پایە سەرەکییەکانی ‘قەوارەی’ هەرێم!

توانا موحەممەد نوری

لە هەرێمی کوردستان، پایە سەرەکییەکانی ‘قەوارەکە’ هەر لە پەرلەمان، حکومەتی هەرێم، وەزارەتی پێشمەرگە، ‘دامەزراوە’ ئایینیەکان تا دەگات بە میدیا، بەهۆی ناکۆکی، گەندەڵی و بێئاسۆیی لە قەیرانێکی قوڵدایە.
پەرلەمانی دەسەڵاتدارانی هەرێم هەر لە سەرەتای دامەزراندنی و ڕۆژ دوای ڕۆژ پێگەی خۆی لە دەستداوە و خەڵک بە شوێنێک بۆ دزینی بەشێک لە داهاتی خۆیانی دەزانن. ئینجا لەبەرئەوەی ڕێژەیەکی زۆر کەمی خەڵک بەشداری لە هەڵبژاردنی ئەم خولەی پەرلەمانی دەسەڵاتدارانیشی کرد، ئەم خولەی پەرلەمان بە گرژی و پشێوی ژیانی خۆی بەسەربرد.

پێش ئەوەی پەرلەمانی دەسەڵاتدارانی هەرێم لەم خولەدا دابخرێ و بەرەو پشووی هاوین بچێت شەڕە بۆکس لەنێوان پەرلەمەنتارەکانی پارتی و یەکێتی ڕوویدا و پێشتریش پشێوی تر و شەڕ و پێکدادن لە نێوان پارتی و نەوەی نوێ و فراکسیۆنەکانی تر ڕوویدا.

ئەمە جگە لەوەی حکومەتی بەشێک لە دەسەڵاتدارنی هەرێم بە هیچ شێوەیەک نەیتوانی ببێتە حکومەتی هاوبەشی هەموو دەسەڵاتدارنی هەرێم. زۆنی زەرد و سەوز بە زەقی دەبینرت. یەکێتی نیشتمانی بۆ ماوەیەک لەسەر پێنەدانی بەشێکی زۆرتر لەو دزیی و تاڵانییەی لە کوردستاندا دەکرێ، لە حکومەت کشایەوە. سەرباری وەزعی شڕی حکومەتی دەسەڵاتدارانی هەرێم لەلایەکی تریشەوە کەتۆتە ژێر فشارێکی بەردەوامی حکومەتی دەسەڵاتدارنی ناوەند و ڕۆژ نییە ئیمتیازات و نفوز لە دەست نەدەن.

بەرپرس و دەسەڵاتدرانی هەرێم ئەوەندە سومعە و ناوبانگیان زڕاوە، زۆر بەنهێنی و دوور لە چاوی میدیا و خەڵکەوە گەشت بۆ دەرەوەی وڵات دەکەن. بەرپرسەکان، لەترسی هێلکەبارانکردنیان، دوور لە چاوی دانیشتوانی کوردانی تاراوگە سەفەر بۆ ئەوروپا دەکەن.

هەردوو حیزبی دەسەڵاتدار بەبێ پشتیوانی تورکیا بۆ پارتی و ئێران بۆ یەکێتی بۆ یەک چرکەش ناتوانن تەنانەت لە ناوچەی نفوزی خۆشیان ‌هەڵبکەن. جاران خەڵک ئاواتەخواز بوو بەرپرسێک، سەرکردەیەک یا پێشمەرگەیەک ببینێ بەڵام ئێستا پێچەوانەکەی ڕاستە.

ئەگەرچی هەردوو حیزبی دەسەڵاتدار هاوبەشن لە تاڵانکردنی سامان و داهاتی کوردستان بەڵام لەلایەکی تریشەوە نەفرەت لەیەکتر دەکەن و پیلان دژی یەکتر ئەنجامدەن. هاوپەیمانی لەگەڵ هێزو لایەن ناسیۆنالیستی و ئیسلامیە عەرەبیەکان و ووڵاتانی ناوچەکەش دەکەن دژی یەکتر.

ڕۆژ نییە هەواڵی شەڕ و پێکدادن لە ناو وەزارەتی پێشمەرگەش نەبیستین. بەپێی ئامارەکان زۆرترین گەندەڵی لەم وەزارەتەدا دەکرێ. ناشتوانن، سەرباری فشاری ئەمریکا، هێزەکانیان یەکبخەن.

ئەگەرچی’دامەزراوە’ ئایینیەکان ئازادی تەواویان هەیە بۆ ب،ڵاوکردنەوەی بیروبۆچوونی خۆیان بەڵام ئەمانیش لەژێر فشاری مەدەنییەت، ژیانی سەردەم و بزوتنەوەی سێکۆلاریی کەتونەتە ناکۆکی و دژایەتی لەنێوان خۆیاندا و ڕۆژ دوای ڕۆژ پێگەی خۆیان لەدەستدەدەن. ‘دامەزراوە’ ئاینییەکان بەشێکن لە پرۆسەی سیاسی لە کوردستان و ئەمانیش بەشێکن لەو گەندەڵی و بێسەروبەرییەی لەژێرسایەی ئەحزابی کوردایەتی بەڕێوەدەچێ.
خێزانی کوردایەتیش بەهیچ شێوەیەک ناتوانن بۆ یەک چرکەش یەکڕیز بن و پێگەی خۆیان بەرانبەر خێزانی شيعەی دەسەڵاتداری ناوەند لەدەستداوە.

