پەیامێک لە بەرزاییەوە!

عوسمانی حاجی مارف

مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی لە وتارێکدا بۆ یەکێتی و پارتی وتی نابێت چیتر خەریکی یەکتر شکاندن بن، لە هەمان کاتدا پەیامێکی پێشکەشكرد و ڕایگەیاند:” بە دەرفەتی دەزانم بانگەوازێک ئاڕاستەی هەموو حیزب و لایەنەکان بکەم بۆ هەڵدانەوەی لاپەڕەیەکی نوێ”.

وتیشی:” داوا لە یەکێتی و پارتی دەکەم کۆببنەوە و بەرپرسیارانە و کوردستانیانە باسی هەموو کێشە و گرفتەکان بکەن و کاربکەن بۆ چارەسەرکردنیان، پێش ئەوەش هەردوو مەکتەبی سیاسی پارتی و یەکێتی دابنیشن و ناڕونیەکان نەهێڵن و زەمینەسازی بکەن بۆ ئەو کۆبونەوە فراوانە”.

ئەم جۆرە پەیامانە جگە لە هەندێ قسەی گشتی و ناڕۆشن، کە وەک ئامۆژگاری براگەورەیەکە، ناتوانرێت ئەنجامگیریەکی ئەرێنی بە قازانجی ئایندەی خەڵکی کوردستانی لێ دەرکێشرێت، یاخود مەبەستی ئەم جۆرە پەیامانە تەنها وتاری کەسانێکە کە بۆ خۆیان لەدەسەڵاتدان و لە پێگەی توانایی دەسەڵاتەکەیانەوە لە بەرزاییەوە داوادەکات، هێزو لایەنەکانی تر کێشەی لەگەڵدا دروست نەکەن و ئەوەی بۆ خۆی پێویستەو  خوازیاریەتی هاوکارو پشتیوانی بن و نەیشکێنن.

گەر نیازی بارزانی بەم جۆرە نیە بۆچی کێشەکانی نێوانیان ڕەوانەی کۆبونەوەی هەردوو حزب دەکات و داوایان لێدەکات کار بۆ چارەسەری بکەن!. ئایا چارەسەری کێشەکان لای شەخسی مەسعود بارزانیە، یان لای کۆبونەوەی هەردوو حزبە؟، وا ڕەوانەی کۆبونەوەی هەردوو حزبی دەکات، ئەو دوو حزبەی کەهیچ کات کێشەکانی نێوانیان چارە نەکردوە. بۆ هەردوو حزب کەم دانیشتن و کەم دانوسان و کۆبونەوەو سەوداو مامەڵەیان کرد؟ و نەیان ویست و نەیان توانی ئەنجامێکی سەقامگیر و ئارامی سیاسی بدەن بە دەستەوە. یان باشترە بڵێین، بە گشتی پێگەی پارتی باڵاتر خۆی نواندوەو نیشاندراوە، بۆیە پێگەو رۆڵی لایەنەکانی تری کردۆتە پاشکۆی بەرژەوەندیەکان و سیاستەکانی  بنەماڵەی بارزانی و پارتی.

مەسعود بارزانی لە هەلومەرجێکی سیاسی وەهادا ئەم وتارە ئەدات کە لە نێو هاوکێشە سیاسیەکانی ئێستای ناوچەکەدا هاوسەنگی هێز تا ڕادەیەک بە قازانجی بنەماڵەی بارزانی و پارتی خۆی گرتووە، بۆیە لە پێگەیەکی باڵاترەوە هەوڵ ئەدات لەگەڵ ئەگەری ئەو ئاڵوگۆڕانەی لە بەرنامەی گەڵاڵە کردنەوەو ڕێکخستنەوەی دەسەڵاتی سیاسی و پایەی ئابوری عێراقدا پێشبینی دەکرێت، خۆیان بگونجێنن، ئەمەش چۆن سەردەگرێت و کەی سەردەکەوێت مەسەلەیەکی ترەو جێگای پرسیارە!

لەم نێوەدا کردنەوەی “یادگەی نیشتیمانی بارزانی”ش لەلایەک سیناریۆی نمایشێکی شانۆگەریانەیە، وەک مارشێک بۆ زیاتر نیشاندانی پێگەو تواناییەکانی بنەماڵەی بارزانی و پارتی، لە لایەکی ترەوە بانگەوازێکە بۆ ملکەچکردنی تەواوی لایەنەکانی تری کوردستان، بە تایبەتی سەپاندنی پێشمەرجی ڕێکەوتنە، بەسەر یەکێتی نیشتمانیدا تابە قازانجی زیاتر بۆ پارتی بکەوێتەوە، جا لەهەرجۆرە کۆبونەوەیەکدا بێت، بۆیە ئامادەبونی نوێنەرانی یەکێتی لەو یادگەیەدا، قەبوڵکردنێكی سەرەتاییە بۆ مەرجەکانی پارتی، لە پەیوەند بەو نەخشەو ڕێکەوتنانەی کە حکومەتی هەرێم لەگەڵ حکومەتی عێراقدا دەبێت واژۆیان بکات، مەسعود بارزانی دەیەوێت بنەماڵەکەی و پارتی خاوەنی ئەو ڕێکەتنانە بن کە لە گەڵ حکومەتی عێراقدا پێکیدێنن، ئەمەش مانای هەڵدانەوەی ئەو لاپەڕە نوێیەیە کە مەسعود بارزانی بانگەوازی دەکات بۆ تەواوی لایەنە سیاسیەکانی کوردستان، تا ئەو لایەنانە پەیگیرانە درێژەدان بە پاشکۆ بونیان بۆ بەرژەوندیە سیاسی و ئابوری و داراییەکانی بارزانی و پارتی دوپاتکەنەوە.

Check Also

بەرەو ئایار.. ڕۆژی جیهانی کرێکار!

خەسرەو سایە هاورێیانی کرێکار یەکی ئایار بەڕێوەیە… یەکی ئایار ڕۆژی هاوپشتی و خەباتی کرێکارانە لەپێناو …