جەنگی دژە شۆڕشی سوپا و میلیشیاکان لە سودان!

نوری بەشیر

جەنگی نێوان سوپا و میلیشاکان پێی نایە چوارەمین هەفتەوە، رێکخراوی تەندروستی جیهانی ئاگاداری دا کە ئەم جەنگە زیاتر لە ٧٠٪ی نەخۆشخانەکانی لەکار خستووە. خەڵک لە برسێتی و نەبوونی پێداویستیە رۆژانەییەکانی خۆراک و نەبوونی ئاو و کارەبا بەسەر دەبەن. زیاتر لە یەک ملیۆن کەس ئاوارەی وڵاتە دراوسێکانی وەک: چاد، میسر، سودانی باشور، ئەسیوبیا، ئەریتریا و لیبیا و ئەفریقای ناوەڕاست، بوون. زۆرێک لە وڵاتە گەورەکان بەپەلە هاوڵاتیانی خۆیان لە سودان کێشایەوە. نزیکەی زیاتر لە چوار ملیۆن کەس لە جێگاو ڕێگای خۆیان رایان کردوەو ئاوارەی ناوچەکانی تری سودان بوون. ژمارەی کوژراو خۆی دەدات لە هەزار کەس و بریندار چەند هەزاری تێپەڕاند کە لە نێویاندا منداڵانێکی زۆرن هەن. خەرتومی پایتەخت لەژێر رەحمەتی دەسەڵاتی سەرباز و هێرشی میلیشیاکاندایە بەردەوام. ناوچەی دارفور جەنگی خێڵەکی زۆر تێیدا توند بۆتەوە. زیاتر لە یەک ملیۆن پەنابەری وڵاتانی تر کە لە سودان دەژیان ئاوارەی وڵاتانی ناوچەکە بوون، بە هەزاران تەن لە یارمەتی رێکخراوە خێرخوازیەکان بۆ خەڵکی سودان لەلایەن سوپا و هێزە ملیشیاکانەوە دەستی بەسەردا گیراوە نەدراوە بە بەخەڵکی.

ئەم جەنگە کە لە ١٥ی ئەپریلی ئەمساڵدا لەنێوان هێزەکانی سوپا بە ڕابەرایەتی عەبدولفەتاح بورهان و هێزە میلیشیاکانی پشتیوانیی خێرا بە سەرکردایەتی محەمەد حەمدان دەقلو ناسراو بە حەمیدێتی دەستپێکرد و پێش ئەم بەروارە هەردووکیان وەک یەک هێزی سوپای چەکدار لە بەرەیەکدا بوون لەبەرامبەر جەماوەری ناڕازی و ڕاپەڕیوی سودان و حزب و هێزە مەدەنیەکاندا کە بەرگرییان لە ناڕەزایەتیەکانی خەڵک دەکرد، لە گفتوگۆدا بوون بۆ گوێزانەوەی دەسەڵات بۆ دەسەڵاتی مەدەنی.

ئەم جەنگە ترسناکەی ئێستا بەدژی خەڵکی سودان دەستی پێکردووە بۆ کۆتایهێنانە بەو خرۆشان و شۆڕشە جەماوەریەی کرێکاران و زەحمەتکێشان دژ بە نایەکسانی ئابوری و هەژاری و سەرکوتی سیاسی بەرپایان کردو لە ئەپریلی ٢٠١٩دا دەسەڵاتی چەندین دەیەی عومەر حەسەن بەشیریان لەدەسەڵات هێنایەخوارەوە. بەڵام بەکۆتاییهاتنی دەسەڵاتی بەشیر کۆتایی بەدەسەڵاتی بۆرژوازی نەهات، بەوهۆیەوە کە شۆڕش ئەرکەکەی خۆی تەواونەکرد. بۆرژوازی ئامادەترو بەتەجروبەتربوو، سیناریۆی جۆراوجۆری بەکارهێنا. سەرەتا سوپا بۆ رزگارکردنی دەسەڵاتی بۆرژوازی لەژێر زەبری شەپۆلی شۆڕش و خرۆشانی جەماوەری رازیبوون بە قوربانیدان بە دەسەڵاتی عومەر حەسەن بەشیر و زیندانیکردنی و دواتر لیژنەی هاوبەشی سەربازی و مەدەنی پێکهێنا کە گوایە تا کۆتایی ساڵی ٢٠٢٢ دەسەڵات بگوێزرێتەوە بۆ دەسەڵاتێکی مەدەنی.

