حاکم رزگار و حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری

موحسین کەریم

لە وەلام بە بەیاننامەیەکی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کە لەپاڵ ڕاگەیاندنی پشتیوانی لە ناڕەزایەتی و خۆپیشاندان و بایکۆتی مامۆستایان و باقی موچەخۆران، بانگەوازی کۆمەڵێك مەلا و حاکمی بۆ شکاندنی بایکۆت بەناوی بەرگری لە مناڵانی هەژارەوە تا خوێندنی ساڵێکیان نەفەوتێ، وەکو خزمەتکاری بۆ دەسەڵات و دژایەتی ناڕەزایەتی ومافە ڕەواکانی مامۆستایان و موچەخۆران ناوزەد کردبوو، حاکم رزگار وەکو یەکێك لە بانگەشەکارانی شکاندنی بایکۆت، نوسراوێکی بڵاوکردۆتەوە کە راستو ڕەوان گوزارشت لە کاراکتەری سیاسی کۆنەپەرستانەو نزمی و دواکەوتوویی شێوازی دیالۆگی ناوبراو دەکات، هەروەکو کۆمەڵێك تۆمەت و ناوزڕاندن ئاراستەی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری و ئەندامەکانی دەکات کە رووبەڕوی بەرپرسیارێتی یاسایی دەکاتەوە!

لە بەیانەکەی حزبدا، کە ناوی هیچ کەسێکی نەهێناوە، دەڵێ :  “هاوکات دەبێ هەوڵی حاکم و مەلا و پیاوانی ئاینی کە بەرگری لە دەسەڵات دەکەن…، لەقاو بدرێ و وەک نیشانەیەک لەناکۆکی حاشاهەڵنەگری ئەم کاسەلێسانەی دەسەڵات، پەنجەییان بۆرابکێشرێت. ” هەروەها دەڵێ: ”  هاوکات مامۆستایان و وانەبێژانی ناڕازی پێویستە….، دریژە بە خۆپیشاندان و نارەزایەتیەکانیان بدەن و بە ریزی یەکگرتوویان و بە نیشاندانی هیزی سەراسەری و یەکگرتوانەی خۆیان، وەڵامی هەرەشە و چاوسورکرانەوەی دەسەڵات و پلانی درز خستنە نێو ریزەکانیان  و هەوڵی کۆنەپەرستان وکاسەلێسانی دەسەڵاتداران بدەنەوە.”

بەڵام حاکم رزگار کە بەڕوالەت وا دەردەکەوێ لەو دەستەواژەی ” کاسەلێسی دەسەڵات” نیگەران و توڕە بێت،  لەناو نوسینەکەیەدا چەندینجار ووشەی ناشیاو و سوکایەتی ئامێزو بگرە تۆمەت هەڵبەستن بۆ حزب ریز دەکات؛ وەکو:

”  بەيانەكەى حيزبى كومونيستى كريكارى درۆ و دەمدريژييه”

” كاسەلێس و خائين و  نامەرد و جاسوس ئەوانەن كه بەرديكيان لەسەر بەرد دانەناوه بۆ ئەم ولاته”

” ئەوانەن كەس نازانێ بۆچی و بۆكێ كار دەكەن يا كلك و گريدراوى كين؟ كەسى بێ بنەماڵە و اصل و ره گو ريشەن..”

“..ئيشمان بەوه نيه تا وه ك هەنديك لەسەر كاسەلێسي و جاسوسى بژين..”.

”  جنێونامەکەی حزبی کۆمۆنیست تەنها گوزارشه له بێ ئەرزشي خاوەنەكەی “.

١/ تەنها بەراوردێك لەنێوان ئەو دوو بەشەی بەیانەکەی حزب و نوسینەکەی حاکم رزگاردا بکەن، بزانن کێ بەڕاستی خاوەنی ئەخلاق و ئەتەکێتی قسەو گفتوگۆکردن و جەدەلی سیاسیە!؟

٢/  حاکم رزگار لە کۆتایی نوسینەکەیدا دەڵێ کە ئەو بەیانەی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری، ..”جگه لەوەى تاوانەو بەرپرسياريەتى قانونى لەدوايه..” واتە حاکم رزگار ئەو دەستەواژەیەی ناو بەیانەکەی حزب “کاسەلێسی دەسەڵات” بەتاوان لەقەڵەم دەدات! بەوجۆرە حاکم رزگار بەبێ ئەوەی پێویستی بەدادگا بێت بۆ سەلماندنی حوکمەکەی خۆی بڕیاری تاوانباربوونی حزبی کۆمۆنیستی دەرکردوە. ئەمەش بەڵگەیەکی روون و ئاشکرایە بۆ هیستریای ناوبراو دژی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری و هاوکات نەشارەزایی لە بواری یاسادا. کێ هەیە نەزانێ کە بەندێکی یاسای تایبەت بە تاوان ئەوەیە کە تاوانبار بە بێتاوان هەژمار دەکرێ تا ئەوکاتەی تاوانەکەی لە دادگادا بەسەردا ساغ دەبێتەوە!؟

