شه‌رع و دابونه‌ریته كۆنه‌كاندا بۆ ژن به‌رامبه‌ر به پیاو دیاریكراوه و ده‌بنه مایه‌ی یه‌خسیربوونی، قه‌ده‌غه‌كردنی په‌یوه‌ندیی جنسیی مێرد له‌گه‌ڵ ژنه‌كه‌یدا به‌بێ مه‌یلی ژن، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر به‌بێ توندوتیژیش بێت. لە حاڵەتی شكاتکردنی ژنەکەدا دەبێ ئەم كەيسانە وەکو ده‌ستدرێژیی جنسیی له‌لایه‌ن مێرده‌كه‌یه‌وه په‌یگیری بکرێ و دادگایی بكرێ. قه‌ده‌غه‌كردنی سه‌پاندنی كاری ناوماڵ یاخود ئه‌ركی تایبه‌تیی ماڵداریی به‌سه‌ر ژنان له خێزاندا. دانانی سزای قورس بۆ هه‌رجۆره ئازاردان، ترساندن، ئازادی زه‌وتكردن، سووكایه‌تی و توندوتیژیه‌ك له‌دژی ژنان و كچان له خێزاندا.
- یه‌كسانیی ته‌واوی ژن و پیاو له مه‌یدانی ئابووری و كاری پیشه‌ییدا. باڵكێشانی یه‌كسانی یاسا‌كانی كار و بیمه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان به‌سه‌ر ژنان و پیاواندا، به‌بێ هیچ جۆره جیاكاریه‌ك. كرێ‌ی یه‌كسان بۆ ژن و پیاو له‌به‌رامبه‌ر كاری هاوشێوه‌دا. هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی هه‌رجۆره ته‌نگه‌به‌ریه‌ك بۆ چوونی ژنان بۆ سه‌ر كار و پیشه جیاجیاكان. یه‌كسانیی ته‌واوی ژنان و پیاوان له هه‌موو كاروباره‌كانی په‌یوه‌ست به كرێ، بیمه‌كان، ئیجازەکان ، سه‌عات و شیفتی كار، كاردابه‌شكردن و پۆلێنكردنی كاره‌كان، پلەبه‌رزبوونه‌وه له كاردا، نوێنه‌رایه‌تیكردنی كرێكاران له ئاسته جیاجیاكاندا. په‌سه‌ندكردن و به‌ڕێوه‌بردنی یاسا‌ورێسا و ستانداردی تایبه‌تی له دامه‌زراوه‌كاندا بۆ زامنكردنی به‌رده‌وامبوونی ژنان له‌سه‌ر كار‌و پیشه‌كانیان، وه‌كو قه‌ده‌غه‌كردنی ده‌ركردنی ژنانی دووگیان، قه‌ده‌غه‌كردنی سپاردنی كاری قورس به ژنانی دووگیان و دابینكردنی پێداویستیه تایبه‌تیه‌كانی ژنان له‌شوێنی كاردا. ١٦ هه‌فته مۆڵەت بۆ كاتی دووگیانی و مناڵبوون و یه‌ك ساڵ مۆڵەت بۆ چاودێریكردنی كۆرپه، كه ده‌بێ به‌پێی ڕێككه‌وتنی هه‌ردوولا له‌لایه‌ن ژن و مێرده‌وه كه‌ڵكی لـێوه‌ربگیرێ. پێكهێنانی هه‌یئه‌ته‌كانی لێپرسینه‌وه و كۆنترۆڵكردن كه ئه‌ركیان چاودێریكردنی به‌ڕێوه‌بردنی ئه‌م ئه‌ركانه‌یه له‌لایه‌ن دامه‌زراوه‌كانه‌وه.
پێكهێنانی دامه‌زراوه‌ی تایبه‌ت بۆ ده‌ستنیشانكردن و بڕیاردان له‌سه‌ر جێبه‌جێكردنی مافه‌كانی ژن و پیاو له كاره پیشه‌ییه‌كان و شوێنه‌كانی كاردا بەشێوەی یەکسان، چ ده‌وڵه‌تی بێت یان غه‌یره ده‌وڵه‌تی، قازانج نەویست بێت یان قازانجهێنه‌ر. لێپێچینەوەی یاسایی و سزادانی گه‌وره‌ی ئه‌و دامه‌زراوه و به‌ڕێوه‌به‌رانه‌ی كه بنەمای یه‌كسانیی ڕه‌های ژن و پیاو له چالاكی پیشه‌ییدا پێشێل ده‌كه‌ن.
پێكهێنانی دامه‌زراوه و داموده‌زگا و فه‌راهه‌مكردنی ئاسانكاریی خۆڕایی وه‌ك دایه‌نگه و باخچه‌ی ساوایان و مه‌ڵبه‌نده‌كانی یاری و په‌روه‌رده‌كردنی ساوایان له گه‌ڕه‌كه‌كاندا كه به له‌به‌رچاوگرتنی گوشاری یه‌كلایه‌نه‌ی كاری ناوماڵ و چاودێریكردنی مناڵان له‌سه‌ر ژنان له هه‌لومه‌رجی ئێستادا، هه‌نگاونانی ژنان بۆناو چالاكی ئابووری و سیاسی و كه‌لتووری له ده‌ره‌وه‌ی خێزان ئاسان ده‌كه‌ن.
- هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌و یاساوڕێسا ده‌ستوپێگیر و دواكه‌وتووه ئه‌خلاقی، كه‌لتووری و ناموسیانه‌ی كه له‌گه‌ڵ سه‌ربه‌خۆیی و ئیراده‌ی سه‌ربه‌خۆی ژنان و شه‌خسیه‌تی ئه‌وان وه‌كو هاوڵاتیه‌كی خاوه‌ن مافی یه‌كسان له كۆمه‌ڵگادا نایه‌نه‌وه. هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی هه‌رجۆره كۆسپ دانانێك له‌ڕێگای مافی سه‌فه‌ركردن و جێگۆڕكێی ژناندا، شووی كردبێ یان نه‌یكردبێ، له ناوخۆ یان لە ده‌ره‌وه‌ی وڵات، به حه‌ز و ئاره‌زووی خۆی. هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌و یاسا‌وڕێسایانەی كه ئازادی ژنان له هه‌ڵبژاردنی جلوبه‌رگ و پۆشاكیاندا، هه‌ڵبژاردنی كار و هاوه‌ڵانیاندا، به‌رته‌سك ده‌كه‌نه‌وه. قه‌ده‌غه‌كردنی هه‌رجۆره جیاكردنه‌وه‌یه‌كی ژنان و پیاوان له دامه‌زراوە و كۆڕ و كۆبوونه‌وه و گوزه‌ر و هۆیه‌كانی گواستنه‌وه‌ی گشتیدا. فێركردن و بارهێنانی تێكه‌ڵاو له هه‌موو ئاسته‌كاندا. قه‌ده‌غه‌كردنی به‌كارهێنانی ئەو نازناوانەی كه ژن به‌پێی جێوشوێنی له‌به‌رانبه‌ر پیاودا پێناسه ده‌كات، له نامه و نووسراو و قسه‌وباسه ڕه‌سمیه‌كاندا له‌لایه‌ن كاربه‌ده‌ستان و داموده‌زگا و دامه‌زراوه ده‌وڵه‌تی و تایبه‌تیه‌كانه‌وه. قه‌ده‌غه‌كردنی هه‌رجۆره خۆتێهەڵقورتاندنێك له‌لایه‌ن هه‌ر ناوه‌ندێكه‌وه بێت، چ كه‌سوكار بێت یان دامودهزگاو ناوه‌نده ڕه‌سمیه‌كان له ژیانی تایبه‌تی و په‌یوه‌ندیه شه‌خسی و سۆزداری و جنسیه‌كانی ژناندا. قه‌ده‌غه‌كردنی هه‌رجۆره مامه‌ڵه‌یه‌كی سوكایه‌تی ئامێز، پیاوسالارانه، باوكسالارانه و نایه‌كسان له‌گه‌ڵ ژناندا له داموده‌زگا و دامه‌زراوه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كاندا. قه‌ده‌غه‌كردنی ئاماژە كردن بۆ ڕەگەزی ئینسانه‌كان له ئاگاداریه‌كانی كاردا. لابردنی هه‌موو ئاماژه جیاکاری و سوكایه‌تی ئامێزه‌كان به‌رامبه‌ر به ژنان له كتێب و سه‌رچاوه‌كانی خوێندندا و له‌بری ئه‌مه دانانی بابەتی خوێندنی پێویست بۆ نیشاندانی یه‌كسانیی ژن و پیاو و ڕه‌خنه‌گرتن له شێوه جیاجیاكانی سته‌مكێشی ژن له كۆمه‌ڵگادا. پێكهێنانی داموده‌زگای پشكنین و دیاریکردنی تاوان و یه‌كەکانی پۆلیسی تایبه‌ت به مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ حاڵه‌ته‌كانی ئازاردان و جیاکاری به‌رامبه‌ر به ژنان.
- هه‌وڵی چڕ‌وپڕ و ڕاسته‌وخۆی داموده‌زگا په‌یوه‌ندیداره ده‌وڵه‌تیه‌كان بۆ خه‌بات له دژی كه‌لتووری پیاوسالارانه و دژی ژن له كۆمه‌ڵگادا. هاندان و به‌هێزكردنی ئه‌و داموده‌زگا نا ده‌وڵه‌تیانه‌ی كه بۆ به‌دیهێنان و سه‌قامگیركردنی یه‌كسانیی ژن و پیاو تێده‌كۆشن.
یه‌كسانیی هه‌موو دانیشتووانی وڵات له ڕووی یاساییەوە، به‌بێ له‌به‌رچاوگرتنی ڕه‌گه‌زنامه‌یان
یه‌كسانیی ته‌واو و بێقهیدوشهرتی هه‌موو دانیشتوانی كوردستان، سه‌ربه‌خۆ له ڕه‌گه‌زنامه‌یان، له هه‌موو ماف و ئه‌ركه یاساییه‌كاندا، به فه‌ردی و مه‌ده‌نی و سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و باشبژێویه‌كانه‌وە.
بەهرەمەندبوونی یەکسانی هەموو كرێكاران لە یاسا‌كانی كار‌و باشبژێویی كۆمه‌ڵایه‌تی، به‌بێ له‌به‌رچاوگرتنی ڕه‌گه‌زنامه‌یان.
به‌خشینی مۆڵه‌تنامه‌ی هاتنه‌ژووره‌وه، مانه‌وه، كاركردن و كارته‌كانی بیمه و…تاد بۆ هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ی خوازیاری مانه‌وه‌ن له كوردستاندا.
قه‌ده‌غه‌كردنی جیاكاریی نه‌ژادی
حیزبی كۆمۆنیستی كرێكاری لێبڕاوانه له دژی هه‌رجۆره جیاكاریه‌كی نه‌ژادی و نه‌ژادپه‌رستانه خه‌بات ده‌كات. نه ته‌نها هه‌رجۆره جیاكاریه‌ك له‌سه‌ر بناغه‌ی نه‌ژاد ده‌بێ ڕاشكاوانه له یاسا‌كانی ووڵاتدا قه‌ده‌غه بكرێت، به‌ڵكو دژایه‌تیكردنی لێبڕاوانه‌ی جیاكاریی نه‌ژادی له‌ئاستی جیهاندا ده‌بێ به‌شێكی هه‌میشه‌یی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی وڵات پێكبهێنێت.
سڕینەوە سته‌می نەتەوەیی
حیزبی كۆمۆنیستی كرێكاری تێده‌كۆشێ له‌پێناو سڕینەوەی ته‌واوی هه‌رجۆره سته‌مێكی نه‌ته‌وه‌یی و هه‌رجۆره جیاكاریه‌ك له‌سه‌ر بناغه‌ی ئینتیمای نه‌ته‌وه‌یی له یاسا‌كانی ووڵات و كاركرده‌كانی ده‌وڵه‌تدا. حیزبی كۆمۆنیستی كرێكاری ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی، ده‌مارگیری نه‌ته‌وه‌یی و ناسیۆنالیزم به بیروباوه‌ڕ و مەیلێکی زۆر دواكه‌وتوو، تێكده‌ر و ناكۆك له‌گه‌ڵ پیرۆزیی ئینسان و ئازادی و یه‌كسانیی ئینسانه‌كاندا ده‌زانێ و لێبڕاوانه له دژی هه‌رجۆره دابه‌شكردنێكی نه‌ته‌وه‌یی دانیشتووانی ووڵات و هه‌رجۆره پێناسه‌كردنێكی شوناسى نه‌ته‌وه‌یی بۆ خه‌ڵكی، ده‌وه‌ستێته‌وه. حیزبی كۆمۆنیستی كرێكاری خوازیاری دامەزراندنی نیزامێكه كه تیایدا دانیشتوانی ووڵات به‌بێ له‌به‌رچاوگرتنی نه‌ته‌وه یان هه‌ستی ئینتیمای نه‌ته‌وه‌یی خۆیان، ئه‌ندامانی خاوه‌ن مافی یه‌كسانی كۆمه‌ڵگا بن و هیچ جۆره جیاكاریه‌ك چ به پۆزه‌تیڤ و چ نه‌گه‌تیڤ له به‌رامبه‌ر خه‌ڵكی سه‌ربه نه‌ته‌وه جیاجیاكاندا پیاده نه‌كرێت. حیزبی كۆمۆنیستی كرێكاری تێكۆشان له‌پێناو سڕینه‌وه‌ی ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی و جێگرتنەوەی بە ناسنامه‌ی چینایه‌تی و ئینسانیی گشتی و جیهانیی كرێكاران به‌ئه‌ركێكی بنه‌ڕه‌تیی خۆی ده‌زانێ.
وه‌كو پرەنسیپێکی گشتی، حیزبی كۆمۆنیستی كرێكاری خوازیاری پێكه‌وه‌ژیانی خه‌ڵكی سه‌ر به نه‌ته‌وه جیاجیاكانه وه‌كو هاووڵاتیانی ئازاد و خاوه‌ن مافی یه‌كسان له چوارچێوه‌یەکی ووڵاتیی گەورەتردا كه ڕێکخستنی ڕیزی به‌هێز و توانای كرێكاری له مه‌یدانی خه‌باتی چینایه‌تیدا ئاسان ده‌كات. له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا و له‌و حاڵه‌تانه‌دا كه پێشینه‌ی سته‌می نه‌ته‌وه‌یی و دژایه‌تی نێوان خه‌ڵكی سه‌ربه نه‌ته‌وه جیاجیاكان پێكه‌وه‌ژیانی ئه‌وانی له‌چوارچێوه‌ی ووڵاتەکانی ئێستادا دژوار و پڕ ده‌رده‌سه‌ر كردووه، حیزبی كۆمۆنیستی كرێكاری مافی جیابوونه‌وه‌ی نه‌ته‌وه سته‌ملێكراوه‌كان و پێكهێنانی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆ له‌ڕێگه‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ی ڕاسته‌وخۆ بۆ ڕای خودی ئه‌و خه‌ڵكه، به‌ڕه‌سمی ده‌ناسێ.
