لەپشت ڕوداوی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکەی “بریگۆژین”ەوە!

خەسرەو سایە

هەواڵی ڕوداوی کەوتنەخوارەوەی فرۆکەکەی “بریکۆژین”، فەرماندەی هێزەکانی ڤاگنەر، میدیاکانی جیهانی داگرت و لەنێو کەشوهەوای جەنگی ئۆکرانیا و کێشمەکێشی هێزە جیهانیەکاندا، هەڵایەکی گەورەی میدیایی بەدوای خۆیدا هێناو بووە مایەی لێدوانی دژ بەیەک. لەسەرێکەوە میدیاکانی روسیا و پۆتین، ڕوداوەکەیان لەتەمومژێکدا بەپاساوێکی لاوازەوە جێهێشت. گوایە خەلەلێکی هونەری وەیا ڕۆکێتێکی دەرەکی هۆکاری روداوەکە بووە. بەمجۆرەش چاوەکانی میدیا جیهانیەکان لەسەر ڕوسیا چەقی بەست و جارێکی تر بەسەرهاتی هەڵگەڕانەوەی هێزەکانی ڤاگنەر لەڕیزەکانی سوپای روسیا و هێرش بۆسەر مۆسکۆی  هێنایەوە سەرزاری میدیا جیهانیەکانەوە. لەسەرێکی تریشەوە زیلنسکی کەخۆی لەقامەتی حەریفی پۆتیندا دەناسێنێ، ڕوداوەکەی بەو ئاڕاستەیەدا قۆستۆتەوە کە تیاچونی بریکۆژین، بەڵگەیە بۆئەوەی کە “هەرکەس لایەنگری پۆتین و دەسەلاتەکەی نەبێت، چارەنوسی مەرگە”. لەواشنتۆنیشەوە بایدن سەرۆکی ئەمریکا بەگومانێکەوە لەڕوداوەکەی ڕوانی و رایگەیاند کە”کوشتنی بریکۆژین سەرسامی نەکردوە”. میدیاکانی دەوڵەتانی ڕۆژئاواش هەریەکەیان بەجۆرێک ڕوداوی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکەی بریکۆژینیان لەگومانێکی گەورەدا ڕاگرت و پەنجەی تۆمەتیان خستەسەر پۆتین و لەکەناریشەوە کەوتنە پیاهەڵدان بەسەرۆکی هێزەکانی ڤاگنەردا، وەک ئەوەی کەسایەتیەکی چالاک و خۆشەویست بوە و ناڕازی بوە بە سیاسەتەکانی پۆتین لەو شەڕەیدا کە بۆ سەر ئۆکرانیا هەڵیگیرساندووە. بەمجۆرە کوژرانی سەرۆکی هیزەکانی ڤاگنەر بووە بابەتێکی گەرمی میدیایی.

