قوتی خەڵك لە ململانێی سیاسیدا!

موحسین کەریم

ئەو هاوڵاتیانەی کوردستان کە مووچەو سەرچاوەی دابینکردنی ژیانیان لەلایەن حکومەتەوە دەستەبەردەکرێ، ماوەی ٦ مانگە ژیانیان لەنێوان ململانێی نێوان حکومەتی هەرێم و ناوەندا بە بارمتە گیراوەو مانەوەی فیزیکی ئەوان لەبەردەم هەڕەشەدایە. سەرەڕای ئەوە، بەشێکی دیکەی بەرچاوی خەڵکی کوردستان کە لەڕێگای مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو توێژە فراوانەی هاوڵاتیاندا ژیانی خۆیان مسۆگەر دەکەن، روبەروی هەمان دۆخی نالەباری ژیان بونەتەوە. بەوجۆرە دەکرێ بوترێ کە ژیان و گوزەرانی بەشی هەرەزۆری هاوڵاتیانی کوردستان کراوەتە بابەتی فشارو مامەڵەی سیاسی و دەستشکاندنەوەی هێزە میلیشیا دەسەڵاتدارەکانی کوردستان و عێراق!

بەشێك لە سەرکردەکانی میلیشیا شێعە دەسەڵاتدارەکانی عێراق، سەبارەت بە مووچەو قوتی هاوڵاتیانی کوردستان، فرمێسکی تیمساحی دەرێژن و گوایە نایانەوێ و دژ بەوەن کە ژیانی خەڵك بکرێتە بابەتی ململانێی و کێشمەکێشی سیاسی نێوان هەرێم و ناوەند، بەڵام هاوکات هەر ئەوانن کە بەبیانوی جۆراوجۆر، بەمەبەستی فشاردانان لەسەر دەسەڵاتدارانی هەرێم و بەتایبەتی پارتی کە خاوەنی سەرەکی حکومەتی هەرێمەو لەناو هاوکێشە سیاسی و ئەمنیەکانی ناوچەکەدا لەسەر بەرەی تورکیا حسابی بۆ دەکرێ، هەر رۆژەی بیانویەك بۆ نەناردنی بودجەو مووچە دەدۆزنەوە. ئەگەرچی ئەوان وانیشان دەدەن کە بیانوەکەیان شەرعیەو بەشێکیش لە لایەنە ئۆپۆزیسیۆنەکان و بگرە یەکێتی نیشتمانیش کە خۆی شەریکە دەسەڵاتی پارتیە، ئەو پاکانەیەی دەسەڵاتدارانی ناوەند رەواج پێدەدەن، بەڵام بۆچی دەبێت ئەوە شەرعی و ڕەوابێت کە بەهۆی ئەوەی لەناو لیستی مووچەخۆرانی هەرێمدا چەند هەزار بندیواری ئەحزابەکان هەیە، نانی سەدان هەزار مامۆستا و فەرمانبەر و خانەنشین و خاوەن پێدوایستی تایبەت و … تاد. ببڕدرێت!؟ ئایا بەڕاستی حکومەتی ناوەند  کارنامەی داراییەکەی ئەوەندە خاوێنە کە بواری ئەوەی تیانەبێ لەبەرخاتری ژیانی واقعی سەدان هەزار مووچەخۆری واقعی باجی بندیوارەکان قبوڵ بکات!؟

گومان لەوەدا نیە کە لەوەتەی ئەو تاقمە میلیشیا ئیسلامیانە دەسەڵاتی عێراقیان بەدەستەوە گرتوە، ملیارەها دۆلاری داهاتی خەڵکی عێراقیان تاڵانکردوەو سەدان بەڵگە لەوبارەوە بڵاوبۆتەوە. بەپێی دانپێدانانی بەرهەم ساڵح لەساڵی ٢٠٢١دا کەسەرۆك کۆماری عێراق بوو، لەساڵی ٢٠٠٣ وە تا ئەوکاتە ١٥٠ملیار پارەی نەوت دزراوەو ڕەوانەی دەرەوەی عێراق کراوە. بەپێی راپۆرت دەزگای میدیایی (FORBS) کە کۆمپانیاکی میدیایی جیهانیەو تایبەتە بە چاودێریکردنی پرسەکانی چالاکی ئابوری و وەبەرهێنان و تەکنۆلۆژی و لیدەرشیپی و شیوازی ژیان.. عێراق لەلیستی ووڵاتە گەندەڵکارەکاندا پلەی سێیەمی هەیە! بەڵام ئێستا بەناوی شەفافیەت و وەستانەوە دژی گەندەڵی ژیانی سەدان هەزار مووچەخۆری کوردستانیان بەبارمتە گرتوە.