مه‌سه‌له‌ی كورد
بە ڕەچاوکردنی؛ پێشینەی دوورودرێژی ستەمی میللی لەسەر خەڵکی کورد لە هەموو وولاتانی ناوچەکەدا، دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی عێراق وەکو ده‌وڵه‌تێكی ناسیۆنالیستی عه‌ره‌بی و دانی مۆری ئه‌تنیكی و نه‌ته‌وه‌یی جیاواز له ناوچه‌وانی دانیشتوانی عێراق، پراكتیزه‌كردنی جیاکاری نه‌ته‌وه‌یی و ئه‌تنیكی ده‌رهه‌ق به دانیشتوانی غەیری عەرەب زمان کە هۆکاری دابه‌شكردنی دانیشتووانە له‌سه‌ر بناغه‌ی ئینتیمای نه‌ته‌وه‌یی و ئه‌تنیكی، كردنی ئەم جیاکاریە به یه‌كێك له كۆڵه‌كه بنه‌ڕه‌تیه‌كانی قه‌واره‌ی ده‌سه‌ڵاتی بۆرژوازی ئه‌م وڵاتە و بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە حكومه‌ته یه‌ك له‌دوای یه‌كه‌كانی ناسیۆنالیزمی عه‌ره‌بی له‌عێراق هه‌ستی نه‌ته‌وه‌ییان دنەداوە و ئاگری ڕق و كینه و پاكتاوكردنی نه‌ته‌وه‌یی و ئه‌تنیكییان خۆشکردوە و سه‌ركوتی خوێناوی خواستی ڕه‌وای جه‌ماوه‌ری كوردستان بۆ ڕزگاربوون له‌ده‌ست سته‌می نه‌ته‌وه‌ییان پیادەکردوە، ئەمە و ململانێ‌یان له‌گه‌ڵ ناسیۆنالیزمی كورد و جه‌نگیان له‌به‌رانبه‌ر بزووتنه‌وه ئۆتۆنۆمی خوازه‌كانی كوردستانی عێراقدا، كینه و قڵشتی نه‌ته‌وه‌ییان كردوه‌تە یه‌كێك له سیما دزێوه‌كانی كۆمه‌ڵگای عێراق. له پاش جه‌نگ و داگیركاریی عێراق و ڕوخاندنی ده‌سه‌ڵاتی به‌عسیش، نه‌خشه‌كانی ئه‌مریكا و بۆرژوازی عێراق بۆ سه‌رله‌نوێ سازدانه‌وه‌ی ده‌وڵه‌ت له‌سه‌ر بنه‌مای دابه‌شكاریی نه‌ته‌وه‌یی، ئه‌تنیكی و دینی، قه‌ڵه‌شت و ڕکەبەری نه‌ته‌وه‌ییان له عیراقدا قوڵتر کردوەتەوە. لە ئاکامی هەموو ئەمانەدا پێکەوە ژیانی ئاسودە و دوور لە دەردەسەری خەڵکی کورد و عەرەب لە چوارچێوەی عێراقێکی یەکپارچەدا سەخت و دژوار بووە.
کۆتایهینان بە دەسەڵاتی قەومی-ئیسلامی ئیستای عێراق و هاتنەسەرکاری دەوڵەتێک کە دوور لە ناسنامەی نه‌ته‌وه‌یی و دینی و مەزهەبی بە چاوێکی ئازاد و یەکسان تەماشای هەموو دانیشتوان بکات، دەتوانێ کۆتایی بەم کێشە و دووبەرەکیە بهێنێت. بەرپاکردنی شۆڕشی کرێکاری و دامەزراندنی دەوڵەتی کرێکاری کە ئەلتەرناتیڤی حزبی كۆمۆنیستی كرێكاریە، بەشێوەیەکی ڕیشەیی ئەو کێشەیەش چارەسەر دەکا‌ت. لە هەمان کاتدا تا کاتێک ئەم هەلومەرج و کێشەیە بەردەوام بێت، حیزبی کۆمۆنیستی کریکاری خەبات دەکا‌ت بۆ چارەسەری ئەم گرفت و کێشەیە لە پێناو دەستەبەرکردنی مافی جیابونەوە و پێکهێنانی دەوڵەتیکی سەربەخۆ له ڕێگه‌ی پرۆسه‌یه‌كی هه‌ڵبژاردنی ئازاد و گشتیه‌وه و هەروەها له دژی هه‌رجۆره هه‌نگاوێكی توندوتیژ و سه‌ربازی بۆ به‌رگرتن به‌م هه‌ڵبژاردنه ئازادانه‌یه ده‌وه‌ستێته‌وه. حزبی كۆمۆنیستی كرێكاری تیده‌كۆشیت بۆ یه‌كلایی كردنه‌وه‌ی ده‌ستبه‌جێی ئەم مه‌سه‌له‌یە و ده‌ركێشانی خه‌ڵكی عێراق و كوردستان له ژێرباری ڕکەبەری نه‌ته‌وه‌یی له ڕێگه‌ی به‌رپاكردنی ڕیفراندۆمێكی ئازاده‌وه له ناوچه كوردنشینه‌كانی باكوری عێراق له‌ژێر چاودێری داموده‌زگا ڕه‌سمیه نێونه‌ته‌وه‌ییه‌كاندا.
حزبی كۆمۆنیستی كرێكاری گه‌ڵاڵه جۆاوجۆره‌كانی فیدرالیزمی نه‌ته‌وه‌یی بۆ كوردستان كه له‌لایه‌ن هێزه‌كانی بزووتنه‌وه‌ی ناسیۆنالیستیی كورده‌وه ده‌خرێته ڕوو، نه ته‌نها به هه‌نگاوێكی ڕووله‌پێش نازانێت به‌ئاقاری چاره‌سه‌ركردنی ئه‌م مه‌سه‌له‌یه، به‌ڵكو ئه‌مانه به گه‌ڵاڵه‌یه‌ك داده‌نێ بۆ هەتاهەتایی كردنه‌وه‌ی ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی كورد‌و غه‌یره كورد له چوارچێوه‌ی وڵاتێكی یه‌كپارچه‌دا، هه‌روه‌ها بۆ ئه‌به‌دیكردن و شه‌رعییه‌ت دان به جیابوونه‌وه نه‌ته‌وه‌ییه‌كان و زه‌مینه‌سازیی بۆ درێژه‌پێدانی دژایه‌تی و كێشمه‌كێشه نه‌ته‌وه‌ییه‌كان له ئاینده‌دا.
هه‌روه‌ها حزبی كۆمۆنیستی كرێكاریی كوردستان له دژی هه‌ر چه‌شنه هه‌وڵێكی كۆنه‌په‌رستانه بۆ جیاكردنه‌وه و به‌گژیه‌كداكردنی دانیشتوانی كوردزمان و باقی دانیشتوانی كوردستان و عیراق ڕاده‌وه‌ستێ و خەبات دەکا‌ت له‌پێناو دورخستنەوەی جه‌ماوه‌ری كوردستان له ململانێ و كێبه‌ركێی كۆنه‌په‌رستانه‌ی نێوان ناسیۆنالیزمی كورد و عەرەب.
حزبی كۆمۆنیستی كرێكاری هه‌رجۆره بڕیارێک له‌باره‌ی ئاینده‌ی سیاسی كوردستانه‌وه كه به‌بێ گه‌ڕانه‌وه بۆ ڕای گشتیی خه‌ڵكی كوردستان و ته‌نها له‌سه‌ر بناغه‌ی بڕیاری ده‌وڵه‌تی مه‌ركه‌زی، وەیان ڕێككه‌وتنی سه‌روخه‌ڵكیی نێوان ده‌وڵه‌ت و حزبه محه‌لیه‌كان پیاده بكرێت، لە ڕوانگەی بەرژەوەندی سیاسی خەڵکی کوردستانەوە بە نامه‌شروع و دژ بە ئیرادەی سیاسی ئەوان دادەنێت.
پاراستنی ژینگه
كێشه‌ی ژینگه ئه‌مڕۆ له ئاستی دنیادا بۆته كێشه‌یه‌كی گه‌رم و ده‌م‌وده‌ست. مرۆڤایەتی له‌به‌رامبه‌ر مه‌ترسی گه‌وره‌ی تێكچوونی ژینگه‌ی گۆی زه‌وی و كاریگه‌ریه ماڵوێرانكاریه‌كانی له‌سه‌ر ژیانی ئینسانی ئه‌م سه‌رده‌مه و نه‌وه‌كانی داهاتوو وه‌ستاوه. به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌و لێكدانه‌وانەی كه هۆکاری پیسبوونی ژینگە بەشێوەیەکی یەکلایەنە دەگێڕنەوە بۆ پراتیکی مرۆڤ و کاریگەریەکانی مۆدێرنیزم و پیشەسازیی هاوچەرخ، ئه‌م كێشه‌یه ئه‌گه‌ر به ڕواڵه‌تیش په‌یوه‌ست بێت به پێشكه‌وتنی ته‌كنه‌لۆژیا و پیشه‌سازی نوێوه، به‌ڵام له جه‌وهه‌ری خۆیدا په‌یوه‌ندی ڕاسته‌خۆی به شێوازی به‌رهه‌مهێنانی سه‌رمایه‌داری و خه‌سڵه‌ته بنه‌ڕه‌تیه‌كانیه‌وه هه‌یه، ئەم نیزامە کە بزوێنەرە سەرەکیەکەی قازانجی سەرمایەیە بەتەواوەتی پێچەوانەی بەهرەمەندبوونی مرۆڤایەتیە لە ژینگەیەکی ئارام و خاوێن.
پیسبوونی بەردەوامی ژینگە بەهۆی چالاکیەکانی نیزامی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری و گوێخەواندنی دەوڵەتەکان لە بانگەشەی کۆنترۆڵکردنی پیسبوون، چەند ئاکامێکی ترسناكی لەسەر ئاستی گۆڕانی ئاووهەوای سەرزەوی و خێرابوونی کاریگەریە وێرانکاریەکانی بۆداهاتوو و ژیانی مرۆڤایەتی لێکەوتۆتەوە. بەشێوەیەکی تایبەتی لە عێراقدا، جەنگە یەك لەدوای یەکەکان و بەدیاریکراوی جەنگەکانی ئەمریکا و داگیرکاریەکەی ئاسەواری کارەساتباری بەجێهێشتوە و بوەتە هۆی پیسبوونێکی فراوانی ژینگە و بڵاوبوونەوەی نەخۆشی مەترسیدار و دروستبوونی مناڵی نائاسایی کە کاریگەریەکانی تا ماوەیەکی درێژ لەسەر نەوەکانی داهاتوو بەجێ دەمێنێ.
کۆتایی هێنان به سیسته‌می سه‌رمایه‌داری مه‌رجێکی سه‌ره‌کی بەهرەمەندبوونی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتیە لە ژینگەیەکی خاوێن و تەندروست و سەلامەت. پاراستنی ژینگه یه‌كێك له پرنسیپه بنچینه‌ییه‌كانی یاسا و سیاسه‌تی حکومەتی كرێكاری دەبێ، هاوکات به‌شداریکردنی كارا له هه‌وڵه جیهانیەکان بۆ پاراستنی ژینگە و هه‌وڵدان بۆ قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی ئەو زیانانەی له ژینگه کەوتون یان دەکەون ئه‌ركێكی هه‌میشه‌یی ئەم حکومەتە دەبێت.
هه‌ر ئه‌مڕۆش حزبی كۆمۆنیستی كرێكاریی كوردستان له ئاستی نێودەوڵەتی و ناوچه‌ییدا شێلگیرترین هێزی به‌رگریكار له ژینگه‌یه و پشتیوانیش لە هەموو هەوڵ و تیکۆشانێک دەکا‌ت بۆ ئەم مەبەستە له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌و هێز‌ولایه‌نانه كه له‌م مه‌یدانه‌دا تێده‌كۆشن.
له ئاستی كوردستانیشدا حزبی كۆمۆنیستی كرێكاریی كار ده‌كات بۆ:
– ڕێگاگرتن له پیسبوونی ئاو (خواردنه‌وه‌و نه‌خواردنه‌وه)، گرتنه‌به‌ری به‌رنامه‌ی پێویست بۆ ئه‌م مه‌به‌سته.
– پاكژكردنه‌وه‌ی هه‌وای پیسی شاره‌كان له ڕێگای گرتنه به‌ری به‌رنامه‌ی جۆراوجۆری زیادكردنی ڕووبه‌ره سه‌وزه‌كان، به‌رته‌سككردنه‌وه‌ی به‌كارهێنانی ئۆتۆمبیلی شه‌خسی له‌ناو شاره‌كاندا و بره‌ودان به هۆیه‌كانی گواستنه‌وه‌ی گشتی و گرتنه‌به‌ری به‌رنامه‌ی تایبه‌ت بۆ جێگرتنه‌وه‌ی هۆیه‌كانی گواستنه‌وه به‌وانه‌ی كه سووته‌مه‌نی كه‌م زیانتر به‌كار ده‌به‌ن. هەروەها دامەزراندنی کۆمەڵە سیستەمێك بۆ داسەپاندنی جۆرێك تەکنۆلۆژیا کە دەرهاویشتەکانی ئۆتۆمۆبیل و ئامێرەکان کەم بکاتەوە.
– دامەزراندنی تۆڕەکانی ئاوەڕۆی گونجا‌و بەپێی ستاندارد‌ە جیهانیەکان لە سەرجەم شار و شارۆچکە و گوندەکاندا. دروستکردنی دامەزاروەی پیشەسازی بۆچارەسەرکردنی پاشەرۆکی ئاوەڕۆکان.
– سەپاندنی باج بەسەر ئەو کۆمپانیایانەی کە چالاکیەکانیان دەبێتە هۆی دەرهاویشتنی مادە زیانبەخشەکان و ناچارکردنیان بۆ بەکارهێنانی تەکنۆلۆژیای پێویست بۆکەمکردنەوەی ئەو دەرهاویشتانەی لە کارگەکان و ئامێرەکانەوە بەرهەم دێن.
– كه‌مكردنه‌وه‌ی به‌كارهێنانی سوته‌مه‌نیە بەبەردبووەکان (Fossil Fuel) وه‌ك خه‌ڵوزی به‌ردین، گازی سروشتی و پێترۆل و بەکارهێنانی ئه‌و سەرچاوانەی ووزە کە کەمترین دەرهاویشتەیان دەبێ.
– چاره‌سه‌ركردنی زه‌ره‌ر‌وزیانه‌كان و پاشماوه‌كانی به‌كارهێنانی چه‌كه كۆمه‌ڵكوژه‌كان له ناوچه جۆربه‌جۆره‌كانی كوردستان و قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتوان.
