بەیاننامەی حزبی حیکمەتیست (خەتی ڕەسمی)

کۆمۆنیستەکان و پێشهاتەکانی ئێران

ئامادەکاری بۆ شەڕی کۆتایی

ڕاپەڕینی جەماوەری بۆ ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی کە پێی ناوەتە چوارەمین مانگی خۆیەوە، درێژەی ناڕەزایەتییەکانی ساڵانی ڕابردوو، ناڕەزایەتیی کرێکاران، مامۆستایان و خانەنشینان، قوتابیان، ژنان و چین و توێژە بێبەشەکانی کۆمەڵگا و ڕاپەڕینەکانی مانگی ڕێبەندانی ٢٠١٦ و تشرینی دووەمی ٢٠١٨یە. ئەم ڕاپەڕینە ململانێی چینی کرێکار و خەڵکی بێبەشی لەگەڵ حکومەتدا بردۆتە قۆناغێکی نوێوە، قۆناغێک کە ڕووخانی کۆماری ئیسلامی بەهێزی خوارەوەی کۆمەڵگا و دابینکردنی داواکارییە سەرەکییەکانی خەڵکی ئازادیخواز لە ئێران، هەر لە هەڵوەشاندنەوەی جیاکاری رەگەزی، ئازادییە سیاسییەکان و خۆشگوزەرانی گشتییەوە تادەگاتە ئیدارەی کۆمەڵگا لەلایەن خەڵک خۆیان و ئۆرگانەکانی دەسەڵاتدارێتی خەڵك، لەسەر ئاڵاکەیان هەڵکەندراوە.

ئەم بزووتنەوەیە تائێستا دەستکەوتی گەورەی بەدەستهێناوە و چەندین سەنگەری گرنگی بۆ پێشڕەویی خۆی داگیرکردووە. ئازادیی جلوبەرگ، هەڵوەشاندنەوەی بەکردەوەی ئاپارتایدی جنسی، بوونی ئازادی ژنان بەپرسێکی سەرەکی لە کۆمەڵگادا، پاشەکشەکردن بە کەلتوور و نەریتی ئیسلامی و دژە ژن، ئازادیی گردبوونەوە و ناڕەزایەتی دەربڕین، هەڵوەشاندنەوەی ” گەشتی ئیرشاد”، بەهێزبوونی هاودەنگی و هاوچارەنوسی سەراسەری خەڵکی بێبەش و… پاشەکشەکردن بە مەیلە نەتەوەیی و ناسیۆنالیستی و ناوچەگەری و دینیەکان، قوڵبوونەوەی هۆشیاری سیاسی خەڵک بەرامبەر بە بزووتنەوە و هێزە سیاسییەکان و ئەو ئایندەیەی کە دەیانەوێت، روخاندنی دیواری ستەمکاری و ملهوڕیی حکومەت و پەرەگرتنی گومان و دوودڵی، درزو کەلێن لەنێو ریزەکانی هێزەکانی حکومەتدا، بەدەستهێنانی متمانە بەخۆبوونی نەوەی گەنجان و خەڵکی بێبەش بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی حکومەت و…، لە دەستکەوتەکانی ئەم قۆناغەن. بزووتنەوەی شۆڕشگێرانە تا ئەمڕۆش بە هەڵکردنی ئاڵای یەکسانی و ئازادیی ژنان، هێزێکی جددی بە بزووتنەوەی مافی ژنان لە ناوچەکەدا بەخشیوە و لەسەر ئاستی جیهانیش، هاوسۆزی شتیی خەڵکی ئازادیخواز و بەتایبەت ژنان و چینی کرێکار و زەحمەتکێشانی بۆ خۆی ڕاکێشاوە.

لەژێر گوشاری ڕادیکالیزمی ئەم بزوتنەوەیەدا، ڕیزەکانی بۆرژوازی چ دەسەڵاتدار و چ ئۆپۆزسیۆنی ڕووبەڕووی ریزبەستن و دووبەرەکی نوێ بوونەتەوە. دابەشبوون لە حکومەتدا لەسەر چۆنیەتی تێپەڕاندنی ئەم قەیرانە و دابەشبوونی ئۆپۆزسیۆنی بۆرژوازی لەسەر چۆنیەتی مامەڵەکردنە لەگەڵ شۆڕشی داهاتوو و ڕادیکالیزمەکەی و لەوانەش دەرئەنجامەکانی.

