گفتوگۆ لەگەڵ رێبوار عارف بەرپرسی کاری جەماوەری حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان دەربارەی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیەکانی مامۆستایان و خەڵكی کوردستان.

ئۆکتۆبەر: ماوەیەکە خۆپیشاندانی مامۆستایان و بەشێك لە توێژە زەحمەتکێشەکانی کوردستان کە کاریگەری نەدانی مووچەو خراپبوونی بارودۆخی ئابوری لەسەریان بە سەختی دەرکەوتوە، بەشێوازی جۆراوجۆر، لە بایکۆتی دەوامی خوێندنگاکان تا خۆپیشاندان و گرتنی شەقامەکان بەتایبەتی لە ناوچەی دەسەلاتی یەکێتی دەستی پێکردوە. بەبڕوای ئێوە خاڵە لاوازو بەهێزەکانی ئەو نارەزایەتیانەی کە روودەدەن چین؟ بۆچی تائێستا نەیتوانیوە دەسەڵاتدارنی هەرێم ناچاربکات بە وەڵام دانەوە بە خواستەکەیان، کە خواستێکی زۆر سەرەتایی و سادەیە؟

 

ڕێبوار عارف: خالی بەهێزی نارەزایەتیەکانی مامۆستایان بەپلەی یەکەم خۆی لەجۆرێک رێکخراوبووندا دەبینێتەوە، کەئەمەش رابردویەکی درێژتری هەیەو نزیک بە ١٠ سال ئەزموونی لەپشت سەرناوە. کە لەم سالانەدا چەندینجار لێبراوانە بەشێوازی جیاواز هاتووەتە مەیدان و دەنگیان هەلبریووە… هاوکات خالێکی تری بەهێزی ئەم نارەزایەتی دەربرینە ئیرادەی بالاو بەردەوامبوونیان لە نارەزایەتی کە ئەمە یەکەمجارە بەمشێوەیە زیاتر لە چوار مانگ بەردەوام بێت. ئەمە لەدۆخێکدایە کە سەرباری نەبوونی مووچە، بارگرانیەکی زۆری ئابوری بەسەر شانەوەیە.  لەپال ئەمانەشدا دەکرێ بلێین کە بوونی ئەو ئەنجومەنە سەراسەریە لە ئاست هەموو شارەکاندا، کەجێی رێکخراوێکی سەراسەری گرتووەتەوە زەرفیەتێکی گرنگ و ئەرێنیە . هەرچەندە لەمبارەوە هێشتا دەکرێت بیر لە میکانیزمگەلێکی زیاتر بکرێتەوە بۆ کارابوون و بەهرەمەندبوونێکی زیاتر لە تواناییەکانی هەموو هەلسوراوان لەئاستی سەراسەریدا. بەلام دەبێت ئەوەش بلین کە خالە لاوازەکانی ئەم بزوتنەوەیە ئەگەر وشیارانە هەنگاو هەلنەهێنەوە بۆ چارەسەرکردنی، ئەوا دووچاری ئاستەنگی و رێگریەکی زیاترمان دەکاتەوە. لەمبارەوە هێشتا نەک تەنیا کێشەی سەراسەری بوونەوەمان هەیە لە هەموو کوردستاندا، بەتایبەت لە ناوچەکانی ژێر دەسەلاتی پارتیدا، بەلکو تەنانەت لەبازنەی ناوچەکانی ژێر دەسەلاتی یەکیەتیدا هێشتا لە نیوەی شارۆچکەکانی ئەم سنورەمان تێنەپەراندوە.

