ئێران و شەڕی ئیسرائیل دژ بە غەززە!

موحسین کەریم

شەڕی ئیسرائیل لە دژی غەززە، ئەگەرچی کاولکاری و ماڵوێرانی و ئاوارەیی و کوشتار و جینۆسایدی بۆ خەڵکی فەلەستین لێکەوتۆتەوە، بەڵام بۆ هێزگەلێکی ئیسلامی سیاسی و بەپلەی سەرەکی بۆ رژێمی ئیسلامی ئێران بوەتە مایەی خێروبەرەکەت.

گومان لەوەدا نیە کە ئەم شەڕە بۆ دەولەتی ئیسرائیل مەسەلەیەکی ستراتیژی و بۆ حکومەتی ڕاستڕەوی بۆرژوایی نەتەنیاهۆ چارەنوسسازە. حکومەتی ئیسرائیل دەیەوێ بیانووی تاوانە تیرۆریستیەکەی بزوتنەوەی حەماس، بە جەنگێکی گشتگیر بۆ پاکتاوکردنی خەڵکی فەلەستین و سپاردنی پرسی دەولەتی فەلەستین بەمەحاڵ ڕەوایەتی پێبدات. دەیەوێ کێشەی فەلەستین بەجۆرێك یەکلایی بکاتەوە کە خۆی بڕیاردەی ئەوەڵ و ئەخیری ئەو مەسەلەیە بێت. ئەم ئاراستەو مەیلە سیاسیەش لەلایەن سەرانی حکومەتی ئیسرائیلەوە ڕاگەیەنراوە. بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپاش دژایەتیکردنی حکومەتی ئیسرائیل بۆ دروستبوونی دەوڵەتی فەلەستینی بە خەتەرناك پێناسەکرد!

بەردەوامبوونی ئیسرائیل لەسەر جەنگەکەو ملنەدان بە خواستی ئاگربەست، کە لەلایەن ووڵاتانی ئەوروپای پشتیوانی ئیسرائیلیشەوە پێداگری لەسەر دەکرێ و بگرە تەنانەت ئەمریکای هاوپەیمانی جەنگی ئیسرائیل دژی خەڵکی غەززەش لە پێدرێژکردنەکانی ئیسرائیل و بەردەوامبوونی لەسەر جەنگەکە نیگەران و ناڕەحەتە، دۆخی ناوچەکە زیاتر بەرەو کارەسات و نائارامی و تەقینەوە دەبات.

هەڵبەتە وەستانەوە بەرامبەر بە جەنگی غەززەو جینۆساید و تاوانەکانی ئیسرائیل دژی خەڵکی مەدەنی فەلەستین، لەئاستی جیهاندا بزوتنەوەیەکی فراوانی مرۆڤدۆست نوێنەرایەتی دەکات. ئەو بزوتنەوەیە لەسەر شەقامەکانی پایتەختەکانی ووڵاتانی رۆژاواو ئەمریکاوی هاوپەیمان و پشتیوانی ئیسرائیل و زۆرێك لە ووڵاتانی دیکەوە ئاپوڕەی سەدان هەزار کەسی بەستوە. فشاری ئەم بزوتنەوەیەیە کە حکومەتەکانی رۆژواو پشتیوانی ئیسرائیلی ناچاریکردووە داوای ئاگربەست و چارەسەری کێشەی فەلەستین و بەرێخستنی کۆنگرەو کۆنفرانسی نێونەتەوەیی بکەن بۆ کۆتاییهێنان بەدۆخی جەنگی ئێستا و یەکلاکردنەوەی کێشەی فەلەستین و دامەزراندنی دەوڵەتی فەلەستین. بەڵام لەسەرێکی دیکەوە هێزە ئیسلامیەکان و بەتایبەتی رژێمی ئێران و دەتسوپێوەندەکانی لە ناوچەکەدا هەموو هەوڵێکیان بۆئەوەیە کە خۆیان وەکو نوێنەری بەرەی بەرگری لە خەڵکی ستەملێکراوی فەلەستین و غەززە هەڵخەن و نانی لێبخۆن!

