حاکم ڕزگار، بەرامبەر بەو سوکایەتی و تۆمەتانەی کردویەتی، بەرپرسیارە!

ڕاگەیاندنێک لە سکرتاریەتی مەکتەبی سیاسی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستانەوە:

لە گەرمەی ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانەکانی مامۆستایان و لە دۆخێکدا کە دەسەڵاتداران لە ڕێگای هەڕەشەی گرتن و سزادان و بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندە و هەڵخڕاندنی کەسایەتی دەوروبەری خۆیەوە، لە هەوڵی پاشەکشە پێکردن و داسەپاندنی شکستدا بوو بەسەر مامۆستایانی ناڕازیدا، لە کاتێکدا کە بزووتنەوەی هەقخوازانەی مامۆستایان سەرنج و پشتیوانی کارمەندان و جەماوەری بێبەش و هەژاری شارەکانی کوردستانی بۆ لای خۆی ڕاکیشابوو، حاکم ڕزگار لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، داوای لە مامۆستایان کرد کە”بایکۆت بشکێنن”. ئەمەش بە پاساوی ئەوەی کە مناڵی فەقیر و هەژار ساڵی خویندنیان نەفەوتێ. بەمجۆرەش کارێک کە ئەو کردی بە هەر نیەتێکەوە بووبێت، ناتوانێت لە خانەی خزمەتکردن بە هەوڵەکانی دەسەڵاتداران بۆ ڕووبەڕوبونەوە و شکستپێهێنانی مامۆستایان و ناڕەزایەتییەکانیان بەدەربێت. ئەمەش ڕاستییەکی ڕوون و ئاشکرایە لەبەرچاوی ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی و هەموو ئەو جەماوەرەی کە لە خۆپیشاندانەکانی ڕۆژی یەکشەممەی ڕابردوو(٢٨/١/ ٢٠٢٤)، لەشارەکانی سلێمانی و هەڵه‌بجە و دەڤەری ڕاپەڕین، بەشدارییانکرد.

