دەبێت بەرەنگاری هێرشی ڕەگەزپەرستی ببینەوە!

نووسینی: توانا حەمە نوری

ڕەگەزپەرستی و ترس لە بێگانە بەردەوامە لە پەرەسەندنی سیاسەتی حیزبی موحافزینی بەریتانیا.
پارتی موحافزینی بەریتانیا بە ڕوونی لە ئاژاوە و قەیراندایە، وەک لە کۆنفرانسی خۆیاندا دەرکەوت. ڕاپرسییەکان ئەوە نیشان نادات کە بە ئاسانی بتوانن دۆخەکە بگەڕێننەوە و لە هەڵبژاردنی داهاتوودا سەرکەوتن بەدەست بهێنن. لە ئەنجامدا، ئارەزووی تاکە کەسی نەک جیاوازییە ئایدیۆلۆژییە سەرەکییەکان، بەڵکو دابەشبوونی زیاتر لە ناو حیزبی موحافزیندا دروست دەکات.
بەڵام هەموویان یەکگرتوون لەسەر هەڵمەتێکی دڕندانە و کۆنەپەرستانەی ڕەگەزپەرستی.
سەرچۆپی ڕۆشتن بەرەو ئەم زێراب و بۆگەناوە بەدەست وەزیری ناوخۆوەیە، کە دڵخۆشە بە بڵاوکردنەوەی درۆ و دەلەسە بۆئەوەی پەرەبدات بە ئەجێندای ڕەگەزپەرستانە و خواستە کەسییەکانی خۆی.
دەشبێ ئەوەش بوترێ کە هیچ سەرکردەیەکی باڵای حیزبەکە بە ئاشکرا ڕەخنەی لە هەڵوێستی وەزیری ناوخۆ سەبارەت بە پەنابەران نەگرتووە و تەنانەت دەوترێت ڕیشی سوناک، سەرۆک وەزیران، بە شێوەیەکی شەخسیی وتارەکەی وەزیری ناوخۆ لە کۆنفرانسی ئەمساڵی حیزبی موحافزیندا پەسەند کردووە. ڕەنگە ڕیشی سوناک، لەبەر پێگەی لاوازی خۆی لەنێو حیزبی موحافزیندا، نەتوانێ یا نەیەوێت بەرەنگاری ببێتەوە.
ڕاستی مەسەلەکە ئەوەیە کە حیزبی موحافزین بۆ خۆئامادەکردن بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو پشتگیری لە ئەجێندایەکی ڕەگەزپەرستانە و ترس لە بێگانە دەکەن. دەیانەوێ کارتی ڕەگەزپەرستی و ترس لە بێگانە لە هەڵبژاردنی داهاتوودا بەکاربهێنن.
لە ڕوانگەی پارتی موحافزین ئەمە دەرئەنجامێکی سروشتی قەیرانی حزبەکەیە کە لەدەوری ئاڵایەکی کۆنەپەرستانە کۆبونەتەوە. بەرهەمی ئەو چەقبەستووەیەشە کە ئابووری وڵاتیان بردۆتە ناویەوە. گەشەکردنی ئابووری هێشتا زەحمەتە، نرخی کاڵاو شمەکەکان بە شێوەیەکی سەرسەختانە بەرزە، ئاستی ژیان لە دابەزیندایە و خزمەتگوزارییە گشتیەکان لە قەیراندان.
وەڵامی ئەوان بۆ ئەم وەزعە نالەبارە لە بنەڕەتدا زیندووکردنەوەی تاچەریزمە، لەگەڵ ڕێکخستنەوە و کەمکردنەوەی باج بۆ دەوڵەمەندەکان کە بڕیارە لەم گێژاو و قەیرانەدا ڕزگارمان بکات. هەرچەندە هیچ نەماوە تایبەتی نەکرێ. تایبەتیکردن و پارچە پارچەکردنی خزمەتگوزارییەکانی تەندروستی گشتی (NHS) بەردەوامە، ناتوانی کەرتێکی تر دەستنیشان بکەیت کە دەستی تایبەتیکردنی پێنەگەیشتبێت.
کەس بەجدی باوەڕی بەوەش نییە بە لابردن یان هەڵوەشاندنەوەی باج لەسەر میراتی شەخسی دەبێتە هۆی گەشەکردنی ئابووری. هەروەها بڕینی بیمەکان پەیوەندی بە باشترکردنی دارایی گشتیەوە نییە، بەڵکو مەبەست لێی بە شێوەیەکی کاریگەر برسیکردنی خەڵکە و بۆ ئەوەی پاڵیان پێوەبنێن بۆ وەرگرتنی کارێکی کەم مووچە.
کەواتە، ئەو هەڵوێستە ڕەگەزپەرستانەی کە تادێت وەزیری ناوخۆ زیاتر پەرەی پێدەدا، ستراتیژییەکی هۆشیارانەیە بۆ سەرقاڵکردنی خەڵک لە کاریگەرییە کارەساتبارەکانی سیاسەتەکانی حیزبی موحافزین.
کاریگەری ئەم ستراتیژە دوو لایەنەیە. یەکەم، زیادکردنی نەهامەتی و چەوساندنەوەی خەڵکی بیانی، ڕەشپێست و ئاسیاییە. لە هەمان کاتدا هەوڵێکە بۆ ئەوەی سەرنجی خەڵکی بەریتانیا لەسەر قەیران دووربخاتەوە و خەڵک بباتە وادییەکی کۆنەپەرستانە کە خەڵکی بیانی و پەنابەر بە هۆکاری وەزعی ئێستا تۆمەتباربکرێن.
ستراتیژی هەڵبژاردنی “خەتای ئێمە نییە، بەڵکو خەتای ئەوانە” لەلایەن ستراتیژیستەکانی پارتی موحافزین پەرەپێدەدرێ.
ناونیشانی ئەو هەڵمەتە ڕەگەزپەرستانەیە بەڵێنی “بەلەمەکان ڕادەگرین”ە. بەڵام وەزیری ناوخۆ درۆی دەکرد کاتێک وتی زۆربەی ئەو کەسانەی کە بە بەلەمی بچووکەوە لە ئەودیوی کەناڵەوە دەگەنە بەریتانیا کۆچبەری ئابوورین.