هەڵبەتە حاکم رزگار لەو دەستەواژەیەی حزب نیگەران نیە ئەوەندەی لە خودی ناوەرۆکی بەیانەکەی حزب نیگەرانە. لەوە نیگەرانە حزب بەرگری لە نارەزایەتی مامۆستایان و مووچەخۆران و بەردەوامبوونی بایکۆت و خۆپیشاندانەکانیان دەکات تا بەدەستهێنانی مافە خوراوە زۆر سەرەتاییەکانیان. لەوە نارەحەتە کە حزب دەسەڵات بە بەرپرس دەزانێ لە فەوتانی خوێندنی مناڵانی هەژار نەوەك مامۆستایان کە داوای قووتی دزراوی خۆیان و خێزانەکانیان دەکەن. حاکم رزگار دەیەوێ بە قسەی بریقوباق و نیشاندانی دڵسۆزی بۆ مناڵانی هەژاران، ئاوی پاکانە بکات بەسەر تاوانێکی ئاشکرادا کە دەسەلات بەرامبەر بە مامۆستایان و مووچەخۆران و خێزانەکانیان ئەنجامی دەدات، ئەویش برینی سەرجاوەی ژیان و گوزەرانیانە، نەدانی مافی ئەوانە بەرامبەر بە کارێك کە ئەنجامیان داوەو ئەنجامی دەدەن. ئەوە تاوانێکی ئاشکرایە، بەڵام حاکم پاکانەی دەکات. حاکم لەجیاتی ئەوەی دەسەڵات بەرپرس بکات لەوەی کە بەهۆی ئەوەی موچەی مامۆستایان نادات، مامۆستایان ناچاربوون دەست بۆ ناڕەزایەتی بەرن بۆ بەدەستهێنانی ئەو مافە سەرەتاییەی خۆیان، وە بەوهۆیەوە پرۆسەی خوێندن تووشی ڕاوەستان هاتوە، کەچی مامۆستایان بەرپسر دەکات بەرامبەر بە فەوتانی ساڵێک خوێندنی مناڵان. ئایا ئەوە بێبەریکردنی تاوانبارو پێشێلکردنی مافی ڕەواو ئاشکراو بەیاسا سەلمێنراوی تاوان بەرامبەرکراو نیە!؟ حاکم رزگار چۆن وەڵامی ئەوە دەداتەوە؟

حاکم رزگار چونکە لەپێگەی دەسەڵاتەوە بەرامبەر بە ناڕەزایەتی مامۆستایان و مووچەخۆران وەستاوە، بۆیە هیڕش دەکاتە سەر حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری و هەرچی ووشەی قێزەونی ناو کەلتوری سیاسی کوردایەتی هەیە دژ بە حزب تەخشان و پەخشانی دەکات. حاکم رزگار، بەپێچەوانەی بانگەشە چەواشەکارەکانیەوە، گوایە دڵی بۆ مناڵانی هەژار دەسوتێ، لە خۆپیشاندان و بایکۆتی مامۆستایان ناڕەحەتەو ناڕاستەوخۆ وەکو تاوان تەماشای دەکات، بۆیە بەرگری حزب لە خۆپیشاندان و بایکۆتی مامۆستایان  وەکو بەرگری لەتاوان تەماشا دەکات!

٣/  بەڵام حاکم رزگار چاکەیەکی گەورە لەگەڵ ئێمە دەکات بەوەی لەسەر بەرگریکردنمان لە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی و بایکۆتی مامۆستایان و مووچەخۆران هیرش دەکاتە سەرمان و  تەنانەت بە تاوانباریش ناوزەدمان دەکات! هەموو کەسێك و مامۆستایان و مووچەخۆران و سەرجەم خەڵکی ناڕازی کوردستان کە دژی چەتەگەری و تاڵانچێتی دەسەڵاتی کوردایەتی چەقۆ گەیشتۆتە سەر ئێسقانیان و شەقامیان لەو دەسەڵاتە مشەخۆرە گرتوە، ئەوەیان بۆ ئاشکراو سەلماوە کە حاکم لەبەرەی دەسەڵاتی دزو تاڵانچیەوە، بەناوی ئامۆژگاریەوە، دژی خەباتە ڕەواکەیان وەستاوەتەوە. حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریش لە پێگەی مامۆستایان و مووچەخۆران و خەڵکی ناڕازی و لەسەنگەری خەباتە ڕەواکەیانەوە بۆ بەدەستهێنانی مەفە سەرەتاییەکانیان قاچی داکوتاوەو لەسەر ئەو لایەنگریەشی روبەرووی هیرش و پەلامارو تۆمەت دەبێتەوە.

حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری خاوەنی مێژوویەکی پرشنگداری ڕاوەستانە لە بەرەی خەبات و تێکۆشانی خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێش و ئازادیخوازی کوردستان بۆ بەرگری لە مافە و ئازادیەکانیان و لەو پێناوەشدا قوربانی داوە، ڕابەر و کادرو ئەندامەکانی تیرۆرکراون، لەلایەن کۆنەپەرستانی هاوڕێبازی حاکم زرگارەوە سوکایەتی و تۆمەتی هەڵبەستراویان لەدژ بڵاوکراوەتەوەو داداگایان لێگیراوە و پەلاماری چەکدارانە کراوەتە سەریان. ئێمە شانازی بەو پێگەی و جێگایەوە دەکەین کە لەناو خەباتی مامۆستایان و مووچەخۆران و کرێکاران و خەڵکی ئازادیخوازی کوردستاندا هەمانە. ئامادەین کە ئەو پێگەو رێگەیە بە ژیانمان بپارێزین!

 

Check Also

هەڵکوتانە سەر دەزگای چاودێر وداخستنی، هەوڵێکی تری سەرکوتگوری سەرکردایەتی یەکیەتی نیشتمانیە!

ئەمڕۆ هێزێکی چەکداری سەر بەدەزگا سەرکوتگەریەکانی یەکێتی نیشتمانی، هەڵیانکوتایە سەر بنکەی دەزگای چاودێر، کە لەلایەن …