وتەی دەشتی جەمال لە کۆنفرانسی وەرکەر لیبرێتی

هاوڕێیان، ئامادەبووانی کۆنفرانسی وەرکەر لێبرەیتی

ئەم کاتەتان باش..

سەرەتا بەناویڕێکخراوی دەرەوەی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان پیرۆزبایی بەستنی ئەم کۆنفرانسەتان لێدەکەم وهیوادارم کۆنفرانس لەڕاستای ئامانجەکانیدا سەرکەوتوو بێت..

هاوڕێیان:

بەدڵنیاییەوە ئەگەر ئەم کۆنفرانسە ببەینە نێو ڕووداوەکانی دنیای ئەمڕۆ وئەو دۆخەوە کەکۆمەڵگای بەریتانیا تێی کەوتووە، ئەگەر ئەم کۆنفرانسە لە گۆشەی ئەو ئەرکانەی کە ڕەوتی خەباتی چینایەتیو ئەرکەکانی بزووتنەوەی سۆشیالیستی جیهانییەوە چاو لێبکەین ئەوا کۆبوونەوەیەکی یەکجار گرنگ وهەستیارە وئەتوانێ وەك هەنگاوێکی کاریگەر سەرنجی بۆ بدەین. هەربۆیە ناچارم سەرنجتان ڕابکێشم بۆ دۆخێك کەکۆمەڵگای بەشەری تێی کەوتووەو هەلومەرجێکی تایبەتی لەخەباتی چینایەتی هێناوەتەکایەوە.

ئەمڕۆ هەموومان دەزانین کە ململانێ و پێکدادانی هێز وبلۆکە ئەمپریالیستییەکان، چ بەڵاو موسیبەتێکیان ڕووبەڕووی دنیا کردۆتەوە، جەنگو میلیتاریزم، کاولکاری وئینسانکوژی، گرانیو ئاوارەیی، هەژاری وبرسێتیو بێکاری وپەلاماردانی دەستکەوتەکانی چینی کرێکار، تاسیاسەتی هەڵگوشینو لێگرتنەوەی ئابووری، لەپاڵ دەیان موسیبەتی تردا، ژیانو چارەنووسی ملیارەها ئینسانیان لەبەردەم تیاچوونی یەکجارەکیدا ڕاگرتووە. لەمەش زیاتر ناکۆکی نێوان هێزەکانی چینی بۆرژوازی ودەوڵەتانی سەرمایەداری، چ لەئاستی تاك وڵاتیو چ لەسەراسەری دنیادا، بەوەگەیشتووە کە نەك هەر چەندین بزووتنەوە وئەحزابی کۆنەپەرستو هێزی میلیشیایان بەردەنە گیانی کۆمەڵگا، لەوانەش ئیسلامی سیاسی و ڕاسیزمو فاشیزم، بەڵکو خەتەری شەڕی ناوەکی وەك پەڵەیەکی ڕەش بەسەر سەری کۆمەڵگای بەشەرییەوە ڕابگرن. بەڵام ئەگەر ئەمانە ڕاستیەکانی دنیای ئەمڕۆ بێت،مقاوەمەتی کرێکارانو جەماوەری بەشمەینەت وهەوڵو تیکۆشانی ملیۆنەها ئینسانی ڕەنجدەر ڕوویەکی تری ڕاستییەکانی ئەمڕۆیە. واتە ئەمڕۆ کرێکارانو جەماوەری زەحمەتکێش بۆ بەرگری لەژیانو چارەنووسی خۆیان، بۆ بەشکست کێشانی سیاسەتو کارنامەی دژی ئینسانی باڵەکانی چینی بۆرژوازیو دەوڵەتەکانیان پێیان ناوەتە مەیدانەوەو بەشێوازی جۆراوجۆر ڕەوەندی خەباتێکی چینایەتییان نمایش کردووە، ناڕەزایەتییەکرێکارییەکان لەوڵاتانی ئەوروپا وئەمریکا، تادەگات بەشۆڕش و ڕاپەڕینە جەماوەرییەکان لەئێران ولوبنان وعێراق وکوردستان، تا بزووتنەوە جەماوەرییەکان، لە تورکیاو بەشێك لەوڵاتانی عەرەبی..، هەموویان نیشانەکانی ئەم ڕەوەندەلەخەباتی چیانیەتی دەخەنەڕوو.

