سەبارەت بە ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانی مامۆستایاندژ بە نەدانی مووچەکانیان

گفتوگۆ لەگەڵ مامۆستا کامەران لەتیف 

ئۆکتۆبەر: ماوەیەکە مامۆستایانی ناوچەی ژێردەسەڵاتی یەکێتی بایکۆتی خوێندنیان دەست پێکردووە دژی نەدانی مووچەکانیان، تا چ ڕادەیەک ئەم میکانیزمە ئەتوانێ سەرکەوتن بە دەست بیهێنێت؟

کامەران لەتیف: بەداخەوە ئەمساڵیش وەک زۆربەی ساڵانی ڕابردوو بە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی مامۆستایان و فەرمانبەران دەستپێکی خوێندن دەستی پێکرد. بایکۆت تائێستا بەردەوامە بەتایبەتی لە سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان و زۆرێک لە شار و شارۆچکەکانی دەڤەری سەوز. وەک دەزانن بایکۆت شێوازێکی ناڕەزایەتی دەربڕینە کە چەند ساڵێکە دووبارە دەبێتەوە لە چەند قۆناغێکی دیاریکراودا بووە. ئەتوانم بڵێم کە کاریگەری هەبووە، بەڵام تاکە ڕێگەش نییە وەک هۆکارێکی فشار کاریگەری هەبێت، لەبەرئەوەی بایکۆت تەواوی قوتابخانەکانی کوردستانی نەگرتۆتەوە، بەتایبەتی لە هەولێر و دهۆک، لە ژێر زەخت و چاو سوورکردنەوەی پارتی ناتوانن بێنە سەر شەقام، یاخود بایکۆت بکەن. خاڵێکی تر ئەوەیە کە بایکۆت ئەو پەیوەندییە توندوتۆڵەی مامۆستایان ناهێڵێت کە لە قوتابخانە ڕۆژانە پێکەوە بیر و بۆچوونی یەکتر بگۆڕنەوە وە پلانی ئایندە دابڕێژن. بەشێوەیەکی گشتی بایکۆت شێوازێکی ناڕەزایەتی و ناچاریە کە مامۆستایان وەک هۆکارێک بەدەستیانەوە گرتووە. ئەگەر بێت و مامۆستایان بەشێوەیەک سەرجەمیان بێنە سەر شەقام وە لە هەموو ناوچەکان لەهەموو ناوەندەکانی خوێندن بێنەمەیدان، ئەتوانم بڵێم ئەمە کاریگەری باشتر ئەبێت و زۆر زووتر وەڵام بە داخوازییەکانی مامۆستایان دەدرێتەوە…

ئۆکتۆبەر: ئایا هۆکار چییە کە مامۆستایانی ژێر دەسەڵاتی پارتی پەیوەست نەبوون بەم چالاکییەوە تا چ ڕادەیەک کاریگەری لەسەرکەوتنی ئەم ناڕەزایەتییەکانی مامۆستایان هەیە؟

کامەران لەتیف: بەڵێ بەدڵنیاییەوە کاریگەری لەسەر ناڕەزایەتییەکان دروست دەکات، چونکە پارتی، هەولێر و دهۆک و دەوروبەری بە جێگا دەسەڵاتی خۆی دەزانێت. هەر ناڕەزاتیەتییەک لەو شوێنانە بە خەتەر بۆ سەر دەسەڵاتەکەی دەبینێتەوە، بەڵام ئەوەی جێگای سەرنجە چەند ناڕەزایەتی هەبێت لە سلێمانی و هەڵەبجە و ناوچەکانی تر، پارتی زۆربۆی گرنگ نییە. بۆیە ئەمەش نیشانەی ئەو دوو ئیدارەیە کە چەند ساڵە بەردەوامی هەیە. خاڵێکی تر ئەوەیە کە ناڕەزایەتییەکان لە دەڤەری سەوز کە هەیە، ئەمە مانای ئەوە نییە کە یەکێتی ئازادیخوازە، بەڵکو سروشتی سلێمانی و خەڵکەکەی هەروا بووە. هەرچی بە خەڵکی هەولێر و دهۆکیشە زۆر ناڕازین لە دەسەڵات و لە حکوومەت، بەڵام پارتی بەجۆرێک دەستی خستۆتە بینەقاقای خەڵک کە هیچ فرسەتێکی نەهێشتۆتەوە بۆ ناڕەزایەتیەکان. بۆیە دەبینین بەدەیان ڕۆژنامەنووس وچالاکی مەدەنی ئێستا لەنێو زیندانەکاندان بوونی هەی.

