وتەی ڕێکخستنی ئوسترالیای حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان

لە مەراسیمی ڕێزلێنان لە ژیان و خەباتی هاوڕێ حوسێنی مورادبەگی لە سیدنی، ئوسترالیا.

 عامر سابیر

ئێوارەتان باش بەڕێزان،

منیش بەخێرهاتنی گەرمتان ئەکەم بۆ بەشداریتان لەم ئێوارە کۆڕەدا بۆ بەرزڕاگرتنی ژیان و خەباتی ئینسانێکی کۆمۆنیست و شۆڕشگێڕ، هاوڕێ حەمە سور (هاوڕێ حوسێنی مورادبەگی).

سەرەتا بەناوی ڕێکخستنی ئوسترالیای حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستانەوە، سەرەخۆشی گەرمی خۆمان ئاڕاستەی تەواوی خانەوادەی خۆشەویستی هاوڕێی ئازیزمان حوسێن مرادبەگی ناسراو بە (حەمە سور) ئەکەین. وە هاوخەمی و هاودڵی خۆمان لە گەڵ تەواوی دۆست و هەموو ئەو هاوڕێ کۆمۆنیست و کرێکارە سۆشیالیستانەدا دەردەبڕین کە لە نیو سەدەی ڕابردودا هاوخەبات و هاوحیزب و هاوسەنگەری هاوڕێ حەمە سور بوونە.

هەر لێرەدا بە پێویستی ئەزانم کە زۆر دەستخۆشانە بکەم لەو هاوڕێانەی کە زەحمەتیان کێشا و ئەم ئێوارە کۆڕەیان لە شاری سیدنی ڕێکخستووە  بۆ هاوڕێ حەمە سور. بۆ ڕێزگرتن لە تێکۆشانی کۆمۆنیستی و خەباتی نەپساوەی زیاتر لە 50 ساڵی ژیانی ئەم ئینسانە شۆڕشگێڕ و کۆمۆنیست و پشودرێژ و ماندوونەناسە.

مەرگی ناوەختی هاوڕێ حەمە سور بەهۆی شەڕی ژیان لەگەڵ نەخۆشی شێرپەنجەدا، کە بەداخەوە زۆر بەزوویی جێی هێشتین، نەمانی ئەو خەسارەتێکی زۆر گەورە بوو لە چینی کرێکار و بزووتنەوە کۆمۆنیستی و کۆمەڵایەتیی ئەم چینەلە کوردستان و لە ئێران و لە عێراقدا. مەرگی ئەو خەسارەتێکی گەورە بوو بۆ ئازادی و ئینسانییەت، بۆ کۆمۆنیزم و حیزبەکانی، بۆ خانەوادە و هاوڕێیانی،  نەمانی ئەو زەڕبەیەکی گەورە بوو لە کۆمۆنیزمی کرێکاری، کە ئەو وەک یەکێک لە ڕابەرانی، چەندین دەیەیژیانی خۆی بۆ هاتنەدی ئەو ئاوات و ئامانجە کۆمۆنیستی و شۆڕشگێڕانەیەی کە لەبەردەم خۆی داینابوو، لە خەباتێکی نەپساوەدا ماندوونەناسانە لە هەڵسوڕاندا بوو بۆی. بەداخەوە جێگەی ئەو بۆ هەمیشە خاڵییە، بەڵام یادی ئەو، دەرس و بەرهەمەکانی ئەو، ڕێبازەکەی ئەو، بۆ هەمیشە زیندوو ئەمێنێ و چرای ڕووناککردنەوەی ڕێگای تێکۆشان و خەبات ئەبن لە پێناوی یەکسانی و ئازادی و گێڕانەوەی ئیرادە بۆ ئینسان.

یەکێک لە خەسڵەتە شۆڕشگێڕییەکانی ئەم ڕابەرە کۆمۆنیستە، درکی قوڵ و باوەڕی پۆڵاینی ئەو بوو بە حیزبییەتی چینی کرێکار. هەر لەو کاتەی وەک گەنجێک تێکەڵ بە کاری سیاسی بوو، تا ئەو کاتەی کە نەخۆشییەکەی ڕێگەی پێدا، ئەم هاوڕێیە ئەندام و ڕابەر و دامەزرێنەری ئەو ڕێکخراو و حیزبانە بووە کە تیایدا هەڵسوڕاوە. کاتێک کە لە کۆمەڵەدا بوو، بووە یەکەم فەرماندەی گشتی هێزی چەکداری کۆمەڵەی کۆمۆنیست لەو دەورانەدا، وە تا ئەو کاتەی وزە و توانای تیادا بوو، بە قسەی هاوڕێ نزیکەکانی لە حیزبی حیکمەتیست، ئەو بەشداری کۆبوونەوە و پلینیۆمەکانی ئەو حیزبەی کرد کە بۆ بەدیهاتنی سۆشیالیزم خۆی تیادا ڕێکخستبوو. لای حەمە سورەکان حیزبایەتی ئاستێکی بەرزی هوشیاری چینایەتییە، چونکە ئەوەی لا ڕوون بوو ئەم هاوڕێیەکە بەبێ ڕێکخراوبوون و حیزبییەتی چینی کرێکار و گرتنەدەستی دەسەڵاتی سیاسی، مەحاڵە سەرمایەداری بروخێ و سوشیالیزم و دنیایەکی باشتر بەرپابکرێ.

