خاڵێکی هاوسەنگیی نوێی ئیسلامی لە ئێراندا مومکین نییە!

مەنسور حیکمەت

(پێشەکیەکی پێویست: ئەم بابەتەی لێرەدا دەیخوێننەوە قسەوباسی مەنسور حیکمەتە کە لە پلینۆمی ١٥ ی کۆمیتەی ناوەندی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی ئێران، رۆژانی ١٨-٢٠ی شوباتی ساڵی ٢٠٠٠ پێشکەشی کردوە.  باسەکە بەشێوەی زارەکی پێشکەش کراوە و دواتر لەلایەن فاتح شێخ ەوە ئامادەکراوە بۆ شێوەی نوسین. بەهۆی ئەوەی کە کواڵیتی تۆمارکردنەکە زۆر باش نەبووە، هەندێك لە قسەکانی  ماناکەی زۆر روون نەبووە، بۆیە هەندێ دەسکاری کراوەو رەوانە کراوە بۆ خۆی بەمەبەستی پێداچوونەوە. بەڵام پێدەچێ ئەو فرسەتەی بۆ نەخوڵقابێت. بەوجۆرە دەبینرێ کە لەهەندێ شوێندا یان قسەکە تەواو نەکراوە یان ماناکەی نارۆشنە.

سەرەڕای ئەوە، ئەم باسە نزیکەی ٢٣ ساڵ لەمەوبەر پێشکەش کراوە، هەندێ مەسەلەکە کە مەنسور حیکمەت پێشبینی دەیکات لەپەیوەند بە ململانێی نێوان باڵەکانی رژێمی ئیسلامیەوە ئاڵوگۆڕی بەسەردا هاتوە، بەڵام لێکدانەوەکەی بۆ پێگەی ئیسلام لە ئایندەی دەسەڵاتی سیاسی ئێراندا و سیناریۆکانی روخان و سەرنگونی رژێمی ئیسلامی و مەسەلەی ڕاپەڕین و شۆڕش و نەخشی ڕاست و چەپ تێیداو سەرەنجام دەوری جەماوەر خەڵك لەو پرۆسەیەدا بۆ ئێستاش کە خرۆشانێکی جەماوەری لەئێراندا بەڕێوەدەچێت، جێگای تێڕامان و لێوەفێربوونە. بەم هۆکارەوە بوو کە وەرگێڕانی ئەم بابەتەم بۆ زمانی کوردی لەم کاتەدا بەپێویست زانی- موحسین کەریم.)

من تەنیا ئاماژە بە کۆمەڵێک خاڵی سەرەکی دەکەم کە دەتوانرێت لە باسکردنی بارودۆخی سیاسیدا باس بکرێن. ناتوانم باسێکی هەمەلایەنە و تەواو بخەمەڕوو، دەمەوێت بۆچوونی خۆم سەبارەت بە هەندێک پرسیك دەرببڕم کە پێموایە لەدۆخی سیاسی ئێراندا گرنگن.

سەرنجی یەکەم ئەوەیە کە خەڵک کێشەیان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی هەیە، خەباتی خەڵک لەگەڵ کۆماری ئیسلامیدا – ئێستا دەتوانین باسی ئەبعادەکانی بکەین- بەردەوامە، خەریکە تونددەبێتەوە و خەڵک بەشێوەی جیاواز کۆماری ئیسلامیان خستۆتەژێر پرسیارەوە. ئەمە جیاوازە بۆنموونە لە ئینگلتەرا، کە خەڵک حکومەتیان نەخستۆتە ژێر پرسیارەوە، یان سوریا، خەڵکی سوریا ئەمڕۆ حکومەتیان نەخستۆتە ژێر پرسیارەوە. لێرەش خەباتێک لەئارادایە، بەڵام دەوڵەت خۆی ئامانج نییە.