– هەڵگرتنەوەی مین لە ناوچە کشتوکاڵی و غەیرەکشتوکاڵیەکان.
– قه‌ده‌غه‌كردنی به‌كارهێنانی ئەو هۆرمۆنانەی یارمه‌تی خێرا گه‌شه‌كردنی بەرهەمە ئاژەڵیەکان دەدەن. قەدەغەکردنی خراپ بەکارهێنانی ئەو مەوادە کیمیاویانەی لە کشتوکاڵدا بەکاردێت.
– كۆنترۆڵكردن و چاو‌دێركردنی ده‌رهێنانی سامانه سروشتیه‌كان له لایه‌ن ده‌زگا زانستی و پیشه‌ییه‌كان به جۆرێك كه كاریگه‌ریه زیانباره نزیكماوه و درێژماوه‌كانی تا كه‌مترین ئاستی مومكین نزم بكرێته‌وه.
– ئاماده‌كردنی ڕاپۆرت و ئامار سه‌باره‌ت به‌و ئاڵوگۆرانەی له مه‌سه‌له‌ی ژینگه‌دا ڕوویانداوە، هه‌موو خه‌ڵكی كوردستان مافیانه هه‌ركات بیانه‌وێت ده‌ستیان به‌و ڕاپۆرت و ئامارانه بگات.
-ڕِێگرتن له له‌ناوچوونی ڕوولەسەری دارستانه‌كان و ووشکەساڵی و فراوانبوونی بە بیابان بوون.
– قەدەغەکردنی ڕاوکردنی دڕندانەی ئاژەڵە کێوەیەکان و باڵندەکان و ماسی.
– دانانی بەرنامەو پلانی چالاك بۆ بردنەسەری هوشیاری هاوڵاتیان سەبارەت بە پاراستنی ژینگە.
ستاندارد‌ە كۆمه‌ڵایه‌تی و كه‌لتووریه مۆدێرن و پێشڕه‌وه‌كان
ستاندارد‌ە سیاسی و ئیداریه‌كانی كۆمه‌ڵگا ده‌بێ كۆمه‌ڵه ستانداردێکی مۆدێرن و سكولار و پێشڕه‌و بن. بنچینه‌ی ئه‌م ستاندارد‌ە پێشڕه‌وانه مانای دابڕانی ته‌واوی حوكمڕانی و ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌تیی و سیستمی ئیداری وڵاته له دین و پیرۆزیە ئه‌تنیكی و نه‌ته‌وه‌یی و نه‌ژادیەکان و هه‌ر ئایدۆلۆژی و دامه‌زراوێك كه له‌گه‌ڵ یه‌كسانی ته‌واو و ڕه‌های مافه مه‌ده‌نیه‌كانی هه‌موو هاووڵاتیان و باڵكێشانی یه‌كسانی یاساكان به‌سه‌ر هه‌موواندا ناكۆك بێت، وە یان ئازادی ئه‌ندێشه و ڕه‌خنه و ژیانی زانستیی كۆمه‌ڵگا ته‌نگه‌به‌ر بكاته‌وه. دین و ناسیۆنالیزم دوو ڕه‌وتی فیكری و كۆمه‌ڵایه‌تین كه لە ناخی خۆیاندا، دووبەرەکی دەنێنەوە و خورافی و ناكۆكن له‌گه‌ڵ ئازادی و گەشە و هەڵدانی ئینساندا. به‌شێوه‌یه‌كی دیاریكراو دین، ته‌نانه‌ت وه‌كو كاری تایبه‌تی تاكه‌كانیش، كۆسپه له‌به‌رده‌م ڕزگاری و گەشە و پێشکەوتن و باڵاكردنی ئینساندا.
بۆیه به‌رپاكردنی ده‌وڵه‌ت و نیزامێكی سیاسی مۆدێرن و سكۆلار ته‌نها هه‌نگاوی یه‌كه‌مه له ڕێگای ڕزگاریی هه‌مه‌لایه‌نه‌ی ئینسانه‌كان له چنگی خورافات و ده‌مارگیریی ساویلكانه‌ی دینی، نه‌ته‌وه‌یی و ئه‌تنیكی و نه‌ژادی و ڕەگەزی.
حزبی كۆمۆنیستی كرێكاری خوازیاری پیاده‌كردنی ئه‌م بنه‌مایانه‌ی خواره‌وه‌یه:
دین و نه‌ته‌وه و ئه‌تنیك
- ئازادی دینداری و بێدینی و جیایی ته‌واوی دین له ده‌وڵه‌ت. داته‌كاندنی یاسا‌كانی وڵات له هه‌موو ناوه‌ڕۆك و پشتبه‌ستن و كاریگه‌ریه‌كی دین. كردنی دین به كاری تایبه‌تی تاكه‌كان. هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ده‌سته‌واژه‌ی دینی ڕه‌سمی. سڕینه‌وه‌ی هه‌رجۆره ئاماژه‌كردنێك به دینی كه‌سه‌كان له یاساكان و بەڵگە ناسنامه‌یی و ئیداریه‌كانی په‌یوه‌ست به‌خۆیان. قه‌ده‌غه‌كردنی لكاندنی تاكه‌كان، به‌تاك یان به‌كۆ، به‌هه‌رجۆره ئینتمایه‌كی ڕه‌گه‌زی و دینیه‌وه له به‌ڵگه‌نامه ڕه‌سمیه‌كان و میدیاكان و…تاد.
- جیاكردنه‌وه‌ی ته‌واوی دین له خوێندن و په‌روه‌رده. قه‌ده‌غه‌كردنی خوێندنی وانه دینیه‌كان، ئه‌حكامه دینیه‌كان، وه یان ڕاڤه‌كردنی دینیی بابه‌ته‌كان له خوێندنگه و دامه‌زراوه‌كانی فێركردندا. هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ده‌ستبه‌جێی هه‌موو ئه‌و یاسا و ڕێسایانه‌ی كه له‌گه‌ڵ مه‌بده‌ئی فێركردن و پەروەردەکردنی نادینی دا ناكۆكن.
- قه‌ده‌غه‌كردنی هه‌رجۆره پشتیوانیه‌كی دارایی و ماددی و مه‌عنه‌وی له دین و چالاكی و دامه‌زراو و ده‌سته دینیه‌كان له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌ت و ده‌موده‌زگا ده‌وڵه‌تیه‌كانه‌وه. ئه‌ركی ده‌وڵه‌ته كه له‌ڕێگه‌ی كاركردن بۆ هوشیاركردنه‌وه و بردنه‌سه‌ری ئاستی خوێنده‌واری و زانیاری و زانستی گشتیه‌وه دین له لایه‌نه جۆراوجۆره‌كانی ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی بسڕێته‌وه. سڕینه‌وه‌ی هه‌رجۆره ئاماژه‌كردنێك بۆ بۆنه‌و ساڵڕۆژه دینیه‌كان له ڕۆژژمێری ڕه‌سمیدا.
- قه‌ده‌غه‌كردنی مه‌راسیمی دینی توند‌وتیژئامێز و نا ئینسانی. قه‌ده‌غه‌كردنی هه‌رجۆره چالاكی و مه‌راسیم و نمايشێكی دینیی كه له‌گه‌ڵ ئازادی و مافه مه‌ده‌نیه‌كانی خه‌ڵك و مه‌بده‌ئی یه‌كسانیی هه‌موواندا ناكۆك بێت. قه‌ده‌غه‌كردنی هه‌رجۆره نمايشێكی دینیی كه ببێته مایه‌ی شێواندنی ئاسوده‌یی و هه‌ست به ئاسایشكردنی خه‌ڵك. قه‌ده‌غه‌كردنی هه‌رجۆره مه‌راسیم و ڕه‌فتارێكی دینیی كه له‌گه‌ڵ یاسا و ڕێساكانی په‌یوه‌ست به ته‌ندروستی و سه‌لامه‌تیی تاكه‌كان و ژینگه و یاسا‌كانی په‌یوه‌ست به پاراستنی گیانەوەران ناكۆك بێت.
- پاراستنی مناڵان و كه‌سانی ژێر شانزه ساڵ له هه‌رجۆره ده‌ستدرێژیه‌كی ماددی و مه‌عنه‌وی دینه‌كان و دامه‌زراوه دینیه‌كان. قه‌ده‌غه‌كردنی ڕاكێشانی كه‌سانی ژێر شانزه ساڵ بۆ ناو گر‌وپ و سێكته دینیه‌كان و مه‌راسیم و شوێنه دینیه‌كان.
- پێویستيی ناونووسكردنی ڕه‌سمیی دین و گر‌وپ و سێكته دینیه‌كان وه‌ك داموده‌زگا و دامه‌زراوه تایبه‌تیه‌كان و په‌یڕه‌ویكردنی دامه‌زراوه دینیه‌كان له هه‌موو یاسا‌وڕێساكانی په‌یوه‌ست به هه‌ڵسووڕانی دامه‌زراوه‌كان. كۆنترۆڵی دامه‌زراوه یاساییه‌كان به‌سه‌ر حسابات و سجلات و داهات و خه‌رجیی گر‌وپ و سێكت و دامه‌زراوه دینیه‌كاندا. په‌یڕه‌ویكردنی ئه‌م دامه‌زراوانه له یاسا‌كانی باجگیریی په‌یوه‌ست به‌م جۆره دامه‌زراوانه.
- قه‌ده‌غه‌كردنی هه‌رجۆره گوشارێكی جه‌سته‌یی و نه‌فسیی بۆسەر تاکەکان بەمەبەستی قبووڵكردنی دین.
- قه‌ده‌غه‌كردنی ئه‌و ڕێوڕه‌سمه دینی و ڕه‌گه‌زی و ته‌قلیدی و ناوچه‌ییانه‌ی كه له‌گه‌ڵ ماف و یه‌كسانیی و ئازادیی خه‌ڵكدا، چ تاك چ كۆ، یان له‌گه‌ڵ به‌هره‌مه‌ندبوونی ئه‌وان له هه‌موو ئه‌و مافه مه‌ده‌نی و كه‌لتووری و سیاسی و ئابووریانه‌ی كه یاسا دانی پێداناوه، وه یان له‌گه‌ڵ خۆنواندنی ئازادانه‌ی ئه‌وان له‌ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تیدا ناكۆكن.
- ده‌ستبه‌سه‌راگرتن و گێڕانه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌و موڵك و سامان و دارایی و شوێنانه‌ی كه دامه‌زراوه دینی و حزبیه‌كان به‌زۆر، یان له ڕێگه‌ی ده‌وڵه‌ت و داموده‌زگا و دامه‌زراوه جۆراوجۆره‌كانه‌وه به‌ده‌ستیان هێناوه. ئه‌م موڵك و شوێنانه ده‌خرێته به‌رده‌ست دامه‌زراوه‌كانی هه‌ڵبژێردراوی ده‌ستی خه‌ڵك بۆ به‌كارهێنانیان له به‌رژه‌وه‌ندی گشتیدا.
- قەدەغەبوونی پێناسه‌كردنی ده‌سه‌ڵات و ده‌وڵه‌تی كوردستان وه‌كو ده‌سه‌ڵات و ده‌وڵه‌تێكی ئه‌تنیكی كوردی. ڕاگەیاندنی دەوڵەتی کوردستان وەکو دەوڵەتێکی مەدەنی غەیرە قەومی و سکولار. قەدەغەکردنی هه‌ر جۆرە ئاماژه‌یه‌ك بۆ ناسنامه‌ی ئه‌تنیكی و نه‌ته‌وه‌یی و دینی تاکەکان لە بەڵگەنامە ڕەسمیە حکومیەکاندا، هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی هه‌ر چه‌شنه هەڵاواردنێک لە ماف و ئیمتیازاتی تاکەکان و دامەزراوەکان لەسەر ئەم بناغەیە.
- قه‌ده‌غه‌كردنی گرتنه‌به‌ری هه‌رجۆره سیاسه‌ت و كرده‌وه‌یه‌ك كه ببێته هۆی پاكتاوكردنی نه‌ته‌وه‌یی و ئه‌تنیكی و ڕاگوێزانێكی زۆره‌ملـێ، قەدەغەکردنی سزادانی بە کۆمەڵ و تيَكدانى خانوبەرەی خەڵک وەکو جۆرێک لە سزادان. مافی بێئه‌ملاوئه‌ولای گه‌ڕانه‌وه‌ی خه‌ڵكی ئاواره و به‌زۆر كۆچپێكراو بۆ جێگا و ڕێگای خۆیان و دابینكردنی ژیانێكی ئینسانی و باشبژێو بۆیان.
- قه‌ده‌غه‌كردنی هه‌ر چه‌شنه دنه‌دانێكی گیانی شۆڤینیزم و ڕق و كینه‌ی نه‌ته‌وه‌یی له بابه‌ته‌كانی خوێندندا.
- قه‌ده‌غه‌كردنی لكاندنی تاکەکان و كۆڕوكۆمه‌ڵه‌كان به نه‌ته‌وه‌یه‌كی دیاریكراوه‌وه له ئاستی گشتیدا، له میدیاكان، فه‌رمانگه‌كان و…تاد، به‌بێ مۆڵه‌ت وه‌رگرتنی ڕه‌سمی له خۆیان.
- سڕینه‌وه‌ی هه‌رجۆره ئاماژه‌كردنێك بۆ ئینتمای نه‌ته‌وه‌یی تاكه‌كان له بەڵگە ناسنامه‌ییه‌كان، به‌ڵگه‌نامه ده‌وڵه‌تیه‌كان و كاروباره ئیداری‌یه‌كاندا.
- قه‌ده‌غه‌كردنی هه‌رجۆره پڕوپاگه‌نده‌یه‌كی نه‌فره‌تكردنی دینیی، نه‌ته‌وه‌یی، ئه‌تنیكی، نه‌ژادی‌و ڕەگەزی، قه‌ده‌غه‌كردنی پێكهێنانی حیزب و گروپی سیاسی كه خۆبه‌بانترزانینی نه‌ته‌وه‌یی، ئه‌تنیكی، نه‌ژادی، دینی و ڕەگەزی به‌شێك له خه‌ڵكی به‌سه‌ر ئه‌وانی تردا، به‌شێك بێت له پرەنسیپه به‌ڕه‌سمی ڕاگه‌یاندراوه‌كانی.
ژیانی هاوبه‌ش، خێزان، هاوسەرگیری و ته‌ڵاق
هه‌ر جووتێكی سەرووتر له ١٦ساڵ مافیان هه‌یه كه به مه‌یل و ئاره‌زووی خۆیان پێكه‌وه بژین. قه‌ده‌غه‌كردنی هه‌رجۆره ناچاركردن و گوشار دانانێك له‌لایه‌ن هه‌ر كه‌س و ده‌زگایه‌كه‌وه له‌سه‌ر تاكه‌كان له مه‌سه‌له‌ی هه‌ڵبژاردنی هاوسه‌ر و ژیانی هاوبه‌ش و جیابوونه‌وه‌دا.
