هەڵبژاردن، کارتێکی سوتاو!

موحسین کەریم

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێم، رۆژی ٢٥ ی شوباتی ساڵی داهاتووی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەستنیشان کرد! بەپێی لێدوانەکانی دڵشاد شەهاب، وتەبێژی سەرۆکی هەرێم، ئەم بڕیارەی نێچیربارزانی دوای رەزامەندی هەموو لایەنە سیاسیەکان و بەتایبەتی پارتی و یەکێتی دراوە. زیاتر لە ساڵێك بوو یەکێتی و پارتی لەسەر پرسی ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەمشتومڕو بگرەوبەردەدا بوون و کۆبونەوەکانیان سەبارەت بەو مەسەلەیە، سەرباری هۆشداریەکانی نوێنەری نەتەوە یەکگرتوەکان لەعێراق، بێئاکام کۆتایی دەهات!

ماوەی ساڵێکە جنین پلاسخارت، نوێنەری نەتەوە یەکگرتوەکان لە عێراق، چەندین کۆبونەوەی لەگەڵ سەرانی پارتی و یەکێتی و حزبە بۆرژواییەکانی دیکەی کوردستان سازداو هوشداری ئەوەی بە یەکێتی و پارتی دەدا کە ئەگەر هەڵبژاردن ئەنجام نەدەن ئەوا دۆخی سیاسی هەرێمی کوردستان بەو شێوەیەی ئێستای نامێنێتەوەو بەرەو ئاقارێکی ترسناك دەڕوات! بەڵام کێشەو ململانێکانی نێوان یەکێتی و پارتی لەسەر دابەشکردنی دەسەڵات و نفوزو داهات و شکڵپێدانەوەی هاوسەنگی هێزی سیاسی نێوانیان، لەناو بنبەستێکی کوشندەدا دەخولایەوەو تائێستاش کە ئەم بڕیارە دراوە، هیچ ئاماژەیەك بۆ دەرچوون لەو بنبەستە بەرچاو نیە.

بەڵام ئایا ئەم بڕیارەی سەرۆکی هەرێم، کە هاوکات جێگری یەکەمی سەرۆکی پارتیشە، کە پێکهێنەرو خاوەنی سەرەکی حکومەتی هەرێمە، دەتوانێ دەرگا بەڕووی کردنەوەی گرێکوێرەی نێوان پارتی و یەکێتیدا بکاتەوەو هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت!؟ دوبارە لەسەر بنەمای هەڵبژاردن، حکومەتی هەرێم سازبدرێتەوە کە دەسەڵاتی سیاسی- ئیداری بەسەر هەرێمی کوردستاندا هەبێت و کۆتایی بەو ئەمری واقیعە بهێنێ کە ئێستا هەیە؛ واتە ئەوەی کە حکومەت وەکو حکومەتی پارتی تەماشا دەکرێ و یەکێتی وەکو خاوەنی ناوچەی نفوزی خۆی کە خۆی بەشەریکی حکومەت نازانێ و بگرە زۆرجار وەکو ئۆپۆزیسیۆنی حکومەت قسە دەکات!؟ ئایا دەکرێ ئاکامی هەڵبژاردن، پیکهێنانی حکومەتێكی یەکپارچە بێت کە سەقامگیری سیاسی بۆ کوردستان بهێنێ و دابەشبوونی ناوچەی سەوزو زەرد بەسەر دوو ناوچەی نفوزی سەر بە ئێران و تورکیادا کۆتایی پێبهێنێ!؟ ئایا دەکرێ دوای هەڵبژاردن، یەکێتی و پارتی بە بەشی خۆیان لە دەسەڵات و داهاتدا ڕازی ببن و ئیتر یەکێتی واز لەرێگای بەغداو نزیکبوونەوە لە ناوەند بهێنێ بە ئامانجی فشارخستنە سەر پارتی تا ڕازی بکات لە دەسەڵاتی هەرێمدا بیکاتە شەریکێکێ یەکسان و هاوتا!؟ ئەمە هێشتا باسەکە لەسەر ئەوە نیە کە ئایا هەڵبژاردن و پیکهێنانی حکومەتی هەرێمی یەکپارچەو یەکگرتوو چ خێرێکی بۆ خەڵکی کوردستان تێدایە! یاخود لە بەرنامەی سیاسی و ئەجندای حوکمڕانی ئەو دوو حزبەدا هیچ شتێك بەناوی بەرژەوەندی و مافەکان و گوزەرانی خەڵك و ئازادیەکانیەوە جێگای هەیە!؟ کە ئەزمونی زیاتر لە ٣٠ ساڵی ڕابردوو بە قیمەتی وێرانکردنی ژیانی خەڵكی کوردستان و لەژێرپێنانی مافەکانیان و سەندنەوەی هەرچی دەسکەوتێکی ئابوری و خۆشگوزەرانی و خزمەتگوزاری هەیە، تەواوبووە! هێشتا باسەکە لەسەر ئەوە نیە کە ئایا دوای ئەو هەموو ئەزمونەی خەڵکی کوردستان لەگەڵ پەرلەمان و حکومەت و حزبەکانی بۆرژوازی کوردو بەتایبەتی دەسەڵاتی جووتحزبی میلیشیایی پارتی و یەکێتیدا، خەڵك جارێكی دیکە پەنجە دەکاتەوە بە مەرەکەبی دەنگداندا!؟ هەڵبژاردنەکانی ئەم یەك دوو خولەی ڕابردووی پەرلەمانی کوردستان و بگرە پەرلەمانی عێراق، سەرەڕای هاتوهاواری حزبەکانی کوردایەتی بۆ هەڵخڕاندنی هەستی نەتەوەیی بەرامبەر بە عەرەب و تورکمان بۆ “بەهێزکردنی نوێنەرایەتی کورد” لە بەغدا، ئەوەی دەرخست کە خەڵکی کوردستان ئەوەندە هوشیاری سیاسیان بەدەست هێناوە کە بەو جۆرە دەهۆڵکوتانە ‌هەڵنەپەڕن!

