پەیامەکانی سەردانەکەی ئۆردوگان!

موحسین کەریم

رۆژی دووشەممە ٢٢ی نیسان رەجەب تەیب ئۆردوگان سەردانی بەغدای کردو لەگەڵ بەرپرسانی عێراق کۆبوەوە. دواتریش سەردانی هەولێری کردو چاوی بە سەرۆکی پارتی و بەرپرسانی هەرێم کەوت.

کۆبوونەوەی ئۆردوگان لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی عێراقدا، بە هاورێیەتی تیمێکی وەزاری بوو کە لەبواری جیاجیادا چەند رێکەوتنامەو یاداشتنامەی لێكتێگەیشتن لەنێوان هەردولادا واژۆکرا. چوار پرسی سەرەکی بابەتی رێکەوتن و یاداشتەکانی نیوانیان بوو کە بریتی بوون لە پرسی ؛ ئاو، ئاسایش، بازرگانی و پیشەسازی.

بێگومان بۆ حکومەتی عێراق، پرسی ئاو، پرسێکی گرنگەو ساڵانێکە بوەتە کێشەی نێوان ئەو دوو ووڵاتە. دروستکردنی چەندین بەنداو لەلایەن تورکیاوە لەسەر هەردوو ڕوباری دیجلەو فورات، لەم دۆخە ژینگەیی و گۆڕانکاری کەشوهەوای ناوچەکەو عێراقدا دەتوانێ کارەساتی بێئاوی بۆ عێراق دروست بکات. ئەم پرسە چەکێکە بەدەست تورکیاوە بۆ دانوسان لەگەڵ عێراقدا. هاوکات بوونی هێزەکانی پەکەکە لەسەر خاكی عێراق و تەنانەت بەجۆرێك هاوکاری حەشدی شەعبی بۆ هێزەکانی یەبەشە، کەسەر بە پەکەکەیە، مەسەلەیەکی ئەمنی گرنگە بۆ تورکیا، دەکرێ وەکو کارتێکی فشار بەدەست عێراقەوە بەکاربهێنرێ بۆ ملدانی تورکیا بە داواکاریەکانی  لەبواری ئاودا. بەوجۆرە، هەروەکو لە راگەیاندنی هەردوولادا هاتوە، پرسی ئاو و ئەمن دوو بابەتی گرنگ و سەرەکی گفتوگۆو رێکەوتنەکانیان بووە.

بەڵام ئایا عێراق مل بە خواستی تورکیا دەدات بۆ ناسینی پەکەکە وەکو گروپێکی تیرۆریست؟ بێگومان لەم هەلومەرجەی ئێستادا عێراق کارێکی لەوجۆرە ناکات، لەبەرئەوەی کە یەکەم، ناسینی پەکەک وەکو گروپێکی تیرۆریستی ئەرك و وەزیفەی سەربازی و ئەمنی دەخاتەسەر سانی حکومەتی عێراق لە پەیوەند بە تورکیاوە بۆ لێدان لە پەکەکەو ڕادەستکردنەوەی ئەندام و هەڵسوڕاوەکانی! دووەمیش، لە بەرژەوەندی عێراق نیە خۆی تووشی ئەو کێشەیە بکات. لەبەرئەوەی لەلایەکەوە پەکەکە لەناو ریزبەندیە ناوچەییەکاندا لەپاڵ ئێراندا جێگای گرتوەو ئێرانیش کە دەسەڵاتی سیاسی و بڕیاری بەسەر حکومەتی عێراقدا هەیە، ئەوکارە لە بەرژەوەندی خۆی نازانێ وەکو هێزێکی رکابەری هەرێمی لەگەڵ تورکیا و رێگای پێنادات. بۆیە ئەگەری ئەوە زیاترە کە هەروەکو سودانیش ڕایگەیاند لە پەیوەند بە هەندێ ئۆپەراسیۆنەوە کە پەیوەندی بە تیرۆرەوە هەبێ ئامادەی هاوکاری بن لەگەڵ تورکیا! ئەمەش ڕەنگە بەوەبگات کە حکومەتی عێراق بە رەسمی قبوڵی ناوچەیەکی ئەمنی  بۆ تورکیا بکات یاخود چاوپۆشی لەو بنکە سەربازیانە بکات کە هەر ئێستا تورکیا لەناو خاکی عێراقدا لەهەرێمی کوردستان دایناون!

سەرباری پرسەکانی ئاو و ئەمن، پرسی ئابوری، یاخود وەکو خۆیان دەڵێن بازرگانی و پیشەسازی، پرسێکی گرنگی دیکەی ستراتیژیە بۆ هەردوو ووڵات. عێراق لەڕووی جوگرافیەوە پێگەیەکی زۆر گرنگی هەیە لەنێوان رۆژهەڵات و ئەوروپا بۆ گواستنەوەو ئاڵووێڵی بازرگانی و هاوکات بەهۆی دەیان ساڵ شەڕ و وێرانکاریەوە، شوێنێکی گرنگە بۆ وەبەرهێنانی ئابوری و رووتێکردنی سەرمایە کە بوەتە جێگای چاوتێبڕینی کۆمپانیا و بلۆکە سەرمایەداریە گەورەکانی دنیا و دەولەتانی سەرمایەداری ناوچەکەش تا لە پرۆسەی بنیاتنانەوەی عێراقدا پشکێکیان بەربکەوێ.

