پرسی خەڵکی کوردستان تەنها مووچە نیە!

موحسین کەریم

بێدەربەستی دەسەڵاتی بۆرژوازی کورد بەرامبەر بە ژیان و گوزەرانی خەڵك لەلایەک و پڕوپاگەندەی ئۆپۆزیسیۆنی بۆرژوازی بەوەی کە هەموو کێشە سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتیەکانی خەڵك بەگشتی و کیشەکانی لەگەڵ دەسەڵاتدا بەتایبەتی لە پرسی مووچەدا قەتیس کردوە، ئەو تەسویرەی داوە کە گوایە خەڵکی کوردستان تەنها کێشەی مووچەیان هەیەو هەر دەسەلات و دەوڵەتێك و بگرە هەر هێزو لایەنێك مووچەی بۆ دابین بکات، ئیتر کێشەی خەڵک کۆتایی پێدێت. بەڵام ئەمە بێجگە لە چەواشەکاری و وەرگێڕانی سەرنجی خەڵکی کوردستان لەسەر کێشە سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتیە چارەنوسسازەکانی زیاتر، شتێکی دیکە نیە.

ئەگەرچی خەڵكی کوردستان تاسەر ئێسقان ناڕازی و توڕەن لە دەسەڵاتی کوردایەتی لەسەرئەوەی مووچەی مووچەخۆرانی لەکاتی خۆیدا نادات، یاخود پێشترو بۆماوەی چەند ساڵێک نیومووچەو چارەکە مووچەی بەسەردا سەپاندن و قووتی ئەوانی تاڵان کردوە، بەڵام خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێش و کەمدەرامەتی کوردستان سەرباری کێشەی مووچە، دەیان کێشەی دیکەیان لەگەڵ ئەم دەسەڵاتەدا هەیە. خەڵك لەگەڵ ئەم دەسەڵاتەدا کێشەی لەسەر نەبوونی خزمەتگوزاریە سەرەکی و سەرەتاییەکان هەیە،  کێشەی ئەوەیان هەیە کە دەسەڵات موحتاجی ئاوی پاکی خواردنەوەو کارەبای بەردەوام و سوتەمەنی پێویستی کردوون!  خزمەتگوزاری پزیشکی و خوێندنی هاوچەرخی کاول و وێران کردوە. بەهۆی نەبوونی جادەو بانی سەلامەتەوە ساڵانە سەدان کەس دەبنە قوربانی. یاخود موحتاجی کارێکی کردوون تا بژێوی مەمرەو مەژی خۆیان و خێزانەکانیانی پێ بەڕێبکەن. سەرەڕای ئەوانەش دەیان جۆرو باج و سەرانەیان لەسەر داناون و هەر رۆژەش چارەنوسیان لەسەر مێزی قوماری دەوڵەتێکی کۆنەپەرستدا بەرامبەر بە مشتێك دۆلار و بەرژەوەندی مادی و سیاسیدا دەدۆڕێنن! و دەیان کارەساتی دیکە….، لەکاتێکدا خەڵك هیوای دەخواست کە رزگابوون لە دەسەڵاتی بۆرژوازی “غەیرە!” دابینووبی ژیانێکی ئاسودەو شەرافەتمەند و ئازاد بوایە.

بەڵێ خەڵکی کوردستان تەنها کێشەی مووچەی لەگەڵ دەسەڵاتی بۆرژوازی کوردا نیە تا بە گۆڕینی ئاراستە بەرەو بەغدا و وەرگرتنی بودجەو موچە لە بەغداوە کێشەکانیان کۆتایی پێبێت و ئاو بکرێ بە ئاگردا! تەنانەت بەتەنها هەموو ئەو کێشانەشی نیە کە لەسەرەوە ئاماژەمان پێدان. بەڵکو کێشەی خەڵکی کوردستان لەگەڵ دەسەڵاتی میلیشیایی بۆرژوازی کوردا کێشەیەکی بونیادیە. دەسەڵاتی کوردایەتی ئەهلیەتی خۆی بۆ فەمانڕەوایی بەسەر خەڵکی کوردستاندا لەدەستداوە. خەڵکی کوردستانی عێراق بە ئەزمونی زیاتر لە سێ دەیەی ژیانکردن لەژێر دەسەڵاتی بۆرژوازی خۆماڵیدا، ئەو بەڵگە واقعی و ئەزمونکراوەیان مۆر کرد کە دەسەڵاتی کوردایەتی وەکو بەدیلی سیاسی بەرامبەر بە ستەمی دەسەلاتی بۆرژوازی “دەرەکی” شکستی هێناوە. نمونەی حوکمڕانی حزبەکانی بۆرژوازی کورد لە کوردستانی عێراق، نمونەیەکی مەوزوعی و پراتیکیە بۆ سەرجەم خەڵكی کوردزمانی ناوچەکە، کە دژی ستەمی نەتەوایەتی خەبات دەکەن تا نمونەیەکی تاقیکراوەیان لەدەسەڵاتی بزوتنەوەی کوردایەتی لەبەرچاو بێت. تا بەکردەوە ئەوەیان بۆ ڕوون بێتەوە کە ناسیۆنالیزم و بزوتنەوەی کوردایەتی و حزبەکانی بەهیچ جۆرێك خەباتکاری لابردنی ستەم و جیاکاری نەتەوەیی نین لەسەر خەڵکی کوردستان، حوکمێك کە دەیان ساڵ لەمەبەوبەر بزوتنەوەی ئێمە، بزوتنەوەی کۆمۆنیزمی کرێکاری ڕایگەیاند.