بۆ به‌ڕه‌سمی ناسینی ژیانی هاوبه‌ش له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌ته‌وه و بۆئه‌وه‌ی ئه‌گه‌ر هه‌ردوولا بیانه‌وێت یاسا‌كانی په‌یوه‌ست به خێزان بیانگرێته‌وه، هه‌رئه‌وه‌نده به‌سه كه له سجلی ده‌وڵه‌تیدا تۆماربكرێت. سڕینه‌وه‌ی هه‌رجۆره مۆركێكی دینی په‌یوه‌ست به هاوسەرگیری له به‌ڵگه‌نامه و دامه‌زراوه ڕه‌سمیه ده‌وڵه‌تیه‌كاندا. قه‌ده‌غه‌كردنی هه‌رجۆره وتنه‌وه‌یه‌كی خوتبه‌ی دینی له مه‌راسیمه ده‌وڵه‌تیه‌كانی تۆماركردنی زه‌واجدا. به‌ڕێوه‌بردن یان نه‌بردنی مه‌راسیمی تایبه‌تی، چ شه‌رعی‌و چ ته‌قلیدی، له هاوسەرگیریدا هیچ ڕۆڵێك له ڕه‌سمییه‌ت پێدان و پله‌وپایه‌ی له به‌رامبه‌ر یاسادا ناگێڕێت.
قه‌ده‌غه‌كردنی هه‌رجۆره سه‌ودا و مامه‌ڵه‌كردنێك له هاوسه‌رگیریدا وه‌كو دیاریكردنی شیربایی، جیازی، ماره‌یی و…تاد وه‌كو مه‌رجێكی هاوسه‌رگیری.
قه‌ده‌غه‌كردنی فره‌ژنی
یه‌كسانیی تێكڕای مافه‌كانی ژن و پیاو له خێزاندا له مه‌سه‌له‌ی هه‌ڵبژاردنی شوێنی ژیان، كاروباری په‌یوه‌ست به سه‌رپه‌رشتی و فێركردن و په‌روه‌رده‌كردنی مناڵ، بڕیاردان له باره‌ی دارایی و ئابووری خێزانه‌وه و هه‌موو كاروباره‌كانی په‌یوه‌ست به ژیانی هاوبه‌ش. هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی جێوشوێنی تایبه‌تی پیاو وه‌كو سه‌رپه‌رشتیاری خێزان له هه‌موو یاسا‌و ڕێساكاندا و دانانی مافی یه‌كسان بۆ ژن و پیاو له‌سه‌رپه‌رشتیكردنی كاروباری خێزاندا.
مافی بێقهیدوشهرتی جیابوونه‌وه بۆ ژن‌و پیاو. یه‌كسانیی ته‌واوی ماف و ئه‌ركه‌كانی ژن و پیاو له‌كاروباری په‌یوه‌ست به به‌خێوكردن و سه‌رپه‌رشتی كردنی مناڵان له‌دوای جیابوونه‌وه‌دا.
یه‌كسانیی مافی هه‌ردوولا له‌كاتی جیابوونه‌وه‌دا له‌و دارایی و ئیمكاناته‌ی كه له‌ماوه‌ی ژیانی هاوبه‌شدا خێزان به‌ده‌ستی هێناوه، یان له‌ماوه‌ی ژیانی هاوبه‌شدا هەموو خێزانەکە كه‌ڵكیان لـێ وه‌رگرتووه.
هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی گواستنه‌وه‌ی ئۆتۆماتیكیانه‌ی ناوی خێزانیی باوك بۆ مناڵ و سپاردنی دیاریكردنی نازناوی خێزانیی كۆرپه به ڕیككه‌وتن و بڕیاری هاوبه‌شی باوك و دایك. ئه‌گه‌ر به ڕێككه‌وتن نه‌گه‌یشتن، ئه‌وا مناڵه‌كه ناوی خێزانیی دایك هه‌ڵده‌گرێ. هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی دانانی ئۆتۆماتیكی ناوی باوك وه‌كو ناوی خێزانیی و دانانی ناوی خێزانی به‌پێی خواستی كه‌سه‌كه.
پشتیوانیی ماددی و مه‌عنه‌وی ده‌وڵه‌ت له خێزانه بێ‌دایك یان بێباوكه‌كان و به‌تایبه‌ت پشتیوانی چالاكانه له‌و دایكانه‌ی كه جیابوونه‌ته‌وه، یان هه‌ر له‌بنه‌ڕه‌ته‌وه به‌بێ هاوسه‌رگیری مناڵیان بووه، له‌به‌رامبه‌ر گوشاره ماددی و ئه‌خلاقیاته كۆنه‌په‌رستانه‌كاندا.
هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌و یاساوڕێسا دواكه‌وتووانه و كۆنه‌په‌رستانه‌ی كه په‌یوه‌ندی جنسیی ژن‌و مێرد له‌گه‌ڵ كه‌سانی دیكه‌ی جگه له هاوسه‌ری خۆیان بە تاوان لەقەڵەم دەدات.
مافه‌كانی مناڵان
هەموو مناڵێك مافی ئەوەی هەیە لە ژیانێکی بەختەوەر و ئاسودە و داهێنەرانە بەهرەمەند بێت.
كۆمه‌ڵگا له‌سه‌ریەتی كه باشبژێوی و به‌خته‌وه‌ریی بۆ هه‌موو مناڵێك، به‌بێ له‌به‌رچاوگرتنی بارودۆخی خێزانیی، دابین بكات. ده‌وڵه‌ت له‌سه‌ریەتی ستانداردێكی چونیه‌ك له باشبژێوی و ئیمكاناتی گه‌شه‌ی ماددی و مه‌عنه‌وی مناڵان و تازه‌لاوان، له به‌رزترین ئاستی شیاودا، دابین بكات.
دانی خه‌رجی پێویست و پێشكه‌شكردنی خزمه‌تگوزاری پزیشكی و فێرکاری و كه‌لتووری خۆڕایی، بۆ زامنكردنی ستانداردێكی به‌رز بۆ ژیانی مناڵان و تازه‌لاوان بێگوێدانه بارودۆخی خێزانییان.
سه‌رپه‌رشتیكردنی هه‌موو ئه‌و مناڵانه‌ی كه خێزان یان ئیمكاناتی خێزانییان نییه، له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌ته‌وه و به‌خێوكردن و په‌روه‌رده‌كردنیان له دامه‌زراوه مۆدێرن و پێشكه‌وتوو و پۆشته‌كاندا.
دامەزاندنی دایه‌نگه پۆشته و مۆدێرنه‌كان به‌مه‌به‌ستی به‌هره‌مه‌ندبوونی هه‌موو مناڵان، به‌بێ له‌به‌رچاوگرتنی بارودۆخی خێزانییان، له ژینگه‌یه‌كی زیندوو و داهێنه‌رانه‌ی په‌روه‌رده‌یی و كۆمه‌ڵایه‌تی.
یه‌كسانی ته‌واوی مناڵان له‌ڕووی مافه‌وه، به‌بێ له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌وه‌ی كه له‌چوارچێوه‌ی هاوسه‌رگیری یان ده‌ره‌وه‌یدا له‌دایك بووبن.
قه‌ده‌غه‌كردنی كاری پیشه‌یی بۆ مناڵان و تازه‌لاوانی ژێر ته‌مه‌نی ١٦ ساڵی.
قه‌ده‌غه‌كردنی هه‌رجۆره ئازاردانێكی مناڵان له خێزان و قوتابخانه و دامه‌زراوه‌كانی خوێندن و له‌ئاستی كۆمه‌ڵگا به‌گشتی. قه‌ده‌غه‌كردنی بێئه‌ملاوئه‌ولای سزادانی جه‌سته‌یی. قه‌ده‌غه‌كردنی گوشار‌و ئازاری ده‌روونی و ترساندنی مناڵان.
ڕوبه‌ڕوبوونه‌وه‌ی توندی یاسایی له‌گه‌ڵ به‌دكه‌ڵك وه‌رگرتنی جنسیی له مناڵان. به‌دكه‌ڵك وه‌رگرتنی جنسیی له‌مناڵان به تاوانی قورسی جینایی ده‌ژمێردرێت.
لێپرسینه‌وه و سزادانی یاسایی كه‌سانێك كه به‌هه‌ر جۆرێك و به‌هه‌ربیانوویه‌ك ببنه ڕێگر له‌به‌رده‌م به‌هره‌مه‌ندبوونی مناڵان، چ كچ چ كوڕ، له مافه مه‌ده‌نی و كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانی خۆیان، وه‌كو فێربوون، سەرگەرمی و به‌شداریكردن له چالاكیه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانی تایبه‌ت به مناڵان.
قه‌ده‌غه‌كردنی چه‌كداركردن و پێکهینانی ڕێکخراوی سەربازی بۆ مناڵانی خوار ١٦ ساڵ
په‌یوه‌ندی جنسی
دامەزراندنی په‌یوه‌ندی ئازادانه و ئاره‌زوومه‌ندانه‌ی جنسی مافی حاشاهه‌ڵنه‌گری هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌یه كه گه‌یشتوونه‌ته ته‌مه‌نی یاسایی كامڵ بوونی جنسی.
ته‌مه‌نی یاسایی كامڵبوونی جنسی بۆ ژن و پیاو ١٦ ساڵه. په‌یوه‌ندیگرتنی جنسیی كه‌سانی گه‌وره‌ساڵ (سه‌رووی ته‌مه‌نی یاسایی كامڵبوون)، له‌گه‌ڵ كه‌سانی خوار ته‌مه‌نی یاسایی، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر به‌ڕه‌زامه‌ندی خۆشیان بێت، قه‌ده‌غه‌یه و به‌تاوان ده‌ژمێردرێت.
هه‌موو كه‌سانی گه‌وره‌ساڵ چ ژن چ پیاو، بۆ بڕیاردان له‌سه‌ر په‌یوه‌ندیگرتنی جنسی خۆیان له‌گه‌ڵ كه‌سانی گه‌وره‌ساڵی دیكه‌دا به‌ته‌واوی ئازادن. په‌یوه‌ندی جنسی ئاره‌زوومه‌ندانه‌ی كه‌سانی گه‌وره‌ساڵ له‌گه‌ڵ یه‌كتردا، مه‌سه‌له‌ی تایبه‌تی خۆیانه و هیچ كه‌س و هیچ ده‌زگایه‌ك مافی تاقیبكردن و خۆتێهەڵقورتاندنی تێدا نییه و بۆی نییه له ئاستی گشتیدا ڕایبگه‌یه‌نێت.
هه‌موو خه‌ڵكی و به‌تایبه‌ت لاوان و تازه‌لاوان ده‌بێ بخرێنه به‌ر فێرکاری جنسی و فێركردنی شێوازه بێمه‌ترسیه‌كانی به‌رگرتن به سكپڕی، هه‌روه‌ها فێركردنی ئه‌و شێوازانه‌ی كه سه‌لامه‌تیی په‌یوه‌ندی جنسیی زامن ده‌كه‌ن. فێرکردنی جنسی ده‌بێ به‌شێك بێت له وانە ئیجباریه‌كانی قۆناغی ناوه‌ندی و دواناوه‌ندی. ده‌وڵه‌ت له‌سه‌ریەتی له ڕێگه‌ی ڕاگه‌یاندن، پێكهێنانی كلینیك و ده‌سته ئاموزشیه گه‌ڕۆكه‌كان، هه‌ڵمه‌ت و به‌رنامه ڕادیۆیی و ته‌له‌فزیۆنیه تایبه‌ته‌كان و هه‌رشێوازێكی كاریگه‌ری دیكه‌وه، ڕۆشنبیری زانستیی خه‌ڵك له‌سه‌ر لایه‌نه جیاجیاكانی په‌یوه‌ندی جنسی و مافه یاساییه‌كانی تاكه‌كان له په‌یوه‌ندی جنسیدا به‌خێرایی و به‌فراوانترین شێوه په‌ره‌پێبدات.
هۆیه‌كانی به‌رگرتن به سكپڕی و ئه‌و نه‌خۆشیانه‌ی كه له په‌یوه‌ندی جنسیه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرن، ده‌بێ به‌خۆڕایی و به‌ئاسانی بخرێته به‌رده‌ستی هه‌موو كه‌سانی گه‌وره‌ساڵ.
له‌باربردن
كه‌م دیارده به‌ئه‌ندازه‌ی له‌باربردن، واته له‌ناوبردنی به‌ئه‌نقه‌ستی كۆرپه‌ڵه‌ی ئینسانی به‌هۆی گوشاره كه‌لتووریی و ئابوور‌یه‌كانه‌وه، بێبایه‌خی وجودی ئینسانی و ناته‌بایی په‌یوه‌ندیه كۆمه‌ڵایه‌تیه چه‌وسێنه‌ر و چینایه‌تیه زاڵه‌كان له‌گه‌ڵ وجود و به‌خته‌وه‌ریی به‌شه‌ردا نمایش ده‌كات. له‌باربردن به‌ڵگه‌ی له‌خۆنامۆبوون و داماویی ئینسانه له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و كوێره‌وه‌ری و بێبه‌شیانه‌ی كه كۆمه‌ڵگای چینایه‌تی به‌سه‌ریدا ده‌سه‌پێنێ.
حیزبی كۆمۆنیستی كرێكاریی دژ به كرداری له‌باربردنه و له‌پێناو كۆمه‌ڵگایه‌كدا خه‌بات ده‌كات كه هیچ ته‌نگه‌به‌ری و هۆكارێك پاڵ به ئینسانه‌كانه‌وه نه‌نێت بۆ ئه‌نجامدان وه‌یان ڕازی بوون به‌م كاره.
له‌هه‌مان كاتدا مادام كه هه‌لومه‌رجی نەشیاوی كۆمه‌ڵایه‌تی به‌هه‌رحاڵ ژماره‌یه‌كی زۆری ژنان بۆ ئه‌نجامدانی له‌باربردن پاڵ پێوه ده‌نێت، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر به‌شێوه‌ی نهێنیش بووبێت، حزبی كۆمۆنیستی كرێكاریی به‌مه‌به‌ستی ڕێنه‌دان به خراپ كه‌ڵك لـێوه‌رگرتنی قازانجپه‌رستان و به‌مه‌به‌ستی زامنكردنی سه‌لامه‌تیی ژنان خوازیاری به‌دیهاتنی ئه‌م خاڵانه‌ی خواره‌وه‌یه:
-یاسایی بوونی له‌باربردنی كۆرپه‌له تا ته‌مه‌نی ١٢ هه‌فته‌یی
-له‌دوای ته‌مه‌نی ١٢ هه‌فته‌ییه‌وه ته‌نها له‌حاڵه‌تێكدا له‌باربردن یاسایی ده‌بێت كه مه‌ترسی هه‌بێت له‌سه‌ر ژیانی دایكه‌كه (تا ئه‌وكاته‌ی كه نه‌شته‌رگه‌ریی قه‌یسه‌ری‌و پاراستنی كۆرپه به‌پشتبه‌ستن به دوا ده‌سكه‌وته پزیشكیه‌كان مه‌یسه‌ر ده‌بێت). دیاریكردنی ئه‌م حاڵه‌تانه له‌ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ندی پزیشكیی خاوه‌ن سه‌ڵاحییه‌تدایه.
