یەکی ئایار، ڕه‌مزی خەباتی چینی کرێکارە بەدژی سیستەمی زاڵمانەی سەرمایەداری!

یەکی ئایار، ڕه‌مزی خەباتی چینی کرێکار لەپێناو دامەزراندنی کۆمەڵگایەکی یەکسان و ئازاد، نزیك دەبێتەوە. کرێکاران لەسەرتاسەری دنیادا خۆیان بۆ پێشوازی لەم ڕۆژە چینایەتیە خۆیان ئامادە دەکەن و جارێکی دیکە مارشی بەرەنگاری و تێکۆشان لەدژی سیستەمی چەوسێنەرانە و نایەکسانی سەرمایەداری و بۆ گەیشتن بە جیهانێکی یەکسان و ئازاد و کامەران بەگوڕوتینێکی گەورەترەوە بەڕێدەخەنەوە! یەکی ئایار ڕۆژی نمایشی هێزی یەکگرتووی چینایەتی کرێکاران و جەماوەری بێبەش و زەحمەتکێش و چەوساوەی ژێر سایەی نیزامی سەرمایەداریە لەپێناو دنیایەکی باشتردا.

ئەمڕۆ، لە هەلومەرجێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوری ئەوتۆدا بەرەوپیری یەکی ئایار دەڕۆین، کە بۆرژوازی بەردەوامە لە شکاندنەوەی ئاکامەکانی قەیرانە یەک لەدوای یەکە ئابوریەکانی بەسەر شانی جەماوەری چینی کرێکار و بێبەشکراودا. ئەم هێرشە بەردەوامەی بۆرژوازی، نیشانەی لە سەرەتاییترین مافەکان و دەسکەوتەکانی چینی کرێکار و جەماوەری زەحمەتکێش گرتوە و ژیانێکی کولەمەرگی تەنانەت لە جەرگەی وڵاتە دەوڵەمەندەکانی بۆرژوازیدا بەسەر کرێکاران و خەڵکی کەمدەرامەتدا سەپاندوە. برسێتی و هەژاری و ترس لە داهاتوو، بێکاری و هەڕەشەی بەردەوامی لەسەرکاردەرکردن، بۆتە مۆتەکەی ژیانی جەماوەری ملیۆنی چینی کرێکار و زەحمەتکێش. لەپاڵ سەپاندنی ئەو دۆخە سەختە ئابوریە بەسەر ژیانی ئینسانی کرێکار و جەماوەری زەحمەتکێشدا، ژیانەوەی ڕاسیزم و سەڕاستکردنەوە و چوونەسەر دەسەڵاتی ڕەوتە پەڕگیرە ڕاستەکانی بۆرژوازی ڕۆژاوایی، دژایەتیکردنی هەرجۆرە بزووتنه‌وه‌یەکی کرێکاری و یەکسانیخوازی و سۆشیالیستی، دژایەتیکردنی هەرجۆرە رێکخراوبوونێکی  کرێکاری و هەوڵدان بۆ تەنگەبەرکردنەوەی یاسایی ناڕه‌زایه‌تیە کرێکاریەکان، شەڕ و سەپاندنی فەزای میلیتاریزم لەلایەن دەوڵەت و جەمسەرە ناکۆک و ڕکابەرەکانی بۆرژوازی ئارامی و ئاسایشی خەڵكی دنیای خستۆتە مەترسییەوە. بارگرژیەکانی ئەمریکا و چین لە پەیوەند بە تایوانەوە، شەڕی روسیا و ناتۆ لەسەر خاکی ئۆکرانیا کە کۆمەڵگایەکی بەتەواوی وێران کردووە و دەیان هەزار قوربانی و ملیۆنەها ئاوارەی لێکەوتۆتەوە، لەپاڵ شەڕەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا و لەبەریەك هەڵوەشاندنی چەندین کۆمەڵگا و گۆڕینی ژیانی ملیۆنەها مرۆڤ بۆ تراژیدیای ڕۆژانە و سەرەنجام کۆمەڵکوژی ئیسرائیل لە ‌غەززە بە پشتیوانی ئەمریکا و دەوڵەتانی ئەوروپا، ژیانیان بۆ ملیارەها مرۆڤ کردۆتە دۆزەخێکی ڕاستەقینە!

