٨ ی مارس، رەمزی وەستانەوەیە دژی جیاکاری و تێکۆشانە  بۆ یەکسانیی نێوان ژن و پیاو!

جیاکاری و ستەم دژی ژنان و بە پلەدوو سەیرکردنیان، یەکێکە لە سیما قێزەونەکانی کۆمەڵگای سەرمایەداری. چینی بۆرژوازی، بەمەبەستی دابڕینی ڕیزەکانی چینی کرێکار و لەبەرامبەر یەکتر دانانی ژنان و پیاوانی کرێکار،  پلەدووی و بێمافی بەسەر ژناندا سەپاندوە. هەروەها راگرتنی لەخوارەوەی مافەکانی ژنان بەتایبەتی کارمەندان و کرێکارانی ژن، لەپاڵ بێمافکردنی ژناندا، مافەکانی پیاوانیش لە خوارەوە رادەگرێت و هەمیشەش وەکو ڕکابەری یەکتر بەرامبەر یەکتر دایان دەنێت. بەمجۆرەش هێشتنەوەی نایەکسانی ژنان لەگەڵ پیاواندا، بۆ هێشتنەوە و ڕاگرتنی نایەکسانی ئابوری و کۆمەڵایەتیە، بۆ توندکردنەوەی زنجیری چەوساندنەوەی چینی کرێکارو لەخوارەوەراگرتنی ئاستی ژیان و گوزەران و مافەکانی سەرجەم چینی کرێکار و فەراهەمکردنی زەمینە کۆمەڵایەتی و ئابوریەکانی کەڵەکەی سامان و سەرمایەی چینی سەرمایەدارە.

لە هەلومەرجی قەیرانگرتووی ئێستادا کە سەرمایەداری گیرۆدەی قەیرانێکی ئابوری قووڵ بۆتەوە و بەدوای خۆیدا، بارودۆخێکی کۆمەڵایەتی و ئابوری و سیاسی سەختی بەسەر بەسەر کۆمەڵگادا داسەپاندووە، پەرەگرتنی جەنگ و فەزای میلیتاریستی و سەرهەڵدان و پەرەگرتنی ڕەوتە کۆنەپەرستەکانی بۆرژوازی، لە چەشنی ڕاسیزم، فاشیزم و نەتەوەپەرستی و ئاینگەرایی… کە پەیامی هەموویان، گێڕانەوەی کۆمەڵگایە بەرەودواوە، هێرشێکی هەمەلایەنەی چینی دەسەڵاتداری بۆسەر ژیان و گوزەران و ئەو دەسکەوتە ئینسانیانەیە کە کۆمەڵگای مرۆڤایەتی لە دەیان ساڵی ڕابروودا بەدەستی هێناوە، لێکەوتۆتەوە. ئەمە لەپاڵ جەنگە ناوچەییەکان و ئەو مونافەسە میلیتاریستیەی کە دەولەتانی سەرمایەداری بەسەر کۆمەڵگای بەشەریدا سەپاندویانە، شەپۆلێکی فراوانی لە نائارامی و کاولکاری و کۆمەلکوژی و ئاوارەیی و دەیان موسیبەتی تری بەرهەمهێناوە. لەهەلومەرجێکی ئاوادا ئەوە ژنانن کە قوربانی یەکەمن و لەگەڵ گەورەترین هێرشی فکری و سیاسی و کۆمەڵایەتی بەرەوڕووبوونەتەوە. بەتایبەتیش ئەوە ژنان کە قوربانی یەکەمی قەیرانە ئابوریەکان و شەڕی دەولەتان و رەوت و گروپە کۆنەپەرستەکانن، هەر لە ئۆکرانیاوە تا رۆژهەڵاتی ناوەراست.

