ئێران خوێندکاران  کیماباران دەکات !

مستەفا باهیر

بۆماوەی نزیکەی شەش مانگ دەچێت جەماوەری ئازادیخوازی ئێران دژ بەم رژێمە کۆنەپەرستە هاتونەتە مەیدان. بەتایبەتی دوای ئەوەی کە پۆلیسی ڕەوشت  لە ” ١٦ی ئەیلولی ٢٠٢٢ ” کچێکی گەنجی بەناوی (مەهسا  ئەمینی) کە بەسەردان چوبوە تارانی پایتەختی ئێران، بەهۆی باش نەپۆشینی حجابەوە دەگرێت و پاشان لە ژێڕ ئەشکەنجەدا دەکوژرێت. لەدوای ئەم کارە دژە ئینسانیەی پۆلیسی ڕەوشت، خەڵکی ئێران ڕادەپەرن و دەڕژێنە سەر شەقامەکان. ژنان و کچە خوێندکارەکان لەدەیان شاری ئێرانەوە پەیوەست  دەبوون بە ڕیزی خۆپشاندەرانەوە. لەم بارەیەشەوە لەسۆشیال میدیادا بەسەدان گرتەڤیدۆیی لەبەردەستە کە خوێندکارە کچەکان لە تارانەوە تا کوردستان چۆن سەرپۆشەکانیان ڕادەوەشاند و دروشمیان دژ بە کۆماری ئیسلامی دەوتەوەو سەرپۆشەکانیان ئاگرتێبەردەداو  وێنەی خومەینی و خامنەییان لەناو کتێبەکانیاندا دەدڕاند. لەناو پۆلی خوێندندا دروشمی “مەرگ بۆ دیکتاتۆر“، “ژن، ژیان، ئازادی” و “نا بۆ سەرپۆش” یان دەنوسی. بەم کارەشیان کچانی خوێندکار لەگەڵ خەڵکی ئازادیخواز، ئێرانیان کردوەتە مەیدانی داهێنانی شۆڕشگێڕانەی ئەوتۆ کە هەموو جیهانی سەرسام کردوە. ژنان و لاوان و خەڵکی ستەمدیدە ڕۆژانە بەداهێنانی گەورە تین و تەوژم بە ئازادیخوازی و یەکسانیخوازی و مرۆڤدۆستی و ژیاندۆستی دەدەن. لەڕاستیدا لەماوەی ئەم شەش مانگەدا خەڵکی هەموو جیهان بەگشتی و ناوچەکە بەتایبەتی لە ژنان و لاوان و خەڵکی شۆڕشگێڕی ئیرانەوە فێری زۆرشت بوون. فێری ئەوەبوون کە لەسەدەی بیستویەکیشدا سەرباری هەژمونی سەرمایەداری و دەوڵەتەکانی، سەرباری هەژمونی ملهوڕی عەسکەری و فکری و سیاسی دەوڵەتانی سەرمایەداری، سەرباری لە قاڵبدانی بیروهۆشی مرۆڤایەتی بە بیری خورافی، هێشتا ئیرادەی ئینسان لەسایەی سەرکوتگەرترین رژێمی هاری سەرمایەدا، دەتوانێ و بگرە توانیویەتی بێتەمەیدان و هەوڵدەدات بەدەستی خۆی چارەنوسی خۆی بنوسێت. لەمڕۆدا جیهان ئەم راستیە بەرجەستە و مەزنە، بە کردەوە دەبێنێ و هیوا و ئومێد و هێزی لێوەردەگرێت.

بێگومان هاتنەمەیدانی ژنان بەوشێوە جەسورانەیە، کە ڕابەرایەتی ناڕەزایەتیەکان دەکات،  دەسەڵاتدارانی کۆنەپەرستی  ئیسلامی ئیران، بەزەنگێکی ترسناکی دەبینیەوە بۆ خۆیان. هەربۆیە رژێمی کۆنەپەرستی ئیسلامی ئێران بۆ سەرکوتکردنی ناڕەزایەتیەکان بەگشتی و ژنان بەتایبەتی دەستی برد بۆ شێوازی جۆراوجۆر بۆ سەرکوتکردنیان. بەدەیان هەزاری لە خۆپیشاندەرانی دەستگیر کرد، کە  لەناو ئەوانەدا بەشێکیان ڕابەرانی ژنان بوون. بەدوای ئەوەی بەندیخانە چۆکی بە ژنان دانەدا، دەسەڵاتی کۆنەپەرستی ئیسلامی کە هەمیشە دژی ژنان بووە بۆ ترساندن و سەرکوتکردنیان بەشێوەی جیاواز هەوڵی دەدا کە ژنان و خوێندکارە کچەکان سەرکوتبکات و بیانترسێنێت. لەڕێگای بەکارهینانی چەکی تایبەتەوە کەوتە کوێرکردن و ناکامکردنی ئەندامی زاوزێی کچان. کاتێک ئەمانەش نەبوە هۆی بێدەنگکردنی ژنان و بگرە جەسورانەتر هاتنە مەیدان. ئەمجارەیان بۆ تۆڵە سەندنەوە لە کچان و ژنانی ئازادیخواز ،  ڕژیمی کۆنەپەرستی ئیسلامی ئیران بەشێوەیەکی زۆر درندانەو قێزەون دەستی کردوە بە رشتنی گازی کیمیایی لە قوتابخانەی خوێندکارە کچەکاندا. تادێت هێرش بە گازی کیمیاوی بۆ سەر خوێندنگەكانی كچان لە” كوردستان و ئێران ” پەرەدەستێنێت. ئەمەش بوەتە هۆی  ئەوەی کە  بە سەدان كچە خوێندكار لە چەندین شاری ئێران باری تەندروستییان تێكچووە و ڕەوانەی نەخۆشخانە كراون.