– دابینکردنی فراوان و خۆڕایی هۆ و پێداویستیه‌كانی تێستی سكپڕی و فێركردنی خه‌ڵك له چۆنێتی به‌كارهێنانیاندا، به‌مه‌به‌ستی ده‌ستنیشانكردنی خێرای سكپڕیه نه‌خوازراوه‌كان.
-ئه‌نجامدانی له‌باربردن و چاودێریكردنی پزیشكیی به خۆڕایی و له كلینیكه مۆڵه‌تپێدراوه‌كان و له‌لایه‌ن پزیشكانی پسپۆڕه‌وه.
-مافی بڕیاردان له‌سه‌ر ئه‌نجامدان یان نه‌دانی له‌باربردن له ده‌ستی ژن خۆیدایه. ده‌وڵه‌ت له‌سه‌ریەتی به‌رله‌وه‌ی ژنه‌كه به دوابڕیاری خۆی بگات، وە به‌مه‌به‌ستی ئه‌وه‌ی كه ڕێگای له‌باربردن نه‌گرێته‌به‌ر، له ڕێنمایی و پێشنیاری پسپۆڕانی زانستی و لێكۆڵه‌ره‌وه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان و هه‌روه‌ها ئه‌ركه ماددی و مه‌عنه‌ویه‌كانی ده‌وڵه‌ت له‌به‌رامبه‌ر خۆی و كۆرپه‌كه‌ی ئاگاداری بكاته‌وه.
هه‌روه‌ها به‌مه‌به‌ستی كه‌مكردنه‌وه‌ی حاڵه‌ته‌كانی له‌باربردن، حزبی كۆمۆنیستی كرێكاری خوازیاری ئه‌نجامدانی ئه‌م هه‌نگاوه ده‌ستبه‌جێیانه‌ی خواره‌وه‌یه بۆ به‌رگرتن به سكپڕیه نه‌خوازراوه‌كان و له‌ناوبردنی گوشاره ئابووری و كه‌لتووریه‌كان له‌سه‌ر ژنان:
-فێرکردن و هوشیارکردنەوەی جنسیی خه‌ڵك بە شێوەیەکی فراوان دەربارەی چۆنیەتی به‌رگرتن به سكپڕی و گرنگی ئه‌م مه‌سه‌له‌یه و دابینكردنی ڕاوێژكاران و لێكۆڵه‌ره‌وه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان بۆ ڕێنوێنی كردنی خه‌ڵك.
– فه‌راهه‌مکردنی فراوان و خۆڕایی هۆیه‌كانی به‌رگرتن به سكپڕی.
-ته‌رخانكردنی بودجه و ئیمكاناتی پێویست بۆ كۆمه‌ك به‌و ژنانه‌ی كه به‌هۆی گوشاری ئابووریه‌وه به‌ناچاری په‌نا بۆ له‌باربردن ده‌به‌ن. ڕاگه‌یاندنی ئاماده‌یی ده‌وڵه‌ت بۆ سه‌رپه‌رشتی كردنی كۆرپه له‌حاڵه‌تی وازهێنانی دایك له له‌باربردن.
-وه‌ستانه‌وه‌ی لێبڕاوانه لە باری فەرهەنگیەوە به‌ڕووی ئه‌و ده‌مارگیری و گوشاره ئه‌خلاقیانه‌ی كه ژنان ناچار به له‌باربردن ده‌كه‌ن. پشتیوانیی چالاكانه‌ی ده‌وڵه‌ت له‌ژنان له‌به‌رامبه‌ر ئه‌م جۆره گوشار و ده‌مارگیری و هه‌ڕه‌شانه‌دا.
-خه‌بات له دژی تێگه‌یشتنه خورافی و دینی و پیاوسالارانه و دواكه‌وتووانه‌كان له كۆمه‌ڵگادا كه ڕێگرن له‌به‌رده‌م گه‌شه‌سه‌ندنی هوشیاری جنسیی خه‌ڵك و به‌دیاریكراویش كۆسپن له‌به‌رده‌م به‌كارهێنانی فراوانی هۆیه‌كانی به‌رگرتن به سكپڕی و پاراستنی سه‌لامه‌تیی په‌یوه‌ندی جنسیی له‌لایه‌ن ژنان و لاوانه‌وه.
خه‌بات له دژی ئالوده‌بوون و قاچاخچێتی بە مادده بێهۆشكه‌ره‌كانەوە
قه‌ده‌غه‌كردنی بێئه‌ملاوئه‌ولای كڕین و فرۆشتنی مادده بێهۆشكه‌ره‌كان و تاقیبكردن و سزادانی توند و لێبڕاوانه‌ی ئه‌وانه‌ی به‌رهه‌می دەهێنن و قاچاخچێتی پێوە دەکەن و بە شێوەی نایاسایی دەیفرۆشن.
كۆمه‌ك به مه‌سه‌له‌ی خه‌بات له دژی ئالوده‌بوون له ڕێگای له‌ناوبردنی ئەو زه‌مینه كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووریانەوە کە دەبنە هۆی ڕوتێکردنی تاكه‌كان بۆ به‌كارهێنانی مادده بێهۆشكه‌ره‌كان و پشتیوانیکردن له ئالوده‌بووان له به‌رامبه‌ر ده‌ڵاڵ و تۆڕه‌كانی قاچاخچێتی و فرۆشتنی مادده بێهۆشكه‌ره‌كاندا.
بە تاوان هەژمارنەکردنی ژیانی ئالوده‌بووان و یارمه‌تیدانیان بۆ وازهێنان له ئالوده‌بوون له ڕێگه‌ی:
پێكهێنانی كلینیكی ده‌وڵه‌تی بۆ دابینکردنی ڕێژەیەکی پێویست له مادده بێهۆشكه‌ره‌كان بۆ ئالودەبوان لە حالەتی نیشاندانی ئامادەیی بۆ به‌شداریكردن له خوله‌كانی وازهێنان له ئالوده‌بووندا.
ڕێگه‌دان به هه‌ڵگرتنی بڕێك مادده‌ی بێهۆشكه‌ر به ئه‌ندازه‌ی پێویستیی شه‌خسی. دابینکردنی خۆڕایی سرنج و ئه‌مپول بۆ هه‌موو ئه‌وانه‌ی كه خوازیارین، له‌ڕێگه‌ی ده‌رمانگه‌كانه‌وه به‌مه‌به‌ستی پاراستنی ئالوده‌بووان له نه‌خۆشیه‌كانی وه‌ك ئایدز، هەوکردنی ڤایرۆسی جگەر و…تاد و كۆمه‌ككردن به كۆنترۆڵكردنی مه‌ودای بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌م نه‌خۆشیانه.
قه‌ده‌غه‌كردنی هه‌رجۆره دوورخستنه‌وه، زیندانیكردن و دابڕینێكی ئالوده‌بووان له كۆمه‌ڵگا ته‌نها له‌به‌ر ئالوده‌بوونیان. ئالوده‌بوون به مادده بێهۆشكه‌ره‌كان خۆی له خۆیدا تاوان نییه.
خه‌بات له‌دژی له‌شفرۆشی
خه‌باتی چالاكانه له دژی له‌شفرۆشی و بازرگانی سێکس له ڕێگه‌ی له‌ناوبردنی زه‌مینه ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی و كه‌لتووریه‌كانیه‌وه و ڕوبه‌ڕوبوونه‌وه‌ی لێبڕاوانه له‌گه‌ڵ تۆڕه‌كانی سازدانی له‌شفرۆشی، بازرگانانی سێكس، ده‌ڵاڵ و باجخۆره‌كان.
قه‌ده‌غه‌كردنی بێئه‌ملاوئه‌ولای هه‌رجۆره بازرگانیەك بە کاری له‌شفرۆشی، ده‌ڵاڵی و چەوساندنەوەی ئەو كه‌سانه‌ی كه ده‌ست ده‌ده‌نه له‌شفرۆشی.
بەتاوان هەژمار نەکردنی ژیان و كاری ئه‌و كه‌سانه‌ی كه ده‌ست ده‌ده‌نه له‌شفرۆشی. كۆمه‌ك به گێرانه‌وه‌ی ڕێز‌و حورمه‌تی كۆمه‌ڵایه‌تی و دەسکۆتاکردنی تۆڕ و بانده تاوانكاره‌كان لەسەر ژیانیان له ڕێگای:
– قەدەغە نەبوونی فرۆشتنی سێكس وه‌ك كارێكی فه‌ردی و پشتیوانی یاسا و داموده‌زگاكانی پۆلیس له كه‌سانی له‌شفرۆش له‌به‌رامبه‌ر تۆڕ و بانده چه‌ته و باجخۆر و جه‌رده‌كاندا.
-به‌خشینی موڵه‌تی كاركردن بەو كه‌سانه‌ی كه وه‌كو كارێكی فه‌ردی ده‌ست ده‌ده‌نه له‌شفرۆشی، پارێزراوبوونی شه‌خسیه‌ت و حورمه‌تیان وه‌كو هاوڵاتی به‌ڕێزی كۆمه‌ڵگا و كۆمه‌ككردن به ڕێكخراوبوونیان له ڕێكخراوی پیشه‌یی خۆیاندا.
-پێشكه‌شكردنی خزمه‌تگوزاری پزیشکی و دەرمانی تایبەتی بۆ خۆپاراستن بەمەبەستی پاراستنی ئه‌م كه‌سانه له‌و نه‌خۆشی و زیانانه‌ی كه به‌هۆی ئه‌م پیشه‌یه‌وه توشیان ده‌بێ.
-هه‌وڵدانی داموده‌زگا به‌رپرسه ده‌وڵه‌تیه‌كان بۆ هۆشیاركردنه‌وه‌و هاندان و یارمه‌تیدانی عه‌مه‌لیی كه‌سانی له‌شفرۆش بۆ ده‌ستهه‌ڵگرتن له‌م كاره و به‌ده‌ستهێنانی شاره‌زایی و هوشیاریی پێویست بۆ كاركردن له مه‌یدانه‌كانی دیكه‌ی كۆمه‌ڵگادا.
ستانداردەکانی دادگاییكردن
-له‌هه‌موو دادگایيكردنێكدا ئەسڵ لەسەر بێتاوانیی تۆمەتبارە تا ئه‌و كاته‌ی تاوانه‌كه‌ی به‌سه‌ردا ساغ دەبێتەوە.
– دادگاییكردنه‌كان ده‌بێ دووربن له پێشداوه‌ری و وروژاندن و له هه‌لومه‌رجێكی عادلانەدا به‌رپابكرێن. شوێنی دادگاییکردنه‌كه و دادوەر و ده‌سته‌ی دادوه‌ری ده‌بێ به‌جۆرێك دیاری بكرێن كه ئه‌م هه‌لومه‌رجه زامن بكەن.
– تۆمه‌تبار‌و پارێزه‌ره‌كه‌ی مافی ئه‌وه‌یان هه‌یه كه به‌ر له دادگاییکردنه‌كه له هه‌موو به‌ڵگه‌و به‌ڵگه‌نامه و شایه‌تیه‌كی داواكاری گشتی یان لایه‌نی داواكار ئاگادار ببنه‌وه و لـێ‌ی ووردببنه‌وه.
– داوای تێهەڵچوونەوە بە بڕیاری هه‌ر دادگایه‌كدا، لانی كه‌م یه‌ك جار، چ له لایه‌ن تۆمه‌تبار یان داواكاری گشتی یان هه‌ردوولای ده‌عوانامه‌کەوە بێت، یاساییە.
-قه‌ده‌غه‌كردنی برەودان بە پێشداوه‌ریی گشتی له‌باره‌ی دادگاییكردنه‌كان و كه‌سانی په‌یوه‌ندیدار پێیانه‌وه، بەر لە تەواوبوونی دادگاییکردنەکە.
-قه‌ده‌غه‌ی دادگاییكردنی كه‌سه‌كان له هه‌لومه‌رج و كه‌ش‌وهه‌وایه‌كدا كه گوشاری ڕای گشتی بوار به‌دادگاییکردنێكی بێلایه‌نانه نه‌دات، یان له‌كه‌داری بكات.
-شایه‌تیدانی پۆلیس له دادگاییكردنه‌كاندا به ئه‌ندازه‌ی شایه‌تیدانی شایه‌ته‌كانی دیکە بایەخی هه‌یه.
-دادوەر و دادگا ده‌بێ به‌ته‌واوی سه‌ربه‌خۆ بن له پرۆسه‌ی لێكۆڵینه‌وه و لێپرسینه‌وه. ڕاست و ڕه‌وابوونی یاسایی پرۆسه‌ی لێكۆڵینه‌وه ده‌بێ له‌لایه‌ن كۆمه‌ڵه دادوەرێکی تایبه‌ته‌وه چاودێری و پشتگیری بكرێ.
-له یاسا‌كانی سزاداندا ده‌ستدرێژیكردنه سه‌ر جەستە و ئاسایشی ده‌روونیی ئینسانه‌كان، زه‌بروزه‌نگ له دژی مناڵان، زه‌بروزه‌نگ له دژی ژنان، تاوانه ناموسیه‌كان له دژی ژنان، ئه‌و تاوانانه‌ی كه له ده‌مارگیری و نه‌فره‌تكردن به‌رامبه‌ر به ده‌سته‌یه‌ك له خه‌ڵك سه‌رچاوه‌ده‌گرن و ئه‌و تاوانانه‌ی كه تۆقاندن و زه‌بروزه‌نگیان تیادا به‌كاردێت، ده‌بێ به تاوانی زۆر قورس‌تر بژمێردرێن له‌چاو تاوانی ده‌ستدرێژیكردنه سه‌ر مافی خاوه‌ندارێتی و دارایی، چ تایبه‌تی بێت چ ده‌وڵه‌تی. ئه‌و سزایانه‌ی كه وه‌كو تۆڵه یان وه‌ك پێ‌ی ده‌ڵێن بۆ عیبره‌ت لـێوه‌رگرتن دانراون ده‌بێ بگۆڕدرێن به‌و سزایانه‌ی كه به‌ئاڕاسته‌ی چاکسازی تاوانبار و پاراستنی كۆمه‌ڵگا له دووباره‌بوونه‌وه‌ی تاوان داده‌نرێن.
مافه‌كانی تۆمه‌تباران‌و تاوانباران
-هیچ كه‌سێك به‌بێ ڕاگه‌یاندنی تاوانه‌كه‌ی ناكرێ زیاتر له ٢٤ کاتژمێر ته‌وقیف بكرێت. ئه‌م شوێنی ته‌وقیفکردنە كاتیه نابێ زیندان بێت، به‌ڵكو ده‌بێ به‌شێك بێت له باره‌گای هێزەکانی پۆلیس كه پێداویستیه نۆرماڵه‌كانی تێدابێت.
