مانگرتنی چەند ڕۆژەی کرێکارانی کارخانەی گرین عێراق و دەرسێک بۆ کرێکاران

خەسرەو سایە

بەم دواییانە کرێکارانی کارخانەی گرین عێراق، دەستیاندایە مانگرتنێکی چەندڕۆژە. ئەم مانگرتنە، جگەلەوەی نیشانەیەک لەهوشیاربوونەوەی کرێکاران بە دۆخی کاریان و ئەو زوڵم و زۆرەی کە لەلایەن خاوەنکارەوە ڕۆژانە بەسەریاندا سەپێندراوە، بەرجەستەدەکاتەوە. هاوکات بەدوای دەورەیەک لەناڕەزایەتی و هەوڵی کرێکاراندا دێت، بۆ باشکردنی دۆخی کار و گەیشتن بەکۆمەڵێک داخوازی، لەوانە؛ زیادکردنی کرێی مانگانە، کەمکردنەوەی سەختیکار، نەهیشتنی زێدەکاری، دابینکردنی ڕۆژانی پشوو و مۆڵەتەکان، بەدەستهێنانی پێداویستیەکانی کارو شوێنی حەوانەوەو .. ئەمە جگە لەو بێزاریەی کەکرێکاران دەریان بڕیوە بەرامبەر بەو مامەڵە نائینسانی و بەکەمگرتنەی کرێکاران و دەستبردنی بەڕێوەبەرانی کارخانەکە، بۆ بەگژداکردن و پەرتەوازەکردنی کرێکاران.. لەجەرگەی ئەم دۆخەو هەوڵەکاندا، کرێکاران توانییان لیستی داخوازیەکانیان لە١٢ خاڵدا گەڵاڵە بکەنەوە و بیخەنە بەردەم بەڕێوەبەرایەتی کارخانەکە و داوای دانوسان و گفتوگۆ بکەن، بەڵام بەڕێوەبەرانی کارخانە، بەپێچەوانەی خواست و هەوڵی کرێکارانەوە و بەمەبەستی سەرکوت و پاشەکشەپێکردن بەکرێکاران، بڕیاری لەسەرکاردەرکردنی دوو کەس لە نوێنەرانیان دەرکردو ئەمەش بووە مایەی دەستکێشانەوەی خێرای کرێکاران لە کارو ڕاگەیاندنی مانگرتنەکەیان.

لەڕۆژی یەکەمدا سەرەتای مانگرتنەکە بەکۆبوونەوە لەبەردەم کارخانەدا دەستیپێکرد. خاوەن کارخانەکە کە گەمارۆی کرێکارانی دابوو، ڕیگەیبەست لەوەی هەواڵی مانگرتنەکە لەمیدیاکانەوە بڵاوببێتەوە. پاشان کەوتە هەڕەشەی لەسەرکار دەرکردنی کرێکارنی مانگرتوو، بەوەی هەر کرێکارێک مانگرتن نەشکێنێ و نەگەڕێتەوە سەرکارەکەی ئەوا لەسەر کار دەردەکرێت. بەڵام کرێکاران بەهەوڵی خۆیان توانییان هەواڵی مانگرتنەکەیان بەناردنی وێنەو ڤیدیۆ لەتۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا بڵاوبکەنەوە. هاوکات بەسوربوونیان لەسەر خواستەکانیان، بەتایبەتی سوربونیان لەسەر خواستی گێڕانەوەی نوێنەرە دەرکراوەکانیان بۆسەرکار، فشارێکی گەورە لەسەر بەڕێوەبەرایەتی کارخنەکە دابنێن. ئەمەش بەو هۆیەوە کە ئەگەر مانگرتنەکە درێژەبکێشێت ئەوا ڕۆژانە بەملیۆنان دینار کارخانەکە زەرەمەند دەبێت. لەسەرێکی ترەوە هەوڵەکانی کرێکاران بۆ پەیوەستبوونی کرێکارانی شيفتەکانی تر، بووە مایەی ڕاوەستان و ئیفلیجکردنی یەکجاری کار لەکارخانەکەدا. بەتایبەتی لەڕۆژی دووهەمی مانگرتنەکەدا. مانەوەی کرێکاران تائێوارەیەکی درەنگ لەبەردەم کارخانەکەدا، بیرۆکەی گۆڕینی مانگرتنەکە بەپیکیتی ناڕەزایەتی بەردەوامی هێنایەکایەوە و کرێکاران سەر لەئێوارەی درەنگ هەوڵیاندا خەیمە هەڵبدەن و شەو بمێننەوە، بەڵام بەڕێوەبەری کارخانە بەڕاکێشانی هێزەکانی ئاسایش بۆسەریان ئەم کارە سەری نەگرت. بەم حاڵەشەوە سووربونی کرێکاران لەسەر خواستەکانیان لەلایەک و پێداگری بەڕێوەبەرانی کارخانە لەسەر هەڕەشەکانی خۆی، بەڕادەیەک هاوکێشەی هێزی نێوان هەردولای لەچەقبەستنێکدا ڕاگرت، کە بەڕێوەبەرانی کارگەی ناچارکرد پەنا بۆ کەسوکاری کرێکاران بباو لەهەوڵی هەڵخڕاندنی پەیوەندیە کۆمەلایەتیەکاندا بێت تا کرێکارە مانگرتوەکان بخاتە ژێر فشاری کۆمەڵایەتیەوە و ناچاریان بکات بەشکاندنی مانگرتنەکەیان. بەڵام ئەم هەوڵە سەری نەگرت.

