شۆڕشی ئۆکتۆبەر و مەسەلەی جەنگ!

لەیادی ١٠٦ ساڵەی شۆڕشی مەزنی ئۆکتۆبەردا

مسته‌فا باهیر

١٠٦ ساڵ بەرلەئێستاو لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا  ” ٢٥ی ئۆکتۆبەری ١٩١٧”  بەڕۆژ ژمێری کۆنی ڕوسی، کرێکاران و زەحمەتکێشانی ڕوسیا توانیان دەسەڵات بەدەست بینن و حکومەتی کاتی بەسەرۆکایەتی کرنسکی وەلا نێن. یەکێک لە ئەرکە سەرەکیەکانی چینی کرێکار، خەباتی چینایەتیە و هەوڵدانە بۆ شۆڕش  و سەرکەوتنی شۆڕش و پرسی دەستبەسەرداگرتنی دەسەڵاتی سیاسیە، چونکە چینە چەوساوەکان بەبێ وەرگرتنی دەسەڵاتی سیاسی کاریگەرێتیان نابێت و ناتوانن بەرنامەی خۆیان بۆ ئازادی و یەکسانی و خۆشگوزەرانی بەدیبھێنن. هەربۆیە بەلشەفیەکان و لینین لە شۆڕشی ئۆکتۆبەردا توانییان بەشێوازی شۆڕشگێڕانە و ڕاپەڕینی چەکدارانە، ئەم پرنسیپە پەیڕەو بکەن و بەرەو کۆمەڵگەیەکی سۆشیالیستی ھەنگاوی گەورە بنێن. شۆڕشی ئۆکتۆبەر شۆڕشێکی کۆمەڵایەتیی پڕۆلیتاریا بوو بۆ ڕاماڵینی چینە چەوسێنەرەکان و دامەزراندنی دیکتاتۆریەتی شۆڕشگێڕانەی پڕۆلیتاریا.

لە دەورانێکدا شۆڕشی ئۆکتۆبەر بەرپابوو کە سەرمایەداران بۆ کەڵەکەی سەرمایەکەیان هەموو رێگایەکان دەگرتەبەر و لە هیچ شتێک سڵیان نەدەکردەوە. سەرمایەداران بۆ کەڵەکەکردنی سەرمایەکەیان و بۆ دۆزینەوەی بازاڕو تاڵانکردنی سەروەت و سامانی وڵاتان، پێویستیان بە جەنگ و داگیرکاری هەبوو، تابتوانن جیهان لەبەینی خۆیاندا دابەشبکەن. هەربۆیە جیهانیان خستە بەردەم شەڕێکی قورسەوەو جەنگێکی گەورەی وەک جەنگی جیهانی یەکەمیان بەرپا کرد، کە بووە هۆی کوشتنی ملیۆنەها ئینسان‌و بڵاوبونەوەی هەژاری و برسیەتی لەتەواوی جیهاندا. هەڵاواردنی ره‌گه‌زی گەیشتبوە لوتکە، بە ملیۆنه‌ها ئینسان لەشوێنی ژیانی خۆیان دەربەدەر کرابوون. نەخۆشی و نەبونی دەرمان، بووبووه‌ هۆی مردنی ملیۆنەها ئینسان. بەکورتی پێش شۆڕشی ئۆکتۆبەر، جیهان لەبەردەم مەترسیەکی گەورەدابوو. ڕوسیاش وەک دەوڵەتێکی سەرمایەداری بۆ دۆزینەوەی بازاڕو تاڵانکردنی سەروەت و سامانی وڵاتانی تر لەو شەڕەدا بەشدار بوو.

چینی کرێکاری ڕوسی بەڕابەرایەتی حزبی بەلشەفی و سەرکردایەتی ڕابەری مەزنی چینی کرێکار، هاوڕێ “لینین”، لە ٢٥ ئۆکتۆبەری ساڵی ١٩١٧ گەورەترین شۆڕشی کرێکاریان بەرپاکرد. ئه‌و شۆڕشه‌ لەماوەیەکی کەمدا توانی ده‌سه‌ڵاتی حکومەتی کاتی بروخێنێت و لەشوێنیدا حکومەتێکی شورایی پێکبھێنێت.