کۆماری ئیسلامی و بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانە

کۆماری ئیسلامی سەرەڕای خۆگیڤکردنەوەو سەرکوتکردن، پڕوپاگەندە و سازکردنی دۆسیە بۆ خۆپیشاندەران، هەوڵدەدات ئەو پاشەکشانەی بەسەریدا سەپێنراوە لە قاڵبی “چاکسازی لە سەرەوە” و “لێکدانەوەی نوێ بۆ یاسا ئیسلامییەکان” بخاتەڕوو . ئەمەش بەواتای سەپاندنی هاوسەنگیەکی نوێی هێزە لە نێوان سەرەوە و خوارەوە بەسەر حکومەتدا بۆ ئەوەی خۆی لەگەڵ هەلومەرجی نوێدا بگونجێنێت.

کۆماری ئیسلامی هەوڵ دەدات کە کەمبوونەوەی ناڕەزایەتیەکانی سەرشەقامی نەوەی گەنج و گۆڕینی ناوەندی شارەکان بۆ پایەگای سەربازی، وەک پێشڕەویی رژێم و شکستی ئەم بزووتنەوەیە بۆ گێڕانەوەی متمانە بەهێزە سەرکوتگەر و لەرزۆکەکەی بەرامبەر بە هێرشی خەڵك، نیشان بدات. ڕیزی تێکشکاوی حکومەت سازبکاتەوەو خەڵکی ئازادیخوازیش چاوترسێن بکەن. درێژەی دەستگیریەکان و لەسێدارەدانی ژمارەیەک لە ناڕازییان و هەڕەشەکانی دەزگای دادوەری و ناوەندەکانی ڕاگەیاندن و ئامێری پڕوپاگەندەی ڕژێم بۆ ڕاگەیاندنی شکستی بزووتنەوەی ناڕەزایەتی خەڵک و ناوزەدکردنی بە “پیلانگێڕی” حکومەتەکان و هێزە دەرەکییەکان ، هتد.. بڕیارە پەردەیەك بێت بۆ داپۆشینی شکستی سیاسەتی سەرکوتکردن، بۆ پاشەکشەی دەسەڵات لەبەردەم خەڵکدا، بۆ هاوسەنگی هێزی نوێ لە نێوان خوارەوەو سەرەوە و لەسەر کەلێن و گومان و لەرزینەکانی ناو ڕیزەکانی حکومەت!

سەرهەڵدانی ئەم دەورەیە، لێكترازانی ڕیزەکانی هێزەکانی حکومەتی خێراتر کردووە. ئەگەر لێکترازانی ڕیزەکانی خوارەوە گۆڕاوە بۆ وازهێنان لە ڕیزەکانی هێزە سەرکوتگەرەکان، ئەوا لێکترازان لەناو پلەو کەسایەتییە سەرەکییەکانی حکومەتی دوێنێدا، وایکردووە ئەوان بچنە ڕیزی ئۆپۆزسیۆنی بۆرژوازی و ڕاستڕەوەوە.

قەیرانی قووڵی ئابووری، هەڵاوسان، دابەزینی بەهای ڕیال بەرامبەر دۆلار و بەرزبوونەوەی ڕۆژانەی تێچووی پێداویستیەکانی ژیان، هەژاری و نەهامەتی بەربڵاو لەپاڵ کۆمەڵگایەکی ناڕازی و هاوسەنگیەکی گۆڕاوی هێز بەقازانجی چینی کرێکار و خەڵکی ئازادیخواز، قووڵبوونەوەی قەیرانی سیاسی و تەشەنەکردنی بزووتنەوەیەکی جەماوەری بۆ یەکلاکردنەوەی چارەنوسی کۆماری ئیسلامیدا کردۆتە کارێکی حەتمی.

