تاوانبارانی جەنگ!

موحسین کەریم

“دادگای نێودەوڵەتی بۆ دادگاییکردنی تاوانبارانی جەنگ” لە لاهای، بەهۆی ئەو تاوانانەی سوپای ڕوسیا لە ئۆکرانیا دژی مرۆڤایەتی ئەنجامی داوە، بڕیاری دەستگیرکردنی بۆ ڤلادیمیر پوتین، سەرۆکی روسیا، دەرکرد! بەپێی ئەم بڕیارە لەکاتی سەردانی پوتین بۆ هەر ووڵاتێك کە خۆی پابەند بە بڕیارەکە بزانێت، دەستگیر دەکرێت! بەدەر لەوەی کە ئەم بڕیارە قابیلی جێبەجێکردنە یان نا، بەڵام ڕاستیەك نیشان دەدات کە خودی ئەم دادگایە شتێك نیە بێجگە لە ئامرازێک بەدەستی ئەمریکاو ووڵاتانی رۆژاواوە دژی نەیارەکانیان!

گومان لەوەدا نیە کە پوتین و دەسەڵاتەکەی لەسەر تاوانەکانیان بەرامبەر بە کرێکارو زەحمەتکێشی روسیاو چیچان و ئۆکرانیا و …تاد. دەبێ دادگایی بکرێن، بەڵام بەر لە پوتین سەرکردەکانی ئەمریکاو رۆژاوا دەبێت لەریزی تاوانبارانی دژی مرۆڤایەتیدا لەبەرامبەر دادگای خەڵکی ئازادیخوازی جیهاندا ڕابوەستن و سزات تاوانەکانیان وەربگرن.

ئەمریکا بەسەرکردایەتی ووڵاتانی پەیمانی ناتۆ، ٣٢ ساڵ لەمەوبەر  لەژێرناوی پاراستنی یاسا نێودەوڵەتیەکان و ئاشتی جیهانیدا، بەدوای داگیرکردنی کوەیت لەلایەن عێراقەوە، بۆ درێژەدان بە هەژمونی خۆی بەسەر ووڵاتانی ناتۆ و دنیادا بەدوای روخانی بلۆکی رۆژهەڵات، گەورەترین و دڕندانەترین جەنگیان لەمێژووی تازەی دوای جەنگی دوەمی جیهانی لە کەنداودا بەرپاکرد کە دەیان هەزار سەربازی برسی لەحاڵەتی پاشەکشەداو هەزاران هاوڵاتی مەدەنی عێراقیان کۆمەڵکوژ کرد. دواتریش بەسەپاندنی گەمارۆی ئابوری بەسەر عێراقدا سەدان هەزار مناڵ و نەخۆش و خەڵکی بەتەمەنیان بەهۆی بێدەرمانی و بەدخۆراکیەوە کوشت. ئەوە سەرەڕای بۆردومانکردنی ئاسمانی ناوبەناوی شارەکانی عێراق بەتایبەتی بەغدا و کاولکردنی سەرجەم دامەزراوە ئابوری و خزمەتگوزاریەکانی وەکو هێڵ و وێستگەکانی کارەباو تاد. ، بەوەشەوە نەوەستان و ٢٠ ساڵ لەمەوبەریش، لەساڵی ٢٠٠٣ دا بەبیانوی بوونی چەکی کۆمەڵکوژ و هاوکاری رژێمی بەعس بۆ رێکخراوی تیرۆریستی قاعیدە و لەژێرناوی “پرۆسەی ئازادیی عێراق” لە دیکتاتۆریەت، شەڕی دوەمی کەنداویان بەرپاکرد، کە سەرباری کوژرانی دەیان هەزار سەرباز و هاوڵاتی مەدەنی لەکاتی جەنگەکەدا، سەدان هەزار هاوڵاتی مەدەنی دیکە لەلایەن هێزە سەربازیەکانی ئەمریکاوە بەناوی تیرۆریستەوە کوژران و زیندانیکران و سوکایەتیان پێکراو و بگرە سەربازە ئەمریکیەکان وەکو یاری پلەیستەیشن هاوڵاتی مەدەنی عێراقیان دەکوشت! تائێستاش ئاسەواری ئەو چەکانەی کە سوپای ئەمریکا بەکاریهێناون لە عێراق، لەوانەش چەکی ئەتۆمی تاکتیکی، بە هەزاران هاوڵاتی عێراقی لە مناڵ و گەنج و پیر گیرۆدەی نەخۆشی جۆراوجۆر کردوەو رۆژانە نەخۆشی شێرپەنجە دروێنەی ژیانی خەڵکی عێراق دەکات.

