خەڵکی کوردستان و”قەوارەی هەرێم” .. !

خەسرەو سایە

پێگەی قەوارەی هەرێم وەک ساڵانی پێشوی نەماوەو تادێت ڕوولە لێژی و بچوک بوونەوە دەکات. ڕیشەی ئەم دۆخە لەچیدایە؟ ئایا قەوارەی هەرێم دەسکەوتی خەڵکی کوردستانە؟ ئایا بەرگریکردن لەم قەوارەیە یان تەسلیمبون بەبەغدا، کامیان ڕیگاچارەیە؟ سەرەنجام هەڵویستی خەڵکی کوردستان لەسەر “قەوارەی هەریم” دەبێ چی بێت؟  ئەمانە ئەو پرسیارانەن کەلەم وتارەدا لەسەریان ڕادەوەستین.

سەرەتا ئەوەی کە”قەوارەی هەرێم”ی خستۆتە نێو ئەم دۆخەوە بەرئەنجامی ئەو گۆرانکاریانەیە کە لە هێزهاوسەنگی نیوان هێزە جیهانی و ناوچەییەکان و ئەو ڕەوتانەدایە کە لەشکڵدان بە”عێراقی دیموکراسی و فیدراڵی”دا ڕۆلیان گێرا. بەدیاریکراویش ئەم ڕەوتی سەرەو لێژبونەوەیەی قەوارەی هەرێم، بەدوای تەواوبوونی شەری داعش و” جەنگی وەکالەت” و هاتنەخوارەوەی ڕۆڵی ئەمریکا لەعێراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا و هەڵکشانی دەوری ئێران، دەستی ڕەوتەکانی ئیسلامی شیعەی ئاوەڵاکردوە، تا ستراتیژی مەرکەزیکردنەوەی دەسەڵاتی حکومەتی عێراق و لێسەندنەوەی ئەو ئیمتیازاتانەی کەدوای ڕوخانی ڕژێمی سەدام درا بە ئەحزابە قەومیەکانی کورد و لەدەستوردا جیگیرکرا، هەنگاو بەهەنگاو بێتەکایەوە و پێگەی ناسیونالیزمی کوردو دەسەڵاتەکەی ڕوو لەلاوازی بکات.

سەرەتاکانی ئەم پڕۆسەیە لەڕوداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەرو بەدەرپەڕاندنی هێزەکانی پارتی و یەکیەتی لەکەرگوک و ناوچە کێشە لەسەرەکان دەستیپێکرد. ئینجا هەوڵەکانی حکومەتی عێراق بۆ لەدەستگرتنی خاڵە گومرگیەکان و ناوچە سنوریەکان، دەستی بۆبرا و بەدوای ئەمانەشدا بڕیارە یەک لەدوای یەکەکانی دادگای فیدراڵ لەدژی حکومەتی هەرێم و قەوارەکەی بۆ لەدەست دەرهێنانی فایلی نەوت و بەرتەسکردنەوەی پەیوەندیە دیبلۆماسی و بازرگانیەکانی حکومەتی هەرێم و ڕاگرتنی موچە و شایستەدارایەکان وگەلێک شتی تر، هاتنە پێشەوە. لەئاکامدا دۆخەکە بەوە گەیشت کە شەرعیەتی پەرلەمان و حکومەتی هەرێم بکەوێتە ژیر پرسیارەوەو ئەگەری هەڵبژرادنی داهاتوی پەرلەمانی کوردستان بکەوێتە دەستی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراقەوە.. هەموو ئەمانە جگەلەوەی قەیرانی حکومەتی و لێکترازانی ڕیزی حزبەکانی لەکوردستاندا، بەدوای خۆیدا هێناوە، هاوکات حزبە دەسەڵاتدارەکانی کوردستانی لەبنبەستێکی سیاسی و ئابوری و ئیداریدا ڕاگرتوەو لەچاوەڕوانیەکی بێهودەدا بەدیار ڕێکەوتن لەگەڵ حکومەتەکەی سودانیەوە داناوەتەوە.

