گفتوگۆ لەگەڵ دەشتی جەمال سکرتێری فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراقی

سەبارەت بە ناردنی پەنابەران بۆ ڕواندا لەلایەن حکومەتی بەریتانیاوە

ئۆکتۆبەر: دوای مشتومڕێکی زۆرو چەندجار ڕەتکردنەوە، سەرەنجام بڕیاری حکومەتی بەریتانیا بۆ گواستنەوەی ئەو پەنابەرانەی ڕوو لەو وڵاتە دەکەن بۆ ڕواندا، لەلایەن پەرلەمانی ئەو ووڵاتەوە پەسەندکرا. ئێستا حکومەت سەرقاڵی جێبەجێکردنی پرۆسەی ناردنی پەنابەرانە بۆ ڕواندا. بەڵام لەئاستی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و یەکێتیە کرێکاری و کەسایەتیە مرۆڤدۆستەکاندا ناڕەزایەتی دژ بەو سیاسەتەی حکومەت هەیەو ئێوەش بەشێكن لەو ناڕەزایەتیانە. دەکرێ لە دوا پێشهاتەکانی ئەو پرسەو ئاستی ناڕەزایەتیەکان لەناو خەڵکی بەریتانیاو جێگاو نەخشی فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراق لە پەیوەند بەو مەسەلەیەوە زانیاری زیاترمان پێبدەی!؟

دەشتی جەمال: دوای ئەوەی پلانی ناردنی پەنابەران بۆ ڕواندا لەلایەن پەرلەمانی بەریتانیاوە لەمانگی چواری ئەمساڵدا پەسەندکرا لەچوارچێوەی ڕێکەوتننامەیەکی پێشتردا کە حکومەتی بەریتانیا و ڕواندا لە نیسانی ٢٠٢٢دا لەسەری رێك کەوتبوون کە بریتی بوو لە نیشتەجێکردنی پەنابەران لەلایەن حکومەتی ڕوانداوە تا کەیسەکانیان یەکلادەکرێتەوە، بەرامبەر بە هاوکاری ئابوری بەریتانیان بۆ ڕواندا، حکومەتی بەریتانیا کەوتە جێبەجیکردنی ئەو بریارەی پەرلەمان. لەیەکەم هەنگاودا هەڵمەتێکی دەستپێکرد بۆ هێرشکردنەسەر ئوتیلەکان کە ژمارەیەکی زۆر پەنابەریان تێدا راگیرابوو. هەروەها بەپێی نامەیەك کە پیشتر لەلایەن وەزەراتی ناوخۆی بەریتانیاوە بۆ ئەو پەنابەرانە ڕەوانەکرابوو، ئاگادارکرابوون کە دەگۆێزرینەوە بۆ کەشتی بی بی ستۆکهۆڵم لە باشوری بەریتانیا. تەنانەت ژمارەیەك پەنابەر لەکاتی ئیمزای هەفتانە لەبنکەکانی پۆلیس بەبێ ئاگادارکردنەوەی پیشوەخت دەستگیرکران وگوێزرانەوە بۆ ئەو کەشتیە تا ئامادەیان بکەنبۆئەوەی ڕەوانەی ڕواندایان بکەن.

دیارە ئێمە وڕێکخراوەکانی بەرگریکار لەمافەکانی پەنابەران و چەند هەڵسوراوی یەکیتی کرێکاریەکان لەکاردانەوە بەدژی ئەم سیاسەتە نامرۆڤانەیەی حکومەتی بەریتانیا چەند چالاکیەکمان دەستپێکرد، بەتایبەتی دوای ئاگادارکردنەوەمان لەلایەن پەنابەرەکانەوە کە نامەیان بۆ ڕۆیشتبوو تابەدەر لە خواستی خۆیان بگوازرێنەوە بۆ کەشتی بی بی ستۆکهۆڵم.

ئێمەبەردەمی ئەو ئوتیلانەمان گرت و رێنمایی یاسایی، کەبەشیوەی لفلیت ئامادەمان کردبوو، دامانە دەست پەنابەرەکان بۆئەوەی بزانن چۆن داکۆکی لە خۆیان بکەن وچۆن پەیوەندی بەو پاریزەرە خۆبەخشانەوە بکەن کە ئامادەییان دەربریبووە یارمەتی پەنابەران بدەن. هاوکات ژمارەیەکی زۆر لەهەڵسوراوانی بەرگریکار لەمافەکانی پەنابەران بەشێوەی پشتینەیی و دەستخستنە دەستی یەکەوە بەردەم ڤانو دەرگای سەرەکی ئەو ئوتیلانەمان گرت تا ریگەبگرینلەگواستنەوەی زۆرەملێی پەنابەران بۆ کەشتی بیبی ستۆکهۆڵم. خۆشبەختانە لە هەندێك لەوئوتیلانەی کەوتنە بەر هەڵمەتی دەستگیرکردنی پەنابەرەکان توانرا ڕیگری بکرێت لە گواستنەوەی پەنابەران.

