بەیاننامەی هاوبەشی هەردوو حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراق و  کوردستان، سەبارەت بەپشتیوانی کردن لەمانگرتنی کرێکارانی ئێران!

بەپێی هەواڵێک کە حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی ئێران/ حیکمەتیست( خەتی ڕەسمی)، بڵاویکردۆتەوە، چەندڕۆژ دەبێ شەپۆلێکی تازەی مانگرتنی کرێکارانی ئێران لەبەشێکی زۆر لەناوەندە پیشەسازیەکان، کە تا کاتی نوسینی ئەم بەیانە نزیکەی ٨٥ ناوەندی گرتۆتەوە، سەریهەڵداوە. مانگرتنە کرێکاریەکان ناوەندەکانی بەرهەمهێنانی نەوت و گاز و پترۆکیمیایی و ئاسن و پۆڵا، لەشارەکانی عەبادان، بوشەهیر و یەزد و دەیان شاری پیشەسازی تری گرتۆتەوە و کرێکاران پشتیوانی و یەکریزی خۆیان لەدەوری خواستی زیادکردنی کرێ بەڕێژەی ٧٩٪، بەدەستهێناوە و وەک هێزێکی یەکپارچەی چینایەتی لەبەرامبەر کۆمپانیاکان و کۆماری ئیسلامی ئێران ڕاوەستاون.

ئەم شەپۆلە لەمانگرتنی کرێکاران لەگەڵ ئەوەدا کە دەورەیەکی تازەو بەرەبەیانێکی نوێ و لاپەرەیەکی تر لەخەباتی چینی کرێکاری ئێران لەپێناو ژیانێکی ئازاد و شکۆمەندانە بەرەوپێش دەبات. هاوکات لەدرێژەی خۆیدا پایەکانی دەسەلاتدارێتی چینی بۆرژوازی و حکومەتی ئیسلامی لەئێراندا لەرزاندوە.

بێگومان بەرەوپێشچونی چینی کرێکار لەئێران لەم خەباتەیدا، دەتوانێ نەک ڕابەریەکی چینایەتی و شۆڕشگێرانە و ئاسۆیەکی ڕۆشن بۆ سەرکەوتنی جوڵانەوەی شۆڕشگێرانەی جەماوەری زحمەتکێش دابینبکات، کە ڕۆژانە بۆ یەکسانی و بەدەستهێنانی خۆشگوزەرانی یەخەی کۆماری ئیسلامی گرتوە، بەڵکو نمونەیەکی سەرکەوتوانە و ئومێدبەخش لەخەباتی یەکگرتوانەی کرێکاران لەئاست ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بدات بەدەستەو لەلایەن کرێکاران و جەماوەری نارازیەوە، لەخەباتی خۆیاندا لەدژی دەسەلاتە سەرکوتگەرو کۆنەپەرست و گەندەلەکانی ناوچەکە بەدەستیەوە بگرن و وەک مەشخەڵێک بۆ گۆڕینی هاوکێشەی چینایەتی و بەدیهنانی گۆرانکاری ڕیشەیی بەدەستیەوە بگرن.

هەردوو حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراق کوردستان، سەرەرای ئەوەی پشتیوانی بێدرێغی خۆیان لەم شەپۆلە لەمانگرتنی کرێکارانی ئێران و داخوازیەکانیان رادەگەیەنن، هاوکات سەرکەوتنی کرێکارانی ئێران و بەدیهاتنی خواسەتەکانیان بەسەرکەوتنێکی گەورە بۆ چینی کرێکار لەعێراق و کوردستان دەزانن. هەربۆیە هەردووحزب بانگەوازی چینی کرێکار لەعێراق و کوردستان دەکات کە پشتیوانی لێبکەن و لە سەنگەری خەباتی کرێکارانی ئێران لەدژی دەسەڵاتی سەرمایە لەئێراندا ڕابوەستن. نابێ کرێکارانی ئێران و مانگرتنەکانیان لەم جەنگە چینایەتیەدا بەتەنیا جێبهێڵرین، بەربۆیە هەردوو حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراق و کوردستان بەئەرکی خۆیان دەزانن کە هاوپشتیەکی فراوانی کرێکاریی لەئاستی ناوخۆ و جیهاندا بۆلای ڕابکێشن و بەوپەڕی توانایانەوە بەم ئاڕاستەیە دەستبەکاربن. ئێمە خۆمان بەبەشێک لەئۆردوی کار و خەباتی ئەنتەرناسیونالیستی کرێکاری دەزانین و بەتەواوی توانامانەوە لەپاڵ کرێکارانی ئێران و خەباتەکەیاندا رادەوەستین.

بژی هاوپشتی جیهانی کرێکاریی

سەرکەوێت خەبات و مانگرتنە کرێکاریەکان لەئێران

حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراق   حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان

٢٥ی نیسانی ٢٠٢٣

Check Also

پەیامەکانی سەردانەکەی ئۆردوگان!

موحسین کەریم رۆژی دووشەممە ٢٢ی نیسان رەجەب تەیب ئۆردوگان سەردانی بەغدای کردو لەگەڵ بەرپرسانی عێراق …