بڕیاری دادگای فیدراڵی لەسەر هەڵبژاردنی کوردستان

عوسمانی حاجی مارف

دواخستنی هەڵبژاردنی کوردستان لە درێژبوونەوەی ئەو دۆخە ناوازەیەوە سەرچاوەی گرتوە کە بەردەوامی گێژاو و ناسەقامگیری دۆخی سیاسی، سەراپای کوردستانی داگیرکردوە، کە کاریگەری زیاتری لەسەر چۆنیەتی مامەڵەی هەڵبژاردنەکانیش داناوە، کە بە چەندین مەترسی و هەڕەشەی دەوروبەر لە عێراقی وناوچەیی دەورە دراوە، لەهەمانکاتدا ململانێی نێوان بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانی دیمەنی ئەو ناسەقەمگیریەیان زیاتر کێشکردوە بەوەی ئاراستەی هەڵبژاردنەکان زیاتر سیمایەکی جەنگی بەخۆیەوە نیشان بدات، هەر ئەو هێزانەش بۆخۆیان بە پاراستنی دەسەڵاتی حزبی میلیشیا و بنەماڵە، دیمەنی سیاسی و ئەنجامی هەڵبژاردنەکانیان لەقاڵبداوە.

دواتریش لەسەر پرۆسەی پێکهێنانی حکومەتی هەرێم بەدوای هەڵبژاردن، لەهەمان قاڵبدانی سیاسی هەڵبژاردنەکاندا قەتیس کراوەو بە ئەنجام گەیشتووە، کە بەهیچ جۆرێک نەیانتوانی و نەیانویست کۆتایی بە دوو ئیدارەیی و دوو دەسەڵاتی زۆنی زەرد و سەوز و هێزی میلیشیا بهێنن، دەورێکی بەتوانایان بینیوە لە گۆشەگیرکردن و بێئیرادەکردنی خەڵکدا، تا کرێکاران و زەحمەتکێشان نەتوانن لە میکانیزمی بەشداری لە دەسەڵات نزیک ببنەوە و بریار لەسەر چارەنوسی خۆیان بدەن.

ئەم دۆخە زەجرو نائومێدی و ژیان و گوزەرانی سەختی بەسەر خەڵکدا سەپاندوە و دوو ساڵ لەژیانی زۆرینەی دانیشتوانی کوردستان، کە جگە لەتوڕەیی و بێزاری و ناڕەزایەتی و بەرزکردنەوەی دروشمی خواستی کۆتایی ئەم دەسەڵاتە، جێگای چاوەڕوانی بۆ هەر ئومێدێکی تر نەهێشتۆتەوە.

ئەزمونی پەیوەندی جەماوەری ناڕازی بەدەسەڵاتی بنەماڵەو حزبەکانیانەوە، بەو درک و ئاکامە گەیشتووە کە لە واقعیەتی پێکهاتەی دەسەڵاتی سیاسی لە کوردستاندا، هەڵبژاردن ڕێگایەک نیە بۆ گۆڕین یان دەستاودەستکردنی دەسەڵات، هەروەها ئەندامانی پەرلەمان بەهیچ جۆرێک ناتوانن نوێنەرایەتی دەنگدەرانیان بکەن. لەهەمانکاتدا سیاسەتی پاشکۆبون بۆ بەرژەوەندی و نەخشەو سیاسەتی ووڵاتان و لایەنی تر بۆتە عادەت و ئالودەبونی بزوتنەوەی کوردایەتی، ئەم واقعیەتەو ئەم ئەزمونە، گورزێکی گەورەی داوە لە هەڵسورانی سیاسی بزوتنەوەی کوردایەتی، کە مایەی ڕەنگدانەوەی ڕیسوابون و شكۆشکاندن و شەرمەزاری ئاشکرایانە.

دوای تاقیکردنەوەی سی ودوساڵ لە داگیرکردن و تاڵانی و جەردەیی و حکومڕانی بەسەر دانیشتوانی کوردستاندا، دوای پێشخزمەتی بۆ ئەمریکا و تورکیاو ئێران، دوای تێکەڵبون و ملکەچی بۆ قبوڵکردنی دەسەڵاتی میلیشیایی ئیسلامی و تائیفی و نەتەوەپەرەستی لە بەغدا، جارێكی تر خەریکن وەک بلقی سەر ئاو ئەتەقنەوە، خەریکن نیشانەکانی کۆتایی مەئموریەتێك ڕادەستدەکەنەوە و لە چاوەڕوانی وەرگرتنی مەئموریەتێکی تردان.