لە عێراق و کوردستانیش بەهۆی زاڵبوونی بزوتنەوە و ڕەوتە ناسیۆنالیستی و ئیسلامی و تائیفیە رەگەزپەرست و کۆنەپەرست و فاشیستەکانەوە، ژنان گەورەترین ستەم و زوڵمیان بەرامبەر دەکرێ. سەرباری ئەوەی کە بە ملیۆنەها ژن لەناو ماڵەکانی خۆیاندا وەکو کرێکاری بێ کرێ و بێماف کاردەکەن، هاوکات رووبەرووی توندوتیژی خێزانی دەبنەوە. لە کارگەو ناوەندەکانی کارو لە دامەزراوەکانیشدا ژنان جگەلەوەی لەڕووی ئیمتیازاتی موچەو بەدەستهێنانی فرسەتی کارو پسپۆری و ڕاهێنانی پیشەییەوە جیاکاریان لەگەڵ دەکرێ، هاوکات ڕوبەڕوی دەستدرێژی سێکسی دەبنەوە. لەپاڵ ئەمەدا،  بورژوازی کوردو حزبەکانی سیستەمێکی دەسەڵاتدرێتی وایان داسەپەندوە، کە لەسەر بنەمای پیاوسالاری و تێکەل بەشەریعەتی ئیسلام دەڕوا بەڕیوە، بەپێویست جیاکاری و ژیردەستەیی ژنانی کردۆتە نۆرم و یاسا، لەوانە فرەژنی و “کۆتاکردنی ژنان” لەهەڵبژاردنەکاندا، نمونەیەکی ئاشکرای نەک هەر هەڵوەشاندنەوەی مافی هاوڵاتی یەکسانە، بگرە بەرەسمی ناسینی ژیردەستەیی و پیاوسالاری و کۆنەپەرستیە، بەسەر ژنانەوە. لەسەرێکی تریشەوە، پشتگیری و دەستئاوەلاکردنی ڕەوتەکانی ئیسلامی سیاسی و  هاوکاریکردنیان لەلایەن دەسەڵاتی حزبەکانی کوردایەتیەوە، دەرگای خستۆتە سەرپشت تا کۆنەپەرستان، هیرشی خۆیان بۆ سەر ژنان و مەدەنیەتی کۆمەلگا چڕبکنەوەو بەئاشکرا لەمیدیاو مینبەری مزگەوتەکانەوە، سوکایەتی بەژنان بکەن و کلتوری پیاوسالاری و دژەژنی لەکۆمەلگادا پەرەپێبدەن. بەرادەیەك کە ژنانی کوردستانیش هیچ کات بە ئەندازەی ئێستا لەلایەن کۆنەپەرستی و کەلتور و فەرهەنگ و یاسای کوردایەتی و ئیسلامیەوە سوکایەتی پێنەکراوەو ئینکاری لە ماف و کەرامەت و کەسایەتی ئینسانیان نەکراوە.

لەناو ئەم فەزایەدا ژنانی کوردستان، بەردەوام هەوڵی ئەوەیان داوە کە پاریزگاری لە کەسایەتی ئینسانی خۆیان و لەمافەکانیان بکەن و لەو رێگایەشدا قوربانی بدەن. سەرەڕای رێگریە سەختەکان، بەڵام ئەوە ژنانی کوردستانن کە بەردەوام لەریزی پێشەوەی ناڕەزایەتیەکانی خەڵکی کوردستاندا ڕاوەستاون و خەباتیان کردوە. ژنانی کارمەند و کرێکارو مامۆستایانی ژن دەوری کاریگەریان هەبوە لەبزوتنەوەی ناڕەزایەتی مامۆستایان و خەڵکی زەحمەتکێشی کوردستاندا. ئەمەش بەمانای پێداگری ئەوانە لەسەر پێگەو جێگەی گرنگی کۆمەڵایەتی و سیاسیان چ لەکۆمەڵگاو چ لەناو روداوەکانی ڕۆژدا.

بزوتنەوەی یەکسانیخوازی ژنان، بەشێکە لە خەباتی گشتی جەماوەری کرێکارو زەحمەتکێشی کوردستان بۆ کۆتاییهێنان بە ستەم و دەسەڵاتی نایەکسان و موشەخۆری ئەحزابی بۆرژوازی کورد، دەسەلات و ئەحزابێک کە بۆتە هۆکارو سەرچاوەی کارەساتی ڕۆژانە و ئەو بێمافی و هەژاریەی کە ئایندەی کۆمەلگای کوردستانی بەرەو تاریکی راپێچداوە.

٨ی مارس ڕۆژی دەربڕینی نارەزایەتی و هاتنەمەیدانی ژنان و بزوتنەوەی یەکسانیخوازیە، بەرامبەر بەو بێمافی و دۆخەی کە ئینسانی ژنی تێدا راگیراوە، ڕۆژێکە بۆ توندکردنەوەی خەباتی کرێکاران و ژنان و پیاوانی ئازادیخواز بۆ کۆتاییهێنان بە جیاکاری و ژێردەستەیی، ڕۆژێکە بۆ گۆرانکاری ڕیشەیی و دامەزراندنی کۆمەڵگایەکی ئازاد و یەکسان وخۆشگوزەران.

سەرکەوتووبێت خەبات بۆ یەکسانی ژن و پیاو

بژی  ٨ ی مارس رەمزی وەستانەوە بەدژی جیاکاری وژێردەستەیی ژنان!

حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان

٢٥ی شوباتی ٢٠٢٤

 

 

Check Also

بەرەو ئایار.. ڕۆژی جیهانی کرێکار!

خەسرەو سایە هاورێیانی کرێکار یەکی ئایار بەڕێوەیە… یەکی ئایار ڕۆژی هاوپشتی و خەباتی کرێکارانە لەپێناو …