ئۆکتۆبەر: ئایا ناوبەناو داخستنی دەرگای خوێندنگەکان کاریگەری خراپ لەسەر پرۆسەی خوێندن ناکات؟

کامەران لەتیف: بەڵێ بەدڵنیاییەوە داخستنی دەرگای ناوەندەکانی خوێندن ڕاستەوخۆ کاریگەری خراپ لەسەر پرۆسەی خوێندن و پەروەردە دروست دەکات، بەڵام هەموو ئەمانە دەسەڵات و حکوومەت بەرپرسی یەکەمن لەم کەموکوڕیانە، چونکە مامۆستا هیچ کات پێیخۆش نییە بایکۆت بکات و دەرگای ناوەندەکانی خوێندن دابخرێ، بەڵکو بەپێچەوانەوە هەڵوێستی مامۆستایان ناچارییە. ئەمەی کە دەبینرێت کاردانەوەی نەبوونی مووچە و خزمەتگوزاریەکانە کە مامۆستا لەبەرامبەر بەمە بایکۆتی هەڵبژاردووە. هەرچەندە بایکۆت بەشێوەیەک لە شێوەکان کاریگەریی هەبووە، بەڵام بەو ڕادەیە نەبووە کە دەسەڵات بە مەترسی بۆ سەر خۆی بزانێت، بەڵکو ئەگەر بکرایە لە ناوەندەکانی خوێندن پێکەوە مانگرتنی سەرتاسەری هەبێت وە بەردەوامی هەبێت، ئەمە ئەتوانم بڵێم کاریگەریەکە باشتردەکات و تا ڕادەیەک دەسەڵات ناچاردەکات وەڵام بە داخوازییەکانی مامۆستایان و مووچەخۆران بداتەوە…

ئۆکتۆبەر: ئایا بە بۆچوونی تۆ خاڵی لاوازی ناڕەزاتیەکان و خۆپیشاندانەکان چییە؟

کامەران لەتیف: بەبۆچوونی من خاڵی لاوازی ئەم خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیانەی کە هەر لە زووەوە دەستی پێکردووە، نەبوونی ڕێکخراوێکی یەکگرتووی سەرتاسەرییە کە دەنگی ناڕەزاییەتییەکانی سەرجەم چین و توێژەکانی مامۆستایان و مووچەخۆران یەکبخات و بتوانێت بەیەکشێوە ئاراستەی بکات. نەبوونی ڕێکخراوێک کە سەرجەم مامۆستایانی ناڕازی کۆبکاتەوە وە بتوانێت کاریگەری ڕاستەوخۆی هەبێت وە ببێتە فشارێک لەسەر دەسەڵات. بە داخەوە ئەمە نەبووە، بەڵکوو ئەوەی کە هەیە ڕێکخراوی سەر بە حیزبەکانە کە هەر یەکەو بەشێوەیەک لەشێوەکان ڕێنمایی لە حیزبەکەی وەرئەگرێت. ئەمەش بۆتە خاڵی لاوازی تەواوی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکان لە ڕوانگەی بەرژەوەندی مامۆستایانەوە نەبووە، بەڵکو لە ڕوانگەی بەرژەوەندی حیزبەکانەوە ناڕەزاتییەکان ئاڕاستە کراوە زۆر جار بەئاقارێکی تردا براوە..

م. کامەران لطیف

 

Check Also

به‌ره‌و یه‌كڕیزی جیهانیمان .. به‌ره‌و كۆتاییهێنان به‌ جه‌نگه‌كان و برسێتی و هه‌ژاری

چالاکیەکانی ڕێکخراوی دەرەوە بە بۆنەی یەکی ئایار..  رۆژی جیهانی چینی کرێکار لەدەرەوە بۆ خویندنەوەی تەواوی ڕاپۆرتەکە …