-به‌رله ده‌ستگیركردن ده‌بێ مافه‌كانی كه‌سی ده‌ستگیركراو به خۆی ڕابگه‌یه‌نرێت.
-هه‌موو كه‌سێك مافی ئه‌وه‌ی هه‌یه كه پارێزه‌ر یان شایه‌ت بۆ كاتى ده‌ستگیركردن و لێپرسینه‌وه‌كه‌ی خۆی بانگ بكات. هه‌ركه‌سێك مافی هه‌یه لانی زۆر تا یەك کاتژمێر دوای ده‌ستگیركردنەکەی دووجار په‌یوه‌ندی ته‌له‌فۆنی بكات له‌گه‌ڵ پارێزه‌ر یان كه‌سوكاری خۆی، یان هه‌ركه‌سێك كه‌خۆی پێ‌ی باش بێت.
– کاربەدەستانی پۆلیس به‌رله ڕاگه‌یاندنی تاوانه‌كه و به‌بێ مۆڵه‌ت وه‌رگرتن له كه‌سه‌كه مافیان نییه په‌نجه‌مۆری لـێوه‌ربگرن یان وێنه‌ی بگرن وه‌یان تاقیكردنه‌وه‌ی پزیشكی و تێستی دی ئێن ئه‌ی DNA بۆ بكه‌ن.
-له‌گه‌ڵ ده‌ستگیركردنه‌كه‌دا یه‌كسه‌ر ده‌بێ كه‌سوكاری پله یه‌كی كه‌سی ته‌وقیفكراو وه‌یان هه‌ركه‌سێك كه خودی ئه‌و دیاری ده‌كات له ته‌وقیفكردنی ئاگادار بكرێته‌وه.
-هه‌رجۆره ئەشكه‌نجه و تۆقاندن و سووكایه‌تی و گوشاردانانێكی فیكری و ده‌روونی له‌سه‌ر كه‌سانی ته‌وقیفكراو و تۆمه‌تباركراو و حوكمدرا‌و به‌هه‌موو جۆرێك قه‌ده‌غه‌یه. گرتنه‌به‌ری ئه‌م شێوازانه به تاوانی جینایی ده‌ژمێردرێن.
– وه‌رگرتنی دانپێدانان له‌ڕێگه‌ی هه‌ڕه‌شه يان ته‌ماح پێدانه‌وه قه‌ده‌غه‌یه.
-بەرەنگاربوونەوەی دوور لە توندوتیژی له به‌رامبه‌ر ده‌ستگیركردندا، هه‌وڵدانی دوور لە توندوتیژی بۆ هه‌ڵاتن له زیندان یان خۆبواردن له ده‌ستگیركردن خۆی له خۆیدا تاوان نییه.
-هێزه‌کانی پۆلیس به‌بێ مۆڵه‌ت وه‌رگرتن له كه‌سه‌كه خۆی یان لە ده‌سه‌ڵاتی دادوەریی خاوه‌ن سه‌ڵاحیه‌ت، مافی لێپرسینه‌وه و پشكنینی هاوڵاتیان یان چوونه‌ژووره‌وه بۆ ناو شوێنه تایبه‌تیه‌كانی ئه‌وانیان نییه.
– دەبێ پزیشكی دادوەری و ئه‌و داموده‌زگا پسپۆڕ‌و تاقیگه هونه‌ری و زانستی و پزیشكیانه‌ی كه توێژینه‌وه‌ی به‌ڵگه‌نامه بابه‌تیه‌كانی تاوانیان له ئه‌ستۆیه، سەربەخۆبن له پۆلیس و داموده‌زگا یاسا سەپێنەکان. ئه‌م دامه‌زراوانه ده‌بێ سه‌ر به دادگاكان بن.
– مه‌رجه‌عی وه‌رگرتن و لێكۆڵینه‌وه له‌و سكاڵایانه‌ی كه له دژی پۆلیس ده‌كرێ ده‌بێ ده‌زگایه‌كی جیاواز بێت له پۆلیس و هیزە یاسا سەپێنەکان. ئه‌نجامی لێكۆڵینه‌وه‌كانی ئه‌م ده‌زگایه ده‌بێ به ئاشكرا به‌هه‌مووان ڕابگه‌یه‌نرێت.
-هه‌موو كه‌سێك ده‌بێ به ئاسانی بتوانێ ده‌ستی به‌و دۆسیە و زانیاریانه ڕابگات و بیانخوێنێته‌وه كه هێزه‌کانی پۆلیس له‌سه‌ری كۆیان كردۆته‌وه.
- یاسا‌كانی كار و كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی و باشبژێوی و ته‌ندروستی گشتیی هه‌لومه‌رجی ژیان و چالاكی ئابووریی زیندانیانیش بگرێتەوە.
-به‌ڕێوه‌بردنی زیندانه‌كان ده‌بێ له‌ئه‌ستۆی كۆمه‌ڵه دامه‌زراوێكی جیا له پۆلیس و هێزه یاسا سەپێنەکان بێت و له‌ژێر چاودێریی ڕاسته‌وخۆی ده‌زگای دادوەریدا بێت.
-لێژنه‌كانی لێكۆڵینه‌وه‌ی هه‌ڵبژێردراوی خه‌ڵك مافی ئه‌وه‌یان هه‌یه كه به‌پێی لێكدانه‌وه‌ی خۆیان و له‌سه‌ر بڕیاری خۆیان، ته‌نانه‌ت به‌بێ ئاگاداركردنه‌وه‌ی پێشتریش، سه‌ردانی زیندانه‌كان بكه‌ن و بیانپشكنن.
هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی سزای لەسێدارەدان
سزای لەسێدارەدان ده‌بێ ده‌ستبه‌جێ هه‌ڵوه‌شێته‌وه. لەسێدرەدان یان هه‌ر سزایه‌كی دیكه كه ده‌ستدرێژی بێت بۆ سه‌ر جەستەی ئینسانه‌كان (بڕینی ئه‌ندامه‌كانی له‌ش، سزادانی جه‌سته‌یی‌و…تاد) له هه‌موو حاڵه‌تێكدا قه‌ده‌غه‌یه. هه‌روه‌ها سزای زیندانیكردنی هەتاهەتاییش ده‌بێ هه‌ڵوه‌شێته‌وه.
پاراستنی حورمه‌ت و کەسایەتیی خه‌ڵك
-قه‌ده‌غه‌كردنی هه‌رجۆره پله‌به‌ندیكردنێكی ڕه‌سمی یان ناڕه‌سمیی پێگە و کەسایه‌تی ئینسانه‌كان له‌سه‌ر بناغه‌ی پله‌وپایه، پۆست، ئینتیمای دینی، ئینتیمای نه‌ته‌وه‌یی، ڕه‌گه‌زنامه، جنس، ئاستی داهات، سه‌ر‌و ڕوخسار، تایبه‌تمه‌ندیه جه‌سته‌ییه‌كان، پله‌ی خوێندن و…تاد.
-قه‌ده‌غه‌كردنی بوختان و له‌كه‌داركردنی حورمه‌تی كه‌سه‌كان
-قه‌ده‌غه‌كردنی هه‌رجۆره تاقیكردنه‌وه‌یه‌كی پزیشكیی و ده‌رمانیی و ژینگه‌یی له‌سه‌ر ئینسانه‌كان به‌بێ ئاگاداركردنه‌وه و وه‌رگرتنی ڕه‌زامه‌ندیی ڕه‌سمیی خۆیان، قه‌ده‌غه‌كردنی هه‌رجۆره ده‌ستوه‌ردانێك له یه‌كپارچه‌یی جه‌سته‌یی كه‌سه‌كاندا (وه‌كو نه‌زۆك كردن، لابردن یان دانانی ئه‌ندام، ده‌ستكاریه جینەتیكیه‌كان، له‌باربردن، خه‌ته‌نه و…تاد) به‌بێ ئاگاداركردنه‌وه و ڕه‌زامه‌ندیی كه‌سه‌كه.
-قه‌ده‌غه‌كردنی به‌كارهێنانی نازناو و پله‌وپایه‌ی زانستی و دینی و نیشتمانی و سه‌ربازی (وه‌كو فه‌ریق، ئایه‌توڵڵا، دكتۆر، ئه‌ندازیار و…تاد) له ده‌ره‌وه‌ی شوێنی کارەکەیان. له كاروباری ڕه‌سمی و ده‌وڵه‌تیدا ده‌بێ ته‌نها به ناو ئاماژه بۆ كه‌سه‌كان بكرێت. قه‌ده‌غه‌كردنی به‌كارهێنانی نازناو و سیفاتی سووكایه‌تی ئامێز له وه‌سفكردنی به‌شه جیاجیاكانی كۆمه‌ڵگادا له‌لایه‌ن هه‌ر دامودهزگاو بەرپرسێکی ده‌وڵه‌تی‌و ناده‌وڵه‌تیه‌وه.
-قه‌ده‌غه‌كردنی دروستكردنی به‌شی لۆکس و به‌شی ئاسایی، پلە یەك‌و پلە دوو…تاد له خزمه‌تگوزاریه‌كانی گواستنه‌وه‌ی گشتی، شه‌مه‌نه‌فه‌ر، فڕۆكه، میوانخانه ده‌وڵه‌تیه‌كان و مه‌ڵبه‌نده‌كانی سەرگەرمی و به‌سه‌ربردنی ڕۆژانی پشوو. ئه‌م جۆره خزمه‌تگوزاریانه ده‌بێ به‌گونجاوترین شێوه و به‌ستانداردێكی یه‌كسان هه‌مووان لـێ‌ی به‌هره‌مه‌ند بن.
هۆیه‌كانی ڕاگه‌یاندنی گشتی و پەیوەندیگرتن
ده‌ستڕاگه‌یشتنی هه‌مووان به بڵاوكراوه پڕتیراژه‌كان و ڕادیۆ و ته‌له‌فزیۆن و کەناڵە ئاسمانی‌یەکان و ئینتەرنێت. دامەزراندنی تۆڕه‌كانی ڕادیۆ و ته‌له‌فزیۆن و كه‌ناڵه ئاسمانیه‌كان‌و ئینته‌رنیت و…. له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌ته‌وه و دابه‌شكردنی سه‌عاته‌كانی په‌خش به‌سه‌ر شوراكان، دامه‌زراوه‌كان، مه‌ڵبه‌نده‌كان و ئه‌نجومه‌ن و حیزبه جیاجیاكاندا كه له دانیشتووانی وڵات پێكهاتوون. لابردنی هه‌رجۆره سانسۆرێك، به سیاسی و غەیرە سیاسی‌یه‌وه له‌سه‌ر میدیا و تۆره‌كانی بلاوكردنه‌وه و په‌یوه‌ندیگرتن.
– ده‌ستڕاگه‌یشتنی هه‌مووان به تۆڕه‌كانی ته‌له‌فۆنی ئه‌رزی و مۆبایل به‌پێی پێشكه‌وتوترین ستانداردی جیهانی. قه‌ده‌غه‌كردنی هه‌ر جۆره سانسۆریك له‌سه‌ر تۆڕه‌كانی ته‌له‌فۆن.
داننان به‌و زمانانه‌ی كه له وڵات‌دا به‌كاردێن
قه‌ده‌غه‌كردنی زمانی ڕه‌سمی زۆرەملێ. دەوڵەت ده‌توانێ یه‌كێك له‌زمانه باوه‌كانی وڵات وه‌كو زمانی ئیداری و فێرکردنی سه‌ره‌كی دیاری بكات، به‌و مه‌رجه‌ی كه ئیمكانات و ئاسانکاری پێویست له مەیدانەکانی ژیانی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و فێرکردن بۆ ئه‌و كه‌سانه فه‌راهه‌م بکرێت كه به زمانه‌كانی دیكه قسەدەکەن.هه‌موو كه‌سێك مافی ئه‌وه‌ی هه‌بێت كه بتوانێ به زمانی دایكی خۆی له هه‌موو چالاكیه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كاندا به‌شداری بكات و له هه‌موو ئیمكاناته كۆمه‌ڵایه‌تیه گشتیه‌كان به‌هره‌مه‌ند بێت.
گۆڕینی ئه‌لف‌وبێی كوردی
به‌مه‌به‌ستی كۆمه‌ك كردن به كۆمه‌ڵگا بۆئه‌وه‌ی چیدی له كاروانی پێشكه‌وتنی زانستی و پیشه‌سازیی‌و كه‌لتووریی جیهانی ئه‌مڕۆ دوانه‌كه‌وێت و به‌مه‌به‌ستی كۆمه‌ك كردن به به‌هره‌مه‌ندبوونی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردستان له ناز و نیعمه‌تی ئه‌م پێشكه‌وتنانه و ده‌رفه‌تی به‌شداریكردنی ڕاسته‌وخۆتر و چالاكانه‌تری ئه‌وان له ژیانی زانستی و كه‌لتووریی جیهانی هاوچه‌رخدا، ده‌بێ ئه‌لف‌وبێی كوردی له پرۆسه‌ی به‌رنامه‌یه‌كی زانستیدا بگۆڕدرێت به ئه‌لف‌وبێی لاتینی.
سه‌ره‌ڕای ئه‌مه وهه‌رله‌م پێناوه‌دا حیزبی كۆمۆنیستی كرێكاری خوازیاری ئه‌وه‌شه كه:
-به‌مه‌به‌ستی كردنی هه‌نگاوبه‌هه‌نگاوی زمانی ئینگلیزی به‌زمانی فێركارى و بەرێوەبردنی باو له ووڵاتدا، هه‌ر له‌ساڵه‌كانی یه‌كه‌مه‌وه ئه‌م زمانه له خوێندنگاكاندا بخوێنرێت.
-دانانی ڕۆژمێری زاینی، كه ئه‌مڕۆ ڕۆژمێری ڕه‌سمیه له‌ئاستی نێونه‌ته‌وه‌ییدا، لەپاڵ رۆژمێری لۆکاڵیدا، وەکو ڕۆژمێری ڕه‌سمیی وڵات و ڕاگرتنی به‌كارهێنانی ڕۆژمێری كۆچی.