عێراق و کوردستانیش وەکو ناوچەیەکی گەرمی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کە راستەوخۆ کاریگەری ئەو دۆخە سیاسی و ئابوریەی جیهان و ململانێ و کێشمەکێشی جەمسەرە ئیمپریالیستیەکانی لەسەرە، سەرەڕای دەستێوەردانی هێزە هەرێمیەکانی وەکو ئێران و تورکیا، هەموو ئەوانە پێکەوە دۆخێکی سیاسی و ئابوری شڵەژاو و ناجێگیر و نائارامی بۆ دروست کردووە و ژیانی خەڵکی بەگشتی و چینی کرێکاری ڕوبەڕووی سەختییەکی کەمەرشکێن کردۆتەوە. چینی کرێکار، سەرباری ئەوەی کە نزمترین ئاستی ژیان و گوزەرانی بەسەردا سەپێنراوە و لەناو هەژاری بێوێنەدا ڕاگیراوە، هاوکات لەهەرجۆرە وەسیلەیەکی خەباتکارانەی دەستەجەمعی و رێکخراوەی جەماوەری و بگرە نەقابەی سەربەخۆی کرێکاری بێبەش کراوە و هەرجۆرە ناڕەزایەتیەکانی کرێکاران قەدەغەیە و ئاکامەکەی لەسەرکاردەرکردنە. بێگومان لەم دۆخە سەختەی ژیان و گوزەران و ئەو بێمافیە سیاسیەی کرێکاراندا، ئەوە دەسەڵاتدارانی بۆرژوازی کوردە کە بە قازانجی خۆیان و کۆمپانیاکان، یاسای کارێکی دژەکرێکارییان داسەپاندووە و بەهۆیەوە چ ئەو بەشەی چینی کرێکار کە لەکۆمپانیا و دامەزراوە ئابوریە ئەهلیەکاندا کاردەکەن و چ ئەو بەشەشی کە لە دامەزراوە حکومیەکاندا کاردەکەن و ناوی کارمەندیان لێنراوە، بێبەشکردووە لە کەمترین پشتیوانەی یاسایی. دەسەڵاتدارانی بۆرژوازی لە عێراق و کوردستان، هەلومەرجی کاری هەرزان و کرێکاری بێدەنگکراو و سەرکوتکراویان سەپاندوە بەسەر چینی کرێکاردا. تەنانەت دۆخەکە بەجۆرێكە کە زۆرجار چ خاوەن کۆمپانیاکان و چ حکومەت، مووچە و کرێی کرێکاران و کارمەندانی خۆیان بۆ ماوەی چەند مانگ نادەن. لەوەش خراپتر حکومەتی هەرێم و ناوەند، لەچوارچێوەی ململانێی سیاسی خۆیاندا قوتی هاوڵاتیانی مووچەخۆری کوردستانیان بۆماوەی چەند ساڵ بە بارمتە گرتووە و یان بە چەند مانگ مووچەیان نادرێتێ، یاخود بۆ ماوەی چەندین ساڵ پاشەکەوتی مووچەیان بەسەردا سەپاندوون.