ئەوەی لە ئێران ڕوویدا ئەوەیە کە پڕۆسەیەکی ناڕەزایەتی سیاسی جەماوەری دەستی پێکردووە کە ناڕازیبوونی خەڵک دەردەخات؛ بەڕای من هەموو توخم و پێکهاتە جیاوازەکانی ئابووری و سیاسەت و ئایدۆلۆژیا لەژێر ئەم ناڕەزایەتییە سیاسییەدا دەبینرێن. ئابوری ئێران ئەوەندە بەرهەم ناهێنێت کە خەڵک چاوەڕێ دەکات دەستی بکەوێت و خەرجی بکات. قەیرانێکی ئابووری لەئارادایە و ڕێکخراوی ئابووریش لە پشێویدایە. لەڕووی سیاسییەوە سەرکوت زاڵە، خەڵک سەرکوتیان ناوێت. لەڕوانگەی ئایدیۆلۆژییەوە حکومەتی ئایینی حوکمڕانی دەکات، خەڵک حکومەتێکی ئایینی ناوێت. هەموو ئەم توخمانە لە ناڕەزایەتی خەڵکدا ئامادەن، چ لە دۆخی ئابووری، چ لە سەرکوتی سیاسی، چ لە دۆخی ئایدیۆلۆژیی حکومەتدا. ئەگەر ئەم  دووانەی ئەخیر واتە سەرکوتی سیاسی و دۆخی ئایدیۆلۆژی نەبوونایه و تەنها دۆخی ئابووری خراپ بووایه، خه ڵک دەچوون دەنگیان به پارتێکی چەپ دەدا بۆ جێبەجێکردنی پلانه ئابوورییەکەی. یان ئەگەر کێشەکە تەنها ئایدۆلۆژیا بووایە و ئابوری گەشەی بکردایە، ڕەنگە خەڵک زۆر ناڕەزایەتیان دەرنەبڕیایە، دانیان بەجەرگی خۆیاندا بنایە، چونکە قۆناغی خۆشگوزەرانی ئابووری زاڵە. یان ئابووری باش بووایە، دۆخی سیاسی و ئایدیۆلۆژی خراپ بووایە، ئابووری لەژێر دەسەڵاتێکی ئایدیۆلۆژیی سەرکوتگەردا کاری خۆی دەکرد، ڕەنگە وەک ساڵانی سەردەمی پینۆشە، خەڵک وردەوردە سیستەمێکیان لیبراڵیزە دەکرد کە نایانەوێت زۆر دەست لە ئابووریەکەی بدەن .

بەڵام ئەو پرۆسەیەی ئێمە دەیبینین ئەم تایبەتمەندیانەی نییە، بەڵكو تایبەتمەندیەکانی بریتیە لە ناڕەزایەتی ئابووری، ناڕەزایەتی سیاسی و ناڕەزایەتی ئایدیۆلۆژی و هەموویان پێکەوە دەبینین، و رێك گرووپگەلێک هەن کە بەجۆرێك هانی سازشکردن دەدەن لە کۆمەڵگادا، ئەوانەن کە دەیانەوێت لە یەکێک لە ڕەهەندەکاندا چاکسازی بکەن و ئەوانی تریش بهێڵنەوە. گریمانەی ئەوان ئەوەیە کە یەکێک لەو ڕەهەندانە دەتوانێت بمێنێتەوە و ئەوانی دیکەش دەتوانن بگۆڕدرێن، بۆنموونە کۆماری ئیسلامی بە ئیسلامی بمێنێتەوە، بەڵام لەرووی ئابووری و ئایدۆلۆژیەوە پاشەکشە بکات، کەمێک عەلمانیتر بێت، بەڵام هێشتا تاک حزبی دەمێنێتەوە، هێشتا ئیسلامی دەمێنێتەوە؛ لەڕوانگەی بازاڕەوە چاکسازی لە ئابوریدا بکرێت و بەرەو ڕۆژئاوا هەنگاو بنێت. یان بۆنموونە ئەم مەیلانە هەن. هەریەکەیان شتێک گریمانە دەکەن. پێویستە ئابووری بگۆڕێت، بەڵام هەمان کۆماری ئیسلامی بەهەمان ئایدۆلۆژیاوە گۆڕانکاریە ئابوورییە پێویستەکان ئەنجام بدات. بەرەو ڕۆژئاوا بڕۆن، هەندێکیان ئەم داواکارییەیان هەیە. یان لیبرالیزەکردن بەبێ گۆڕینی بنەمای کۆماری ئیسلامی. ئەمانە لەخودی دەستەی حوکمڕانیدا دەبینین، ئەمانە مەیلن، هەریەکەیان شتێک بۆخۆیان گریمانە دەکەن.

ئەو پرسیارەی کە بەبڕوای من لەبەرامبەر ئەم قەیرانە ئابوورییە و ئەم ناڕازیبوونە سیاسییە و ئەو بۆشاییە ئایدیۆلۆژییەی ناو کۆمەڵگا کە بەئاشکرا دەرکەوتووە و هەموو جیهان دەیبینێت، دێتەپێشەوە، ئەوەیە کە ئایا خاڵێکی هاوسەنگی نوێی ئیسلامی لەم سیستەمەدا مومکینە؟ یان نا؟ ڕۆژئاوا ئێستا ،دواتر دێمەسەر ڕۆژئاوا، پێموایە دواجار بەشێوەیەکی پراگماتیک سەیر دەکات، هەنگاوێک بۆپێشەوە هەمیشە باشترە بۆ ڕۆژئاوا. ئەگەر کوڕەکەی کیم ئیل سونگ کەمێک زیاتر لە باوکی کۆریای باکوور لیبراڵیزە بکات، بۆ رۆژاوا باشترە. ئەو کاتە دنیایەك پیاهەڵدان بە کوڕی کیم ئیل سونگدا دەکەن، ئەو قۆناغەی کە گۆرباچۆڤ لە یەکێتی سۆڤیەت دەرکەوتبوو، یەڵتسین لایەنگری لێدان لە رەگوریشەی سۆڤیەتی پێشوو بوو، هێشتا پێیانوانەبوو کە یەلتسن شانسی بەدەسەڵات گەیشتنی هەیە، هەموو داڕێژەرانی سیاسەتی ئەمریکی جگە لە ژمارەیەکی کەم لە کۆنگرێسدا، لایەنگری گۆرباچۆڤ بوون. یەلتسن چەند لایەنگرێکی بچووکی هەبوو. مارگریت تاچەر تا ئەوکاتەی لە پۆستەکەیدا بوو، وەک لایەنگری گۆرباچۆڤ مایەوە. کاتێک کودەتایەک لەلایەن سوپای سۆڤیەتەوە ڕوویدا و شکستی هێنا، هەروەک چۆن لینین و بەلشەفیکەکان هاتنە سەر کار، کۆرنیلۆڤ و هەڕەشەی کودەتا ئەوانی هێنایە سەر شانۆی دەسەلات، لێرەش کۆدێتای لایەنگرانی بەوەفای سۆڤیەت بوو وایکرد یەڵتسن بێتەپێشەوە. لەوە بەدواوە دەرکەوت کە گۆرباچۆف سەرۆک کۆماری هیچ شوێنێك نیە. دوای ئەوەبوو کە چوونە پشت یەڵتسین.

