“بۆچی سۆشیالیزم“

ناوی وتارێکە بە قەڵەمی ئەلبێرت ئاینشتاین

نووسینی: عامر سابیر

زانای بەناوبانگی فیزیا، ئەلبێرت ئاینشتاین لە مەی 1949 دا وتارێکی بەپێزی نووسیوە بە ناونیشانی (بۆچی سۆشیالیزم)1، ئاینشتاین ئەم وتارەی لە یەکەم ژمارەی بڵاوکراوەی (مۆنسڵی ڕڤیوو- پێداچوونەوەی مانگانە)2 دا بلاوکردۆتەوە کە لە شاری نیویۆرک لە ئەمریکا بڵائەکرێتەوە، ئەم گۆڤارە یەکێکە لە بەتەمەنترینەکان و تا ئێستاش بەردەوامە و هەر دەردەچێت.

ئەم گۆڤارە کە بڵاوکراوەیەکی سۆشیالیستی و مارکسیستییە، کە هەڵسوڕاوانی کۆمۆنیستی و کرێکارانی سۆشیالیستی ئەمریکا بڵاویدەکەنەوە، لە مانگی مەی 1998 دا لە یادی پەنجا ساڵەی گۆڤارەکەدا ئەم وتارەی ئاینشتاینی دووبارە بڵاوکردۆتەوە. وە جارێکی تر لە ساڵی 2009 و 2018دا هەمان وتاری بە پێزی ئاینشتانی لە یادی شەست ساڵە و حەفتا ساڵەی گۆڤارەکەدا، دووبارە چاپکردۆتەوە. ئەم وتارەی ئاینشتاین گەرچی زیاتر لە 74 ساڵ پێش ئێستا نووسراوە، بەڵام ناوەڕۆکەکەی هەر ئەڵێی لە دژی سیستەمی سەرمایەداری لەم کات و ساتەی ئێستادایە کە نووسیوێتی.

لەم وتارەدا دەردەکەوێ کە ئەلبێرت ئاینشتاین (1879-1955) ڕەخنەی تووندی لە سیستەمی سەرمایەداری هەبووە و تا سەرمۆخ دژی ئەم سیستەمە بووە. ئاینشتاین لە وتارەکەیدا ئەڵێ “بە بڕوای من، ئەم بێنەزمییە ئابوورییەی کۆمەڵگەی سەرمایەداری کە ئەمڕۆ مەوجودە، سەرچاوەی سەرەکی هەموو نەهامەتییەکانە”. نەک هەر ئەمە، بەڵکو ئەو سیستەمی سۆشیالیستی بە ئەڵتەرناتیڤی سەرمایەداری زانییوە و ئەم بەدیلەی لە وتارەکەیدا بە ڕوونی و لێهاتووی باس کردووە و ئەڵێ “من قەناعەتم وایە کە تەنها یەک ڕێگە هەیە بۆ نەهێشتنی ئەم نەهامەتی و خراپەکارییە گەورانەی ئێستا ئەکرێ، ئەویش لە ڕێگەی دامەزراندنی ئابوورییەکی سۆشیالیستییەوە”.

لەم وتارەدا دەردەکەوێ کە مەبەستی ئاینشتاین لە سۆشیالیزم. ئەو سیستەمە بەناو سۆشیالیستییە نەبووە کە لە کاتی نووسینی وتارەکەیدا بۆ زیاتر لە سی ساڵ لە یەکێتی سۆڤییەتدا بەرقەراربووە و خۆی بە سۆشیالیزم ناساند بوو. لەم وتارەدا دەردەکەوێ کە ئاینشتاین بە وردی مارکسی خوێندۆتەوە و بە قوڵی درکی بە ڕەخنەی مارکس لە سەرمایەداری کردووە و مەبەستی ئاینشتاین لە سۆشیالیزم، ڕێک ئەوەیە کە مارکس باسی کردووە و بە هەڵوەشانەوەی پەیوەندییەکانی شوێنی کار لە سیستەمی سەرمایەداریدا وەسفی ئەکات. ئاینشتاین لە وتارەکەیدا ئەڵێ “پێویستە لەبیرمان بێت کە ئابوورییەکی پلان بۆ داڕێژراو، هێشتا سۆشیالیزم نییە”.