هەڵبژاردنی پەرلەمان لەڕوانگەی خەڵکی کوردستانەوە بێبەهایە! دەمێکەیە خەڵكی کرێکارو زەحمەتکێش و ناڕازی پەنایان بۆ هێزی خۆیان بردوە بۆ وەرگرتنەوەی مافە زەوتکراوەکانیان و بەرگری لەژیان و گوزەران و ئازادیەکانیان. لەوپێناوەشدا دەیان قوربانیان داوە بەدەستی چەکبەدەستەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی و دەسەڵاتی بۆرژوازی خۆماڵی! بۆیە هەر لەئێستاوە دیارە کە ئاکامی ئەم هەڵبژاردنە لەگۆشەی بەشداریکردنی خەڵکەوە، شکستە! خودی یەکێتی و پارتی و سەرۆکی هەرێمیش، دەزانن کە هەڵبژاردنی پەرلەمان پێگەو بایەخێکی سیاسی جدی نەماوەو نیە بۆیان. ئەوان بەپێی ئەمری واقیع فەرمانڕەوایەکی قێزەون و بێزراون لای خەڵك. دەزانن کە ناتوانن شەرعیەتی سیاسی و یاسایی بۆ دەسەڵاتەکەیان لەڕێگای دەنگدانی خەڵکەوە وەربگرن! ئەو پێگەیەی کە پەرلەمان و هەڵبژاردن هەیانە بۆ ئەو دوو حزبەو بۆ دەسەڵاتی میلیشیایی بۆرژوازی کورد بەقەدەر پێگە سیاسی و یاساییەکەی نێچیرڤان بارزانی، وەکو سەرۆکی هەرێم، بایەخی هەیە! نێچیرڤان بارزانی، ئێستا هەمان پێگەی لەتیف ڕەشیدی سەرۆک کۆماری عێراقی هەیە لەناو پێکهاتەی دەسەڵاتدارێتی کوردستاندا! بۆیە جێ و ڕێی ئەم بڕیارەش هەرئەوەندەیە!

ئەوەی کەزۆر پڕوپاگەندە بۆ هەڵبژاردن و دەنگدان دەکات، نەوەی نوێیە. ئەویش دەیەوێ لەڕێگای ئەو خزمەتە بچکۆلانەیەی کە بە پارتی و یەکێتی دەیکات لەڕێگای ئیحترام دانان بۆ دەنگدان و هەڵبژاردنی ژێردەسەلات و سایەی یەکێتی و پارتی و لولەی چەکی میلیشیاکانیان، لە پەراوێزی ئیمتیازەکانی ئەو دوو حزبەدا چەند کورسیەکی پەرلەمان و چەند ملیۆن دۆلارێکی پەرلەمانتاری و چەند پرۆژەیەکی بازرگانی نوێی دەست بکەوێ و کۆنەکانیشی پارێزراو بێت!

 

Check Also

به‌ره‌و یه‌كڕیزی جیهانیمان .. به‌ره‌و كۆتاییهێنان به‌ جه‌نگه‌كان و برسێتی و هه‌ژاری

چالاکیەکانی ڕێکخراوی دەرەوە بە بۆنەی یەکی ئایار..  رۆژی جیهانی چینی کرێکار لەدەرەوە بۆ خویندنەوەی تەواوی ڕاپۆرتەکە …