بڕیارنامەی مەکتەبی سیاسی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی ئێران:

سەبارەت بە چارەسەرکردنی پرسی کورد لە کوردستانی ئێران

بەڕەچاوکردنی ئەوەی:

خەڵکی کوردستان بۆ ماوەیەکی زۆر لەژێرسایەی ڕژێمەکانی پاشایەتی و ئیسلامی و هەروەها لەلایەن ڕژێمە جیاوازەکانی عێراق و تورکیاوە بەشێوەی سیستماتیک لەژێر فشارو سەرکوت و چەوساندنەوەی نەتەوەییدا بوون. پرسی کورد، نەک تەنیا لە ژیانی خەڵکی کوردستاندا، بەڵکو لە پڕۆسەی بارودۆخی سیاسی ئێران و ناوچەکەدا بەگشتی، بووەتە گرێیەکی سیاسی گرنگ. پێویستە ئەم مەسەلەیە هەرجێ زوتر و بەشێوەیەکی بنەڕەتی و دادپەروەرانە وەڵام وەربگرێتەوە.

لەڕوانگەی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی ئێرانەوە، تەنیا وەڵامی مەبدەئی بە پرسی کورد لەئێران، ڕاگەیاندنی ڕای ڕاستەوخۆی خەڵکی کوردستانە لەڕێگەی ڕیفراندۆمێکی ئازادەوە سەبارەت بە جیابوونەوە لە ئێران یان جیانەبوونەوە. بۆ ئەم مەبەستەش حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری ئەم نەخشەی خوارەوە دەخاتەڕوو.

١- چوونەدەرەوەی سەرجەم هێزەکانی سوپا و پۆلیسی حکومەتی ناوەندی لە کوردستان بۆ ماوەی شەش مانگ پێش ئەنجامدانی ڕیفراندۆم، بەمەبەستی زامنکردنی ئازادی چالاکی و پڕوپاگەندەی سەرجەم لایەنە سیاسییەکان بەمەبەستی ئاشناکردنی خەڵک بە بەرنامە و سیاسەت و هەڵوێستەکانیان لە ڕیفراندۆمدا. چاودێریکردنی نەتەوە یەکگرتووەکان و ناوەندە فەرمییە نێودەوڵەتییەکان بەسەر کشانەوەی هێزەکانی حکومەتی ناوەندی و  بەدیهاتنی ئازادی و ئاسایشی هەڵسوڕانی سیاسی لەم ماوەی شەش مانگەدا. هەروەها پێویستە نەتەوە یەکگرتووەکان گەرەنتی دەستوەرنەدان، هەڕەشە یان دەستدرێژی سەربازی حکومەتەکانی عێراق و تورکیا لەم ماوەیەدا بکات.

٢- ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە ناوچە کوردنشینەکانی بەشی ڕۆژئاوای وڵات بەسەرپەرشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، کە تیایدا خەڵکی کوردستان دەنگ لەسەر پێکهێنانی وڵاتێکی سەربەخۆ یان مانەوە لە چوارچێوەی ئێراندا دەدەن. ئەنجامی ئەم ڕیفراندۆمە ڕەسمی و یاسایی و دەبێت جێبەجی بکرێت.

٣- لەڕوانگەی ئێمەوە بابەتی ڕیفراندۆم جیابوونەوە یان جیانەبوونەوەیە، نەک ئۆتۆنۆمی و فیدراڵیزمی قەومی و شتی لەوبابەتە. پرسیارێک کە خەڵکی کوردستان لە ڕیفراندۆمێکی لەو چەشنەدا وەڵامی دەدەنەوە بریتیە لە: “جیابوونەوە لە ئێران و پێکهێنانی دەوڵەتێکی سەربەخۆ یان مانەوە لە چوارچێوەی ئێران بە گەرەنتی یەکسانی تەواو لە ماف و ئازادییەکاندا وەک هاوڵاتییەکی ئازاد و خاوەن مافی یەکسانی وڵات”.

******

سەرباری ئەوە، حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری بەپێویستی دەزانێت جەخت لەسەر ئەم خاڵانە بکاتەوە:

١/ دانپێدانانی ئێمە بە مافی جیابوونەوە بەمانای ڕاسپاردەی ئۆتۆماتیکی بۆ جیابوونەوە نییە. حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی ئێران لەسەر بنەمای لێکدانەوەی دیاریکراو لە کۆمەڵێک هەلومەرجی سیاسی و کۆمەڵایەتی لەدەورەی دەستپێکردنی عەمەلی ئەو پرۆسەیەدا و بە لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندییەکانی گشت بزووتنەوەی چینی کرێکار و ئازادی و خۆشگوزەرانی هەرچی زیاتری خەڵكی کرێکار و زەحمەتکێش لە کوردستاندا، هەڵوێستی خۆی لە ڕیفراندۆم دیاری دەکات و ڕادەگەیەنێت.

٢-  وێڕای بەرەسمیەت ناسینی مافی جیابوونەوە، ئێمـە موخالیفی هەر جۆرە فیدراڵیزمێکی نەتەوەیی یان پێشنیارە جۆرواجۆرەکانی ئۆتۆنۆمین و ئەوانە نەك بەڕێگای چارەسەرکردنی پرسی نەتەوەیی نازانین، بەڵکو بە شێوازەکانی دیکەی بەردەوامیدان بە ململانێ و کێشمەکێشی نەتەوەیی، بەرجەستەکردن و بەهەمیشەییکردنی ناسنامەی ملی و بە یاساییکردنی جیاکاریە نەتەوەییەکان لەچوارچێوەی وڵاتێکدا دەزانین  و رەدی دەکەینەوە.

مەکتەبی سیاسی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی ئێران

تشرینی دووەمی ١٩٩٤

تێبینی: ئەم بەڵگەنامەیە لەلایەن مەنسور حیکمەتەوە نوسراوە. لە “کتێبی مەنسوور حیکمەت – بەرهەمە هەڵبژێردراوەکان، چاپی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری-حیکمەتیست” ەوە وەرگیراوە.

 

Check Also

به‌ره‌و یه‌كڕیزی جیهانیمان .. به‌ره‌و كۆتاییهێنان به‌ جه‌نگه‌كان و برسێتی و هه‌ژاری

چالاکیەکانی ڕێکخراوی دەرەوە بە بۆنەی یەکی ئایار..  رۆژی جیهانی چینی کرێکار لەدەرەوە بۆ خویندنەوەی تەواوی ڕاپۆرتەکە …