پیلانێکی قێزەون!

موحسین کەریم

دوای فراوانبوونەوەی نارەزایەتی مامۆستایان، کە لە بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندن بۆماوەی نزیک بە ٤ مانگ و   ئەنجامدانی خۆپیشاندان لەزۆریك لە شارو شارۆچکەکانی کوردستان، بەتایبەتی ناوچەکانی ژێردەسەلاتی یەکێتیدا خۆی بەرجەستەو نمایشکرد، وە لەئاکامی ئەوەشەوە جەماوەرێکی فراوان لە مووچەخۆران و کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش و ناڕازی لەدەسەڵاتی تاڵانچی هەرێم، پەیوەندییان بە نارەزایەتی مامۆستایان و خۆپیشاندانەکانەوە کرد، بەجۆرێك کە رۆژ دوای رۆژ لێشاوی بەشداری خەڵک لە خۆپیشاندانەکاندا بەرەو هەڵکشان دەچوو، دەسەڵاتدارانی هەرێم، هەردوو حزبی یەکێتی و پارتی، سەرباری ناتەباییەکانیان، دەستیاندایە پیلانێکی قێزەون بۆ بەشکستکێشانی نارەزایەتیەکان و کۆتاییهێنان بە بایکۆتی مامۆستایان.

ئەم پیلانەیان لەچەند گۆشەو کەنارەوە داڕشت؛ لەوانە هاندانی کۆمەڵێك مەلا و حاکمی دەرباری دەسەڵاتی کوردایەتی، تا لەڕێگای ئامۆژگاری گومڕاکەرانەوەو بەناوی دەربەستبوون بۆ مناڵانی هەژار، داوا لە مامۆستایان بکەن بایکۆت بشکێنن، بەو کارەشیان مامۆستایانیان لە فەوتانی خوێندنی ساڵێکی قوتابیان تۆمەتبارکرد لە ئەگەری نەشکاندنی بایکۆتدا. دوای ئەوەش فشارو هەڕەشەو چاوسورکردنەوە دەستی پێکرد و چەند هەڵسوڕاوی بزوتنەوەی مامۆستایانیان دەستگیر کرد. دوای ئەوەی مووچەی مانگێکیان دابەشکرد، کەوتنە پەخشکردنەوەی تەشهیر و سوکایەتی بە مامۆستایانی ناڕازی و لەدەزگا ڕاگەیاندنە روزەردەکانی خۆیانەوە ووتیان :” بایکۆتچیەکان مووچەش وەردەگرن و دەوامیش ناکەن”  بەمەبەستی هەڵخڕاندنی سۆزی خەڵك دژی مامۆستایان! بەوانەوە نەوەستان و هەڕەشەی سزادان و دەرکردنیان لە مامۆستایان کرد ئەگەر نەگەڕێنەوە هۆڵەکانی خوێندن. دوای هەموو ئەمانە، لەڕێگای ناردنەوە بەشێك لەو مامۆستایانەی کە سەربەخۆیان بوون و بۆ رۆژێکی وەها لەناو نارەزایەتی مامۆستایاندا هەڵیان گرتبوون، بۆناو خوێندنگاکان و بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندەی کۆتاییهاتنی بایکۆتیان بڵاوکردەوە. بەوجۆرە ویستیان یەکڕیزی مامۆستایان و مووچەخۆران و خەڵکی ناڕازی تێك بشکێنن و دوودڵی و بێمتمانەییان لەناودا بڵاوبکەنەوە. سەرەنجام بەوجۆرە شکست بە نارەزایەتیەکان بهێنن و خۆیان لە مەترسی بەرینبوونەوەی زیاتری دەرباز بکەن.