ئۆپۆزسیۆنی ڕاست و بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانە

توندتربوونی قەیرانی سیاسی لە کۆمەڵگا و مشتومڕی ڕووبەڕووی خوارەوە لەگەڵ سەرەوەدا لەسەر ڕووخان یان مانەوەی کۆماری ئیسلامی، مشتومڕی چۆنیەتی ڕووخان و جێگرتنەوەی کۆماری ئیسلامی کردۆتە بابەتێکی بەپەلە لەنێو هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆندا.

ئۆپۆزسیۆنی بۆرژوازی و ڕاستڕەو، ترساو لە شۆڕشی رادیکاڵ و جەماوەریی خەڵک، بەسیاسەتی گۆڕینی ئەم ڕاپەڕینە بۆ هۆکارێکی فشار لەپێناو سیناریۆکانی وەک “گۆڕینی رژێم”، “شۆڕشی مەخمەلی”، پێکهێنانی “. لۆیە جیرگە” و دەستاودەستکردنی دەسەڵات لە سەرەوە، هاتونەتە ناو گۆڕەپانەکەوە.

ناسیۆنالیستە مەزنخوازەکانی ئێران وەکو “شۆڕشگێڕ!”ە سەرسەختەکان لە میدیاکانی خۆیاندا تەپڵی “شەڕ.. شەڕ.. تا ڕووخاندن” لێدەدەن. کەسایەتیە ناسراو و نەناسراوەکان خۆیان وەک “سەرکردە” و “ڕزگارکەر”ی خەڵک نیشان دەدەن و لەهەمانکاتدا لە کۆریدۆرەکانی وڵاتانی ڕۆژئاوا و بەتایبەت ئەمریکادا، هەوڵدەدەن هێز و توانای خۆیان وەک بەدیلێکی خوازراو بۆ ڕۆژئاوا نەک هەر لەبەرامبەر کۆماری ئیسلامی دا، بەڵکو بەرامبەر ئەڵتەرناتیڤی چەپگەرا و ئازادیخوازانەی “ئیدارەی شورایی” نیشان بدەن.

ڕۆڵی هێزە ڕاستڕەوەکانی دیکەی ئۆپۆزسیۆن، لە حیزبە ناسیۆنالیستیە کوردیەکانەوە تا دەگاتە نەتەوەیی-ئایینی، لیبراڵ و هتد، لە پەراوێزی ناسیۆنالیزمی مەزنخوازی ئێرانی بە ڕێبەرایەتی ڕەزا پەهلەوی، مانا پەیدا دەکات.

نامۆبوونی تەواوەتی ئۆپۆزسیۆنی ڕاستڕەو و بۆرژوازی، لە ناسیۆنالیزمی مەزنخوازی ئێرانییەوە بۆ ناسیونالیزمی کوردی و… لەگەڵ ئەم بزووتنەوە و ئامانجە ئازادیخواز و یەکسانیخوازەکانی، بەتایبەت پرسی یەکسانی ژنان، لەلایەکەوە و دیاربوونی سیناریۆی ئۆپۆزیسیۆنی ڕاست بۆ خراپ کەڵکوەرگرتن لەم بزوتنەوەیە لەپێناو گرتنەدەستی دەسەڵات لەسەرەوە لەلایەکی دیکەوە، گرنگترین فاکتەری شکستی ئەم هێزانە بوو لە ڕاکێشانی سەرنجی خەڵکی ناڕازی لە ئێران، بەتایبەت ئەو نەوە گەنجەی کە شەقامەکانیان خستبوە ژێردەستی خۆیانەوە.

شکستەکانی تائێستای ئۆپۆزسیۆنی ڕاست، ئەگەر لەبنەڕەتدا بەهۆی دژایەتی ئامانجەکانی لەگەڵ خواستەکانی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ئێستا و وەڵامی نەخێری کۆمەڵگا بێت پێی، ئەوا لەلایەکی دیکەوە هۆکارەکەی نەبوونی متمانەی حکومەتەکانی ڕۆژئاوایە بەهێز و توانای ئەم ئۆپۆزسیۆنە بۆ کۆنترۆڵکردنی بارودۆخی شۆڕشگێڕانە، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڕادیکالیزمی ناو بزووتنەوەکەو دواجاریش بۆ شکستپێهێنانی شۆڕشی داهاتووە.