پاش سەرکەوتنی شۆڕشی بەلشەفی، یەکەمین کارێک کە کردیان هەوڵدان بوو بۆ وەستانی شەڕ. ئەویش بەهاتنەدەرەوەی ڕوسیا لەهێزی هاوپەیمانان و کۆتایی هێنان بەجەنگ لەگەڵ ئەڵمانیاداو ئاشکراکردنی پەیماننامەی سایکس – بیکۆ. ئه‌و هه‌نگاوانه‌ش بوونەهۆی ئەوەی کە هاوپەیمانان ناچاربن ئەو جەنگە کوشنده‌یه‌ ڕابگرن. ڕاگرتنی جەنگیش بووه‌هۆی رزگارکردنی ژیانی ملیۆنەها ئینسان لە کوشتن و دەردەسەریەکانی جەنگ. دوای چەند مانگ حکومەتی شورایی توانی دەستورێکی بنه‌ڕه‌تی دابنێت کە تێیدا بۆ یەکەمینجار بریاردرا مافی چارەی خۆنوسین بۆ میللەتانی ڕوسیا، یەکسانی ژن و پیاو لە هەموو ڕویەکەوە، دابەشکردنی زەوی بەسەر جوتیاراندا بکاتە یاسای وڵات. بڕیاردرا زه‌وی بۆ ئەوکەسەیە کە کاری تێدادەکات. دین لە دەوڵەت جیاکرایەوە. کارگەکان لەلایەن شورا کرێکاریەکانەوە بەڕێوەدەبران و مافی پەنابەرێتی درا بەو پەنابەرانەی کە لە ڕوسیا دەژیان… هتد.

هەرچەندە لە ئێستادا ته‌کنه‌لۆژیا گەشتوەتە ئەوپەڕی پێشکه‌وتن. بەرهەم و کارو توانای ئینسان بەشێوەیەکی بێوێنە لەچاو ڕابردودا چوەتەسەر، ڕۆژبەڕۆژ داهێنانی تازە دێتەئاراوە کە هەموانی توشی سەرسوڕمان کردوە، به‌ڵام هێشتا هەژاری و برسێتی و بێکاری و نەخۆشی باڵی بەسەر جیهاندا کێشاوە. بەملیۆنەها ئینسان لەبرساندا دەناڵێنن. ملیۆنەها منداڵ دەمرن به‌هۆی ئه‌وه‌ی کە دایک و باوکیان ناتوانن بژێویان بۆ دابین بکەن، ملیۆنەها ژن گیرۆدەی هەڵاواردن و ستەمی جنسین. کەم نین ئەوانەی کە بەهۆی هه‌ندێ نەخۆشیەوە دەمرن، کە بە تێچوویه‌کی کەم دەکرێت چارەسەر بکرێن. بەملیۆنەها ئینسان بەهۆی شەڕی دینی و مه‌زهه‌بی و نه‌ته‌وه‌ییه‌وه‌ دەکوژرێن و ئاوارە دەبن و شاروگوندەکانیان وێران دەکرێن.

وا جارێکی تر سەرمایەداران، بۆ دابەشکردنەوەی جیهان بەسەر خۆیاندا، دیسانەوە فەزای جەنگ و میلیتاریزمیان بەسەر مرۆڤایەتیدا داسەپاندوە. سەرەتا لە ئۆکرانیا جەنگێکی خوێناوی دەستیپێکردو ئێستا تەشەنەی کردوە بۆ  رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەدوای پێکدادانەکانی ئەم دواییانەی حەماس و ئیسرائیل ئەمریکا کەشتیە جەنگیەکانی بەرەو دەریای سپی ڕەوانەکردوەو ئەگەری تێوەچوونی لایەن و دەوڵەتی تر لەو کێشەو ململانێ خوێناویەدا بەرەو سەر دەچێت! بەتایبەتی کە ئێران هەڕەشەی تیوەگلانی “بەرەی مقاوەمە” دەکات و ڕوسیاش هوشداری دەدات.