رژێمی ئیسلامی ئێران، کە دوای رژانی خێروبەرەکەتی شەڕو داگیرکاری ئەمریکا لە عێراق بەسەریدا و دوای دەستێوەردانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە سوریا و یەمەن و .. توانیویەتی لەناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا پێگەیەکی سیاسی- سەربازی گرنگ وەکو هێزێکی ناوچەیی بەدەستبێنێ، چەندین گروپی چەکداری لەناوچەکەدا دروستکردوە کە هەموویان لەژێر فەرمانی ڕاستەوخۆی ئەو رژێمەدان، وەکو حزبوللای لوبنان، گروپە شێعەکانی عێراق لەپاڵ کۆنترۆڵکردنی دەسەڵاتی سیاسی لەعێراقدا، حوسیەکانی یەمەن و هەروەها راکێشانی بزوتنەوەی حەماس و جیهادی ئیسلامی بۆناو ئەڵقەی بەرەی بەرەنگاری سەر بە ئێران بەناوی بەرگری لە مەسەلەی فەلەستین و دژایەتیکردنی دەوڵەتی زایۆنسیتی ئیسرائیلەوە! ئەم گروپە چەکدارو میلیشیا ئیسلامیانەی کە جڵەویان بەدەست ئێرانەوەیە، ئەو تواناییەی بە ئێران داوە کە لەم کێشەو ململانێیەی لەناوچەکەدا دروستبووە بەهۆی جەنگی ئیسرائیلەوە لە غەززە، سودمەندێکی گەورە بێت! سەرەڕای ئەوەی کە خۆی، سەرباری هەوڵەکانی ئیسرائیل بۆ ڕاکیشانی قاچی ئێران بۆناو شەڕەکە،  ڕاستەوخۆ نەچوەتە ناو بەرامبەرکێی سەربازیەوە لەگەڵ ئیسرائیلدا!

رژێمی ئێران لەرێگای دەستەوتاقمە چەکدارە ئیسلامیەکانی سەربەخۆیەوە، نائارامی بۆ ئەمریکاو ئیسرائیل دروست کردوە. لە عێراق و کوردستان، لە دەریای سوور، لە سەر سنورەکانی باکوڕی ئیسرائیلەوە… بەهێرشی درۆن و مووشەکی بالیستی هێزو توانای خۆی، ناڕاستەوخۆ بەوان نیشان دەدات. هاوکات ئێران بەوکارەی دەیەوێ ئەو پەیامە بە خەڵکی فەلەستین و ناوچەکە بگەیەنێ کە دژی تاوانەکانی ئیسرائیلن، کە ئەوە ئێرانە بەکردەوە بەرگری لەوان دەکات. بەوکارانەی ئێران دەیەوێ پێگەی ناوچەیی خۆی بەهێزبکات و لەهەر دانوسانێك لەسەر ئایندەی سیاسی- ئەمنی ناوچەکەدا جێگاونەخشی کاریگەرو پۆلیسی ناوچەکەی بۆ بەرەسمی بناسرێ لەلایەن هێزو جەمسەرە ئیمپریالیستیەکانەوە، بەتایبەتی لەلایەن ئەمریکاو ئەوروپاوە، کە وەکو نەیاری سەرەکی ئێران دەردەکەون، کە بەوجۆرە ماوەیەکی دیکە بۆ تەمەنی نەگریسی خۆی وەکو دەسەلاتێکی مەقبول بۆ بۆرژوازی درێژبکاتەوە.

لەلایەکی دیکەشەوە پڕوپاگەندەی بەرگری لە خەڵکی مەحرومی فەلەستین وەکو کەرەستەیەکی بێدەنگکردنی خەڵکی ناڕازی لەدەسەڵاتەکەی بەدەستەوە دەگرێ، بۆ هێشتنەوەی دەسەڵاتەکەی بەسەر خەڵکی ئێراندا، کە لەوەتەی دەسەڵاتی بەسەر خەڵکی ئێراندا سەپاندوە، جێگای نارەزایەتی و نەفرەتی خەڵک بووەو ساڵ بەساڵ زیاتر و زیاتر ئەو نەفرەتەی خەڵك و نارەزایەتی لەو رژێمە بەرەوسەرچوە، چەندیجار خەڵکی ئێران دژی ئەو رژێمە خۆپیشاندان و خرۆشانی جەماوەریان بەرێخستوە، تەنانەت ساڵیك لەمەوبەربوو کە خرۆشانی جەماوەری خەڵکی ئێران پایەی رژێمی ئیسلامی هێنایە لەرزە و هێشتا مۆتەکەی ئەو پەلامارەی خەڵك بۆسەر رژێمەکەیان لە سەری بەرپرسانی رژێمدا دەرنەچوەتە دەرەوە!

 

Check Also

به‌ره‌و یه‌كڕیزی جیهانیمان .. به‌ره‌و كۆتاییهێنان به‌ جه‌نگه‌كان و برسێتی و هه‌ژاری

چالاکیەکانی ڕێکخراوی دەرەوە بە بۆنەی یەکی ئایار..  رۆژی جیهانی چینی کرێکار لەدەرەوە بۆ خویندنەوەی تەواوی ڕاپۆرتەکە …