بەڵام پاکانەکانی پارتی بەوەی کە حکومەتی ناوەند لەرێگای بەبارمتەگرتنی مووچەو قوتی خەڵكی کوردستانەوە دەیەوێ هەرێم تەسلیم بکات و قەوارەی هەرێم لەناوبەرێت، بۆیە ئەوان ئامادەنین لەبەرخاتری مووچە قوربانی بە دەسکەوتێکی مێژوویی خەڵکی کوردستان؛ واتە حکومەتی هەرێم، بدەن، پڕوپاگەندەیەکی بۆش و ناوبەتاڵە. ئەوە ڕاستە کە حکومەتی ناوەند و هێزە دەسەڵاتدارە شێعەکان، کە ئێستا دەسەڵاتی تەواوی دەوڵەتی عێراقیان بەدەستەوەیەو بەشێکن لە ئەجندای ئێران لەعێراق و ناوچەکەدا، دەیەوێ کۆتایی بەو دۆخە سیاسیەی کوردستان بهێنن و دەسەڵاتی ناوەند بەسەر هەموو عێراقدا بسەپێننەوە. ئەوان لەهەوڵی ئەوەدان کە ئەو ئیمتیازە سیاسیەی لە دوای روخانی سەدامەوە بە ناسیۆنالیزمی کورد درابوو، وەریبگرنەوە تا ئەو ڕادەیەی کە یەکێتی و پارتی تەنها پێگەی ئەنجومەنی تەشریعی و تەنفیزیەکەی سەردەمی سەدام و پۆستی پارێزگارەکانی شارەکانی هەرێمیان هەبێت. ‌هەڵبەتە لەدوای ١٦ ی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠١٧ ەشەوە زۆریان لێوەرگرتونەتەوە! بەڵام بۆچی پارتی ئەو قومارە بە قوتی خەڵکی کوردستانەوە دەکات؟ بۆچی لەجیاتی ئەوەی دەست بەرێت بۆ قاسەکەی خۆی کە ملیارە دۆلاری دزراوی لە داهاتی خەڵکی کوردستان تێدایە و وەکو مووچەو پرۆژەی خزمەتگوزاری بیخاتەبەردەست خەڵکی کوردستان، ئامادەیە ئەویش لەگەڵ حکومەتی ناوەنددا خەڵکی کوردستان برسی بکات و کەسایەتیان بشکێنێ!؟ بۆچی ئەویش وەکو حکومەتی ناوەند و میلیشیا شێعە فەرمانڕەواکانی عێراق نان و ژیانی خەڵکی کوردستانی کردۆتە کەرەستەی بەرگری دژ بە پیلانەکانی ئەوان بۆ نەهێشتنی قەوارەی هەرێم!؟ بۆچی دەبێ بەرگری پارتی لە قەوارەی هەرێم کە لەڕاستیدا قەوارەی دەسەڵاتی حزبەکانی کوردایەتی و پارتیە بە پلەی سەرەکی و سەرچاوەی دەسەڵات و داهاتی زۆروزەوەندە بۆ سەرانی کوردایەتی و بنەماڵە دەسەڵاتدارەکانی لەسەر حسابی برسیکردن و هەژارکردنی خەڵکی کوردستان، لەسەر زیاتر برسیکردنی خەڵکی کوردستان بێت؟

کەواتە هەڵوێستی دروست سەبارەت بە پرسی مووچە و بژێوی موچەخۆران و خەڵکی کوردستان بەگشتی، ئەوەیە کە بیانوەکانی حکومەتی ناوەند و حکومەتی هەرێم و لایەن و میلیشیا ڕکابەرەکان لە هەردوولاوە، چ شێعەکان و چ کوردایەتی، بەهەند وەرنەگرن و نەبنە کڕیاریان! دەبێ خۆیان بەپشتبەستن بە هێزی رێکخراوی خۆیان، ئاڕاستەی نارەزایەتیەکانیان بکەنە هەردوو دەسەڵاتی ناوەند و هەرێم، بەجۆرێك کە مەترسی لەسەر دەسەڵات و بۆ دەسەلاتیان دروست بکەن، دەنا نە حکومەتی هەرێم و یەکێتی و پارتی ئامادەن مووچەی خەڵک بدەن و نە حکومەتی ناوەند ئامادەیە دەستبەرداری فشارەکانی بێت لەسەر حکومەتی هەرێم و بەپلەی سەرەکی پارتی لەرێگای بەبارمتەگرتنی قووتی خەڵکی کوردستانەوە.

 

Check Also

پەیامەکانی سەردانەکەی ئۆردوگان!

موحسین کەریم رۆژی دووشەممە ٢٢ی نیسان رەجەب تەیب ئۆردوگان سەردانی بەغدای کردو لەگەڵ بەرپرسانی عێراق …