سەبارەت بە کتێبی“ژن، ژیان، ئازادی“

دیمانە لەگەڵ بنار مستەفا

بۆپێشەوە: کتێبی” ژن، ژیان، ئازادی” لە نووسینی ئیوە بەزمانی فنلەندی لەچاپ دەرهات، ئامانج لە نووسینی ئەم کتێبە چییەو ناوەرۆکی کتێبەکە باس لە چی دەکات؟

بنار مستەفا: ئامانج لە نووسین و ئامادەکردنی ئەم کتێبە هێنانە پێشەوەی خرۆشانی جەماوەری ئێرانە. لەبەر ئەوەی دەزگا ڕاگەیاندنکانی فینلاند و ئەوروپا بە گشتی بە کەمی لەسەر ئەم بابەتە دەدوێن و حەقی تەواوی پێ نادەن و زۆر خاڵی گرنگ و جەوهەری هەیە، کە باسی لێوە ناکەن، بە گرنگم زانی کە دەست بۆ پڕۆژەیەکی لەم چەشنە بەرم.

ناوەڕۆکی کتێبەکە بە زۆری تایبەتە بە ڕاپۆرتی ڕووداوەکانی یەک ساڵی ڕابردووی ئێران لە پاش کوشتنی مەهسا ئەمینییەوە. باس لە هۆکار و چۆنیەتی سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان لە ئێران، پێشینە و تایبەتمەندییەکانی، خاڵە بەهێزەکانی و دەستکەوت و ئاستەنگییەکانی دەکات. بۆ تێگەشتنی زیاتری خوێنەر بە کورتی ئاماژە بە مێژووی هاوچەرخی ئێران، لە پاش شۆڕشی ١٩٧٩ و دامەزراندنی کۆماری ئیسلامی دەکات، هەروەها باس لە بەدیلە جیاوازەکان، هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکان و ئامانجەکانیان، کاریگەرییەکانی پاش کۆتایی بە کۆماری ئیسلامی لەلایەن جەماوەری شۆڕشگێڕەوە و خەڵکی لە جیهان چۆن دەتوانن کۆمەکی ئەو بزووتنەوەیە بکەن، لەخۆ دەگرێت. چۆنیەتی چوونەپێشەوە و ڕووداوەکانی ناڕەزایەتییەکان، کە لە پایزی ٢٠٢٢ەوە دەستی پێکرد بە بەروار هەندێکیان لیست کراون، تا خوێنەر زانیاریەک لەسەر چۆنیەتی و چەندایەتی خرۆشانەکە وەرگرێت. لە هەندێک بڕگەدا بۆچوونی خۆمم لەسەر هەندێک بابەت داوە. لە پێشەکی کتێبەکە نووسیومە، کە من چاودێرێکی بێلایەن نیم، بەڵکو خۆم بە بەشێک لەو بزووتنەوەیە دەبینم و سەرکەوتنی بە ئامانجی خۆمی دەزانم.

بۆپێشەوە: بۆچی ئەم کتێبەتان بە زمانی فنلەندی نووسی، ئایا نیازتان نییە، وەری بگێرنە سەر زمانەکانی تر لەوانەش زمانی کوردی؟

بنار مستەفا: توانام هەیە تەنها بە زمانەکانی کوردی و فینلاندی نووسین و پڕۆژەی لەم چەشنە بەرهەم بهێنم. وەک لە سەرەوە ئاماژەم پێدا، بە زمانی فینلاندی لەسەر ئەم بابەتە کەم قسە کراوە و لەم بارەوە نووسین کەم بەردەستە. واتە لەم بارەوە بۆشاییەک هەبوو. بە گرنگم زانی، کە زانیاری لەسەر ئەو خرۆشانە جەماوەرییەی ئێران بەردەست بێت. خۆشبەختانە بە زمانی کوردی مەتڕیاڵی زیاتر بەردەستە و زۆر بابەتی لەسەر نووسراوە و قسەی لەسەر کراوە. هەر خودی خۆم هەفتانە لە پیشەنگ تیڤییەوە بەرنامەم بە زمانی کوردی پێشکەش کردووە و لەسەر ڕووداوەکانی ئێران هەفتانە قسەوباسمان بووە. واتە لە نێو ئەو دوو زمانەی من توانام بەسەریاندا هەیە، فینلاندییەکەم بە پێویستتر زانی.

کار بۆ ئەوە دەکەم وەرگێردرێتە سەر زمانەکانی تریش، بە تایبەتی زمانەکانی ئەوروپا، تا پشتیوانی لەم خرۆشانە زیاتر بێت. هەروەها کار دەکەم بۆ ئەوەش، کە دەرفەت وەرگرم و وەریگێڕمە سەر زمانی کوردیش.

بۆپێشەوە: هەرچەندە کتێبەکە تازە لەچاپ دەرهاتووە، بەڵام وەکو سەرەتایەک، چۆن پێشوازی لێکراوە؟

بنار مستەفا: وێڕای ئەوەی ماوەیەکی کەمە و تەنها سێ هەفتەیە کتێبەکە لە چاپ دەرهاتووە، کۆمەڵێک فیدباکی باش و ئاماژە بە گرنگی بوونی کتێبێکی لەم چەشنەم پێ گەشتووە. بەتایبەتی کەسانێک، کە بەدواداچوونی بارودۆخی ئێران و خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دەکەن، بوونی ئەم کتێبەیان بە گرنگ لە قەڵەم داوە. زۆر کەسیش پرسیاری چۆنیەتی بەدەستهێنان و وەرگرتنی کردووە، لە نێویاندا ئەندام پەرلەمانێکی یەکێتی ئەوروپا، کە بە کۆمێنتێک نووسی “دەمەوێت ئەم کتێبە بخوێنمەوە”. هەروەها چەند ڕۆژنامەنووسێک وەریانگرتووە، تا هەڵسەنگاندنی بۆ بکەن. بەجیا لەمانەش زۆر کەس ئاماژەیان بەوە داوە، کە گرنگە کتێبی لەم چەشنە بە زمانی فینلاند لە چاپ دەرهاتووە. پێم وایە لەگەڵ بڵاوبوونەوەی زیاتر و ئاماژەپێدان بە ناوەڕۆکەکەی، پێشوازی زیاتری لێ دەکرێت…

 

Check Also

پەیامەکانی سەردانەکەی ئۆردوگان!

موحسین کەریم رۆژی دووشەممە ٢٢ی نیسان رەجەب تەیب ئۆردوگان سەردانی بەغدای کردو لەگەڵ بەرپرسانی عێراق …