ناکۆکیەکانی نێوان پارتی و یەکێتی لەسەر بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی

عوسمانی حاجی مارف

بڕیارەکانی ئەم دواییەی دادگای باڵای فیدراڵی تایبەت بە هەرێمی کوردستان مشتومڕێکی زۆری نێوان لایەنگران و نەیارانی لێکەوتەوە، دادگا دوو بڕیاری دەرکرد لە دوو داوای یاسایدا سەبارەت بە قەیرانی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم و بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمان، ئەو مشتومڕەش مانای لایەنی سیاسی بڕیارەکانی خستەڕوو.

هەردوو حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان لە نێوان خۆیاندا خەریکی مامەڵەو چارەسەرکردنی قەیرانی دواکەوتنی خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمن، بڕیاری خۆجێیکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە بانکە فیدراڵیەکان، هەروەک باقی فەرمانبەرانی عێراق، ئەمەش پەرچەکرداری توندی پارتی لێکەوتەوەو یەکێتی پێشوازی لێکرد، لەلایەکی تریشەوە جەماوەری ناڕازی بە سەرکەوتن بۆ خۆیان زانی و داوای جێبەجێکردنی خێرای بڕیارەکە دەکەن.

ئەو هەڵمەتەی لە لێدوانی سیاسیەکان و ڕاپۆرتی میدیاکانی سەر بە بارزانی بەرجەستە بۆتەوە، ڕەنگدانەوەی حاڵەتێکی توڕەییە کە ماوەیەکە کەڵەکە بووە، بەهۆی بڕیارەکانی ئەم دواییەی دادگای فیدراڵی عێراق سەبارەت بە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم و یاسای هەڵبژاردنەکانی هەرێم.

ئەم بڕیارانە بە تەواوی پێچەوانەی ویستی بارزانیە، لەوەی دەیەوێت باڵادەستی بنەماڵەو حزب و هێزەکەی بەسەر حکومەتی هەرێمدا کەم نەکرێتەوەو کورت نەهێنێ، هەڵبژاردن بکرێت یان نەکرێت، بارزانیەکان دەیانەوێت وەک خاوەنی حکومەتی هەرێم بمێننەوە، سەلاحیەتەکانی بنەماڵەو حزبەکەیان بەهیچ شێوەیەک کەم نەکرێتەوە. هەر لەڕاستای ئەم چاوەڕوانیەوە ناساندنی خۆی وەک هێزی یەکەم بانگەوازی سەپاندنی مانەوەی دەسەڵاتەکەی ڕادەگەیەنێت، بەڵام بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی زیانێکی بێپەردەیە بۆ بارزانی و قەوارەی حکومەتی هەرێم.

مەسعود بارزانی بەپشتیوانی حزبەکەی سەرکردایەتی هەڵمەتێک دەکات کە لەبەرامبەر بڕیارەکانی دەسەڵاتی فیدراڵی عێراق دەوەستێتەوەو بەڕەنگاری دەکات، گەر ئەم گەمە سیاسیەی وەک قومارێک لەئاکامدا زیانێکی گەورەش بە خەڵکی کوردستان بگەیەنێت، لە بیرکردنەوەی بارزانی و حزبەکەیدا بایەجێکی نیەو بە هەر بەهایەک و بە هەر شێوازێک بێت مانەوەی دەسەڵاتی پاوانخوازی هێزی میلیشیای بنەماڵەکەی کێشەی سەرەکیانە.

ئەو لایەنانەی کە گوایە نوێنەرایەتی کەمینەکان دەکەن و بەدەنگی کۆتا دەچنە ناو پەرلەمانی کوردستانەوە، کە بەردەوام لەگەڵ پارتیدا هاوهەڵوێست بوون، لەو بڕیارەی دادگای فیدراڵی بۆ هەڵوەشاندنەوەی پشکی کەمینەکان ناڕازین و خۆیان بە هاوبەشی پارتی دەزانن لەم پرسەدا، بۆیە ناچارن هاوبەشی توڕەییەکانی پارتی بکەن لەبەرامبەر دەسەڵاتدارانی بەغدا و دژ بە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی بوەستنەوە.

بەڵام بڕیارەکەی دادگا بۆ هەڵوەشاندنەوەی کورسی پێکهاتەکان ئەنجامی داوایەکە کە لەلایەن یەکێتی نیشتمانی کوردستانەوە پێشکەش کراوە، بۆ لاوازکردنی توانای ڕکابەری پارتیە لە هەڵبژاردندا بەرامبەر بە یەکێتی، هەربۆیە پارتی ئەو بڕیارە بە بڕیارێکی نادەستوری و ناڕەوا دادەنێنن و دژ بە پێکهاتەکان و دیموکراسی ناوزەدی دەکەن، چونکە زیانێکی گەورەی لێدەکەن.