وڵاتانی ڕۆژئاوا ئەزموونی شۆڕشی ١٩٧٩، کە سەرەڕای سیناریۆی هاوبەشی کۆنەپەرستی ئیسلامی و وڵاتانی ڕۆژئاوا بنیاتنراو لەسەر “پەیوەندیکردنی سوپا بە شۆڕشەوە”، بە دەرچوونی کۆنترۆڵ لەدەستیان، بە ڕاپەڕینێکی چەکدارانە و چەکداماڵینی سوپا تەواو بوو! پێکهێنانی شورای کرێکاری و چەکدارکردنی خەڵک و سەختییەکانی کۆنەپەرستی ئیسلامی بۆ چەك کردنیان و شکاندنی بەرخۆدانی خەڵک کە ساڵانێکی زۆری خایاند، لەبیر ماوە! ئەمەش هۆکاری بێمتمانەیی ئەوانە لە دووبارەکردنەوەی سیناریۆی ڕابردوو.

بەپێچەوانەی تێگەیشتنی منداڵانەی ئۆپۆزسیۆنی ڕاستڕەوەوە، ڕووبەڕووبوونەوەی ڕادیکالیزمی کرێکاری و بزووتنەوەیەک کە تا ئەمڕۆش بەرەنگارییان بووەتەوە، ململانێکانی داهاتوو ئاڵۆزتر دەکات و سەرکەوتنیان زۆر لە سەرکەوتنی کۆنەپەرستی ئیسلامی قورستر و نامومکین دەکات.

هۆکاری بێمتمانەیی وڵاتانی ڕۆژئاوا بەم ئۆپۆزیسیۆنە و بینینی کۆماری ئیسلامی وەک تاکە بژاردەی بەردەست بەرامبەر ئاڵوگۆڕێکی شۆڕشگێڕانە لە خوارەوە، دەگەڕێتەوە بۆ ئەم ڕاستیانە.

ئەم ڕاستیانە لەپاڵ ڕادیکالیزمی ڕاپەڕینی ئەم دواییە و ڕەتکردنەوەی هەر جۆرە بەدیلێک کە ئۆپۆزسیۆنی ڕاستڕەو دەیخاتە بەردەم کۆمەڵگا، ڕاگەیاندنی ئاشکرای “نا” لەلایەن چین و توێژە جیاجیاکانی خەڵکەوە بۆ “سەرکردە” داتاشینی ئەم هێزانە، نەفرەتی خەڵک لە دەستوەردانی وڵاتانی ڕۆژئاوا وەک ئەنجامدەرانی شەڕ و وێرانکاری لە ناوچەکەدا، ڕیزی بەڕواڵەت یەکگرتووی ئەوانی تووشی پرشوبڵاوی کردوە. ئەم ڕاستیانە باڵی ڕاستی توندڕەوی ناسیۆنالیستە مەزنخوازەکانی بەڕێبەرایەتی ڕەزا پەهلەوی ناچارکرد وەکو بزووتنەوەیەکی فاشیستی، ئەوپەڕی ڕاست، دژە کرێکاری و دژە کۆمۆنیستی خۆی دەربخات کە تەنانەت ئامادە نییە ئیمتیاز بە هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی دیکەی بۆرژوازی بدات. لەژێر فشاری ئەم ڕادیکالیزمەدا ئۆپۆزسیۆنی بۆرژوازی ڕووبەڕووی دابەشبوون و کێشەی جددی بووەتەوە.

موجاهید وەک دەستەیەکی مەزهەبی، بزووتنەوەیەکی دژە کۆمەڵایەتی و باندێکی ڕەش، سەرەڕای لۆبیەکی بەهێزو پارە و ئیمکاناتێك کە خراوەتە بەردەستی، تا ئێستا هیچ شانسێکی نییە لە پێشهاتەکانی ئێستای ئێراندا جێگەیەك بگرێت. ڕادیکالیزمی ئەم بزووتنەوەیە، دیاردەی یەکسانی ژنان، بوونی کۆمۆنیزمی ڕێکخراو و هوشیاری قووڵی کۆمەڵگا وایکردووە کە ئەم رەوتەو “سوپا ئازادەکەی” شانبەشانی کۆماری ئیسلامی شانسێکان نەبێ لە بە سووریاکردنی ئێران و بگرە مەحاڵیش بێت.