کرێکارانی عێراق وکوردستان و کارمەندان و فەرمانبەران، لەماوەی ئەم چەند ساڵەدا بەردەوام لەرێگای دەربڕینی ناڕه‌زایه‌تی و خۆپیشاندان و مانگرتن و بایکۆتەوە، کە زۆرجار ڕووبەڕووی پەلامار و هێرشی دەزگا داپڵۆسێنەر و چەکبەدەستەکانی بۆرژوای دەسەڵاتداری ناوەند و هەرێم بوونەتەوە و دەیان قوربانییان داوە، بۆ بەدەستهێنانی مافەکانیان لە موچە و دامەزراندن و خزمەتگوزاری و دابینکردنی ژیانێکی شایستە و ئازاد بۆ هاوڵاتیان، یەخەی دەسەڵاتدارانی عێراق و هەرێمیان گرتووە. کرێکاران و زەحمەتکێشانی عێراق لە ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠١٩دا بۆ ماوەی چەندین مانگ دەسەڵاتی میلیشیایی عێراقیان هێنایە لەرزە، کە بە ئاگر و ئاسن وەڵامیان درایەوە. لە هەرێمی کوردستان، مامۆستایان، مووچەخۆران، کرێکاران، فەرمانبەران، بە چەندین شێوەی جۆرواجۆر ناڕه‌زایه‌تی و بێزاری خۆیان بەرامبەر دەسەڵاتدارانی هەرێم نیشان داوە بەهۆی زەوتکردن و دەستگرتن بەسەر قوتی خۆیان و خێزانەکانیاندا و بەهۆی ئەو دۆخە سەختە ئابوری و سیاسییەی بۆیان دروستکردون. کرێکارانی ژینگەپارێز و چەندین ناوەندی پیشەسازی بۆ بەرگریکردن لە کرێ و هەقدەستەکانیان و سەلامەتی کارەکەیان و… تاد. چەندین جار مانگرتن و خۆپیشاندانیان ئەنجامداوە. مووچەخۆران و بەتایبەتی مامۆستایان، بۆ ماوەی نزیکەی (٥) مانگ دەرگای خوێندنگاکانیان داخست دژی نەدانی موچەکانیان. بەوجۆرە کێشمەکێشێکی ڕاستەقینە لەسەر ژیان و گوزەران و مافەکانی خەڵكی کرێکار و زەحمەتکێش لە نێوان خەڵك و دەسەڵاتدا بەڕێوەچووە. سەرەنجام ئەوەی کە جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش و سەرجەم بێبەشانی کوردستان پێی گەیشتوون، ئەوەیە کە بۆ بەدەستهێنانی سەرەتاییترین ماف و داواکارییان تەنها ڕێگای بەرەنگاری و وەستانەوەیان بەڕووی دەسەڵاتدارانی بۆرژوایی بۆ ماوەتەوە. چینی کرێکار و جەماوەری بێبەش و زەحمەتکێشی کوردستان سەرەتای ڕەوتێکی خەباتکارانەی هوشیارانەیان دەست پێکردووە، کە دەبێ ئەو ڕەوتە کاریگەرتر و بەهێزتر و مونسەجیمتر بکرێ لەڕێگای دامەزراندنی رێکخراوە کرێکاری و جەماوەریە سەربەخۆکانیانەوە لە هەموو ناوەندێکی کارندا، چ ئەهلی بێت چ حکومی. رێکخراوبوونی کرێکاران، مامۆستایان و فەرمانبەران مەرجی سەرەکی سەرکەوتنی خەبات و تێکۆشان و هاتنەدی داواکاریەکانیان و پاشەکشەکردنە بە خاوەنکارو خاوەندەسەلاتەکانی بۆرژوازی. با یەکی ئایاری ئەمساڵ بەردی بناغەی ئەم بزووتنه‌وه‌ سەراسەری و رێکخراو و یەکگرتوەی کرێکاران و جەماوەری بێبەشانی کوردستان دابنێت.

 بژی یەکی ئایار، بژی ڕۆژی بەرخۆدان وڕیکخراوبونی کرێکاریی.

 

حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان

٢١/٤/٢٠٢٤

 

 

 

Check Also

سەردانی سودانی بۆ کۆشکی سپی

عوسمانی حاجی مارف هەر لەسەرەتای دانیشتنی بایدن و سودانی، بایدن ڕایگەیاند کە ئەمریکا پابەندە بە …