ئەلبێرت ئاینشتاین، سەرەڕای ئەوەی زانایەکی مەزنی زانستی فیزیا بوو، لەهەمانکاتدا هەڵسوڕاوێکی کارای دژی ڕەگەزپەرستی و دژی نەتەوەپەرستی و دژی چەکی ئەتۆمی بوو. نەک هەر ئەمە، بەڵکو ئەتوانین بڵێین مارکسیستێک بوو کە لە دیدگای کۆمۆنیستییەوە سەیری کێشەکانی کۆمەڵگای ئەکرد. هەر بۆیە ئەم زانا گەورەیە کە هەڵسوڕاوێکی سیاسی چالاکی دەورانی خۆی بووە. بۆتە جێگەی نیگەرانی دەزگای سیخوڕی (ئێف بی ئای) و بە وردی چاودێری هەموو جوڵە و هەڵسوڕانێکیان کردووە و بە کۆمۆنیست و سیخوڕ تاوانباریان کردووە و فایلەکەی لە (ئێف بی ئای) زیاتر لە 1800 پەرەیە3، کە بە وردی تەلەفۆنەکەیان گوێلێگرتووە و نامەکانیان کردۆتەوە و تەنانەت ئەو زبڵەکەش کە لە ماڵەکەی ئەوەوە هاتووە، کۆکراوەتەوە و بۆ بەڵگە گەڕاون تیایدا.

هەر لە سەردەمی گەنجییەوە ئاینشتاین چالاکوانێکی سیاسی بووە. هەر لە سەرەتای لاوێتیدا لە دژی سیاسەتی عەسکەرتارییەتی حکومەتی ئەڵمان بووە. لە کاتێکدا کە لە ئەڵمانیا بوو، بە تووندی دژی جەنگی یەکەمی جیهانی بووە و یەکێک بوو لەو چوار ڕۆشنبیرە گەورەیەی مانیڤێستێکیان لە دژی ئەو جەنگە ئیمزا کرد. ئاینشتاین کە لە ئەمریکا بوو، بە تووندی بەرگری لە مافی ڕەشپێستەکان کردووە و دژی هەڵاواردن بووە و چالاکوانێک و یارمەتیدەرێکی کارای هەڵسوڕاوانی ڕەش پێست و کێشەکانیان بووە.

لە ساڵی 1950 دا لە کاتێکدا حکومەتی ئەمریکا بڕیاری ئیعدامکردنی چەند ڕابەرێکی حیزبی کۆمۆنیستی ئەمریکای دا، لەوانە ژن و مێردێک بە ناوەکانی (جولیەس ڕۆزەنبێرگ وئێتەڵ ڕۆزەنبێرگ)4 بە بیانووی ئەوەی گوایە سیخوڕی یەکێتی سۆڤییەت بوونە و زانیاریان لەسەر چەکی ئەتۆمی داوە بە سۆڤییەت و لە ساڵی 1953 دا ئیعدام کران. ئاینشتاین لە پێشەوەی ئەو کەمپینە بوو کە بۆ بەرگری لە ژیان و ئازادکردنی ئەو دوو ڕابەرە کۆمۆنیستە بەڕێخرا بوو.

ئاینشتاین  کە لە 1921 دا خەڵاتی نۆبێڵی بردەوە و لە 1922 دا وەریگرت. لە ساڵی 1932دا لە ڕاپۆرتی ئەو سیخوڕەی (ئیف بی ئای)دا کە دیاریکرابوو بۆ ئەوەی بەوردی چاودێری بکات، لەسەر ئاینشتاین پێشنیار ئەکات و ئەڵێ کە نابێت ڕێگە بدرێ ئاینشتاین بێتە ناو خاکی ئەمریکاوە، ئەڵێ گوایە لەبەرئەوەی “تەنانەت خودی ستالین هێندەی ئاینشتاین پەیوەندی تووندوتۆڵی لەگەڵ گروپە کۆمۆنیستی و ئانارکییەکاندا نییە”5.

لە دوای جەنگی دووەمی جیهانی و مردنی سەرۆکی ئەو کاتی ئەمریکا (فرانکلین ڕۆزەڤیڵت) لە  1945دا، هێڕشی بەربڵاوی بۆرژوازی ئەمریکا بۆ سەر حیزبە کۆمۆنیست و نەقابەکانی کرێکاران و ڕابەرانیان دەستی پێکرد و حیزبی کۆمۆنیستی ئەمریکا و حیزبی سۆشیالیستی ئەمریکا و حیزبی سۆشیالیستی کرێکاری ئەمریکا کە لەوکاتانەدا پڕ نفوزترین بوون، قەدەغە ڕاگەیەندران و ڕابەرانیان سەرکوتکران، زۆریان تیرۆرکران وەیان زیندانی کران وە یان دیپۆرتی وڵاتانی خۆیان کرانەوە. وتاری (گۆشەیەک لە مێژووی پڕشنگداری چینی کرێکاری ئەمریکا)6 کە لە نووسینی نووسەری ئەم دێڕانەیە و لینکەکەی لە خوارەوە دانراوە، تیشک ئەخاتە سەر باروودۆخی ئەو کاتەی ئەمریکا کە ئاینشتاین وتارەکەی تیادا نووسیوە.