کۆمۆنیستەکان و بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانە

بزووتنەوەی ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی، کە ئازادی ژنان پرسی سەرەکیە تێیدا ، زیاتر لە هەموو قۆناغەکانی دیکە مۆری ئازادی و یەکسانی کرێکاری لێدراوە.

سەرکەوتنی بزووتنەوەی ئێستا بەندە بە دەوری جدی کۆمۆنیستەکان لە پێشهاتەکانی ئێستادا، بە هەوڵەکانیان بۆ تێپەڕاندنی ئاستەنگ و رێگریەکان، بە دیاریکردنی تاکتیک و ئاسۆی سەرکەوتنەکەی و دابینکردنی سەرکردایەتی ناوچەیی و سەراسەری، دەورێك کە بتوانێت سەرکەوتنی ئەم بزووتنەوەیە و ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی مسۆگەر بکات و چینی کرێکار و کۆمۆنیستەکان بخاتە باشترین پێگە بۆ ڕزگاری سۆسیالیستی.

پڕۆسەی ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی لە شۆڕشی ١٩٧٩ ئاڵۆزتر دەبێت و لە چوارچێوەی بارودۆخی نوێی جیهان و ناوچەکەدا جیاواز لە شۆڕشی ١٩٥٧، ڕووبەڕووی مەترسیی دیکە دەبێتەوە. پێویستە بە چاوی کراوەوە پێشوازی لەم قۆناغە بکەین و کۆمەڵگا لە مەترسییەکانی ڕەوتی ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی بپارێزین و سەرکەوتنی ئەم بزووتنەوەیە مسۆگەر بکەین.

حیزبی حیکمەتیست (خەتی رەسمی) لەم بارەوە ڕایدەگەیەنێت:

ئەلیف- جێگیرکردنی دەستکەوتەکانی تائێستای خەڵك دژی دەسەڵات، گۆڕەپانی ململانێی جیددی ئەم قۆناغەیە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی و هەموو هێزە ڕاست و کۆنەپەرستەکاندا. هەوڵدان بۆ جێگیرکردنی ئەم دەستکەوتانە، زیاتر رۆشتن لە سەرکەوتنەکانی تائێستا و سەپاندنی پاشەکشەی زیاتر بەسەر دەسەڵاتدا، لەوانە ئازادکردنی دەستگیرکراوەکان و هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدان، داننان بە مافی ناڕەزایەتی و گردبوونەوە و رێکخراوبوون، ئازادیی ژنان، کۆتاییهێنان بە کەشوهەوای سەربازی لە شوێنی کار و ژیان، گۆڕەپانی سەرەکی خەباتی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەیە لە دژی کۆماری ئیسلامی.

ب: قەیران و چەقبەستوویی ئابووری سەرمایەداری لە ئێران و بێتوانایی بۆرژوازی لە چارەسەرکردنی، فراوانبوونی هەژاری و نەهامەتی لە کۆمەڵگادا، قەیرانی وزە، هەڵاوسان، گرانی ، بێکاری، ئاسۆی دەستپێکردنەوەی خولێکی دیکەی ناڕەزایەتی کرێکاران و کەرتە بێبەشەکانی دیکەی کۆمەڵگا بە گوژمێکی گەورەتر لە پێشوو لەبەردەم دەسەلاتدا داناوە. ئامادەیی بەهێز و یەکگرتووی چینی کرێکار بەخواستی خۆشگوزەرانی و ئازادیەوە، بە دروشمی ئیدارەی شوراییەوە، دەتوانێت، هاوکات لەگەڵ پێشگرتن بە هێرشی بۆرژوای بۆسەر کۆمەڵگا، بەدیلی ئەم چینە لەبەرامبەر ئەڵتەرناتیڤی کۆنەپەرستانەی بۆرژوازی دابنێت و چینی کرێکار و جەماوەری ئازادیخواز لەدەوری یەکگرتوو بکات.