بەمجۆرەش ئەم سەرەوژێربونەوەیەی قەوارەی هەرێم ئاکامێکە لەتێکچونی پەیوەندیەکانی نیوان هەرێم و بەغدا، کەخۆی بەرئەنجامی ئەو گۆڕانکاریەیە کە لە هاوکێشەی هێزەکاندا سەری هەڵداوە و مەعلومیش نیە لەچ ئاستێکدا دەوەستێت و کەی بەغدا لەفشارەکانی دەست هەڵدەگرێ. بەڵام دۆخەکە ئەوەی بەرجەستە کردۆتەوە کە دەسەڵاتدارانی بەغدا ئەگەر نەتوانن قەوارەی هەرێم بەیەکجاری بسڕنەوە ئەوا لەهەوڵدان هەژمونی حکومەتی مەرکەزی تا ئەو جێگەیە بەرن کە پەیوەندیەکانی لەگەڵ قەوارەی هەرێمدا وەک پارێزگاکانی تری ناوەراست و خواروی عێراق ببەن. بەڵام ئەگەر قەوارەی هەرێم ڕوو لەلاوازی و بچوکبوونەوە بێت، جگەلە پارتی و یەکیەتی و بزوتنەوەی گۆران کەلایەنە سەرەکیەکانی نێو حکومەتی هەرێمن و بەهەرجۆرێک بوە داکۆکی لەمانەوەی ئەم قەوارەیە دەکەن، ئەو حزبانەی تر، کە لەبەرگی ئۆپۆزسیۆندا خۆیان دەناسێنن، چ هەڵوێستێکیان لەم دۆخەهەیە؟

سەڕەرای ناڕازیبوونی لایەنە بەناو ئۆپۆزسێۆنەکان، لەیەکیەتی و پارتی، سەرەڕای ڕەخنەو گلییەک کە هەیان بێت لەئەدای حکومەت، سەرەجەم ئەم حزبانە، هەر لە ئیسلامیەکانەوە تا نەوەی نوێ، “قەوارەی هەرێم” بەجۆریک لەجۆرەکان بەدەسکەوتی “گەلی کورد”ی دەزانن و بەرژەوەندی خۆیان لەمانەوەیدا دەبینن. هۆکاری ئەمەش بونی ئەو سیستەمەیە لە حوکمڕانی، کەئابوری و سیاسەتی خستۆتە خزمەتی بازاڕی سەرمایە و کۆمپانیاکانانەوە و دەرفەتی تاڵانچێتی و چەوسانەوەی هەرچی زیاتری خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێشی کوردستانی خستۆتە بەردەم ئەم حزبانە و خۆبەخۆ بونەتە هاوبەشی یەکەیەتی و پارتی، لێرەشەوە نایانەوێت بەنەمانی قەوارەی هەرێم، ئەم بازاڕە لەدەستبدەن. تەنانەت ئەوەی کە نەوەی نوێ و لایەنە ئیسلامیەکان و هەڵبڕاوانێکی بزوتنەوەی گۆران ملیانناوە بە بەغداوە و هانا بۆ دادگای فیدڕال و پەرلەمانی عێراق دەبەن و بانگەشەی ئەوە دەکەن کە حکومەتی هەرێم خۆی ڕادەست بکا، دۆخی خەڵکی کوردستان باشتر دەبێ! جگە لەوەی کە لەکەنار ئەحزابی شیعە وسوننە و قەمی و میلیشیاکانیاندا ڕادەوەستن و نان وکارو مەعیشەت و چارەنوسی خەڵکی کوردستان بە هێزگەلێکەوە گرێ دەدەنەوە کەتاسەر ئیسقان کۆنەپەرست و دژ بەخەڵکی کرێکارو زەحمەتکێش و هاوڵاتیانی بندەستیانن، هاوکات بەڵگەیەکە لەوەی کە ڕەخنەو ناکۆکیەکانیان لەبەرامبەر بەیەکیەتی و پارتی وحکومەتەکەیان، تا ئەو شوێنە دەڕوات کە تێکۆشان و ناڕەزایەتی جەماوەر بۆ کەناڵیکی تر ڕاکێشن و ڕێگەنەدەن بەرەو شۆڕش و ئاڵوگۆڕی شۆڕشگێرانە پەرەبسەنێت و هەرلەو چوارچێوە سیاسیەدا بمێنێتەوە کەپارتی و یەکیەتی ڕەنگیان بۆ ڕشتوە.