تورکیا، کە ساڵانێکە دەیەوێ لەناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا وەکو هێزكی هەرێمی لەلایەن جەمسەرە ئیمریالیستەکانەوە قبوڵ بکرێ و نەخشی هەبێ لە داڕشتنەوەی ئارایشی سیاسی- ئابوری ناوچەکەدا کە دەرگیری نارامی و شڵەژان بۆتەوەو دەبێت دوبارە سەقامگیری بۆ بگەڕێتەوە، وەکو ناوچەیەکی گرنگی جێگیربوونی ئەو پێگەیەی خۆی تەماشای عێراق دەکات. پێشنیارکردنی پرۆژەی (رێگای گەشەپیدان) لەلایەن تورکیاوە کە لەلایەن (٤) دەوڵەتەوە ( قەتەر، ئیمارات، عێراق و تورکیا) بڕیارە بە تێچووی (١٧) ملیار دۆلار جێبەجێ بکرێ، رۆژهەڵات و ئەورپا لەرێگای بەندەری فاو لە عێراق بە بەندەرەکانی تورکیا بەیەکەوە دەبەستێتەوە. ئەم پرۆژەیە پرۆژەیەکی ئابوری زەبەلاحەو بێگومان کۆمەکێکی یەجگار گەورە بە ئابوری تورکیا دەکات و تورکیاش لەو تەریکیە دەپارێزێ کە بەهۆی پرۆژەی ( رێڕەوی ئابوری- کۆریدۆری ئابوری) یەوە روبەرووی دەبێتەوە، کە لەلایەن ئەمریکاوە پشتیوانی دەکات و بڕیارە هندستان لەرێگای کەنداو و ئەردەن و ئیسرایلەوە لەرێگای بەندەری حەیفاوە بە ئەوروپا بگەیەنێ.

بەڵام مەسەلەیەکی دیکە کە جێی خۆیەتی لێرەدا ئاماژەی پێبکەین سەردانی ئۆردوگانە بۆ هەولێر و  بایەخدانە بەپارتی و دانانی ئاڵای کوردستانە لەپاڵ ئاڵای تورکیاو عێراقدا لە کۆبوونەوەکاندا! ئەم ئیمتیازەی ئۆردوگان بۆ پارتی بەپلەی سەرەکی بۆ حکومەتی هەرێم، دەکرێ لە سێ لایەنەوە خوێندنەوەی بۆ بکرێ؛

١/ ئۆردوگان وەکو هاوپەیمانێکی سیاسی- ئەمنی مامەڵەی پارتی دەکات و لەبەرامبەر فشارەکانی بەغدا لەسەر پارتی قورسایی و سەنگ بە پارتی ئەدات.

٢/ ئۆردوگان کەخۆی لەناوخۆی تورکیادا ئێستا باری لێژە بووە، دەیەوێ بەم موجامەلەیە بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان، کە تائێستا وەکو باکوڕی عێراق و حکومەتی هەرێمی وەکو ئیدارەی باکوڕی عێراق ناوبردوە، روخساری خۆی بەرامبەر بە خەڵکی کوردی تورکیا سپی بکاتەوەو سۆزو سەمپاتی ئەوان بۆخۆی حزبەکەی رابکێشی و دووریان بخاتەوە لە ئۆپۆزیسیۆن. هاوکات دۆخێکی نالەبارتر بۆ نفوزی پەکەک لەناوخۆی کوردستانی تورکیادا بخوڵقێنێ و خۆی حکومەتەکەی وەکو دۆستی خەڵکی کورد بناسێنێ.

٣/ بەو پشتیوانیەی لەپارتی و ئەو مامەڵە نوێیەی حکومەتی هەرێم، ناچاریان بکات کە لە پرسی ئەمنی و تەنگەبەرکردنەوەی پەکەکەدا لەچوارچێوەی سیاسەتی تازەیان لەگەڵ عێراق هاوکاری زیاتری تورکیا بکەن. کە رەنگە سەرەنجام بەوە بگات هەمان چارەنوسی حزبە ئۆپۆزیسۆنەکانی ئێران لە هەرێمی کوردستان بەسەر پەکەکەشدا دوبارە بکەنەوە!

 

Check Also

سەردانی سودانی بۆ کۆشکی سپی

عوسمانی حاجی مارف هەر لەسەرەتای دانیشتنی بایدن و سودانی، بایدن ڕایگەیاند کە ئەمریکا پابەندە بە …