ئەتوانین بڵێین بڕیارەکانی ئەم دواییەی دادگای باڵای فیدراڵی، لەسەر هەڵبژاردن و موچەی فەرمانبەران تەواو بۆنی ئەوەی لێدێت کە قەوارەی حکومەتی پارتی و یەکێتی لەکاتێکی دیاریکراودا، زوو یا درەنگ، دەبێت مایەپوچی خۆیان ڕابگەیەنن، ناونیشانی قەوارەکەیان بگۆڕێت بەشتێکی تر.!

هەرچەندە بەئەنجام گەیاندنی لاسەنگی ئەم هاوکێشەیە لەبەرامبەر هەرێمدا، لەلایەک ئاکامی گۆڕینی هاوسەنگی هێزو دەسەڵاتی لایەنە شیعەکانی سەر بە ئێرانە، کە خۆی لە “چوارچێوەی هەماهەنگیدا” پێناسەدەکات، لەلایەکی ترەوە دەوری ئەو نەخشەو سیاسەتانە کە هەوڵ ئەدرێت سەقامگیری بۆ ئەمنیەتی سەرمایەگوزاری لە ناوچەکەدا دابین کرێت، لەم ڕاستایەوە ناوەندبونەوەی حکومەتی عێراق بە ڕەوتی هەنگاوێکی گرنگ دەبینرێت، بۆ بە ئەنجام گەیاندنی ئەم پرۆسەی سەقامگیربونەوەی دۆخی ئابوری و سیاسی لە عێراقدا، دەبێتە هۆکاری ئەو فشارەی کە ئایندەی حکومەتی هەرێم دەخاتە ژێر پرسیارەوە.

هەروەها خاڵێکی گرنگ کە لەم نێوەدا جێگای باسە، بەرفراوانبون و تەقینەوەی زیاتری ئاستی ناڕەزایەتیەکانی  جەماوەری کوردستانە لەبەرامبەر دەسەڵاتی بنەماڵەی بارزانی و تاڵەبانیدا، بەتایبەتی توانایی و بەردەوامی ناڕەزایەتی مامۆستایان کە بۆ ماوەی پێنچ مانگ خۆڕاگریان بە بایکۆت نمایشکرد، ئەم ناڕەزایەتیە، کە بە هەر پێشڕەوی و ڕۆڵێک جێگای خۆی کردەوەو لە مێژوی ناڕەزایەتی جەماوەری کوردستاندا، خاڵێکی بەرهەمداری تۆمارکرد، کە تا ڕادەیەک بەو ئەنجامە گەیشتن کە لە دابینکردنی دانی موچەی فەرمانبەران دڵنیابن.

لەهەمانکاتدا دیوێکی تری ئەم واقعە کە جێگای تێبینیە، فشاری ئەو ناڕەزایەتیە جەماوەریە، فرسەتی دا بە دەسەڵاتی بەغدا لەڕێگەی دادگای باڵای فیدراڵیەوە ملکەچیەکی تر بەسەر هەرێمدا بسەپێنێت. کە یەکەم: دادگا زەمینەی بۆ چارەسەرکردنی پرسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەڕێگەی بڕیارێکەوە دابەدەستەوە کە داوا لە دەسەڵاتی فیدراڵی عێراق دەکات ڕاستەوخۆ موچە بدات بەو کەسانەی کە مافی خۆیانە بەبێ ئەوەی ئەو پارەیەی بۆیان تەرخانکراوە بۆ حکومەتی هەرێم بنێرێت. دووەم: دەرکردنی بڕیاری هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستانە کە دادگای ناوبراو بڕیارێکی دەرکرد لەسەر ئەوەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان نادەستووریە.

بەجیا لەوەی بڕیاری دادگای فیدراڵی سەبارەت بە موچە دەستکەوتێکە بۆ فەرمانبەران و مامۆستایانی کوردستان بەڵام لەهەمانکاتدا گورزێکی توندە لە قەوارەی هەرێم و پێگەی حزبەکانی کوردایەتی لە ڕاستای ئەو ململانێ و کێشانەی کە لە نێوان هەولێرو بەغداد حاڵەتێکی بەردەوام و نائاسایی وەرگرتوە.

ئەوەی جێگای باسە کە لەم وتارەدا ئاماژەی پێبدەین، لە بەرامبەر بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق کە دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی ژمارەی ئەندامانی پەرلەمانی هەرێم لە ١١١ ئەندامەوە بۆ ١٠٠ ئەندام، دادگای باڵای فیدراڵی بڕیاریدا، هەر یازدە کورسیەکە کە تایبەتە بە کەمینە نەتەوەیی و ئاینیەکان لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، نادەستوورین.