لەئەنجامدا دەکرێ بوترێ کە ڕۆژئاوا سەرنج دەدات بزانێ کێ لە دەستەی حوکمڕانیدا نوێنەرایەتی گۆڕانکاری دەکات لە هەنگاوی داهاتوودا تا پشتیوانی لێبکات. ئەگەر ئەم گۆڕانکاریە ڕووبدات، ئەوان کەسێکی دیکە لەناو سیستەمدا دەدۆزنەوە و لە سیاسەتی داهاتوودا بەرگری لێدەکەن. هەرگیز حکومەتێکی ڕۆژئاوا نادۆزیتەوە کە بڵێت “ئێمە لەگەڵ سەرنگونیی یەکجاریی رژێمی ئیسلامی داین!” هاوسەنگییەکی جیهانی لەئارادایە، باسی تیرۆریزم دەکەن، بەڵام ڕێکارێکی دیپلۆماسی هەیە کە ڕێگە نادات حکومەتێک پشتگیری لە سەرنگونیی حکومەتێکی تر بکات. تەنانەت لە عێراقیش ئەم کارە ناکەن، لە کاتێکدا دەیانەوێت سەدام حوسێن بڕووخێت، بەڵام سەرۆکی ئەمریکا نایەت بەڕاشکاوی ئەمە بڵێت، دەڵێت ئێمە دەمانەوێت لیبڕاڵ بێت، دەمانەوێت خەڵک حکومەت بەدەستەوە بگرن. هەرچۆنێک بێت جارێکی تر دەگەڕێمەوە سەر ڕۆژئاوا، ئەو وەڵامەی ڕۆژئاوا دەیداتەوە کە بەدوای خاڵێکی هاوسەنگی نوێێ ئیسلامیدا دەگەڕێت، کە دەیەوێت ڕژێم زیاتر لیبڕاڵ و لایەنگری ڕۆژئاوا بێت، هەڵوێستێکی پراگماتیکییە. دەڵێت با هەوڵ بدەین بۆ دروستکردنی ئەمە، ئەوەی کە ئێستا مومکینە یان نا، ئەوە بەخودی رۆژاواوە پەیوەستە. بەرگریکردنی ڕۆژئاوا لە خاتەمی یان حکومەتی ئیسلامی لەجۆری خاتەمی، ئاماژەیە بۆ بەرگری ستراتژیکی ڕۆژئاوا لە حکومەتێکی ئیسلامی لە ئێران، ئاماژەیە بۆ بەرگریی پراگماتیکی ڕۆژئاوا لە باشترکردنی بارودۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کە ڕەنگە دواتر داوا لە ئێران بکرێت پەیوەندی پێوە بکات. دەتوانین باس لەوە بکەین کە بەرژەوەندییە ستراتیژییەکانی ئەمریکا لەگەڵ چ جۆرە حکومەتێکدا دەگونجێت، چونکە لە قۆناغەکانی داهاتوودا، کاروباری ئێمە لە بنەڕەتدا لەگەڵ ئەم حکومەتانەدایە، نەک لەگەڵ حکومەتی ئێستادا، بەتایبەتی کە ڕۆژئاوا بۆ بەرگریکردن لەم حکومەتە بۆردومانی هیچ ئۆپۆزسیۆنێک ناکات، بەڵام لە بەرگریکردن لە حکومەتە ستراتیژییەکەی لە ناوچەکەدا ڕەنگە بە شێوەیەکی جیاواز رەفتاربکات.

 

Check Also

هاوبەشی لە تاواندا

عوسمانی حاجی مارف ڕێکخراوی “بتسێلم” ناوەندی زانیاری ئیسرائیل بۆ مافەکانی مرۆڤ، رایگەیاندوە  ٢.٢ ملیۆن کەس …