بەلام ئەوەی کە چۆن ئەم رووداوە ڕویداوە و چ هۆکارێکی لەپشتەوەیە، تەنانەت ئەوەی کە تاچەند پۆتین بۆ تۆلەسەندنەوە، نەخشەی بۆ ئەم ڕوداوە کێشاوە، گرنگیەکی ئەوتۆی نیە بەقەد ئەوەی کەڕاستیەکانی پشتی ڕوداوەکە لەواتای دەربڕینەکانی سەرانی هێزە دەرگیرەکاندا لەشەری ئۆکرانیاو کێشمەکیشی نیوان جەمسەرە ئیمپریالیستیەکانەوە ببینین. بەتایبەتی لەدۆخی دونیای ئەمڕۆدا کە سەرهەڵدانی فرەجەمسەری هیزە  ئیمپریالیستیەکانی لەپێناو دابەشکردنەوەی جیهان و ناوچەکانی نفوزو بازاڕەکانی سەرمایەداریدا خستۆتە بەرامبەر بەیەکەوە. ڕوسیا وەک هێزیكی ئیمپریالیستی لەهەوڵدایە کە خۆی و هاوپەیمانەکانی وەک جەمسەرێک  جیگیربکات و لەلایەن حەریفەکانیەوە دانیپێدابنرێ، لەوسەریشەوە ئەوە ئەمریکاو دەولەتانی هاوپەیمانی لەڕۆژئاوا ڕاوەستاون و ئامادەنین مل بەداواکانی پۆتین بدەن و سود لەهەر ڕوداوێک وەربگرن تا پاشەکشەی بەسەردا داسەپێنن. بەڵام روداوی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکەی بریکۆژین لەدەرەوەی ئەو گۆرانکاریانەدا نیە کە سات بەسات لەهاوکێشەی هیزە جیهانی و ناوخۆییەکان لەشەری ئۆکرانیا و پێشرەویەکانی روسیادا لەم جەنگەدا بەخۆیەوە دەیگرێت. لەمەش زیاتر کانونە قەیرانیەکانی چ لەڕۆژهەڵات و ئەفریقا و ڕۆڵی ڕوسیاو هاوپەیمانانی تێیدا، تادێت کێشمەکێش و ململانێی جەمسەرە جیهانیەکانی توندترو فراوانتر کردۆتەوە. بەدڵنیاییەوە کوژرانی سەرۆکی هێزەکانی ڤاگنەر کاری پۆتین و پلانێکی داڕیژراوە، کە ئامانج لێی سەرکوتکردن و سڕینەوەی هەر جۆرە نارەزایەتیەکە بەدەسەلاتەکەی پۆتین و سیاسەتەکانی لەجەنگی ئۆکرانیادا. بەپێچەوانەی مەدح و سەنای میدیاکانی ڕۆژئاوا، پریکۆژین و هێزەکەی، فاکتۆرێک نەبون بۆ هەڵگەرانەوەی هاوکێشەی هێز چ لەناوخۆی روسیاو چ لەئاست جەنگی ئۆکرانیادا. ناڕەزایەتیەکانی ئەو لەگەڵ ئەوەدا کەهێشتا لەچوارچیوەی قەبوڵکردنی سیاسەتەکانی چینی دەسەلاتداری ڕوسیادایە، تەنها بۆ ئەوە بووە کە پێگەیەک لەسوپادا بگرێ و لەو ئیمتیازاتانە بەهرەمەند بێت کە بەدەست پۆتینەوەیە. بەلام پۆتین باش لەوە دەزانێ کە یەکدەستکردنی ڕیزەکانی سوپاو هەیئەی حاکمەی ولاتەکەی مەرجێکی سەرەکیە بۆ درێژەدان بە جەنگی ئۆکرانیا تا بەئامانجەکانی خۆی لەبەرامبەر ئەمریکاو ناتۆدا دەگات. بۆ ئەمەش هیچ شتێک لەوە ئاسانتر نیە کە بریکۆژین و هێزەکانی ڤاگنەر بکاتە قوربانی. دیارە پۆتین لەڕووی زەمەنیەوە کاتێکی گونجاوی هەڵبژرادوە بۆ تەسفیەی ئەم نەیارەی کە بە”خیانەتی گەورە” خستویەتیە لیستی ڕەشەوە. ئەویش لەکاتێکدایە کە هیزەکانی روسیا لەبەرەی شەڕی ئۆکرانیادا توانیویەتی هێرشەکانی زلنسکی و سوپاکەی پوچەڵ بکاتەوە و هەولەکانی ئەمریکاو ناتۆ و هەموو ئەو هاوکارییانەی کە تائێستا کردویانە، بۆ گۆڕینی بالانسی شەرەکە بەناکامیدا داکێشاوە. لەمەش زیاتر قاچ راکێشانی ڕوسیاو چین لە ئەفریقا بەدوای کودەتاکەی نەیجەرو وەدەرنانی فەڕەنسا لەم ولاتەو توندبونەوەی جەنگ لەسودان و لیبیا و بەدوای ئەمەشدا کۆبوونەوەی ئاخری بلۆکی “بریکس”، بەڕابەری پۆتین و ئامادەیی زیاتر لەپەنجا ولات بۆ پەیوەستبوون بەم بلۆکەوە، پاشەکشەیەکی تری بەسەر ئەمریکاو هاوپەیمانە ئەوروپیەکانیدا داسەپاندووە، بلۆکێکی ئەمنی و ئابوری وا کە باس لەشکاندنی هەیمەنەی دۆلار بەسەر بازاڕی جیهانی بکات، هەموو ئەمانەش بەپیویست روداوی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکەی بریکۆژین بۆ ئاستێک لاوەکی دەکاتەوە، کە ئەمریکاو دەولەتانی ڕۆژئاوا نەتوانن کاردانەوەیەکی جدی بگرنەبەر، جگەلەوەی کە هەڵای میدیایی لەدژی بەڕێبخەن. بەمجۆرەش ئەنجامی مەنتقی هەر ئەوەیە کە بڵێین بۆتین بریکۆژین و هیزەکانی ڤاگنەری تەواوکرد و درەنگ یازوو ئەم هەڵا ئیعلامیەش دادەمرکێتەوە. کۆمەلگای جیهانی کاتێک دەتوانێت چارەنوسی خۆی بەدەستەوەبگرێت و کۆتایی بەڕوداوە تراژیدیەکانی کوشتن و ئاوارەیی و کاولکاری بگرێت، کە دونیا لەپۆتینەکان و بایدنەکان و ماکرۆن و هەموو دارودەستەکانیان پاک بکاتەوە و بۆ هەتاهەتایە دەمی درۆ و ئاوەژوکەرانەی میدیاکانیشیان ببەستی.

٢٤/٨/٢٠٢٣

 

Check Also

به‌ره‌و یه‌كڕیزی جیهانیمان .. به‌ره‌و كۆتاییهێنان به‌ جه‌نگه‌كان و برسێتی و هه‌ژاری

چالاکیەکانی ڕێکخراوی دەرەوە بە بۆنەی یەکی ئایار..  رۆژی جیهانی چینی کرێکار لەدەرەوە بۆ خویندنەوەی تەواوی ڕاپۆرتەکە …