بڕیارەکان کە لەلایەن دادگای فیدراڵیەوە دەرچوون، لەسەر ئەو پرسانەی کە ڕەواڵەتێکی یاساییان هەیە، بەڵام لە جەوهەردا پەیوەندیەکی نزیکیان بەو ناکۆکیە سیاسیەوە هەیە کە لە ململانێی نێوان لایەنەکان لە هەرێم و بەغدا مامەڵەی پێدەکرێت، لەسەر بنەمای پشکەکان و دیموکراسیەکی فەرمی کە بە فۆرمی حکومەتی قەومی و ئیسلامی و تائیفی جێبەجێ دەکرێت.

پارتی دیموکراتی کوردستان بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی عێراقی سەبارەت بەیاسای هەڵبژاردن بۆ هەرێمی کوردستانی عێراق و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی ڕەتکردەوە، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە “پێچەوانەی ڕۆحی دەستوورە”، لەکاتێکدا گەورەترین ڕکابەرەکەی، کە یەکێتی نیشتمانیە ، پێشوازی لە بڕیارەکان دەکات، بەناوی ئەوەی کە یارمەتیدەرن بۆ گەیشتن بە پرەنسیپی یەکسانی دەرفەتی هەڵبژاردن و دەستەبەرکردنی مووچە بۆ خاوەنەکانیان!.

هەر لەم بارەیەوە مەکتەبی سیاسی پارتی ڕایدەگەیەنێت بەشداری هەڵبژاردنێک ناكات کە بە نایاسایی و نادەستوری  و لەسایەی سیستەمێکی سەپێنراودا بەڕێوەدەچێت. هەر بەم شێوەیە پێش هەموو شتێک پێویستە بڵێین ناکۆکیەکانی نێوان هەردوو لایەنی پارتی و یەکێتی قووڵتر دەبێتتەوەو دۆخی سیاسی کوردستان شێوازێکی تر لە ململانێی ئەو دوولایەنە بە خۆیەوە دەگرێت.

بڕیاری بەشدارینەکردنی بارزانی لە هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستاندا شتێکی سەرسوڕهێنەر نەبوو، بەڵکو هەوڵێکە بۆئەوەی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانێک کە بە بڕیاری دادگای فیدراڵی دیاریکراوە و بە سەرپەرشتی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان دەکرێت، لە بەرامبەر دۆڕانێکدا بەرەوڕوو نەبێتەوە، کە نەتوانن حکومەتی ژێردەسەڵاتی دەزگاکانی بارزانی دامەزرێنن.

بارزانی نیگەرانی و پەرچەکرداری خۆی نەشاردەوە لەبەرامبەر ئەو بڕیارانەی کە ڕێگاکانیان لێتەسک کردەوە و ئەو کەلێنانەیان لێداخرا کە بۆباڵادەستی حزبەکەی پیادەی دەکرد، جا لەڕێگەی پشکەوە بێت یان بەهەر شێوەیەکی تر کاریان لەسەر کردبێت، ئەم بڕیارەی ئێستای دادگای فیدراڵی  ئاماژە بە ترسی لەدەستدان و پێدانی شوێنی زیاتر لە کێبڕکێ و دەرفەتەکانی یاریکردن بە هەڵبژاردن دەکات، بەمانەیەک کە لە هەڵبژاردنەکانی پێشوتردا بۆ هەمو کەس ڕۆشن و ئاشکرابو، کە لە ناو گەمەی هەڵبژاردنەکاندا، پێشوەخت و پێش هەڵبژاردن هەموو شت لە بەرژەوندی بارزانی بڕاوەتەوە، بەڵام ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکانی ئەمجارە و لە کاتی خۆیدا بەپێی ئەو میکانیزمانەی کە دادگای فیدراڵی دیاریکردوە، مانای گۆڕانکاریەکە کە کەمترین دەرفەت ئەدا بە بارزانی کە هاوکێشەی هەڵبژاردنەکان لە بەرژەوەندی پارتی بسەپێنێت، بۆیە پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند، بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ناکەین، بۆ ئەوەی قورسایی و گێژاوێک بخاتە نێو مەیدانی ململانێکان، تا لایەنەکانی بەرامبەری لە کوردستانی و عێراقی ناچارکات بێنە بەردەم مێزی گفتوگۆ و دانوسان و ڕێکەوتن لە ژورە داخراوەکاندا.