بەڵام هەروەکو چۆن بەدیلی حکومەتی ناوەند دەسەڵاتی کوردایەتی نیە، بەهەمانشێوەش بەدیلی ئەم دەسەڵاتە گەڕانەوە بۆ لای بەغدا و حکومەتی ناوەند نیە. بەدەر لەوەی کە خودی حزبە دەسەڵاتدارەکانی بۆرژوازی کورد لەئاکامی شکستی سیاسیاندا ملی رێگای بەغدایان گرتۆتەبەر، بەڵام ئەو پڕوپاگەندەیەی کە دەستەو تاقمە ئۆپۆزیسیۆنەکانی بۆرژوازی و لایەنگرانی گەڕانەوە بۆ بەغدا دەیکەن، بەوەی کە کێشەکانی خەڵك لەچوارچێوەی مووچەو بودجەدا تەنگەبەردەکەنەوە و چارەسەرەکەشی دەبەستنەوە بە گەڕانەوە بۆلای بەغدا، خۆشخزمەتیەکی ئەوانە بە دەسەڵاتی کۆنەپەرست و  فاشیست و چەتەگەری بۆرژوازی ناوەند. ئەم کارەشیان لەڕووی ناوەرۆکەوە هیچ جیاوازی نیە لەگەڵ ئەو کارەی کاتی خۆی موستەشار و فەوجەکانی خەفیفەو نۆکەرانی بەعس لە کوردستان بۆ ئەو رژێمە دڕندەو فاشیستە دەیانکرد! تەنها جیاوازیەک کە هەیەتی ئەوەیە کە موستەشارەکان لای خەڵکی کوردستان ڕیسواو بێزراو بوون، بەڵام ئەم ئۆپۆزیسیۆنە بۆرژواییەی ئێستا دەیەوێ ئەو کارەی وەکو شانازی سیاسی لەمێژوودا تۆماربکرێ!

خەڵکی کوردستان کێشەیەکی سیاسی مێژوویشی هەیە کە دەبێت وەڵام وەربگرێتەوە. خەلکی کوردزمان لە عێراق ساڵانێکی زۆر لەژێر ستەم و جیاکاری و چەوساندنەوەی نەتەوەییدا ژیاوەو روبەرووی چەندین کارەساتی مرۆیی و قڕکردن و ئەنفال بوەتەوە. ئێستاش هەستی جیاکاری و ترس لە گەڕانەوەی ئەو دۆخە لەناو بیرو هۆشی خەڵکدا قورسایی خۆی هێشتۆتەوە، چونکە ئەو پرسە کۆتایی نەهاتوەو دەسەڵات و دەوڵەت لەعێراقدا دەسەڵاتێکی غەیرە نەتەوەیی و سیکولارنیە تا هاوڵاتی کوردزمان هەمان مافی هاوڵاتی یەکسانی هەبێت. بۆیە گەڕانەوە بۆلای بەغدا و بۆژێرسایەی دەسەڵاتێکی بۆرژوازی- عروبی- ئیسلامی کۆنەپەرست و میلیشیایی ئاگری ئەو گرفتە مێژوویە خۆش دەکاتەوە. دیسانەوە خەڵکی کوردستان راپێچی ئایندەیەکی تاریك و جیاکاری و ستەمی نەتەوەیی دەکاتەوە! ئەوە لەکاتێکدا ئەو کێشەیەی خەڵکی کوردستان لەگەڵ دەسەڵاتی بۆرژوازی کوردیدا هەیەتی، هەمان ئەو کێشەیە خەلكی کرێکارو زەحمەتکێشی عەرەبیش لەگەڵ دەسەڵاتی بۆرژوازی لە بەغدا هەیەتی و لەو ڕووەشەوە سیاسەتی گەڕانەوە بۆلای بەغدا تەنها راپێچکردنەوەی خەڵکی کوردستانە بۆژێر دەسەلاتی کۆمەڵێك مافیاو میلیشیای دیکەی غەیرە خۆیی!

کەواتە چارەسەری کێشەی خەڵکی کوردستان لەگەڵ دەسەڵاتی بۆرژوازی کوردا گەڕانەوە نیە بۆژێر باڵی بۆرژوازی عەرەبی، بەڵکو هێنانەمەیدانی هێزی سیاسی- رێکخراوو هوشیارانەی خۆیانە بۆ یەکلاکردنەوەی پرسی دەسەڵات و حاکمیەت لەگەڵ دەسەڵاتدارانی کوردایەتی و دەستوپێوەندەکانیان و پرسی پەیوەندی سیاسی و یاسایی لەگەڵ دەوڵەتی عێراقدا!

 

Check Also

پەیامەکانی سەردانەکەی ئۆردوگان!

موحسین کەریم رۆژی دووشەممە ٢٢ی نیسان رەجەب تەیب ئۆردوگان سەردانی بەغدای کردو لەگەڵ بەرپرسانی عێراق …