وەڵامی یەکیەتی نیشتمانی بە موچە و قووتی کارمەندانی کوردستان، سەرکوتگەرییە!

ئەمڕۆ مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی بۆ هاتنەدەنگ و داواکردنی موچە نەدراوەکانیان کە لەنێوان حزبە دەسەڵاتدارەکانی کوردستان و عێراقدا شەش مانگە ڕاگیراوە، خراوەتە ژێر مەنگەنەی بانکەکانی ئەملاوئەولاوە، ویستیان بەخۆپیشاندان و ڕێپێوان لەشەقامی مەلیک مە‌حمودەوە بەڕێبکەون بۆ دەباشان، بەڵام هێزە ئەمنیەکانی سەر بەیەکێتی جگە لەڕێگرتن لەناڕازییان، چەندین ڕابەر و هەڵسوڕاوی مامۆستایانیان دەستگیر کردووەو دەستیان گرتووە بەسەر کامێراو کەلوپەلی بەشێک لەمیدیاکان کە بۆ ڕوماڵی ناڕەزایەتیەکە ئامادە بوون.هەتاکو نووسینی ئەم بەیانەش هێشتا بەشێکی بەرچاو لەهەڵسوڕاوانی مامۆستایان بەند کراون.

ئەم هەنگاوە سەرکوتگەرانەیەی هێزە ئەمنیەکان جارێکی تر نیشانی ئەداتەوە کە یەکێتیش لەگەڵ ناڕەزایەتی مامۆستایان و فەرمانبەراندا نییەو وەک بەشێک لەدەسەڵات دانووی لەگەڵ هەرجۆرە ناڕەزایەتیەکدا ناکوڵێت، چونکە ئەزانێت کە بۆ خۆشی بەشێکە لەو میحنەتەی کە بەبۆنەی نەدانی موچەوە ڕووبەڕووی مامۆستایان و فەرمانبەران و خێزانەکانیان بۆتەوە.

لەلایەکی تریشەوە ئەم کردەوەیە دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کە یەکێتی نیشتمانی کوردستان تا ئەو کاتەی کە ناڕەزایەتییەکان ڕوویان لەوەیە زۆرتر یەخەی دەسەڵاتی زۆنی زەرد بگرێت، وەک ئەوەی کە ‌حکومەت بە زۆری بە دەست ئەوەوەیە، یان ڕوو لە ناوەند بکات، بەر بۆ ناڕەزایەتیەکان شل ئەکات. تاکو لەلایەکەوە خۆی بخاتە پاڵ ناڕەزایەتیەکانی خەڵکەوە و گوایە ئازادی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی دەربڕین ڕێز ليئەگرێت. بەڵام کاتێک ناڕەزایەتیەکان بە هەمان شێوە یەخەی یەکێتی خۆشی ئەگرێتەوە ئیتر بە پەلاماردانی ناڕازیان و سەرکوتی ڕۆژنامەنوسان هاوشێوەی دەسەڵاتەکەی پارتی لەزۆنی زەرددا وەڵام ئەداتەوە.

ئێمە لە کاتێکدا کە ئەم کردەوەیەی هێزە ئەمنیەکانی یەکێتی سەرکۆنەدەکەین، ڕاستەوخۆ بەدژی مافی هەڵسوڕانی سیاسی و ناڕەزایەتی دەربڕین ناوزەدی دەکەین. هاوکات داوا ئەکەین کە دەستبەجێ هەڵسوڕا و ڕابەرانی مامۆستایان ئازاد بکرێن و ڕێگە بە هەر میدیا و ڕۆژنامەنووسێک بدرێت بۆ ڕووماڵی ناڕەزایەتی مامۆستایان. فەرمانبەران و مامۆستایان و موچەخۆران بە غەیری دەنگ هەڵبڕین و خۆپیشاندانی ناڕەزایەتی چییان بۆ ماوەتەوە تاکو پارووی دەمی مناڵەکانیان لە قوڕگی دەسەڵاتی ستەمکاری کوردایەتی دەربهێنن؟! سەرکوتی خۆپیشاندانو ناڕەزایەتی بەرهەقی کارمەندانی کوردستان، ئەلقەیەکی تەواوکاری سیاسەتی نەدانی موچە و دەستبەسەرداگرتنی هاوڵاتیانی مەحرومی کوردستانە، کە ئەبێ لەلایەن جەماوەرەوە لەقاوبدرێ.

حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان

٢٥ ی مارسی ٢٠٢٤

Check Also

پەیامەکانی سەردانەکەی ئۆردوگان!

موحسین کەریم رۆژی دووشەممە ٢٢ی نیسان رەجەب تەیب ئۆردوگان سەردانی بەغدای کردو لەگەڵ بەرپرسانی عێراق …