داتاکانی وەزارەتەکەی خۆی، وەزارەتی ناوخۆ، دەریدەخەن کە لە نێوان لەسەدا ٧٥-٨٠ ی داواکاری پەنابەران، دوای دواکەوتنێکی زۆر ناپێویست، لە کۆتاییدا پەسەند دەکرێن.  بە شەیتانکردنی ئەم خەڵکە هەژارە و بە تەواوی پشتگوێ خستنی داوای ئەو کەسانەی بەهۆی شەڕ و سەرکوت و گۆڕانی کەشوهەوا و چەندین هۆکاری ترەوە ڕوودەکەنە وڵاتانی ڕۆژئاوایی وەک بەریتانیا، تاوانە.
گوایە جگە لەو سیاسەتە هیچ سیاسەتێکی بەدیلیان نییە، بە تەواوی دوورە لە ڕاستییەوە.
لە مێژە خەڵکێکی زۆر دەڵێن پێویستە ڕێگای سەلامەت و یاسایی بۆ هاتنە بەریتانیا دروستبکرێت؛ ناوەندێکی مامەڵەکردنی داواکاری پەنابەری بەریتانی لە باکوری فەرەنسا دروستبکرێت، دەسەڵاتدارانی فەرەنسا وتوویانە ڕێگەی پێدەدەین. ئەمەش پێویستی بە پەڕینەوەی مەترسیدار نامێنێت، چونکە کاتێک داواکارییەکە پەسەند دەکرێت، پەنابەران دەتوانن بە ڕێگەی یاسایی گەشت بۆ بەریتانیا بکەن. ئەمەش ژیانی پەنابەران لەدەست “بازرگانانی خەڵک” ڕزگار دەکات.
بەڵام لەبەر ئەوەی ڕەگەزپەرستی لە کۆمەڵگەی بەریتانیا پەرەی زۆر سەندووە، نزیکەی هەموو هەنگاوێکی ئەم حکومەتە ئەو جیاکارییە خراپتر دەکات کە خەڵکی بیانی، ڕەشپێست و ئاسیایی ئەزموونی دەکەن.
لە ڕاپرسییەکی گەورەی ئەم دواییەدا، زۆرینەی ڕەهای ڕەشپێستەکانی بەریتانی سەروو لە ٨٠% ڕایانگەیاندووە کە جیاکاری لە پەروەردە و شوێنی کار گەورەترین بەربەستە بۆ بەدەستهێنانی دەستکەوتی ڕەشپێستەکان، ئەوان ئەزموونی ڕەگەزپەرستییان کردووە، هەروەها متمانەش بە پۆلیس و سیستەمی دادوەری زۆر لاواز بووە.
یەکێک لەو هۆکارانەی کە حیزبی موحافزین توانیویانە ئەم وەرچەرخانە بەرەو ڕاست بکەن ئەوەیە کە ئەم سیاسەتانە و ئەم قسەکردنە لەلایەن پارتی کرێکارانەوە تەحەدا ناکرێت. وەزیری ناوخۆی ئێستا کۆنەپەرستترین وەزیرە لەماوەی چەند ساڵی ڕابووردوودا.
هەرگیز نابێت ڕێگە بە حیزبی موحافزین بدرێت ئەجێندای کۆنەپەرستانە و ڕەگەزپەرستانەی خۆی پەرەپێبدا. هەرگیز نابێت دان بە ڕەگەزپەرستاندا بنێین.

Check Also

پەیامەکانی سەردانەکەی ئۆردوگان!

موحسین کەریم رۆژی دووشەممە ٢٢ی نیسان رەجەب تەیب ئۆردوگان سەردانی بەغدای کردو لەگەڵ بەرپرسانی عێراق …