ئەم لایەنە بەناو ئۆپۆزسیۆنانە کەمانەوە لە پڕۆسەی سیاسی و بەشداریکردن لەهەڵبژاردن وحکومەتدا، وەک بنەمایەکی نەگۆڕی سیاسی بەدەستەوەگرتوە و بڕیار نیە شۆڕش لەدژی دەسەڵاتی پارتی و یەکیەتی بەرپابکەن، بەپێویست هەرجۆرە ڕەخنەو ناڕەزایەتیەکیان لەیەکیەتی و پارتی هەبێت بۆ ئەوەیە کە ناڕەزایەتیە جەماوەریەکان، بەلاڕیدابەرن و هاوڵاتیانی کوردستان سیناریۆی بێئەنجامی هەڵبژاردن و کۆکردنەوەی دەنگ و بەدەستهێنانی کورسیەکانی پەرلەماندا ڕابگرن. ئەم حزبانە کە لەسایەی دروشمی “بەغدا باشترە لەهەرێم”، ناکۆکیەکانی خۆیان لەگەڵ یەکیەتی و پارتیدا دەبەنە پێشەوە، نەک هەر خەڵکی کوردستان پەلکێش دەکەن بۆ ژیرسایەی دەسەڵاتی گەندەڵ و کۆنەپەرستی قەومی و ئاینی و میلیشیایی، کەئامادەنین سەرەتاییترین مافەکانی خەڵکی کوردستان بسەلـمینێن، بگرە هەمو ئەو دۆخە پڕلەنەهامەتی و بێمافیەی کە بەسەر هاوڵاتیانی عێراقیدا سەپاوە، پشتگوێ بخەن. ئەمەش هەر ئەو ئاراستەیەیە کە یەکیەتی و پارتی ساڵانێکی زۆرە کردویانەتە بنەمای سیاسەتەکانی خۆیان لەپەیوەند بە بەغداوە. هەربۆیە خەڵکی کوردستان نابێ شوێنکەوتەی سیاسەتی ئەم حزبانە بن.

خەلكی کوردستان بۆئەوەی هەڵوێستی دروست لەم دۆخەو لە قەوارەی هەرێم بگرێتەبەر، لەپێشدا دەبێ لەسەر ئەو ڕاستیە ڕاوەستێت کەقەوارەی هەرێم بەرهەمی خەبات و تێکۆشانی ئەوان نیە، بەڵکو دەستکەوت و بەرهەمی بزوتنەوەی کوردایەتی و ئەحزابە ناسیونالیستیەکانیەتی. “قەوارەی هەرێم” وەک پڕۆژەو ڕێکاچارەیەکی ئەمریکایی بۆ کێشەی کورد، بەدوای شەڕی کەنداو و ڕوخانی حکومەتی بەعس و خۆگرێدانەوەی حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی بەم شەڕەو ئامانجەکانی ئەمریکاوە سەری هەڵدا. لەیەک وتەدا دابەشکردنی دەسەڵات لەعێراقدا، لەبەر ڕۆشنایی هاوکێشەی هێزی نێوان هێزەکان، لەلایەن ئەمریکاوە، بەسەر دەستەو تاقمی قەومی وئاینی و تایفەگەری و لکاندنەوەی کوردستان بەناوی فیدڕالیزمەوە، بەبێئەوەی خەڵکەکەی ڕای لەسەردابێ، ئەو ئیمتیازات و پێگەیەی بەحزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی بەخشی کەدەسەڵات و سیستەمێکی دژ بەخەڵک لەقەوارەیەکدا بەناوی هەرێمی کوردستانەوە دامەزرێنن. لەهەمو ئەم پڕۆسەیەشدا بەشداری خەڵکی کوردستان تەنها ئامڕازێک بوە بۆ بەدیهێنانی ئامانج و بەرژەوەندیەکانی بۆرژوازی کوردو حزبەکانی. کەوایە خەڵکی کوردستان نابێ قەوارەی هەرێم بە دەسکەوتی خۆیان بزانن.