بە گوێرەی ئامارێك تەنها “ڕۆژی ٦ی مارس” لانیكەم لە ٣٣ شاری كوردستان و ئێران، کە لەناویاندا تارانی پایتەختی تیایە، ژمارەیەك خوێندگەی دیكە كەوتنە بەر هێرشی کیمیاوی، لە ئەنجامدا بە دەیان خوێندكار گەیەندرانە نەخۆشخانەو کەسانیکیش بەهۆی ئەو گازانەوە ژیانیان لەدەستدا. هەرچەندە كاربەدەستانی دەوڵەتی ئێران لێدوانی دژبەیەك لەوبارەوە دەدەن و خۆیان وا پیشاندەدەن کە دژی ئەوکارەن، بەڵام تەنها لایەنێک کە سودمەندبێت بۆ ئەنجامدانی تاوانێکی لەوشێوەیە تەنها ڕژێمی کۆنەپەرستی ئیسلامی ئێرانە . هەر وەک “ئەبولفەزڵ قەدیانی” ، چالاكوانی سیاسی ناسراوی ئێرانی لە پەیامێكدا دەڵێت ” ئامانج لەو هێرشانە بۆ سەر خوێندنگەكانی كچان، تۆڵە سەندنەوەیە لە بزوتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی”.

بەرامبەر بەم کارە دڕندانەیەی ڕژێمی کۆنەپەرستی ئیسلامی ئیران، ئەنجومەنی هاوئاهەنگی پیشەیی مامۆستایان داوای كردووە، لە دژی هێرشە کیمیاویەکان بۆ سەر خوێندنگەی كچان ڕۆژی حەوتی ئەم مانگە واتە ( ٧ی مارس) خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی سەرتاسەری بەڕێوەبچێت. بەشێک لە كەسوكاری خوێندكاران لە چەند شاری جیاواز لە ئێران بەدەنگ ئەم بانگەوازەوە هاتن و ڕژانە سەرشەقامەکان و دەستیان بە خۆپیشاندان کردو  ناڕەزایەتیان بەرامبەر بەم کارەی ڕژێم دەربڕی، بەڵام لەلایەن هێزەكانی دەسەڵاتەوە هێرش كرایە سەریان . بۆ وەستانەوە دژی ئەم کارە دڕندەیەی جمهوری کۆنەپەرستی ئیسلامی ئێران پێویستە  شانبەشانی ژنان و خەڵکی ناڕازی ئێران، ئازادیخوازن لە جیهاندا بێنەمەیدان و ئەم ڕژێمە کۆنەپەرستە ریسوابکەن و بەهەرشێوەیەک پییان دەکرێت پشتیوانی ژنان و خەڵکی ئازادیخوازی ئێران بکەن. هەمو پێکەوە لە هەموو سەنگەرەكاندا دژی زوڵم و ستەم بوەستینەوەو پێکەوە هەوڵبدەین بۆ ڕوخاندنی ئەم رژێمە هارو دڕندەیە. هەروەها پێویستە هەموو ژنانی شۆڕشگێڕ لە دژی دەوڵەتی ئێران و لەپێناو مسۆگەركردنی ئازادیی خۆیان، خۆیان ڕێکخراوبکەن و لەگەڵ کرێکاران و زەحمەتکێشانی ئیراندا پەیوەندی بەهێز دروست بکەن. تاوەکو پێکەوە بەیەک دەست بتوانن کۆتایی بەم ڕژێمە کۆنەپەرستە ئیسلامیە بهێنن.

٨ مارسی ٢٠٢٣

 

 

 

Check Also

بەرەو ئایار.. ڕۆژی جیهانی کرێکار!

خەسرەو سایە هاورێیانی کرێکار یەکی ئایار بەڕێوەیە… یەکی ئایار ڕۆژی هاوپشتی و خەباتی کرێکارانە لەپێناو …