یاسا‌كانی كار و خۆشگوزەرانی كۆمه‌ڵایه‌تی
تا ئه‌وكاته‌ی كه سه‌رمایه‌داری به‌سه‌ر ژیانی ئینسانه‌كانه‌وه فه‌رمانڕه‌وایی ده‌كات، تا ئه‌وكاته‌ی كه تاكه‌كان بۆ دابینكردنی پێداویستیه‌كانی خۆیان ناچار به فرۆشتنی هێزی كاری خۆیان و ئه‌نجامدانی كار بن بۆ سه‌رمایه و ئه‌وانه‌ی كه هۆیه‌كانی به‌رهه‌مهێنانیان له ده‌ستدایه، تا ئه‌وكاته‌ی كه نیزامی کاری بەکرێ و كڕین و فرۆشتنی هێزی كاری ئینسانه‌كان له ئارادایه، هیچ یاسای كارێك، هه‌رچه‌نده كۆمه‌ڵێك مادده و په‌راوێزی به قازانجی كرێكاران تێدا گونجێنرابێت، هێشتا یاسای كارێكی به ڕاستی ئازاد و كرێكاری نییه. یاسای كاری ڕاسته‌قینه‌ی كرێكاران، ڕه‌تكردنه‌وه‌ی نیزامی كاری بەکرێ و دامەزراندنی كۆمه‌ڵگایه‌كه كه تیایدا هه‌ركه‌سێك خۆبه‌خشانه و به‌پێی توانا‌و داهێنانی خۆی له به‌رهه‌مهێنانی هۆیه‌كانی ژیان و باشبژێویی گشتیدا به‌شداری ده‌كات و به‌پێی پێویستیه‌كانیشی كه‌ڵك له به‌روبومی ئه‌م كۆششه هەرەوەزییه وه‌رده‌گرێت.
به‌ڵام له‌هه‌مانكاتدا، له هه‌رشوێنێك و تا ئه‌وكاته‌ی كه نیزامی كاری به‌كرێ له ئارادایه، بزووتنه‌وه‌ی كۆمۆنیستی كرێكاری تێدەکۆشێت بۆ سه‌پاندنی هه‌لومه‌رجێكی وا به‌سه‌ر یاسا و په‌یوه‌ندیه‌كانی كار له‌م نیزامه‌دا كه لانی زۆری ئاسایش و باشبژێویی شیا‌و و گونجاوترین هه‌لومه‌رجی كار بۆ كرێكاران دابین بكات و هه‌رچی زیاتر چینی كرێكار و هه‌موو هاووڵاتیان له ده‌رهاویشته زیانباره‌كانی نیزامی كاری به‌كرێ بپارێزێ. هه‌روه‌ها كۆمۆنیزمی كرێكاری له‌م خه‌باته‌دا بۆ هێنانه‌كایه‌ی جۆرە هه‌لومه‌رج و ڕێوشوێنێكی كار تێده‌كۆشێت كه چوونه‌سه‌ری هۆشیاری چنایه‌تی و توانای خه‌باتكارانه‌ی چینی كرێكار به باشترین شێوه‌ی مومكین مه‌یسه‌ر و ئاسان بكات.
یاسا‌كانی كار و باشبژێویی كۆمه‌ڵایه‌تیش وه‌ك هه‌موو ماف و ئه‌ركه‌كانی دیكه‌ی هاووڵاتیان ده‌بێ به‌بێ هیچ جیاكاریه‌ك كرێكارانی هاتوو وە هەموو ئه‌و كه‌سانە بگرێتەوە کە له ده‌ره‌وه هاتوون و نیشته‌جێی وڵاتن. حیزبی كۆمۆنیستی كرێكاری لایه‌نگری یه‌كسانیی ته‌واوی هه‌موو كرێكارانه له وڵات‌دا له ڕووی مافه‌كانیانه‌وه، به‌بێ له‌به‌رچاوگرتنی ڕه‌گه‌زنامه، ئینتمای نه‌ته‌وه‌یی، دین، جنس‌و…تاد. سه‌رخه‌تی خواسته‌كانی حیزبی كۆمۆنیستی كرێكاری له بواری یاسا‌كانی كار و باشبژێویی كۆمه‌ڵایه‌تیدا بریتین له:
یاسای كار
- ئازادیی ته‌واو و بێقهیدوشهرتی ڕێكخراوبوونی كرێكاران.
- ئازادیی ته‌واو و بێقهیدوشهرتی مانگرتن. مانگرتنی كرێكاری پێویستیی به هیچ مۆڵه‌ت وه‌رگرتنێك نییه له ده‌وڵه‌ت و داموده‌زگا ده‌وڵه‌تیه‌كان. دانی كرێ‌ی ته‌واو بۆ ڕۆژه‌كانی مانگرتن. مافی یه‌كسان بۆ مانگرتووان بۆ ڕوونكردنه‌وه‌ی هۆیه‌كانی ده‌ستبردنیان بۆ مانگرتن و وه‌ڵامدانه‌وه‌ی قسه‌كانی ده‌وڵه‌ت و خاوه‌ن كاره‌كان له میدیاكانه‌وه. قه‌ده‌غه‌كردنی نایاساییكردنی ئه‌م یان ئه‌و مانگرتن به‌بیانووی وه‌ك “به‌رژه‌وه‌ندیه میللی و نیشتمانیه‌كان”، “هه‌لومه‌رجی نائاسایی”، “هه‌لومه‌رجی شه‌ڕ” و…شتی تر.
- قه‌ده‌غه‌كردنی به‌كارهێنانی مانگرتنشكێنه‌كان وه‌یان به‌كارهێنانی هێزه سه‌ربازی و پۆلیسیەکان له جێگه‌ی مانگرتووان له هه‌موو دامه‌زراوه‌كاندا، چ تایبه‌تی و چ ده‌وڵه‌تی.
- مافی ده‌ست له‌كارهەڵگرتن بۆ ئه‌و كرێكارانه‌ی كه بۆ ناڕه‌زایه‌تی ده‌ربڕین به هه‌ڵسوكه‌وت و كاركردی خاوه‌نكار و ده‌ستوپێوه‌نده‌كانی، یان مه‌سه‌له‌ی سه‌لامه‌تیی شوێنكار وه‌یان سه‌رهه‌ڵدانی كێشه‌ی پێشبینی نه‌كراو له شوێنی كاردا، به‌شێوه‌یه‌كی كاتی كار ڕاده‌گرن بۆئه‌وه‌ی وه‌ڵام به ناڕه‌زایه‌تیه‌كه‌یان بدرێته‌وه.
- ئازادی پیكیت له‌به‌رده‌م دامه‌زراوه‌كاندا. ئازادیی هه‌مووان له په‌یوه‌ستبوون به پیكیته كرێكاریه‌كانه‌وه، به بێ له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌وه‌ی كه له‌و دامه‌زاوه‌دا كارده‌كه‌ن یان نا.
- پیادەکردنی ده‌ستبه‌جێی لانی زۆر ٣٠ سه‌عات كار له هه‌فته‌دا (٥ ڕۆژی شه‌ش سه‌عاتی)، ٢٥ سه‌عات له‌هه‌فته‌دا بۆ كاره سه‌خته‌كان، وە ده‌بێ به ڕێكوپێكی و به‌رده‌وام هه‌موو ٥ ساڵ جارێك كه‌م بكرێته‌وه. كاته‌كانی نانخواردن، ماوه‌یه‌كی دیاریكراو بۆ هاتوچۆ، كاتی خۆشتنی دوای كار، كاتی وانە خوێندن بۆ فێربوونی خوێنده‌واری و فێربوونی ته‌كنیكی و كاتی كۆبوونه‌وه گشتیه‌كان ده‌بێ به به‌شێك له‌سه‌عاتكار بژمێردرێن.
- دوو ڕۆژ پشووی له‌سه‌ریه‌ك له هه‌فته‌دا. گۆڕینی ڕۆژانی پشووی هه‌فته بۆ شه‌ممه‌و یه‌كشه‌ممه به‌مه‌به‌ستی هاوئاهه‌نگ بوون له‌گه‌ڵ زۆربه‌ی وڵاتانی جیهاندا و به‌تایبه‌تی ووڵاتانی پێشكه‌وتووی پیشه‌سازیدا. لانی كه‌م ٣٠ ڕۆژ مۆڵه‌تی ساڵانه. مۆڵه‌تی كورتخایه‌نی كوت‌وپڕ به‌بێ داشكاندن له كرێ، سه‌رباری مۆڵه‌تی ساڵانه، بۆ به‌دواداچوونی گیروگرفته پێشبینی نه‌كراوه شه‌خسی و خێزانیه‌كان. كرێكارانی ژن بۆیان هه‌یه له مانگێكدا به‌وجۆره‌ی كه خۆیان دیاری ده‌كه‌ن دوو ڕۆژ مۆڵه‌ت وه‌ربگرن بۆ سوڕی مانگانه.
- قه‌ده‌غه‌كردنی زێده‌كاری. هه‌قده‌ستی ئاسایی كرێكاران ده‌بێ له‌ئاستێكدا بێت كه هیچ كرێكارێك له‌به‌ر پێداویستیی ئابووری، ناچارنەبێت مل به زێده‌كاری بدات.
- دانانی ڕۆژی یه‌كی ئایار به پشووی ڕەسمی وه‌كو ڕۆژی جیهانیی كرێكار.
- دانانی ڕۆژی 8 ی مارس به پشووی ڕه‌سمی وه‌كو ڕۆژی جیهانیی ژنان.
- قه‌ده‌غه‌كردنی هه‌رجۆرە کارێکی لەبابەتی پارچه‌كاری و كاری كۆنته‌راتی.
- دیاریكردنی لانی كه‌می كرێ له‌لایه‌ن نوێنه‌رانی كرێكارانه‌وه.
- چوونه‌سه‌ری ئۆتۆماتیكی لانی كه‌می كرێ پێ‌به‌پێ‌ی هه‌ڵاوسان.
- دیاریكردنی لانی كه‌می تێكڕای چوونه‌سه‌ری ساڵانه‌ی کرێ له ڕێگه‌ی گفت‌وگۆی هاوبه‌شی نێوان نوێنه‌رانی ڕێكخراوه كرێكاریه‌كان له‌ئاستی سه‌رتاسه‌ریدا له‌گه‌ڵ نوێنه‌رانی سه‌راسه‌ریی خاوه‌ن كاره‌كان و ده‌وڵه‌ت.
- كرێ‌ی یه‌كسان بۆ ژن و پیاو له‌به‌رامبه‌ر كاری چوونیەکدا.
- قه‌ده‌غه‌كردنی دانی کرێ به‌شێوه‌ی شمه‌ك و غه‌یره نه‌قدی. قه‌ده‌غه‌كردنی هه‌رجۆره دواخستنێكی کرێ. قه‌ده‌غه‌كردنی هه‌رجۆره داشكاندنێك له كرێ و غه‌رامه‌كردنێك به بیانووی جۆراوجۆره‌وه. دانی كرێ بۆ ڕۆژانی نەچوونەسەرکار کە پاساوی هەبێت، بۆ ده‌ورانی نه‌خۆشی و له‌جێكه‌وتن، ڕۆژانی مانگرتن، وە یان هه‌رجۆرێك له ڕاگرتنی به‌رهه‌م له‌به‌ر هه‌رهۆیه‌ك بێت، وە یان به‌هه‌ر بیانوویه‌كی خاوه‌نكاره‌وه بێت.
- کرێی كرێكاران، جگه له ئه‌نجامدانی خودی كاره‌كه نابێ به هیچ مه‌رج و فاكته‌رێكی دیكه‌وه ببه‌سترێته‌وه (وه‌كو زیادكردنی به‌رهه‌م، به‌رهه‌مهێنه‌ریی كار، دیسپلین، ڕاده‌ی دیاریكراوی به‌رهه‌مهێنان و…شتی تر)، کرێی كرێكاران ده‌بێ به‌یه‌كپارچه‌یی به‌شێوه‌ی كرێ بدرێت.
- قه‌ده‌غه‌كردنی كاری پیشه‌یی بۆ مناڵان‌و تازه‌لاوانی خوار ١٦ساڵ.
- قه‌ده‌غه‌كردنی سپاردنی كاری قورس به كرێكارانی دووگیان، وە یان ئه‌و كرێكارانه‌ی كه به‌هۆی تایبه‌تمه‌ندیی فیزیكی تایبه‌تی خۆیانه‌وه سه‌لامه‌تیان ده‌كه‌وێته مه‌ترسیه‌وه. هه‌موو كرێكارێك مافی ئه‌وه‌ی هه‌یه هه‌ر كارێك كه به‌پێی لێكدانه‌وه‌ی خۆی له‌ڕووی جه‌سته‌یی و ده‌روونیه‌وه به زیانباری بزانێت بۆ خۆی، ئه‌نجامی نه‌دات.
- قه‌ده‌غه‌كردنی ده‌ركردنی كرێكاران. دانی تەواوی دوا مووچه‌ی وه‌رگیراو به‌و كرێكارانه‌ی كه دامه‌زراوه‌كه‌یان ڕائه‌وه‌ستێ، تا ئه‌وكاته‌ی كه ئه‌چنه سه‌ر كارێكی دیكه. به‌رپرس بوونی ده‌وڵه‌ت له په‌یداكردنی كاری هاوشێوه بۆ ئه‌و كرێكارانه‌ی كه به‌هۆی ڕاوه‌ستانی دامه‌زراوه‌كانیانه‌وه بێكار ده‌بن. ڕاهێنانی پیشه‌یی تازه به‌خه‌رجی ده‌وڵه‌ت بۆ ئه‌و كرێكارانه‌ی كه پیشه یان ڕشته‌كه‌یان به‌هۆی ئاڵوگۆڕی ته‌كنه‌لۆژیه‌وه له‌ده‌ست ده‌ده‌ن.
- بیمه‌ی بێكاری تێروته‌سه‌ل بۆ هه‌موو كه‌سانی ئاماده به‌كاری سه‌رووی ١٦ ساڵ له‌سه‌ر بناغه‌ی دوا كرێ‌ی وه‌رگیراو. دانی بیمه‌ی بێكاری تێروته‌سه‌ل و باقی ده‌رماڵه پێویسته‌كان به‌هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ی كه له‌به‌ر هۆكاری جه‌سته‌یی یان ده‌روونی توانای كاركردنیان نییه.
- دیاریكردنی ته‌مه‌نی خانه‌نشینی بۆ ژنان و پیاوان به ٥٥ ساڵ یان دوای ٢٥ ساڵ پێشینه‌ی كار (١٨ ساڵ بۆ كاره سه‌خته‌كان). دانی مووچه‌ی خانه‌نشینی کە یەکسان بێت به به‌رزترین كرێ‌ی وه‌رگیراو له‌ده‌وره‌ی كاركردندا. بردنه‌سه‌ری بیمه‌ی خانه‌نشینی شانبه‌شانی چوونه‌سه‌ری ئاستی كرێ.
- دابینكردنی سه‌لامه‌تی و هه‌لومه‌رجی ته‌ندروستی شوێنی كار و كه‌مكردنه‌وه‌ی مه‌ترسیه‌كانی كار تا نزمترین ئاستی مومكین به‌بێ هیچ سك هه‌ڵگوشینێك، به سوودوه‌رگرتن له پێشكه‌تووترین ئاسانکاری و ئیمكاناتێك كه له ئاستی جیهانیدا به‌كارده‌هێنرێ. چاودێری و پشکنینی پزیشكیی ڕێك‌وپێك له به‌رامبه‌ر ئه‌و مه‌ترسی و نه‌خۆشیانه‌ی كه له پیشه و كاره‌وه سه‌رچاوه‌ده‌گرن، له‌لایه‌ن داموده‌زگای پزیشكیی سه‌ربه‌خۆ له خاوه‌نكاره‌وه، له‌سه‌ر خه‌رجی خاوه‌نكاره‌كان و ده‌وڵه‌ت.