ئەم بڕیارە دەنگی ناڕەزایەتی و نیگەرانیەکی زۆری لای بارزانی و سەرکردەکانی پارتی لێکەوتۆتەوە، پێداگری لەسەر ئەوە دەکەن کە ئەم “بڕیارە سیاسیە و زۆر نەرێنییە” و دژی “ڕۆحی دەستورو دژی پێکەوەژیانی پێکهاتەکانە”.

هەڵبەتە کێشەکە لەسەر ئەوە نیە کە ئەو بڕیارەی دادگای فیدراڵی بڕیارێکە سیاسیە، چونکە لە پەیوەند بە هەلومەرجێکەوە خراوەتەڕوو، کە نیشانەی باڵادەستی دەسەڵاتی “چوارچێوەی هەماهەنگی”ە لە حکومەتی عێراقدا، ئەوەش شاراوە نیە کە دادگای باڵای فیدراڵیش پاشکۆی سیاسەتەکانی ئێران و دەسەڵاتی حکومەتی عێراقە، بەو مانایەش بڕیارەکە گومانی ئەوەی لەسەر نیە کە سیاسیەو مەبەستی سیاسی بەدواوەیە، لەهەمانکاتدا ئاشکرایە کە لە بەرژەوەندی پێگەی بارزانی نیە، بەڵام ئەوەی گرنگە پێویستە ئەم بڕیارەو هەر بڕیارێکی تری دادگای فیدراڵی لەو شوێنەوە لایەنە سیاسیەکەی بناسینەوە کە لە بەرژەوەندی سیاسەت و دەسەڵاتی چوارچێوەی هەماهەنگی و کۆماری ئیسلامی هەنگاو دەنێت.

ئەوەی پێویستە لەم بارەیەوە قسەی لەسەر بکەین ئەم بڕیارە سیاسیە دژ بە دەستورێک نیە کە بۆ حکومەتی ئێستای عێراق نوسراوە، حکومەتی عێراق بە دوای ٢٠٠٣ وە، پێکهاتەیەکە کە لەسەر بنەمای دامەزراندنی دەسەڵاتێکی”بەشبەشێنەی” تائفی و قەومی دانراوە، واتە لەسەر دانانی ئیمتیاز بە شوناسنامەی تائفی و قەومی مرۆڤەکان دەناسرێنێت، هاووڵاتیبون لە دەستوری عێراق و کوردستاندا سوکایەتی پێدەکرێت، خەریکن عێراق لەلایەک لە بەردەم زۆرینەی شیعەو سونەو عەرەب، کورد دابەش دەکەن و پێناسەی دەکەن، لە لایەکی تریشەوە باس لە مافی کەمینەکانی تر دەکرێت، ئەم جۆرە لە مامەڵە بە دانیشتوانی عێراق و کوردستان، کەمکردنەوەی شکۆ و بەهاو سەنگینی واقعی ئینسانەکە، واتە کەسێک ئەتوانێ مافی ئیمتیازێکی بەرزی لە دەسەڵاتدا هەبێت، دەبێت سەر بە زۆرینە بێت، لە قوژبنێکیشدا لەخوار مەجلیسی زۆرینەوە، چەند جێگایەکیش دەبەخشن بە کەسانێک کە سەر بەکەمینە بن، دەستورێکی لەم چەشنە کە گەورەترین سوکایەتیە بە بەشەریەت، پێشوەخت و لەکاتی خۆیدا واژۆی پەسەندکراوی خودی بارزانی و تاڵەبانیە، ئێستاش بارزانی باسی نا عەدالەتی بڕیاری دادگای فیدراڵی دەکات، کە ئەم دادگایەش بۆخۆی ئاوێنەیەکە لە پێکهاتەی حکومەتێکی تائیفی و قەومی، ناساندنی پێکهاتەی حکومەتی عێراق بە “فیدراڵی” هەر ئەو مانایە دەبەخشێ کە مافی هاووڵاتیبون جێگایەکی نیە لەدەستوری عێراق و کوردستاندا، مرۆڤەکان ملکەچی دەستورێکی نائینسانی و کۆنەپەرستانە کراون، سەر بەعێراق بن یا کوردستان، ملکەچی بەندەکانی دەستورێکن مافی هاووڵاتیبون و ئینسانی لێسەندراوەتەوە، بۆیە پێویستە خەڵکی موتەمەدنی عێراق و کوردستان ئەو دەستورە بپێچنەوەو بیسوتێنن

Check Also

“پرسی ئاشتی” لە تورکیا!

موحسین کەریم رۆژەکانی نیوەی دووەمی مانگی ڕابردوو بۆ کۆمەڵگای تورکیا، دەرخەری وەرچەرخانێکی نوێ بوو لە …