خالێکی تر ئەوەیە هەروەک چۆن تاکتیک و شێوازی خەباتی ئەم نارەزایەتیانە لە بازنەیەکی تەسکدا دەسورێتەوە، هاوکات بەرنامەی درێژماوەتری لەئەگەری بەردەوامبوونی ئەم نارەزایەتیانە نیە، تا دەگات بە ستراتیجی جولانەوەکە رۆشن نیە، بۆیە خۆقانع کردن بەوەی کە هەیە زیانبارو مەترسیدارە. تۆ سەرنج بدە لە چوارمانگ درێژەپێدان بە بایکۆت، هێشتا ئێمە لە بازنەی گردبوونەوە، رێپوان و خۆپیشاندان دەسورێینەوە. تازە بۆئەمەش سوودمان لە کەمترین ئیبتیکارات و جوڵەی تر وەرگرتووە.  پرسیار ئەوەیە ئەگەر ئێمە لەپال رێپێوان و خۆپیشاندانەکانی یەکشەمماندا، لایەنی کەم لە رۆژانی دیکەدا لە شارە گەورەکاندا خێمەی نارەزایەتی لێدەین، یان بیر لەوە بکەینەوە لە خالە سنووریەکاندا شادەماری ئابوری بگرین، رێگە بە هاتووچۆی تەنکی نەوت و سوتەمەنی نەدەین، وەک نموونە کاراکەی خۆپیشاندانەکەی پێنجوێن لە سالی رابردوداو تەنانەت کارکردن بۆ مانگرتنی گشتی و جۆرەها رێگەو رەوشی یکە دەتوانیت کاریگەریەکی یەکجار بەهێزتری هەبێت لە پرۆسەی شکانەوەی نارەزایەتیەکان لە بەژەوەندی مامۆستایاندا.

دواین خالێک کە بزوتنەوەکەی مەحکوم کردوە بەو ئاستەنگیە ئێستای، گرێدانەوەی نارەزایەتی مامۆستان بە هاتنەمەیدانی بزوتنەوەیەکی جەماوەریە کە ئەمە لەرووی تەبلیغیەوە قسەی لەسەر دەکرێت، بەلام هیچ نەخشەوپلان و بەرنامەیەکی دیاریکراو نیە لەپەیوەند بە چۆنیەتی عەمەلیکردنەوەی ئەو ئاراستەیەی کەچۆن لە هەناوی ئەم بزوتنەوە جەماوەریەدا نارەزایەتیەکانی مامۆستایان بگات بە ئامانجەکانی خۆی!  دواجار ئەم لاوازیانە لەکاتێکدایە کە دەسەلات رێگەگەلێکی یەکجار زۆری گرتووەتەبەر بۆ شکست پێهێنانی ئەم بزوتنەوەیە، هەر لە جبەخانەیەکی تەبلیغاتی بەهێزەوە بگرە تا هەرەشەکردنی سزادان و بەگەرخستنی دەزگا چاسوسیەکانیان و کۆمیتەو وەزارەت و بەرێوەبەرایەتی و هێزە سەرکوتگەرەکانیان بەگەرخستووە بۆ پاشەکشەپێکردنی بزوتنەوەکە و نەگەشتن بە خواستەکانیان، بەلام هێشتا بەبروای من ئەگەری سەرکەوتنی ئەم جولانەوەیە سەرباری هەموو ئەو رێگریانە بەهێزترو واقعی ترەو ئەرکی هەموو ئێمەیە بۆ ئەم ئامانجە کاربکەین.

ئۆکتۆبەر: هۆکاری چیە کە ئەم جۆرە چالاکی و نارەزایەتیانە زیاتر لەناوچەی دەسەڵاتی یەکێتیدان و لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی پارتی نابینرێن!؟

ڕێبوار عارف: بەبروای من جیاواز لەوەی کە نەریت و سوونەتی نارەزایەتی دەربرین لە سنووری ناوچەکانی زۆنی سەوزدا بەهێزترو کاراترەو مێژووی بەرنگاری و راوەستانەوە لەم ناوچەدا ریشەدارترەو پایەدارترە. ئەمە جگە لەوەی کە دۆخی میلتاریستی و سەرکوتکردن یەکجار بەهێزترو ریشەدارترە، کۆبوونەوەی چوار کەس لە شەقامێکدا پاش نیوسعات لە زیندانا قایمکراوە، وەک ئەو دەیان مامۆستاو هەلسوراوانەی کە سالەهایە لە ئەشکەنجەدانێکی رۆحیدا بەسەردەبەن. بۆیە ئاسان نیە پانتایی ئەم خۆپیشاندانانە هەموو شارەکانی تری ژێردەسەلاتی پارتی بگرێتەوە. کەدیارە ئەمە نابێتە پاساوی دەست نەبردن بۆ تێکشکانی ئەم رێگریانە….