ئێمە وەک حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان، جگە لەوەی کە لە یەکەم ڕۆژەوە لە بەرەی ناڕەزایەتیەکانی مامۆستایاندا ڕاوەستاوین و بە گەرمی پشتیوانیمان لە مامۆستایان و خواستەکانیان کردووە و لە هەر شوێنێک بۆمان کرابێت، بەشداریمان لە خۆپیشاندان و ناڕه‌زایه‌تیەکاندا کردووە، هاوکات ئیدانەی هەر هەوڵێکی سەرکوتگەرانەی دەسەڵاتدارانمان کردووە و وەڵامی ئەو پڕوپاگەندانەشمان داوەتەوە کە لەدژی هەوڵ و تێکۆشانی مامۆستایانی ناڕازی بۆ گەیشتن بە خواستەکانیان لەلایەن هەرکەس ولایەنێکەوە بەڕیخرابێت. لەم چوارچێوەیەشدا حیزبمان لە بەیاننامەیەکدا کە ڕۆژی ٢٨/١/٢٠٢٤ بڵاوکراوەتەوە، جارێکی تر نەک هەر پشتیوانی خۆی  بۆ درێژەدان بە خۆپیشاندان و ناڕه‌زایه‌تیەکانی مامۆستایان ڕاگەیاندەوە، بەڵکو پەردەی لەسەر هه‌وڵی ئەو کەسانە لادا کە لەژێر ناوی “خەمخواردن بۆ مناڵانی هەژار” مایکی ڕۆژنامەگەرییان بەدەستەوەگرت و بەو هەوڵ و کەمپینەی دەسەڵاتدارانەوە پەیوەست بوون کە ڕاوەستان و سووربوونی مامۆستایانی لەسەر درێژەدان بە ناڕه‌زایه‌تیەکان، بە ئامانج گرتوە. کەسانێک کە چەند کاژمێرێکی مابوو خۆپیشاندانەکان بڕژێنە شەقامی شارەکانەوە، نەک هەر لە بەرەی مامۆستایان و خواستەکانیاندا ڕانەوەستان، بەڵکو بە ئاشکرا و لە مینبه‌ری میدیاوە، داوایان کرد کە مامۆستایان بایکۆت بشکێنن و بەم کارەشیان پێبزانن یان نا، ڕۆڵیان لە خزمەتکردن بە هەوڵ و سیاسەتەکانی دەسەڵاتداران لە دژی مامۆستایاندا گێڕا. حاکم ڕزگار وەک کەسایەتیەکی یاسایی کە تەرازوی دادوەری بەدەستەوەیە، لەگەڵ ئەوەدا کە نەدەبوو ئەم ڕۆڵەی بگێڕایە، لەبەرامبەر بەیاننامەکەی حیزبدا، لە نووسراوێکدا کە ٢٨/١/٢٠٢٤ بڵاوی کردۆتەوە، جگە لەوەی کە بە زمانێکی  زبر و ناشرین کە هەرگیز شایستەی پۆستێک نییە کە پێی دەناسریتەوە، کەوتە سوکایەتی پێکردن و بەخشینەوەی تۆمەتی بێبنەما، لە چەشنی”خائین، جاسوس، کلکگرێدراو، بێئەسڵ و فەسڵ..”. کاتێک کە ده‌سه‌ڵات و مامۆستایان بەرامبەر بە یەک ڕاوەستاون، لەلایەک مامۆستایان داوای هەقی خۆیان دەکەن و لەولاشەوە ده‌سه‌ڵاتداران بەبێ ئەوەی هەق بسەلـمێنێ، جەنابیشتان لە مینبەری میدیاکانەوە بە “کڕوزانەوە بۆ مناڵانی هەژار” داوادەکەن مامۆستایان بایکۆت بشکێنن!! ئایا ئەمە مەرامی خزمەتکردن نییە بە هەوڵ و سیاسەتەکانی ده‌سه‌ڵاتداران لەدژی مامۆستایان؟ ئایا حاکم ڕزگار درکی بەوە ناشکێ بەر لەم دۆخە و پێش ڕاگەیاندنەکەی ڕۆژی خۆپیشاندانی مامۆستایان، ئەگەر پێشنیارێکی دڵسۆزانەی هەیە لەگەڵ ئەنجومەنەکەیاندا بیخاتەڕوو؟ ئایا بە ڕاستی سەخت بوو بۆ حاکم ڕزگار لەوە تێبگات کە لەباتی ئەوەی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەگەریدا دەرکەوێ و پێشنیاری کۆتایی هێنان بەبایکۆت بکات، ڕۆژی خۆپیشاندانەکان لە ڕیزی پێشەوەدا ڕاوەستێ؟ بۆیە هەقمانە بڵێین کە ئێمە نازانین حاکم ڕزگار و ئەوانەی لە پشتیەوە ڕاوەستاون، بەڵینی چ ئیمتیازاتێکیان پێدراوە، بەڵام دڵنیاین کە لای ئێمە و مامۆستایان و جەماوەری ناڕازی، بەو کارەی کە کردیان، کەوتنە بەرەی خزمەتکردن بە ده‌سه‌ڵاتداران و هەوڵەکانیانەوە.

ئێمە لێرەدا ڕایده‌گه‌یه‌نین لەسەر بەخشینەوەی ئەو سوکایەتی و تۆمەتانەی حاكم ڕزگار داویەتیە پاڵ حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی، بێدەنگ نابین و بەرپرسیاری دەکەین. بۆ ئەمەش یان دەبێ لەسەر قسەکانی دەلیل و بەڵگە بۆ ڕای گشتی ئاشکرا بکات یان قسەکانی بە ئاشکرا وەربگرێتەوە. ئەگەرنا ئێمە لە نزیکترین کاتدا بۆ لێپرسینەوە و سەلماندنی سوکایەتی و تۆمەتەکانی ڕووبەڕوی دادگای دەکەینەوە.

١/٢/٢٠٢٤

Check Also

سەردانی سودانی بۆ کۆشکی سپی

عوسمانی حاجی مارف هەر لەسەرەتای دانیشتنی بایدن و سودانی، بایدن ڕایگەیاند کە ئەمریکا پابەندە بە …