لەم دەوریەدا وەک دەورەیەکی شۆڕشگێڕانە لەخوارەوەی کۆمەڵگادا رێکخراوبوون دەستیپێکرد لەکۆمیتەکانی بەرگری گەڕەک و لەمەیداندابوونی هێزەکانی رێکخراوە مەدەنیەکانی وەک کۆمەڵەی پیشەگەرانی سودان و رێکخراوە کرێکاریەکان و هێزی ئازادی و گۆڕان، بەردەوام فشاری جەماوەر لەسەر هێزەکانی سەربازی زیادی دەکرد و ئەمەش ترسی خستبوە دڵی دەسەڵاتی سەربازی و میلیشیاییەکان. ترسیان لەم دەسەڵاتە دوولایەنە و ناڕەزایەتیەکانی خوارەوەی کۆمەڵگا هەبوو کە دەست بەرن بۆ راماڵینیان، بۆیە لە ٢٥ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢١ کۆدەتایەکی سەربازیان کردو کوشتارێکی زۆریان کردو دەسەڵاتی سەربازی خۆیان یەک دەستکردەوە. عەبدولفەتاح بورهان بووە سەرۆک و محەمەد حەمدان دەقلو بووە جێگری. بەڵام ئەمە نەیتوانی پاشەکشە بە هەلومەرجی ناڕەزایەتیەکان بهێنێت و بەدوای سێ رۆژ لە کۆدەتاکە لە ٣ی ئۆکتۆبەردا ناڕەزایەتی سەرتاسەری سودانی گرتەوەو زیاتر لە چوار ملیۆن خەڵک ڕژانە شەقامەکانی شارە گەورەکان و بەدروشمی “نا” بۆ دەسەڵاتی سەربازی و خوازیاری دەستبەجێ گواستنەوەی دەسەڵات بۆ دەستی حکومەتێکی مەدەنی بوون.

هەلومەرجێکی شۆڕشگێڕانە بەردەام بوو. لەسەر هەر بانگەوازێکی کۆمیتەکانی بەرگری گەڕەک لەگەڵ هەموو فشارێکی دەسەڵات و بڕینی هێڵەکانی ئەنتەرنێت و سەرکوتی خۆپیشاندانەکاندا، بەڵام ناڕەزایەتی ملیۆنی بەدژی دەسەڵاتی سەربازی ئەنجامدەدرا. بەوهۆیەوە هێزەکانی سوپا بەناچار کەوتنەوە سازش و چاوبەست و جارێکی تر بانگەوازی پێکەوەکارکردنی دەسەڵاتی دوولایەنەی سەربازی و مەدەنییان کرد. بەڵام دەسەڵاتدارانی سەربازی کە خۆیان دەستیان بەسەر بەشێکی بەرچاوی ئابوری سوداندا گرتوە، قبوڵکردنی ئەو دۆخە کارێكی پەسەندکراو نەبوو.

کەموکوڕی سەرەکی شۆڕش و جەماوەری کرێکارو زەحمەتکێشی ڕاپەڕیو، کە لە نەبوونی ئاسۆی سیاسی سۆشیالیستی و رێکخراوی سیاسی کۆمۆنیستی و شۆڕشگێڕانەی چینی کرێکاردا خۆی بەرجەستە دەکرد، کە ئەوەش وایکرد جەماوەر لەناو وەهمی حکومەتی مەدەنیدا گیربخۆن، نەك شۆڕشەکەیان تا ڕاماڵینی سەرجەم دەسەڵاتی بۆرژوازی بە سەربازی و مەدەنیەوە درێژە پێبدەن، وایکرد کە سەرەنجام فرسەت بداتە دەست بۆرژوازی کە لەڕێگای هێزەکانی سوپا و میلیشیاکانی سەر بە عەبدولفەتاح بورهان و محەمەد حەمدان دەقلو، شەڕێکی ناوخۆیی بەسەر خەڵکی سوداندا بسەپێنن کە لەلایەن دەوڵەتانی ناوچەکەو هێزە ئیمپریالسیتیەکانەوە ئاگرەکەی خۆش دەکرێت. ئامانجی ئەم شەڕەش لەباربردنی هەلومەرجی شۆڕشگێڕانەو کۆتاییهێنان بە دەورو نەخشی جەماوەری کرێکارو زەحمەتکێش لەمەیدانی سیاسیدا و بێ ئیرادەکردنیان. دوای ئەوەش هێزە شەڕکەرەکان خۆیان وەک ئەوەی ئێستا لە سعودیە لە دانیشتندان و بە پاڵپشتی وڵاتانی زلهێزی سەرمایەداری جیهانی و ناوچەیی رێکبکەون و دەسەڵاتێکی سەربازی بەهێزی سەرکوتگەری بۆرژوازی جێگیربکەنەوە لەژێرناوی سودانی یەکدەست و یەکپارچەدا و جارێکی دیکە دەسەڵات و سەروەت و سامانی کۆمەڵگا لەنێوان خۆیاندا دابەشبکەنەوە.

 

سەرەتای ئایاری ٢٠٢٣

 

 

Check Also

بەرەو ئایار.. ڕۆژی جیهانی کرێکار!

خەسرەو سایە هاورێیانی کرێکار یەکی ئایار بەڕێوەیە… یەکی ئایار ڕۆژی هاوپشتی و خەباتی کرێکارانە لەپێناو …