ج- کەم دەردیسەرترین رێگا بۆ کۆتاییهێنان بە تەمەنی حکومەت، ڕووخانی کۆماری ئیسلامییە لەرێگای تێکشکاندنی ماشێنی دەوڵەت و هێزە سەرکوتکەرەکانی لە ڕێگەی ڕاپەڕینێکی جەماوەرییەوە. وەستانەوە بەرامبەر بە هەر جۆرە بەندوبەستێك لە سەرەوە بە ئامانجی بەلاڕێدابردنی نارەزایەتیە جەماوەرییەکان لەلایەن ئۆپۆزسیۆنی ڕاست و دەستوەردانی دەوڵەتە کۆنەپەرستەکان و ئاشکراکردنی پلان و سیاسەتەکانیان یەکێکە لە ئەرکە جددیەکانی کۆمۆنیستەکان لەم قۆناغەدا.

د: بەرەنگاربوونەوەی هەر جۆرە سیاسەتێکی تەفرەقە نانەوە لە نێو خەڵکی ئازادیخوازدا بە ناوی نەتەوە، ئایین، یان بەناوی “یەکپارچەیی خاک”، جا لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە بێت یان ئۆپۆزیسیۆنی ڕاستڕەو، یەکێکە لە ئەرکە جدییەکانی ئێمە.

ه: لەئارادابوونی پرسی ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی، ململانێی نێوان ڕاست و چەپی کۆمەڵگا لەسەر شێوازی ڕووخان و بەدیلی حکومەتی لە لوتکەی پرسەکانی ئەم قۆناغەدا دادەنێت. بە بێ گەرەنتیکردنی پیادەبوونی ئیرادەی جەماوەری شۆڕشگێڕ لە ڕێگەی شورا جەماوەرییەکانەوە ناتوانرێ سەرکەوتن مسۆگەربکرێت. هەوڵدان بۆ گۆڕینی “کۆنگرەی سەراسەری شوراکانی خەڵك” بە ئاڵا و ئەڵتەرناتیڤی خۆشەویستترین و موعتەبەرترین و ڕادیکاڵترین ڕابەرانی بزووتنەوەی کرێکاری، ژنان، نەوەی گەنج و خەڵکی ئازادیخواز، ئەرکی جددی ئێمەیە لەم قۆناغەدا.

و: هەوڵدان بۆ یەکخستنی کۆمۆنیستەکانی چینی کرێکار، بەهێزکردنی تەحەزوبی کۆمۆنیستی ئەم چینە، هەوڵدان بۆ نزیککردنەوەی ڕادیکاڵترین و کاریگەرترین ڕابەرانی کۆمۆنیست لە حیزبی حیکمەتیست (خەتی رەسمی) و گۆڕینی پێگەی ئێستای حیزب و بوون بە چەترێکی فراوان بۆ هەر شۆڕشگێڕێک کە خوازیاری ڕووخاندنی یەکجارەکی کۆماری ئیسلامی ئێرانە، مەرجی سەرکەوتنی ئێمەیە لەم قۆناغە چارەنووسسازەدا.

ئێمە بانگهێشتی هەموو کۆمۆنیستەکان، هەموو ئەوانەی کە خوازیاری ئازادی و یەکسانی و دادپەروەری کۆمەڵایەتین، دەکەین کە بەشداری ئەم هەوڵە گەورەیە بکەن.

حزبی حیکمەتیست (خەتی ڕەسمی)

٢٠ی جەنیوەری/ کانونی دووەم ٢٠٢٣

 

 

 

 

 

 

 

 

Check Also

پەیامەکانی سەردانەکەی ئۆردوگان!

موحسین کەریم رۆژی دووشەممە ٢٢ی نیسان رەجەب تەیب ئۆردوگان سەردانی بەغدای کردو لەگەڵ بەرپرسانی عێراق …