ئێمە دەبینین جەنگی بەینی “ناتۆ  و ڕوسیا ” لە ئۆکرانیا چ کارەساتیکیان بۆ تەواوی بەشەریەت دروست کردوە ، بەهۆی ئەم شەڕو کوشتارەوە گرانی و نەبونی و کەمبونەوەی خزمەتگوزاریەکان لەتەواوی جیهاندا و بگرە لەو وڵاتانەشدا کە بە وڵاتی  خۆشگوزەرانی دەناسران،  بەتەواوی هەستی پێدەکرێت. هەر بەهۆی ئەم شەڕەوە ملیۆنەها  ئینسان لە ئۆکرانیاو رادەکەن و شاروگوندەکانی خۆیان جێدەهێلن. لە کەرتی غەزەش وا بۆ نزیکەی چوار هەفتە دەچێت هێرشەی درندانەی ئیسرائیل لەژێرناوی لەنێوبردنی حەماس دا لاشەی ژن  مناڵ و پیرو گەنجی فەلەستینی هەنجن هەنجن دەکات و ماڵو حاڵیان سەردا ویڕان دەکات! تا ئێستا بێجگە لەوەی بە هەزارن کۆژراوو بەدەیان هەزار بریندار هەیە، زیاتر لە ملیۆنێک ئینسان ئاوارە بوون وناچار بەوە کراون شوێنی ژیانی خۆیان بەجێبهێڵن.

ئەم بارودۆخه‌ خراپانه‌ لە ئاسمانەوە نەباریون بۆ هەژاران، بەڵکو سەرچاوەکەی نیزامی سەرمایەداریە. له‌پێناو کەڵەکەبونی سەرمایەکانیان ئەم هەموو کاره‌ساته‌ بەسەر مرۆڤایەتیدا دێنن. لینین دەڵێت “تا چینەکان لەناو نەچێت و سۆشیالیزم دانەمەزرێت لە ناوچونی جەنگ ئەستەمە”. کەواتە تا جیاوازی چینایەتی مابێت شەڕو کوشتار بەردەوام دەبێت. نەمانی جیاوازی چینایەتی زامنی ئاشتی وئارامی دەکات بۆجیهان. هەربۆیە تەنها رێگایەک کە لەبەردەم کرێکاران و تەواوی مرۆڤایەتیدایە بۆ رزگاربونیان لە هەموو ئەو نه‌هامه‌تیانه‌ی کە سیستەمی سەرمایەداری بۆی هێناون، وە بۆ ڕاستکردنەوەی ئەم دونیا پێچەوانەیە، پێویستیان بە بەرپاکردنی شۆڕشێکی کرێکاریی تری وەک شۆڕشی ئۆکتۆبەری ساڵی ١٩١٧ هە‌یه‌. بۆ ئەم مەبەستەش پێویستمان بە خەباتی شۆرشگێرانەی کرێکارانە، بۆ سەروژورکردنی ئەم سیستەمە زاڵمە. ئەویش بە رێکخستنی ریزەکانمان و دروستکردنی رێکخراوە کرێکاریەکان و کۆبونەوەمان لەدەوری یەکترو پەیوەست بوونمان بە حزبە کۆمۆنیستەکانەوە. به‌بێ ئەمە ناتوانریت ئەم نیزامە زاڵمە کە بە ملیۆنەها سەرباز و پۆلیسی هەیە بۆ پاراستنی، لەناو ببرێت. سەرکەوتنی چینی کرێکار لەم شۆڕشەداو دامەزراندنی حکومەتی کرێکاری، هەنگاوەکانی سەرەتای کۆتاییهێنان بە دابەشبوونی چینایەتی فەراهەم دەکات و بە نەمانی ئەم دابەشبوونە چینایەتیەش خۆشگوزەرانی و ئاسایش بەرقەرار دەبێت و جیهان دوور دەکەوێتەوە لە جەنگ و ماڵویرانی. بەبێ ئەمە جەنگ لە جیهاندا  کۆتایی نایەت.

٢٥ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣

Check Also

به‌ره‌و یه‌كڕیزی جیهانیمان .. به‌ره‌و كۆتاییهێنان به‌ جه‌نگه‌كان و برسێتی و هه‌ژاری

چالاکیەکانی ڕێکخراوی دەرەوە بە بۆنەی یەکی ئایار..  رۆژی جیهانی چینی کرێکار لەدەرەوە بۆ خویندنەوەی تەواوی ڕاپۆرتەکە …