بەڵام “دادگای لاهای” لەبەرامبەر ئەو تاوانانەی سەرۆکەکانی رۆژاوادا زمانی لاڵ بوو، لەکاتێکدا دواتر هەرخۆدی دەزگا سەربازی و جاسوسیەکانی ئەمریکاو رۆژاوا ڕایانگەیاند کە هیچ ئاسەوارێکیان لە چەکی کۆمەڵکوژو پەیوەندی رژێمی سەدام وقاعیدە نەدۆزیوەتەوە! بەڵام ئەو هەموو قوربانیەی خەڵکی عێراق موویەکی سەر جەستەی دادوەرەکانی دادگای لاهای گرژنەکرد و ویژدانی لیبرالیان نەجوڵا، بەڵام ئێستا بەرامبەر بە تاوانەکانی روسیا بەرگری لە مرۆڤایەتی دەکەن! ئەمەش دوڕوویی ئەم دەزگا بەناو نێودەوڵەتیەی دادگایی تاوانبارانی جەنگ دەخاتەڕوو! نەك هەرئەوە، بەڵکو لەبیرکردنەوەی رەسمی رۆژاوادا بوش و بلێرو رامسفێڵد و کلینتۆن و… وەکو سەرکردەکانی دنیای دیموکراسی و پارێزەری یاسا نێودەوڵەتیەکان و ئاشتی جیهانی وتاد… ناویان دەبرێت و بگرە مەدالیای ئاشتی لەبەرۆکیان دەدرێت!

گومان لەوەدا نیە کە خەڵکی ئۆکرانیا قوربانی کێشمەکێشی نیوان دوو جەمسەری دڕندەی ئیمپریالیستین، کە لەسەر دابەشکردنەوەی بازاڕی سەرمایەی جیهانی لەنێوان خۆیاندا و بردنی بەشی زیاتر بۆ خۆیان، شەڕێکیان لە ئۆکرانیادا بەرپاکردوەو تائێستا سەدان هەزار کەس بوونەتە قوربانی و دەیان ملیۆن کەسیش ئاوارەو بێخانەولانە بوون و ووڵاتێك بەتەواوی خاپور کراوە. بەڵام ئەوەی تاوانباری ئەم جەنگەیە تەنها پوتین نیە، بەڵکو بایدن و بۆریس جۆنسن و ریشی سوناك و ماکرۆن و …  باقی سەرانی ووڵاتانی رۆژاوان کە بەناوی وەستانەوە بەدژی مەترسیەکانی روسیا، بە هاوکاری رژێمەکەی کێف، خەڵکی ئۆکرانیایان کردۆتە قەڵغانی جێبەجێبوونی بەرژەوەندیەکانی خۆیان و پێشگرتن بە دەرکەوتنی روسیا وەکو جەمسەرێکی سیاس- ئابوری- سەربازی دنیا لەچوارچێوەی گۆڕانکاریەکانی جیهانی سەرمایەداریدا بەرەو جیهانی فرەجەمسەری ئیمپریالیستی.

دادگای لاهای بەرامبەر بە پوتین بەرگری لە مرۆڤایەتی دەکات! بەڵام بەرامبەر بەتاوانەکانی سەرانی دەوڵەتانی رۆژاواییی قڕوقەپی هەڵبژاردوە. بەرامبەر بە زیندانیکردنی ناڕەوای جولیان ئەسانج، دامەزرێنەری ویکیلیکس کە تاوانەکانی ئەمریکای لە عێراق لەقاو دا، لەلایەن حکومەتی بەریتانیاوە تاڕادەستی ئەمریکای بکات و ئەویش بەتۆمەتی دروستکردنی مەترسی بۆسەر ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا سزای زیندانی هەتاهەتایی یان لەسێدارەدانی بدات، گوێی نابیستێ و چاوی نابینێ! بەرامبەر بە جەنگێك کە ئەمریکاو رۆژاوا لە ئەفغانستان لەژێرناوی جەنگ دژی تیرۆر و قاعیدەو تاڵیبان، بەرپایان کردو سەدان هەزار هاوڵاتی بێتاوانی ئەو ووڵاتەیان کوشتار کرد، دواتریش هەر ئەمریکا خۆی دەستی تاڵیبانی گرتەوەو دەسەڵاتی ئەفغانستانی رادەست کردەوە، وشەیەك بەزمانی دادوەرانی دادگای لاهایدا نایەت!

مرۆڤایەتی ئازادیخواز، چینی کرێکاری جیهانی، بەڕابوونی خۆیان دژی سەرتاپای سیستەمی سەرمایەداری و جەنگی ئیمپریالیستەکان، دەتوانن تاوانبارانی راستەقینەی جەنگ و دوژمنانی مرۆڤایەتی ڕاپێچی زیندانەکان بکەن و مرۆڤایەتی لە شەڕو بەڵای ئەوان رزگاربکەن.

 

Check Also

پەیامەکانی سەردانەکەی ئۆردوگان!

موحسین کەریم رۆژی دووشەممە ٢٢ی نیسان رەجەب تەیب ئۆردوگان سەردانی بەغدای کردو لەگەڵ بەرپرسانی عێراق …