تا ئەو جێگەیەی بەچینی بۆرژوازیو دەوڵەتانی وهێزە ئیمپریالیستیەکان دەگەڕیتەوە، بەهۆی ئەو ناڕۆشنی وبێ ئاسۆییەی کەتێی کەوتون، واتە بەهۆی نەبوونی ڕێگاچارەو بەدیلیان بۆ دەرباز بوون لەو قەیرانە ئابووری و حکومەتییەی یەخەی پێگرتوون، بەهۆی ڕێك نەکەوتنیان لەسەر دووبارە دابەشکاردنەوەی جیهان وجێخستنی سیستمە ئەمنیو ئابوورییە ناوچەییەکانیان ودیاریکردنی ناوچەکانی نفوزیان، نەك هەر بێتوانان لە ئارام کردنەوەی دۆخی جیهانی، بگرە بڕیاریانداوە سەراپای جیهان لەخوێنو کاولکاری وگرانی وهەژاریدا نوقم بکەن. خودی ئەوەی کەلە یەك ساڵی ڕابردوودا، حزبی پارێزگاران زیاتر لەچوارجار سەرۆك وەزیرانی گۆڕیوە وحزبی کرێکارانیش نەیتوانیوە بەدیلێك بۆ قەیرانەکانی حاکمیەت لەبەریتانیا بخاتە ڕوو، ئەو ڕاستییەمان پێدەڵێت کەبۆرژوازیی جیهانی بنبەستە لە چارەسەرکردنی ئەو کێشە سیاسیو ئابوورییانەی یەخەی پێگرتووە. لەیەك وتەدا قەیرانی حکومەتی لەبەریتانیا، نموونەیەکە بۆ بەشێکی زۆر لە وڵاتانی سەرمایەداری ئەوروپا.

لەبەرامبەردا ئەوە کرێکارانو جەماوەری زەحمەتکێشە کەسەریان لە دەورەیەکی جموجۆڵی سیاسیو عەمەلی دەرهێناوە وخەریکن بەهوشیارییەکی سیاسیو چینایەتییەوە بەرۆکی چینی دەسەڵاتدار دەگرن، لەم نێوەدا کرێکارانی ئێران وفەرەنسا چرای ئومێدی خەباتێکی چینایەتییان داوەتە دەست هاوچینەکانیان لەجیهاندا، هەموو ئەم دۆخەش ئەگەر بەپێی ستراتیژێکی سۆشیالیستیو بەخەباتی ئەنتەرناسیونالیستی کرێکارانو سۆشیالیستەکان ڕابەریو ڕێنوێنی بکرێ بەدڵنیاییەوە هاوکێشەی نێوان چینی کرێکارو بۆرژوازی نەك لەئاستی یەك وڵاتیدا، بگرە لەبوعدی جیهانیدا، بەقازانجی شۆڕشی سۆشیالیستی دەگۆڕێ وزەمینەکانی نزیك بوونەوەی چینیکرێکار لەدەسەڵات سازوئامادەدەکات.