لەڕۆژی دواتردا مانگرتنی کرێکاران بەوپەڕی خۆی گەیشت و دەستی نوێنەری سەندیکاو وەزارەتی کاری هێنایە ناو هاوکێشەکەوە. ئەمەش بۆئەوەی ناڕەزایەتی کرێکاران خاوبکەنەوەو ڕێگەبگرن لەوەی کە پڕیشکی مانگرتنەکە بپەڕیتەوە بۆ کارگەو کارخانەکانی تر، بەتایبەتی کە کارگەی گرین عیراق، لەناوچەیەکی پیشەسازی وەک بازیاندایەو ژمارەیەکی زۆر لەکۆمپانیاو کارگە وەبەرهێنان دەکەن. سەندیکا وەک عادەتی هەمیشەیی، بەجیا لەڕۆڵ و دەوری کرێکاران خۆیان، لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی کارخانەدا کۆبووەو هیچی پێنەکرا، بەڵام ئەو لیژنەیەی کە وەزارەتی کار ناردبووی، پاش ئەوەی سەردانی کارخانەکەی کرد، گوێی بۆ قسەو داوای کرێکاران گرت و دواتر بەبێ نوێنەرانی کرێکاران لەگەڵ بەڕێوبەرایەتی کارخانەکەدا کۆبوەوە و لەئەنجامیشدا بەکرێکارانی ڕاگەیاند کە لیژنەکە لەگەڵ بەرێوەبەری گشتی کارخانەکەدا کۆدەبێتەوەو هەوڵدەدات نێوەندگیری بکات تا کێشەی هەردولا بەئەنجامێک بگەیەنێت. دروست لەنێوەندی ئەم کۆبوونەوانەدا بەڕێوەبەری کارخانە ڕاگەیاندنێکی بەنێو کارگەدا بڵاوکردەوەو تێدا، جگەلەوەی ئامادەیی بۆ جێبەجێکردنی هەندێک لەخواستەکانی کرێکاران نیشاندا، لەوانە کەمکردنەوەی سەختی کار بەزیادکردنی کرێکاری زیاتر لەسەر مەکینەکان و دابینکردنی پێداویستیەکان و پشوو.. ڕاستەوخۆ هەڕەشەی ئەوەی بەگوێی کرێکاراندا دا کەهەر کرێکارێک نەگەڕێتەوە سەرکارەکەی لەسەر کار دەردەکرێت. لەسەر نوێنەرەکانیش بەڕێوەبەرانی کارخانە ملیان بەگێرانەوەی یەکێکیان دا بەوەی کە کێشەکەی جیاوازە و دەتوانرێ بۆگەڕانەوەی پێداچونەوەی بۆ بکرێ، بەڵام ئەوەی تریان بەپاساوی هەڕەشەکردن ناخرێتەوە سەرکار. ڕاگەیاندنەکە لەگەڵ ئەوەدا کە فشاری زۆری مانگرتنەکەی بەسەرەوە بوو، بەڵام تاکتیکی تاک بەتاککردنی کرێکارانی کردبوە ئامانج. ئەمەش بەوەی داوای لەهەر کرێکارێک کردوە کەوەک خۆیان بڕیار لەسەر تەسلیمبوون بە بڕیاری بەڕێوەبەری کارخانەکە بدەن. بەتایبەتی کە بەڕێوەبەران ئامادە نەبوون نوێنەرانی کرێکاران بەڕەسمی بناسن و لەگەڵیاندا بکەونە دانوسانەوە. لەسەرێکی تریشەوە، کرێکاران خۆیان ئامادە نەبوون بەدیاریکردنی نوێنەرەکانیان ئەمەش بەیەکجاری هاوکێشەی هێزی کرێکاران و خاوەن کارگەی لەمانگرتنەکەدا گۆڕی و دودڵی و دڵە ڕاوکێی لەنێو کرێکاراندا پێکهێناو ئەوەی لێکەوتەوە کە کرێکاران پەنابەرن بۆ نوسینەگەی پاڤێڵ تاڵەبانی، بەڵام دوای ئەوەی ئەم هەوڵە بەهیچ ئەنجامێک نەگەیشت، هاوکات دەخاڵەتی لیژنەکەی وەزارەتی کاریش بەقازانجی کرێکاران و مانگرتنەکەیان هیچی لێ سەوز نەبوو، ئەو دودڵیەی کە کرێکاران لەڕاستای درێژەدان بەمانگرتنەکەدا هەیان بوو، لەئێوارەی سێهەم ڕۆژی مانگرتنەکەدا بەو ئەنجامە گەیشت کەسبەی بگەڕێنەوە سەرکار و بزانن بەڕێوەبەرانی کارخانە لەسەر ئەو بەڵێنانەی کەدابوویان چ هەنگاوێک هەڵدەگرن. بەمجۆرە کرێکاران لەترسی لەسەر کار دەرکردن و هەڕەشەیەک کەلێیان کربوو چونەوە سەرکار.