هەموو ئەو بڕیارانە بەگشتی لەلایەن سەرکردایەتی سیاسی هەولێرەوە بە پێشێلکردنی دەستوور دادەنرێن، بارزانیش بە هەوڵێکی بەغدا یان هەوڵی هەندێک لە لایەنە سەرەکیەکانی بەغدا بۆ بچوککردنەوەو تێکدانی قەوارەی سیاسی لە هەرێمی کوردستان مامەڵەی دەکات، بەتایبەتیش بە لێدان لە پێگەی بارزانی دەیخەمڵێنن

دوای ئەوەی دادوەرێکی سەر بەپارتی لە دادگای فیدراڵی دەستی لەکار کێشایەوە، هەروەها لە بەیاننامەکەی مەکتەبی سیاسی پارتیدا کە هەڕەشەی کشانەوە دەکات لە پڕۆسەی سیاسی، واتە کشانەوە لە پەرلەمانی عێراق و حکومەتەکەی محەمەد شیاع سودانی، هەروەها هەڕەشەی کشانەوەی لەڕێککەوتنی بەناو هاوپەیمانیش کردوە، تا گۆمی قوڵی کێشەکان تەواو بشڵەقێنێت.

لەلایەکی تریشەوە بارزانی وەها نیشان ئەدات بەرەوڕاگرتنی هەموو گفتوگۆ سیاسیەکان لەگەڵ بەغدا هەنگاودەنێت، هەندێک زانیاری باس لەوە دەکەن کە بارزانی دەستیکردووە بە بەهێزکردنی هەندێک هێزی پێشمەرگەی کوردستان لەسەر سنوورەکانی هەرێم لەگەڵ پارێزگاکانی ژێر دەسەڵاتی ناوەندی لە بەغدا، بە تایبەتی پارێزگاکانی نەینەوا و کەرکوک.!

هەر لەم بارەیەشەوە سەرکردایەتی سیاسی لە هەولێر هەوڵی قسەکردن لەگەڵ ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپا ئەدات، بۆ ئەوەی نێوەندگیری بکەن لە چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی پەیوەستن بە بڕیارەکانەوە کە لەدادگای باڵای فیدراڵی و ئەو کارانەی لەبەرامبەر هەرێم لەلایەن بەغداوە ئەنجامدراون.

بارزانی لە ئێستاوە لە هەوڵی دەستپێکردنی پەیوەندیەکانیەتی لەگەڵ ڕەوتی موقتەدا سەدرو پیاوانی ئاینی شیعە، هەوڵێکە بۆ گەڕاندنەوەی ئەو هاوپەیمانیەی نێوانیان کە پێشتر بویانە،ڕەنگە لە بۆچونی بارزانیدا ڕەوتی سەدر یەکێک بێت لە بژاردە گرنگەکان بۆ فشار خستنە سەر حکومەتی بەغداو دادگای فیدراڵی، واتە تەواوی هەوڵەکانی بارزانی لەو قەیرانەی بە فشارەکانی حکومەتی عێراق و ئێران و دادگای فیدراڵی و یەکێتی نیشتمانی دەرگیری بووە، نایەوێت بە ئاسانی خۆی ملکەچ و ڕادەستی ئایندەیەک کات کە پێگەی دەسەڵاتی لە کوردستاندا لاواز دەکات، بەڵام ئەوەی لە ئەزمونی ژیانی سیاسی بارزانیدا ناوبانگی هەیە، ناتوانێ لە نمونەی تاقیکردنەوەی شکستی ڕفراندۆمەکەی زیاتر هەنگاو بنێت.

بەڵام لەم بارەیەوە سەبارەت بە بەغدا، بژاردەکانی پەرەسەندنی ناوەندبونەوەی عێراق بە ئاراستەی خۆیدا بەڕێ دەخەن، بەتایبەتی هەندێک هێز لە چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەدا بە پشتیوانی ئێران توندن لەسەر ئەوەی هەوڵدەدەن سزای تەکنیکی و ئابووری بەسەر هەرێمدا بسەپێنن و یەکێتی نیشتمانیش لاری لەم هەنگاوانەی چوارچێوە هەماهەنگی و ئێران نیە.

ئەوەی شایانی باسە سەختترین بژاردە ئەوەیە کە هەندێک لە کوتلە چەکدارەکانی شیعە لە بەغدا،یان لایەنەکانی بەناو بەڕەنگاری ئیسلامی عێراق، بە مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشەکانیان بۆ سەر ئامانجەکانی هەولێر و سەنگەرەکانی پێشمەرگە و شوێنە گرنگەکانی ژێر دەسەڵاتی بارزانی وەک هەڕەشەیەک بکەنەوە ئامانج، ئەم بژاردەیەش بۆ بەغدا لە ئێستادا کارێکی ئاسان نیە.