هەڵبەتە، هەمیشە بەشێك لە کاری دەسەڵات ئەوەیە کە نارەزایەتیەکانی جەماوەری کرێکارو زەحمەتکێش و ناڕازی، مامۆستایان و مووچەخۆران و…تد. سەرکوت بکات. ئەگەر نەتوانێ سەرکوتی بکات، هەوڵی نانەوەی دوبەرەکی و بێمتمانەیی و پارچەپارچەکردنی ریزەکانیان دەدات. هەوڵی هەڵخڕاندنی ڕای گشتی دەدات لەدژی خۆپیشاندەران بەوەی کە کێشە بۆ هاوڵاتیان دروست دەکەن، رێگاو جادە دەگرن و رێگری لەکارو کەسابەتی خەڵك دەکەن، یاخود دەستدرێژی دەکەنە سەر مومتەلەکاتی گشتی و یاخود وەکو ئەوەی مامۆستایان کە گوایە هۆکاری فەوتانی ساڵێک خوێندنی مناڵانی هەژارانن! بەڵام لەپاڵ ئەوانەدا، خودی ئەو بزوتنەوەیە کێشەیەکی جدی هەیە. هەر ئەو کێشەیە هۆکارە بۆئەوەی دەسەڵاتداران و حزبەکانی دەسەڵات بتوانن بەو ئاسانیە رەنج و ماندووبوونی چەند مانگی مامۆستایان و مووچەخۆران کەم بەرهەم بکەن!

بزوتنەوەی ناڕەزایەتی مامۆستایان بۆ خواستی مووچەو دامەزراندنی گرێبەستەکان و پلەبەرزکردنەوەو … تاد. کەمبودێکی زاتی هەیە، ئەویش ئەوەیە کە ڕابەرانی بزوتنەوەکە بەشێوەیەکی گشتی لەچوارچێوەی چاکسازیدا دەخولێنەوە و بزوتنەوەکە لە رابەرایەتیەکی شۆرشگێڕ بێبەشە. هاوکات ئەو بزوتنەوەیە نەیتوانیوە جۆرێك لە رێکخستنی جەماوەری سەربەخۆی مامۆستایان دروست بکات و تەنانەت هەموو ئەو مامۆستایانەشی کە لە خۆپیشاندان و نارەزایەتیەکاندا بەشدار دەبن، لەهیچ جۆرە رێکخراویكدا رێك نەخراون. تەنها ئەنجومەنێك هەیە کە دوای چەند ساڵ هێشتا مەعلوم نیە لەڕووی رێکخراوەییەوە چۆن کاردەکەن لەناو مامۆستایاندا!

سەرەڕای ئەوە، لەئێستادا کە مامۆستایان بوونەتە سەرقافڵەی بزوتنەوەی ناڕەزایەتی جەماوەری گشت مووچەخۆران و بگرە بەشێکی بەرچاو لە کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش و مافخوراو چاویان لە خەباتی ئەوان بڕیوەو لە خۆپیشاندانەکاندا بەشداری دەکەن، بەڵام بەهەمانشێوە دامێنی مەحدودی سیاسی ڕابەرانی ئەو بزوتنەوەیە رێگریەکی ڕانەگەیەنراو دەکات لەوەی کە میکانیزمێکی کاریگەری رێکخراوەیی بۆ ئەوانیش دەستبەربکرێ و بەوجۆرە بزوتنەوەیەکی فراوانی نارەزایەتی رێکخراوی مامۆستایان و مووچەخۆران و خەڵکی ناڕازی و زەحمەتێكش بۆ مووچە و بۆ باشکردنی ژیان و گوزەرانی سەرجەم خەڵکی کەمدەرامەت و بۆ بەدیهێنانی مافە سەرەتاییەکانیان بەڕێبخرێ و دەسەڵات ناچار بە پاشەکەشەی جدی بکات!

بزوتنەوەی مامۆستایان، دەبێ زوو ئەم کەمبودانەی تێپەڕێنێ، دەنا لەناو ئەڵقەیەکی داخراودا دەسورێتەوەو هەرکاتێکیش دەسەڵات بیەوێ دەتوانێ بە پیلانێك ئەوەی چەند مانگ و ساڵە دەیکەن، هەڵێوەشێنێتەوە!

Check Also

سەردانی سودانی بۆ کۆشکی سپی

عوسمانی حاجی مارف هەر لەسەرەتای دانیشتنی بایدن و سودانی، بایدن ڕایگەیاند کە ئەمریکا پابەندە بە …