- بیمه‌كردنی تەسەلی كرێكاران له به‌رامبه‌ر ئه‌و كاره‌سات و زیانانه‌ی كه له ئه‌نجامی كاره‌وه تووشیان ده‌بێت، بێ له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌وه‌ی كه له‌شوێنی كار و یان ده‌ره‌وه‌ی شوێنی كار ڕوویداوه و به‌بێ‌ئه‌وه‌ی كه كرێكار پێویستیی به سه‌لماندنی كه‌مته‌رخه‌میی خاوه‌نكار یان به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی هه‌بێت. دانی كرێ‌ی ته‌واوی خانه‌نشینی به‌و كرێكارانه‌ی كه له ئه‌نجامی كاره‌ساتی كاره‌وه توانای كاركردن له‌ده‌ست ده‌ده‌ن.
- پێكهێنانی ده‌سته‌ی ناوبژیوانی و چاره‌سه‌ركردنی كێشه، كه له كه‌سانێكی هه‌ڵبژێردراوی كرێكاران پێك دێت.
- داڕشتن‌و جێبه‌جێكردنی یاسا وڕێسا ناوخۆییه‌كانی كارگه و یه‌كه ئابووری و به‌رهه‌مهێنه‌ره‌كان له‌لایه‌ن نوێنه‌رانی هه‌ڵبژێردراوی كرێكارانه‌وه.
- پێكهێنانی ده‌ستەكانى پشكنینى كرێكاری بۆ چاودێری به‌سه‌ر پیاده‌كردنی ڕاست و دروستی یاسای كار له‌سه‌رتاسه‌ری وڵات و هه‌موو یه‌كه و دامه‌زراوه‌كاندا، به ناوه‌ندە خزمه‌تكاریه‌كانی ناوماڵانیشه‌وه.
- پابه‌ندكردنی خاوه‌نكار به ڕاوێژكردن له‌گه‌ڵ نوێنه‌رانی كرێكاران له‌باره‌ی هه‌ر بڕیارێكه‌وه كه به‌شێوه‌یه‌كی بنه‌ڕه‌تی گۆڕانكاری به‌سه‌ر شێوه‌ی كار، سه‌عاتی كار، شوێنی كار‌و ژماره‌ی كرێكارانی له‌سه‌ركار، بهێنێت.
- مافی نوێنه‌رانی كرێكاران له پشكنینی نوسینگه‌كانی ئه‌و دامه‌زراوه‌ی كه كاری تێدا ده‌كه‌ن. خاوه‌نكار له‌سه‌رێتی هه‌موو ئه‌و زانیارانه‌ی كه كرێكاران له‌م پشكنینه‌دا مه‌به‌ستیانه بخاته به‌رده‌ستیان.
خۆشگوزەرانی و بیمه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان
- دانی بیمه‌ی بێكاری هاوتای لانی كه‌می كرێ‌ی ڕه‌سمی به هه‌موو كه‌سانی بێكاری سه‌رووی ١٦ ساڵ.
- دانی بیمه‌ی خانه‌نشینیی ده‌وڵه‌تی، هاوتای لانی كه‌می كرێ‌ی ڕه‌سمی، به هه‌موو كه‌سانی سه‌روو ته‌مه‌نی ٥٥ ساڵی كه مووچه‌ی خانه‌نشینیان نییه.
- هه‌موو مناڵ و نه‌وجه‌وانێكی خوار ته‌مه‌نی ١٦ ساڵی، كه له ڕێگه‌ی خێزانه‌وه گوزه‌ران و باشبژێوی بۆ دابین نابێت، به‌خێوكردن و سه‌رپه‌رشتیكردنی ده‌كه‌وێته ئه‌ستۆی ده‌وڵه‌ت.
- چاودێریی پزیشكی و خزمه‌تگوزاریی ته‌ندروستی و پزیشكی خۆڕایی و شیا‌و و نزیكه‌ده‌ست بۆ هه‌مووان. چاودێریی ته‌ندروستی ڕێك‌وپێك و دابینکردنی هەمووجۆرەکانی كوتانی مناڵان. زامنكردنی به‌هره‌مه‌ندبوونی هه‌موو مناڵان له نیزامێكی خواردنی تێروته‌سه‌ل و شیا‌و به‌بێ له‌به‌رچاوگرتنی ئاستی داهاتی خێزان و ناوچه و شوێنی نیشته‌جێبوون و…تاد. ڕیشه‌كێشكردنی ئه‌و نه‌خۆشیه درمی و ته‌شه‌نه‌كه‌رانه‌ی كه له پاكژنه‌بوونی ژینگه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرن، چاودێریكردنی ته‌ندروستیی هه‌موو هاووڵاتیان له‌به‌رامبه‌ر نه‌خۆشیه‌كانی دڵ، شیرپه‌نجه باوه‌كان و ئه‌و نه‌خۆشیانه‌ی كه زوو دەستنیشانکردنیان مه‌سه‌له‌یه‌كی زۆر گرنگه له چاره‌سه‌ركردن و كه‌مكردنه‌وه‌ی ئاكامه‌كانیان. په‌ره‌پێدان و باشكردنی جددی ئاستی ته‌ندروستی گشتی، زانیاری پزیشكی و ته‌ندروستی گشتی. په‌ره‌پێدان و ڕێكخستنی ئیمكاناته پزیشكی و ده‌رمانیه‌كان به‌شێوه‌یه‌ك كه ده‌ستڕاگه‌یشتنی ده‌ستبه‌جێ به پزیشك و داووده‌رمان بۆ هه‌موو دانیشتووانی وڵات ئاسان بێت.
- خوێندنی گشتیی و ئیجباری و خۆڕایی تا ته‌مه‌نی ١٦ ساڵی. خوێندنی باڵا (زانكۆیی، پسپۆڕیی) خۆڕایی و نزیكه‌ده‌ست بۆ هه‌موو خوازیاران. دانی ده‌رماڵه‌ی تێروته‌سه‌ل به خوێندكاران. ڕیشه‌كێشكردنی نه‌خوێنده‌واری و بردنه‌سه‌ری هه‌میشه‌یی پله‌ی خوێنده‌واری و زانیاری زانستی و ته‌كنیكی دانیشتووانی وڵات. فێربوون مافی هه‌مووانه و ده‌ستڕاگه‌یشتنی ئینسانه‌كان به فێربوون و ده‌وره فێرکاریەکان نابێ به‌هیچ جۆرێك ببه‌سترێته‌وه به ئاستی داهاتی خێزانه‌وه.
- دابینكردن و زامنكردنی خانوبه‌ره‌ی گونجا‌و، له‌ڕووی فراوانی و ته‌ندروستی و سه‌لامه‌تیی و خزمه‌تگوزاریی شارییه‌وه (كاره‌با، ئاوی سارد و گه‌رم، چێشتخانه، گه‌رماو و ده‌ستشۆری ناو خانووه‌كه، ده‌زگای فێنككردنه‌وه و گه‌رمكردنه‌وه، هه‌لی ده‌ستڕاگه‌یشتن به تۆڕی ته‌له‌فۆنی و ته‌له‌فزیۆنی و ئینتەرنێت و ده‌ستڕاگه‌یشتن به خزمه‌تگوزاریه گشتیه لۆکاڵیەکان) بۆ هه‌مووان. كرێ‌ی خانوو نابێ له ١٠%ی داهاتی تاك یان خێزان زیاتر بێت. ئه‌گه‌ر كرێ‌ی خانوو له‌و ڕێژه‌یه زیاتر بوو ئه‌وا ده‌بێ زیاده‌كه‌ی له‌ڕێگه‌ی كۆمه‌كی ده‌وڵه‌ته‌وه دابین بكرێت. بێ‌خانه‌ولانه‌یی وه‌یان ناچاركردنی ئینسانه‌كان به ژیان له سه‌رپه‌نای نەشیاوتر له ستاندارده په‌سه‌ندكراوه‌كان، كارێكی نایاساییه و ده‌زگا ده‌وڵه‌تیه‌كان له‌سه‌ریانه ده‌ستبه‌جێ سه‌رپه‌نای گونجا‌و بۆ هه‌موو هاووڵاتیان دابین بكه‌ن.
- پێكهێنانی دامه‌زراوه خزمه‌تگوزاریه تایبه‌ته‌كان له گه‌ڕه‌ك و یه‌كه‌كانی نیشته‌جێبووندا، وه‌كو دایه‌نگه، باخچه‌ی ساوایان، چێشتخانه و مه‌ڵبه‌نده گشتیه‌كانی خۆخزمه‌تكردن، جلشۆرگه‌ی مۆدێرن و…تاد، به‌مه‌به‌ستی سووككردنی باری كاری ناوماڵ و ئاسانكردنی به‌شداریكردنی هه‌موو خه‌ڵك له چالاكیه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كاندا.
- فه‌راهه‌م كردنی ئاسانکاری وه‌رزشی و هونه‌ری و كه‌لتووریی خۆڕایی (یاریگا، هۆڵ‌و ستۆدیۆی نمایش و نواندن، كتێبخانه و…تاد) و ته‌رخانكردنی ڕاهێنه‌ر و فێركارانی پێویست له ئاستی لۆکاڵیدا.
- دابینكردنی ئاسانکاری پێویست بۆ به‌شداریكردنی چالاكانه‌ی ئینسانه خاوه‌ن پێداویستیه تایبه‌ته‌كان و كه‌مئه‌ندامان له هه‌موو بواره‌كانی ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تیدا. ده‌سته‌به‌ركردنی ئاسانكاری و ته‌جهیزاته تایبه‌ته‌كان بۆ كه‌سانی خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌ت له شوێنه گشتیه‌كان، گوزه‌رگاكان، یه‌كه‌كانی نیشته‌جێبوون‌و…تاد. دابینكردن و له‌ئه‌ستۆگرتنی خه‌رجی كه‌ره‌سته‌و ئامڕازه ته‌كنیكی و یارمه‌تیده‌ره پێویسته‌كان بۆ ئاسانكردنی ژیانی ڕۆژانه‌ی كه‌سانی كه‌مئه‌ندام.
- دابینكردنی ئاسانکاری و دامه‌زراوه خزمه‌تگوزاریه‌كان بۆ ده‌سته‌به‌ركردنی پێداویستیه تایبه‌ته‌كانی به‌ساڵاچووان و باشكردنی شێوه‌ی ژیانیان. دابینكردنی ئیمكانات و ئاسانکاریی پێویست بۆ زامنكردنى به‌شداری چالاكانه و داهێنه‌رانه‌ی به‌ساڵاچووان له ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تیدا بەشێوەیەکی بەردەوام.
- دابینكردنی تۆڕی پاس و میترۆی خۆڕایی بۆ هاتوچۆی ناو شاره‌كان.
- دابینكردنی هه‌موو خزمه‌تگوزاریه شاریه‌كان (كاره‌با، ئاو، ته‌له‌فۆن، ئینتەرنێت، مه‌ڵبه‌ندی فێركردن و پزیشكی و كه‌لتووری و…شتی تر) له هه‌موو ناوچه دێنشینه‌كاندا و نه‌هێشتنی جیاوازیی باشبژێویی له نێوان شار و دێ‌دا.
په‌یوه‌ندیه نێوده‌وڵه‌تیه‌كان
حزبی كۆمۆنیستی كرێكاریی كوردستان جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌مایانه‌ی خواره‌وه ده‌كات وه‌كو بنه‌مای هه‌ڵسوكه‌وتی ده‌وڵه‌ت له مه‌یدانی نێودەوڵەتیدا:
-هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی دیبلۆماسیی نهێنی، سیاسه‌تی ده‌ره‌وه و هه‌ڵسوكه‌وته دبلۆماسیه‌كان ده‌بێ په‌یڕه‌وی له یاسا و بڕیاره په‌سه‌ندكراوه‌كانی ئۆرگانه یاسادانه‌ره‌كانی هه‌ڵبژێردراوی خه‌ڵك بكه‌ن.
-هاوپشتیكردنی ماددی و مه‌عنه‌وی له‌گه‌ڵ بزوووتنه‌وه كرێكاری و سۆسیالیستیه‌كان و هه‌موو ئه‌و بزووتنه‌وه كۆمه‌ڵایه‌تیانه‌ی كه له وڵاته جیاجیاكاندا له‌پێناو وه‌دیهێنانی ماف و ئازادیی هاوشێوه‌ی ئه‌و ماف و ئازادیانه‌ی له‌م به‌رنامه‌یه‌دا هاتووه خه‌بات ده‌كه‌ن. گوشاردانانی سیاسی و دبلۆماسی له‌سه‌ر هه‌موو ئه‌و ڕژێمانه‌ی كه مافه فه‌ردی و مه‌ده‌نیه سه‌ره‌تاییه‌كان له هاووڵاتیانی خۆیان زه‌وت ده‌كه‌ن.
-خه‌بات بۆ پێكهێنان و به‌هێزكردنی ئه‌و ده‌زگا و ناوه‌نده نێودەوڵەتیانەی كه ئیراده‌ی ئازادانه‌ی خه‌ڵكی وڵاته جیاجیاكان نوێنه‌رایه‌تی ده‌كه‌ن و به‌دیهێنانی باشبژێویی كۆمه‌ڵایه‌تی، په‌ره‌پێدانی ئازادیه مه‌ده‌نیه‌كان و دابینكردنی یه‌كسانیی خه‌ڵكی جیهان له كاروباره جیاجیاكاندا ده‌كه‌نه ئامانجی خۆیان، خه‌بات بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی هه‌موو داموده‌زگا و په‌یمان و ناوه‌نده نێودەوڵەتیە ئیمپریالیستی و میلیتاریستی و ناكۆكه‌كان له‌گه‌ڵ یه‌كسانی و پیاده‌كردنی ئیراده‌ی ئازادانه‌ی خه‌ڵكی وڵاته جیاجیاكانی جیهان له مه‌یدانی نێودەوڵەتیدا.
-ته‌رخانكردنی هه‌میشه‌یی به‌شێك له داهات و سامانه ئینسانی و ته‌كنیكی و پسپۆڕیه‌كانی وڵات بۆ كۆمه‌ككردن به باشكردنی ژیانی ئابووری و كه‌لتووریی خه‌ڵك له وڵات و ناوچه بێبه‌شه‌كانی جیهاندا.
-قه‌ده‌غه‌كردنی به‌شداریكردنی وڵات له په‌یمانه دژی خه‌ڵكی و پاوانخوازی و سه‌ركوتگه‌رانه‌كاندا.
******** ******