ئەوەی کە ئاینشتاین وتارێکی ئاوا ڕۆشن و ڕادیکاڵانە لە 1949دا  لە یەکەم ژمارەی گۆڤارێی سۆشیالیستیدا بڵاوکردۆتەوە، دەرخەری ئەوەیە کە ئەو ئاشنابووە و پەیوەندی نزیکی هەبووە لەگەڵ ڕابەرانی کۆمۆنیست و هەڵسوڕاوانی سۆشیالیستی سەردەمی خۆی لە ئەمریکادا. هەر ئەم بۆچوونە سیاسییە ڕادیکاڵ و کۆمۆنیستی و ئینساندۆستییەی ئاینشتاین بووە کە وای کردووە، کە هەموو جوڵەیەکی ئەو بخرێتە ژێر زەڕەبینی (ئێف بی ئای) و بە وردی چاودیری بکەن و لە هەموو هەنگاوێکیدا بەدواوەی بن.

ئاینشتاین کۆتایی وتارەکەی بەم پەرەگرافەی خوارەوە کۆتایی پێ ئەهێنێ و ئەڵێ: “ڕوونکردنەوە سەبارەت بە ئامانج و کێشەکانی سۆشیالیزم زۆرترین گرنگی هەیە لەم دەورانی ڕاگوزەرەی ئێمەدا. بەو پێیەی لە هەلومەرجی ئێستادا باسکردنی ئازاد و بێ بەربەست لەسەر سۆشیالیزم و کێشەکان کەوتۆتە ژێر تابۆیەکی بەهێزەوە، من بڵاوبوونەوەی ئەم گۆڤارە بە خزمەتێکی گشتی گرنگ ئەزانم”.

سەرچاوەکان:

لینکی وتارەکەی ئاینشتاین بە ئینگلیزی لە گۆڤاری (پیاداچوونەوەی مانگانە-مۆنسڵی ڕیڤیوو)

لینکی وتارەکەی ئاینشتاین بە دەنگ لە سەر یوتیوب.

MONTHLY REVIEW

An Independent Socialist Magazine

لینکی بەشێک لە فایلەکانی (ئیف بی ئای) لە سەر ئەلبێرت ئاینشتاین.

https://vault.fbi.gov/Albert%20Einstein

ناوی ئەو دوو ئەندامەی حیزبی کۆمۆنیستی ئەمریکا کە ژن و مێردێک بوون و لە 1951 سزای ئیعدامیان بۆ دەرکرا و لە 1953 دا بە لێدانی کارەبا ئیعدام کران.

Julius and Ethel Rosenberg

لینکی وتارێک لە ڕۆژنامەی (زە نیویۆرک تایمز) کە لە 7ی مەی 2002دا بڵاوکراوەتەوە و زانیاری زیاتری تیایە لە سەر فایلەکانی ئیف بی ئای لە سەر ئاینشتاین، کە لە نووسینی (دینس ئۆڤەربای).

لینکی وتاری (گۆشەیەکی پڕشنگدار لە مێژووی چینی کرێکاری ئەمریکا)، لە نووسینی عامر سابیر، کە لە 28/07/2021 دا نووسراوە و لە ماڵپەڕی (ئەمڕۆ)دا بڵاوکراوەتەوە:

https://emrro.com/gosheyekipirshingdar.htm

ئەم لینکەی خوارەوە گفتووگۆیەکی دۆبلاژکراوی ئاینشتاین و ژنەکەی تیادایە، کە لە لەندەن بانگگراون بۆ سەفارەی ئەمریکا بۆ لێکۆڵینەوە لە سەر پەیوەندی و بیروڕای سیاسی ئاینشتاین و پرسیاری لێ ئەکەن کە ئایا ئەندامی کام حیزبی سیاسییە، کە لەو کاتەدا چاوەڕێی وەرگرتنی ڤیزا بوون.

https://www.nationalgeographic.com/pages/article/science-march-einstein-fbi-genius-science

 

Check Also

پەیامەکانی سەردانەکەی ئۆردوگان!

موحسین کەریم رۆژی دووشەممە ٢٢ی نیسان رەجەب تەیب ئۆردوگان سەردانی بەغدای کردو لەگەڵ بەرپرسانی عێراق …