هاوڕێیان، ئامادەبووانی کۆنفرانس

ڕووداوەکانی دنیای ئەمڕۆ وڕەوتێك لەخەباتی چینایەتی کەجێکەوتووە، سەرنجمان بۆ ڕووداوەکانی سەردەمی کۆمۆنارەکانیفەرەنسا وشۆڕشی ئۆکتۆبەر ڕادەکێشێت، دەورەیەك کەبۆرژوازی لەگەڵ بنبەستو جەنگ وبێئاسۆییو لێکترازانی ڕیزەکانی بەرەوڕووبن وبەهۆی لەمەیداندابوونی ڕابەرانێکی کرێکارو سۆشیالیستی توانیان دەسەڵات لەدەست چینی بۆرژوازی دەرکێشنو مێژووی جیهانی لەڕیشەوە بگۆڕن.. ئێستا ئەمە لەڕووی میتۆدۆلۆژییەوە ڕووبەڕووی ئەو ڕاستیەیە کە ئەگەر خەباتی چینایەتی وجەماوەری بەپێی ستراتیژی شۆڕشی کۆمۆنیستیو ئەرکە ئەنتەرناسیونالیستەکاندا ڕێبەری بکرێ بەدەر نیە کە مێژوو ڕاستیەکانی خۆی دووبارە بکاتەوە. کەوایە کۆنفرانس دەبێ لەسەر زەروورەتی ستارتیژی کۆمۆنیستی ودەخالەتی کۆمەڵایەتیو سیاسی سۆشیالیستەکان وحزبەکانیان لەهەروڵاتەدا ڕاوەستێ وبەخێرایی ئەو بۆشاییە پڕ بکاتەوە کەوەك هێزێك لەکەناردا ڕاوەستاوە. ئێستا ئیتر سۆسیالیستەکان بەسەر پەرشوبڵاوی چینی کرێکارودووری لێیان ڕاوەستاون وهەنگاو بەرەو ئەرکی ئەنتەرناسوینالیزمی پڕۆلیتاری هەڵگرن. ئێستا ئیتر دەبێ سۆشیالیزمی کرێکار ئەلتەرناتیڤێکی عەمەلی بێت لەبەردەم ملیۆنەها ژن وگەنجو ئینسانی زەحمەتکێشدا، بەدڵنیاییەوە ئەمکارە بەبێ دەخالەتی سیاسی سۆشیالیستەکان لەمەسەلە سەرەکییەکانی کۆمەڵگا وئەو بەربەستانەی لەسەر ڕێگای خەباتی چینایەتی قوتبوونەتەوە مەحاڵە.ئەمە ئەرکی هەموو لایەکمانە کەدەبێ بەرەوپیری بچین. حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان ئامادەیە بۆ کارکردن لەگەڵ ئێوەدا تاوەڵامی ئەم دەورەیە بدەینەوە.

هاوڕێیان

وەك دواوتەم دمەوێ ئاماژە بەوخاڵە بدەم کەئێمە لەگەڵ ڕێکخراوی ۆرکەر لیبرەیتی لەماوەی ڕابردوودا گەلێك کاری هاوبەشمان پێکەوە کردووە و لەبەشێك لەمەسەلەکاندا هاوڕاییمان هەبووە، ئەم حاڵەتە لەگەڵ ئەوەدا جێگەی دڵخۆشی هەردوولامان بووە، بەڵام هێشتا کافی نیە ودەبێ پەیوەندییەکی پتەوترو خەباتکارانەتر پێکەوە دابڕێژین، دەبێ لەسەر ستراتیژی کۆمۆنیستی ئەرکە ئەنتەرناسیونالیستەکانمان هاونەزەریو عەمەلی بەدەست بهێنین، دەبێ هەردوولامان ببینە ناوکۆکەی یەکگرتووکردنی بەشەکانی کرێکاران و سۆشیالیستە شۆڕشگێڕەکان لەئاست وڵاتانی تردا. تائەو جێگایەی کە بەکاری هەردوولا لەئاست دۆخی بەریتانیا دەگەڕێتەوە، دەبێ هەردوولامان وەك هێزێکی یەکپارچەی چینایەتی دەرکەوینو پێکەوە دەخەلەتی سیاسیو عەمەلی بکەینو ڕیزی سەربەخۆی چیانیەتی لەهێزە بۆرژوازی وئۆپۆرتۆنیستەکانجیابکەینەوە. ئێمە وەك حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان چاوەڕوانیمان لەکۆنفرانس ئەوەیە کە هەردوولامان بەرەوپیری ئەرکەکانمان لەئاست جیهانو وڵاتی بەریتانیادا بچین ولەسەر ئەو خاڵانە بیروڕابگۆڕینەوە کەبزووتنەوەکەمان دەباتە قۆناغێکی پەرەسەندووترەوە. هەرلێرەش داوالەکۆنفرانس دەکەم کە پەیامی خۆی بۆ کرێکارانی فەرەنساو ئێران بگەیەنێ وپشتیوانی لەخەباتیان بکات..

دووبارە هیوای سەرکەوتنی کۆنفرانسەکەتان بۆدەخوازم.. سوپاستان دەکەم

٣٠/٤/٢٠٢٣

Check Also

سەربەخۆی کوردستان لەبەردەم بازرگانی بە نەوتەوە!

عوسمانی حاجی مارف حکومەتی هەرێمی کوردستان پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە دەسەڵاتی فرۆشتنی هەناردەی نەوت …