لەو کۆڕی ڕێزلێنانەی کە شەمەی ڕابردوو لە لایەن خانەوادەکەیەوەڕێکخرابوو لە سوید، یەکێک لە خزمەکانی، ئەوی وەک کوردێکی کۆمۆنیست وەسف کرد، بەڵام لە واقیعدا ئەو کۆمۆنیستێکی کورد بوو نەک کوردێکی کۆمۆنیست. ئەو یەکێک لە ڕابەرانی بەرجەستەی کۆمۆنیزمی کرێکاری بوو،کە لە ڕوانگەی چینی کرێکار و بەرژەوەندییەکانی ئەم چینەوە دنیای ئەبینی، ئەو وەک کۆمۆنیستێکی جەسور و خەباتکار و شۆڕشگێڕ هەموو هەوڵی بۆ گۆڕینی ژیانی ئینسانەکانی سەردەمی خۆی بوو، هەروەک چۆن بۆ کۆمۆنیزمی کرێکاری کە ئەو یەکێک لە ڕابەرانی بوو “کۆمۆنیزم” هەوڵی ئینسانەکانی هەر سەردەمێکە، بۆ ئەوەی دنیای خۆیان بگۆڕن و دنیایەکی باشتر و سۆشیالیزم بنیات بنێن.

هاوڕێیان، لەسەر ئەو هێڕشە کە یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە 14/7/2000دا کردییە سەر حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری عێراق و پێنج کادری بەرجەستەی حیزبیان لە شاری سلێمانی بەڕۆژی ڕووناک گولەباران کرد، هاوڕێ حوسێنی مورادبەگی لە 26/7/2000دا نامەیەک ئاڕاستەی جەلال تاڵەبانی ئەکات لە ژێر ناونیشانی “خەبات لە دژی ملهوڕی و کۆنەپەرستی”  هاوڕێ حەمە سور لە بەشێکی نامەکەیدا بۆ جەلال تاڵەبانی ئەڵێت “هەروەک ئاگادارن من دووجار نامەی سەرئاوەڵام بۆ نووسین، کە هەردووکیان بەداخەوە لەسەر دەستدرێژی پەلاماربردنی یەکێتی نیشتمانی بوون، بۆ سەر حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری عێراق، ئەمەیان نامەی سەرئاوەڵا نییە،  بەڵکو دەربڕینی ڕق و نەفرەت و بێزاری منە لە کردەوەی جینایەتکارانەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، بەتایبەتی شەخسی نەوشیروان مستەفا لە دژی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری عێراق، لە دژی ڕێکخراوی سەربەخۆی ئافرەتان و سەنتەری بەرگری لە مناڵانی بێ پەنا و لە دژی سەنتەری پارێزگاری ژنان”. هاوڕێ حەمە سور بەردەوام ئەبێت و ئەڵی “تەقەکردن و چونەسەرمەقەڕ و بارەگای سیاسی حیزبیکی کۆمۆنیست و ڕادیکاڵ و ئازادیخواز، کە بۆ ئازادی و یەکسانی کرێکاران و کۆمەڵانی یەکسانیخواز خەبات دەکات، ئەم ڕەفتارانەتان نەک تەنها ئەوپەڕی کۆنەپەرستی ئەگەیەنێ ، بەڵکو نموونەیەکی ئاشکرایە لە کردەوەی جینایەتکارانەی هێزێکی عەشایەر و بەکرێگێراو و ڕاووڕوتکەر و بێ دەربەست”.

لە ساڵی 2013دا، هەر لەو ساڵەی کە هاوڕێ حوسێنی مرادبەگی چارەسەری بۆ نەخۆشی شێرپەنجە وەردەگرت، تۆماس پکیتی کە ئیکۆنۆمیستێکی باڵی چەپی بۆرژوازی فەرەنسایە، لاسایی مارکسی کردەوە و کتێبێکی بڵاوکردەوە بە ناوی (سەرمایە لە سەدەی بیست و یەکدا)

Capital in the twenty-first century

هاوڕێ حەمە سور، سەرەڕای نەخۆشی و ئەوچارەسەرە تاقەتپڕوکێنانەی وەری دەگرت بۆ نەخۆشییەکەی، بەڵام کات تەرخان ئەکا و ئەم کتێبەی پکێتی ئەخوێنێتەوە و بە نامیلکەیەک وەڵامی ئەداتەوە و ڕەخنەی لێ ئەگرێ. کتێبەکەی پکێتی لە ساڵی 2018دا کراوە بەکوردی، بەهیوای کتێبەکەی هاوڕێ حەمە سوریش کە بە فارسی بڵاوکراوەتەوە، بتواندرێ وەرگێڕدرێتە سەر زمانی کوردی ئینگلیزی.

ئەم دنیایە بەبێ حوسێنی مورادبەگی ناخۆشتر و تاریکترە، بۆ هاوڕێ (حەمە سور)درێژەدان بە ڕێبازەکەی گەورەترین وەفادارییە، یادی هاوڕێ حوسێنی مرادبەگی هەردەم بەرز و بەڕێزە لامان، بە پێداگری لەسەر ڕێباز و ئامانجەکانی، بە بەرزڕاگرتنی یادی ئەو، ڕێگاکەی درێژە پێئەدەین، ڕێگای خەباتی بەردەوامە و پڕ ڕێبوار بێت.

سوپاستان ئەکەم

18/05/2024

 

Check Also

کۆمۆنیزم و یەکسانیخوازی، دەتوانێ بەر بە کوشتاری ژنان بگرێت!

 رێبوار ئەحمەد “سیستەمی حوکمڕانی بەرپرسیارە لە کوشتاری ژنان”! ئەمە ناوەرۆکی ڕاپۆرتێکە کە ڕێکخراوی ئەمینستی بەم …