ئەگەر سەردەمانێک توانیان لەژێر فشاری ئێران بەرەیەک دروستبکەن، بەڵام لە ئێستادا تەنانەت نەیانئەتوانی لەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی دەسەڵاتدارانی هەرێم ڕێکبکەون. ئەگەر جاران بیرۆکەی کوردایەتی دەیتوانی خەڵک ڕابکێشێ ئێستا بەو هەموو میدیا، ڕۆژنامە، ماڵپەر و لاپەرەی فەیکی سەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، ناتوانن سەرنجی خەڵک ڕابکێشن.

لە کوردستان میدیا حیزبییە و بۆ بڵاوکردنەوەی بیروبۆچونی حیزبەکانیان دامەزراون.  هەروەها بۆ پرۆپاگەندە بۆ سەرۆک و جێگر و سەرکرادیەتی حیزبەکە دامەزراون. حیزبیش بە بنەماڵە کراوە. میدیاکانیش ڕەنگدانەوەی باڵی جیاوازی نێو بنەماڵەکەیە. میدیاکانیان بە پارەی دزین و تاڵانی دامەزراوە. پارەیەکی زەبەلاحیشیان تەرخانکردوە بۆ دروستکردنی پەرەی فەیک لەسەر تۆرە کۆمەلایەتییەکان بۆ بڵاوکردنەوەی هەواڵی درۆ و فشار خستنە سەر هێزی ڕکابەریان. لەبەرئەوە خەڵک گرنگییەکی ئەوتۆ بەم میدیایە نادات. فرۆشی ڕۆژنامەکانیان زۆر دابەزیوە.

خزمەتگوزارییە گشتییەکان ڕۆژ دوای ڕۆژ خراپتر دەبێت و نە حکومەت و نە حیزبە سیاسییە دەسەڵاتدارەکانیش گرنگی بە هیچ شێوەیەک بەمە نادەن. گرنگ ئەوەیە توێژی سەرەوەی حیزبەکان و دەوڵەمەندەکان ئاو وکارەبا و غازیان هەیە، ئیتر خەڵکیش بابۆخۆی ‘هەڵپەڕێ!’. خزمەتگوزارییە گشتییەکان خراونەتە ژێر دەستی کەرتی تایبەت و ژمارەیەکی پێ دەوڵەمەند دەکرێن. خوێندن، کارەبا، تەندروستی تایبەتیی کراون و ئەوەی بتوانێ منداڵی دەنێرێ بۆ فێرگەی تایبەت، زانکۆی تایبەت و خەستەخانەی تایبەت و کارەباش بە ئەمپێر بە پارەیەکی خەیاڵی دەفرۆشرێت. سەرەڕای خراپی ڕێگە و بان و خزمەتگوزارییە گشتییەکان، کەچی باج زیادیکردووە. دەوڵەمەندەکان لە جاران دەوڵەمەندترن. هێرشەکانیش بۆ دابەزینی ئاستی ژیانی چینی کرێکار، خەڵکی کەمداهات و هەژار بەردەوامە.

لە کوردستاندا ئۆپۆزیسیۆنی بۆرژوازی هێزێکی کاریگەر نیەو بەشێکن لە پرۆسەی ڕاگرتنی دەسەڵاتی میلیشایی پارتی و یەکێتی. ئۆپۆزیسیون یاری بە هەست و سۆزی خەڵک دەکات و ئەمانیش ڕۆژ دوای ڕۆژ پێگەیان لاوازتر دەبێت. بەحوکمی ئەوەی حکومەتی دەسەڵاتدارانی هەرێم خزمەتگوزارییە گشتییەکانی پشتگوێ خستووە و بۆشاییەکی فراوانیان بەجێهێشتوە، بەشێك لەو ئۆپۆزیسیۆنە فەیکە بۆرژواییە هەوڵی داوە ئەو بۆشاییە بقۆزێتەوە بۆ خۆ دەوڵەمەندکردن و پرۆپاگەندە بۆ خۆیان.

بزووتنەوەی کرێکاری و سۆشیالیستیش بەرەو پێشەوە دەچن و وردە وردە و بەشێنەیی کاریگەرییان لەسەر ژیانی گشتی دادەنێن، بەڵام خەڵک دەبێ ئەو پەرتوبڵاویە بەجێبهێڵن، چونکە شەپۆلی داهاتووی ناڕەزایەتیەکانیان پێویستی بە ڕێکخراوبوون دەبێت.

 

Check Also

به‌ره‌و یه‌كڕیزی جیهانیمان .. به‌ره‌و كۆتاییهێنان به‌ جه‌نگه‌كان و برسێتی و هه‌ژاری

چالاکیەکانی ڕێکخراوی دەرەوە بە بۆنەی یەکی ئایار..  رۆژی جیهانی چینی کرێکار لەدەرەوە بۆ خویندنەوەی تەواوی ڕاپۆرتەکە …