ئۆکتۆبەر: وەکو دەزانن حکومەتی هەرێم خەتاکە روبەرووی حکومەتی ناوەندی دەکاتەوە کە ئەوان بودجەو مووچە نانێرن. تا چ ڕادەیەك ئەم قسەیە ڕاستی تێدایە؟ ئایا ئەگەر بەوجۆرەیە کاری حکومەتی هەرێم چیە؟ دەبێ خەڵك چی بکات؟ ئایا هەنگاوی دیکە پێویست نیە بۆ دەرکێشانی ئەم دۆخە لەو بنبەستەی تێی کەوتوە؟

رێبوار عارف: سەرەتا دەبێت ئەوەبلێین کە ئێمە رووبەرووی ئەرکێکی دوو تەرەفە بووینەتەوە، لەلایەکەوە بێ هیچ قەیدوشەرتێک داکۆکیکردن لە تەواوی خواست و داواکاریەکانی مامۆستایان، لەلایەکی تریشەوە جێپێ قایمکردنی خۆمان لەنێو بزوتنەوەکەدا. کە دەبێت ئەوەش بلێین سەرباری وشیاری و ئامادەیی بەشێکی بەرچاو لە هەلسوراوان و رابەرانی ئەم بزوتنەوەیە، بەلام جۆرێک لە تێگەشتنی سەندیکالستی و سنفیگەرای هیژمۆنیەکی زالتری هەبوو کەزیاتر بەدەوری داخوازیەکانی مامۆستایاندا دەخولانەوە، خۆشحالانە ئەم دەرک و تێگەشتنە لەنێو روهێنانی خەلکی نارازی بۆ نێو نارەزایەتیەکان بەکردەوە پەراوێز بووتەوەو هەلسوراوانیش زۆر باشتر لە گرنگی جەماوەری بوونەوەی نارەزایەتیەکان حالی بوون، بۆیە تەنانەت بەشێکی زۆر لە شیعارەکانیش خواستە سنفیەکانی مامۆستایانیان تێپەراندو ئەمەش دەرفەتێکی زۆر باشتری خولقاند بۆ مداخەلەو کاری ئێمە، بەکردەوە کاریگەری ئێمەی زۆر فراوانتر کردوتەوە. هەربۆیە لە ئێستەدا پەیوەندیەکی فراوانمان بە دەیان هەلسوراو رابەرانی مامۆستایانەوە هەیەو ئەمەش دەرفەتێکی باشی هێناوەتە گۆرێ بۆ دەورگێرانی ئێمە و ئاراستە کردنی بەشێکی خۆپیشاندانەکان.

دیارە میکانیزمی کاری ئێمە جیاواز لە وتاربێژی لە گردبوونەوەو خۆپیشاندانەکاندا هاوکات دیدارو کۆبوونەوە لەگەل رابەرانی جولانەوەکەو دەستەکانی مامۆستایان و کۆرو کۆمەلەکان و کاری رووبە میدیا بووە کە ئەمە پێگەی ئێمە رۆژبەرۆژ لە نێو بزوتنەوەکەدا بەهێزترو بەرچاوتر کردوەتەوەو پێشوازیەکی زۆر دەکرێت لە دەخالەتگەری هەلسوراوەکانمان.

 

Check Also

سەردانی سودانی بۆ کۆشکی سپی

عوسمانی حاجی مارف هەر لەسەرەتای دانیشتنی بایدن و سودانی، بایدن ڕایگەیاند کە ئەمریکا پابەندە بە …