بەڵام ئەگەر قەوارەی هەرێم دەسکەوتی خەڵکی کوردستان نیە، ئەگەر گەڕانەوە بۆ بەغدا و بەستنەوەی ئومێدی باشتربونی ژیانی خەڵک وەهمێکە و کوردستان لەم گێژاو و قەیرانەی کەچەند سالە تێیکەوتوە دەرناکێشێت، کەوایە ڕێگاچارەچیە؟

بێگومان نە ڕاوەستان لەپاڵ یەکیەتی و پارتیدا بۆ مانەوەی قەوارەیەک کەسی ساڵە ژیانی خەلک دەهاڕێت ڕێگاچارەیە و نە گەڕانەوە و تەسلیمبون بەحکومەتی عێراق، خەڵکی کوردستان لەو گێژاوە دەردەکێشێت کەتێیکەوتوە، بەتایبەتی کە کارنامەی هەردوو دەسەڵات چ لەعێراق و چ لەکوردستان ئەو ڕاستیەی سەلـماندوە کە سیستەمێک لەحوکمڕانی بەڕێوەچوە پێچەوانەیە لەگەڵ ئازادی و یەکسانی و خۆشگوزەرانیەک کە داوای خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێشە. خودی ناڕەزایەتیە جەماوەرەیەکان چ لە شارەکانی عێراق و چ لە کوردستان کە چەندین ساڵە یەخەی چینی دەسەڵاتدار و ئەو حکومەتانەی کە لەعێراق و کوردستاندا لەسەرکارن دەگرێ، ئەو ڕاستیەی سەلماندوە کە بەدەستهێنانی باشبژێوی و گەیشتن بەژیانێکی بەدەر لەدزی و تاڵانچێتی و بێمافی، لەڕێرەوی خەبات بۆ کۆتاییهێنان بەم دەسەڵات و حکومەتانەوە بەدەستدێت. خەڵکی کوردستان بۆئەوەی لەدۆخی ئیستا و هەموو ئەو نەهامەتیانەی یەخەی پێگرتوە ڕزگاری ببێت، بۆئەوەی جارێکیتر لەو یاریە گلاوەی کە حزبەکان، بەدەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنەوە لەپەیوەند بەغداوە گرتویانەتەبەر، نەبنەوە قوربانی، دەبێ هەوڵوتێکۆشانی جەماوەری خۆیان و ناڕەزایەتیەکانیان بۆ وەلانانی دەسەڵات ئاراستەبکەن. هەوڵوتێکۆشانێک کە ئیرادەبگرێ بۆ بەدەستەوەگرتنی دەسەڵات و دامەزراندنی “قەوارەیەک” کەلەلایەن نوێنەرانی خەڵک خۆیانەوە بەڕێوەببرێ و دابینکردنی ژێنێکی ئازادو خۆشگوزەران بۆ هەموان بنەمای بەڕێوەبردنی کۆمەڵگابێت. بێگومان گرێدانەوەو لێکهەڵپێکانی خەباتو تێکۆشانەکانی خەڵکی کوردستان لەگەڵ ناڕەزایەتی و خەباتی خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێشی شارەکانی خوارو ناوەراستی عێراق نەک هەر دەرگایەکی گەورە دەکاتەوە بۆ شکاندنی ئەو تەوقەی کەبەناوی “فیدڕالیزمەوە” خراوەتە گەردنی خەڵکی کوردستان، بەڵکو ئەو زەمینەیەش پێکدێنێ کەچارەسەرکردنی هەموو ئەو کێشە سیاسی و ئابوری و قانونیانەی کە لە”پەیوەندیەکانی نیوان هەرێم و بەغدا” دا لەئارادایە، ڕیگایەکی سیاسی وموتەمەدینانەی بۆ بدۆزرێتەوە.

 

Check Also

به‌ره‌و یه‌كڕیزی جیهانیمان .. به‌ره‌و كۆتاییهێنان به‌ جه‌نگه‌كان و برسێتی و هه‌ژاری

چالاکیەکانی ڕێکخراوی دەرەوە بە بۆنەی یەکی ئایار..  رۆژی جیهانی چینی کرێکار لەدەرەوە بۆ خویندنەوەی تەواوی ڕاپۆرتەکە …