ئەگەرچی مانگرتن کۆتایی هات، بەڵام ناڕەزایەتی کرێکاران لەسەر دۆخی کارو ئەو خواستانەی کەهەیانە لەشوێنی خۆیدا ماوەتەوە، کەلەداهاتودا بەدڵناییەوە شێوازی گونجاو بەخۆیەوە دەگرێ. ئەم مانگرتنە چەند ڕۆژەیەی کرێکارانی کارخانەی گرین عێراق، لەگەڵ ئەوەدا کە نەیتوانی بەهەموو خواستەکانی خۆی بگاو لەنێوەی ڕێگادا ڕاوەستا، بەڵام بێدەستکەوت نەبووە و هەڵگری دەرسێکی گرنگە بۆ کرێکاران، کەپێویستە تەئکیدی لەسەر بکرێ و بۆ خەباتی داهاتوو بەدەستەوە بگیرێن. لەوانە:

١/ بێگومان مانگرتنی کرێکارانی کارگەی گرین عێراق، لەفەزای سیاسی کوردستاندا و لەدۆخێکدا کەقەیرانی ئابوری و حکومەتی یەخەی بەچینی دەسەڵاتدار گرتوە و ناڕەزایەتی جەماوەری بۆ نان و کارو مەعیشەت هێناوەتەکایەوە، نیشانەی پێشڕەویەکی کۆمەڵایەتی و چیانیەتیە کە کرێکاران وەک چێنێکی ناڕازی لەدژی سەرتاپای سیستەمێک کەدەسەڵاتی کۆمپانیاکان و خاوەنکارەکانی بەسەر ژیان و بژێوی خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێشدا سەپاندووە. پەرەگرتن و فراوانبوونەوەی مانگرتنە کرێکاریەکان بەدڵنیایەوە فاکتۆرێکی بەهێزە بۆ پایەداربون و سەرخستن و جوڵانەوەی شۆڕشگێرانەی جەماوەری کە نیشانەی لەدەسەلات گرتووە. لەسەرێکی ترەوە مانگرتنی کرێکارانی گرین عێراق، وەک ئەوەی کەتەنها لەیەک کارخانەدا قەتیس ماو لەدەورەی مانگرتنە کرێکاریەکان لەئاست کارگەو کارخانەکاندا سەری هەڵنەدا و خۆشی نەیتوانی ببێتە پریسکێک بۆ کارگەکانی تر، بەپێویست لەهێز هاوسەنگیەکی بەرتەسکدا، مایەوە و دەبوایە لەحساباتی هەڵسوڕاوان و ڕابەرانی کرێکاراندا بەهەند وەربگیرایە. بەتایبەتی بەشێک لەخواستەکانی کرێکاران خواستی زۆربەی کرێکارانی کارگەکانی ترە. واتە دەبوایە بەر لەمانگرتنەکە مەسەلەی ڕاکێشانی هاوپشتی کرێکارانی کارگەکانی تر کەخواستی هاوشێوەیان هەیە، لانی کەم زامن بکرایە.