ئەوەی لەم ململانێیەدا جێگای سەرنجە یەکێتی نیشتمانی پشتیوانی تەواوی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی دەکەن و لە بەرژەوندی گۆڕینی هاوسەنگی هێزەکەیان لە بەرامبەر پارتیدا حسابی لەسەردەکەن، بەمانایەک لە بەردەوامی ئەو هەوڵانەدان چۆن لە هاوکێشە سیاسیەکاندا جارێکی تر بەڵکو بتوانن پارتی و بارزانی بخەنەلاوە.! ئەمەش چەند مایەی دەستکەوت دەبێت بۆ تاڵەبانی، ئەو ئاستی ململانێ و ڕووداوەکان دیاری دەکات، ئەم هەڵبەزو دابەزەی نێوان بارزانی و تاڵەبانی سنورێکی دیاریکراوی نیە، مەگەر ناڕەزایەتی و ڕاپەڕینی بەرفراوانی جەماوەری بە کۆتایی هێنانی ئەم دوو دەسەڵاتە میلیشیایە، ئەم بەڵایە لە کۆڵ خەڵکی کوردستان بکاتەوە

ئەو هێزە سیاسیانەی کۆنتڕۆڵی دەسەڵاتیان لە عێراقدا بەدەستەوەیە، کە زۆربەیان حزبی شیعە و کوتلە چەکدارەکانی سەر بەئێرانن، ئەو ڕەواڵەی لە بردنە پێشەوەی ناوەندبونەوەی حکومەتی عێراق گرتویانەتە بەر، بەدوای ئەو دەرفەتانەوەن کە دەسەڵاتەکانی هەولێر سنوردارکەن، لەم پرۆسەیەدا فشارەکانی بەغدا وەک گەمەیەکی سیاسی جەخ تلەسەر سندوقەکانی دەنگدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و موچەی فەرمانبەران دەکەن.

لەلایەکی تریشەوە ناکۆکیەکی گەورە لەنێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێم سەبارەت بە پشکی هەرێم لە بودجەی دەوڵەتی عێراق، و میکانیزمەکانی ژماردنەوەی فەرمانبەرانی هەرێم، بووەتە هۆی پشێوی لە پێدانی مووچەی فەرمانبەران، ئەمەش دۆخێکی سەختی سیاسی کۆمەڵایەتی دروستکردوە لە کوردستانی عێراق و ڕیسوایی و شەرمەزاریەکی زۆری بۆ حکومەتی هەرێم دروست کردوە، لەهەمانکاتدا مایەی ناڕەزایەتیەکانی بەرفراوانی جەماوەریە. ئەم بابەتەش فرسەتی داوە بە دەستێوەردانی دادگای فیدراڵی و دەرکردنی بڕیارێک بەگواستنەوەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان  بۆ بانکە حکومیەکانی عێراق، لە بەرامبەریشدا پارتی پێداگری لەسەر “هەژماری من” دەکات.

هەروەها بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانی پابەند کردووە بەوەی کە سەرجەم داهاتی نەوت و نانەوتی ڕادەستی حکوومەتی فیدراڵی بکرێت.

دەرچونی ئەم بڕیارانەی دادگای فیدراڵی، لەگەڵ ئەو دەستوورەی عێراقدا یەکدەگرنەوە و پێچەوانەی پرەنسیپەکانی نین،کە دەستورێکە لەسەر بنەمای پشکی بەشبەشێنەی نەتەوەیی و دینی و تائیفی و هاوسەنگی هێزەکان داڕێژراوە، دەستورێکی تاسەر ئێسقان کۆنەپەرست و دژی ئینسانیە، کە کاتی خۆی بارزانی و تاڵەبانی بە هەردەپەنجە مۆریان کردوە، بەو مانایەش بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی تەعبیر لە پیادەکردنی سیاسەت و ئامانجی ئەو هێزە سیاسیانە دەکات کە حکومەتی ئێستای عێراق بەڕێوەی دەبات،  پارتی و یەکێتیش هاوپەیمانی ئەو حکومەتەن، بەڵام ئێستا هاوکێشە سیاسیەکان و ئاستی هاوسەنگی هێزەکان و بەرژەوەندیەکان، پێگەی سیاسی لایەنەکان و ئاڵوگۆڕ لە دۆخی سیاسی عێراق و ناوچەکەدا بەرەوڕوی کێشەی ترن، هەرلایەنێک لە هەوڵی دابینکردن و گونجاندنی بەرژەوەندیەکانیەتی، بۆیە ڕووداوەکان بە بێ دەخالەتی سەربەخۆ و ڕاستەوخۆی جەماوەری ناڕازی، دەمانخاتە بەردەم ململانێی ئەو ئاڵوگۆڕانەی ئاستی هاوسەنگی هێزەکان دەیبرێنێتەوە.

Check Also

چیرۆکی ئاڵای سوور!

وەرگێڕانی: توانا محەمەد نوری لە ئازاری ١٨٧١ شۆڕشگێڕانی فەرەنسا دەستیان بەسەر هۆتێل دی ڤیل لە …