٢/ هێزی چێنی کرێکار لەڕیکخراوبونەیدا. مانگرتنی کرێکارانی کارگەی گرین عێراق لەگەڵ ئەوەدا کەئاستێکی باشی لەیەکگرتوویی کرێکاران و جەسارەتیان لەخۆنیشاندا، بەڵام ئەم یەکگرتوبوون و جەسارەتە لەڕێکخراوبوونێكی پایەداردا بەرجەستە نەبوەوە. بەدڵناییەوە یەکگرتوبوونی کرێکاران لەهەر مانگرتنێکدا خاڵێکی گرنگ و بڕیاردەرە، بەڵام ڕێکخراوبوونی پایەداری کرێکاری، لەشێوەی کۆبوونەوەی گشتی مونەزەم و بەردەوامدا، لەهەلبژاردن و دیاریکردنی نوێنەرانی کرێکاری بەرجەستە، کە پشتیوانی سەرجەم کرێکارانی لەپشت بێت، کارێکە کەهەر بەسەردەمی مانگرتنەوە پەیوەست نابێتەوە. ڕێکخراوبوونی پایەداری کرێکاری لەکۆبونەوە گشتیەکان و دیاریکردنی نوینەران، لەوڕوەوە گرنگە کەڕەوتی نارەزایەتیەکان ڕابەری دەکاو بڕیاری کرێکاران بۆ درێژەدان بەمانگرتن و کشانەوە و دانوسانەکاندا، خاڵیکی سەرەکیە بۆ بەسەرکەوتن گەیاندنی هەرمانگرتنێک و گەیشتن بەخواستەکان. بەداخەوە لەم مانگرتنەدا، کرێکاران خاوەنی نمونەیەکی زەعیفی ئەم سونەتەبوون، تاڕادەی ئەوەی کە بڵێن: “هەڵبژاردنی نوێنەرمان ناوێت”، هەربۆیە کاتێک نوێنەرانی سەندیکا و لیژنەی وەزارەتی کار لەگەڵ بەڕێوەبەری کارخانەدا بۆ چارەسەری کێشەکە کۆبوونەوە، تەرەفی ئەوان غائیب بوو. وە لەئەنجامدا بەڕێوەبەران و لیژنەی وەزارەتی کار لەپشتی کرێکارانەوە بڕیاریاندا. هەروەها بەهۆی نەبوونی کۆبوونەوەی گشتی مونەزەم تا بڕیار لەسەر هەنگاوەکان بدات، مانگرتنەکەی خستە نێو خۆشخەیاڵیەکەوە کە پشت لەهیزی خودی کرێکاران بکات و بەرەولای نوسینگەی تاڵەبانی راکێشێت.

٣/ لیستی داخوازیەکان، سەرەرای بەرهەقبونیان، بەڵام بەشێکی زۆریان، لەتواناو هێزی بەدیهێنانی مانگرتنەکەدا نەبوو، کەدەبوایە لەسەر ئەوانە تەئکید بکرایە کەقابیلی جێبەجیکردن بوو. تەنانەت بەدیهێنانیان گروتینێکی زۆرتریان لەنیو کرێکاراندا جێدەخست. ئەوەی کە لەجەرگەی مانگرتنەکەدا، کرێکاران لیستی ١٢ خاڵی خواستەکانیان بۆ ٦ خاڵ کەمکردەوە، بەرئەنجامی ئەم راستیەیە.

لەکۆتاییدا ئەوە بڵێم کە مانگرتنی چەندڕۆژەی کرێکارانی گرین عێراق سەرەڕای ئەوەی هەوڵێکی مەزنی کرێکاران و بزوتنەوەی کرێکاریە لەکوردستان و لەزۆر ڕوەوە دەتوانرێ سەرنجی بۆ بدرێت، بەڵام ئەوەی لێرەدا مەبەستە، کە کرێکاران نابێت ئەم هەنگاوەیان بەکەم بگرن و نابێ هێزی چیانیەتی خۆیان فەرامۆش بکەن. ئەوان تەنها بەهوشیاری خۆیان و پاراستنی ڕیزی سەربەخۆی خۆیان و توڕهەڵدانی هەرجۆرە خۆشخەیاڵیەک بە ئەحزابی دەسەڵاتدارو حکومەت و وەزارەتەکانیان دەتوانن لەخواستەکانیان نزیک ببنەوە. مانگرتنی چەندڕۆژەی کرێکارانی کارخانەی گرین عیراق دەتوانێ پڕۆڤەیەک بێت بۆ هێنانەمەیدانی بزوتنەوەیەکی بەهێزی کرێکاری بەمەرجێک دەرس لەهەنگاوەکانی وەربگیرێت و بەسەر کەموکوڕەیەکانی خۆیدا زاڵ بێت.

Check Also

سەربەخۆی کوردستان لەبەردەم بازرگانی بە نەوتەوە!

عوسمانی حاجی مارف حکومەتی هەرێمی کوردستان پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە دەسەڵاتی فرۆشتنی هەناردەی نەوت …