هەروەها فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراق بەهاوبەشی لەگەل ڕێکخراوی سەراسەری پەنابەرانی ئیرانی وچەند ڕێکخراوی داکۆکیکار لەمافەکانی پەنابەران وهەڵسوراوانییەکیتیە کرێکاریەکانی بەریتانیا، لەدرێژەی هەوڵەکانمان وکەمپەینێك کەلەسەرەتای ئەم ڕێکەوتنامەیەوە بەرێمانخستبوو، دوو خۆپیشاندانی گەورەمان بەرپاکرد. یەکێکیان لەبەردەم ماڵی سەروەك وەزیرانی بەریتانیا و ئەوی تر لەبەردەم وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا بوو. ئەم خۆپیشاندانانە لەلایەن جۆن مکدونێڵ ئەندامی پەرلەمانی بەریتانیاو خەزینەداری پیشوی حکومەتی سیبەر و جێرمی کۆربن سەرۆکی پیشووی حیزبی لەیبەرو چەند یەکیتی کرێکاریی گەورەی بەریتانیا پشتیوانیلێکرا، لەوانە؛ یەکیتی کریکارانی خزمەتگوزاری وبازرگانی گشتی، هەڵسوراوانی یەکێتی کریکارانی ئاگرکوژانەوە، یەکیتی مامۆستایان و یەکێتی کریکاریی (یونایتد). سەرەڕای ئەوە ژمارەیەکی زۆر لە کارمەندانی وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا کە ئەندامی یەکێك لەگەورەترین یەکیتیە کرێکاریەکانی بەریتانیان بەناوی (PCS) پەیامی پشتیوانی خۆیان گەیاندە خۆپیشاندانەکەی کە ئێمە لەبەردەم وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا ڕێکمان خستبوو.

جێگەی ئاماژەیە هەر لەسەرەتای واژۆکردنی ئەو ڕیکەوتنامەیەی لەنیوان حکومەتی بەریتانیا و ووڵاتی روانداوە لەسەردەستی وەزیری ناوخۆی هەردولا بۆناردنی پەنابەران بۆ ڕواندا، دەیان ڕیکخراوی مرۆڤدۆست و ژمارەیەك لە یەکیتیە کرێکاریەکانی بەریتانیا دژی وەستانەوە و سەرزەنشتیان کرد. هەروەها لەسەرەتاوە دادگای بەریتانیا رەزامەندی لەسەر ئەو سیاسەتەی حکومەت پیشان نەدا. ئێمەش بەشێك بووین لەو پرۆسەیەو ئەو هەوڵانە تا بتوانین ئەم سیاسەتە بەشکست بکیشین.

ئۆکتۆبەر: باستان لەوە کرد کە لەسەرەتای واژۆکردنی ئەو رێکەوتنامەیەوە لەنێوان حکومەتی بەریتانیاو ڕواندا، ئێوەو رێکخراوە مرۆڤدۆست و یەکێتیە کرێکاریەکان دژی ئەو رێکەوتنامەیە وەستاونەتەوە و کەمپینێكتان بەڕێخستوە بۆ ئەو مەبەستە، دەکرێ زیاتر لەوبارەوە رونکردنەوەمان بۆبدەی؟

دەشتی جەمال:  بێگومان حکومەتی بەریتانیا هەربەدوای واژوکردنی ئەوریکەوتننامەیەدا لەسەردەستی هەردوو وەزیری ناوخۆی بەریتانیاو رواندا  دەیویست ئەو بڕیارەی خۆی جێبەجێ بکات، بەڵام ئێمە هەر لەسەرەتاوە بە هاوبەشی لەگەڵ رێکخراوەکان و یەکێتیە کریکاریەکان و کەسایەتیە مرۆڤدۆستەکانی بەریتانیا دژ بەو سیاسەتە نامرۆڤانەیەی حکومەتی ڕاسترەوی بەریتانیا وەستاینەوە. ئەوەبوو یەکەم گەشتی پلان بۆ داڕێژراوی حکومەت لە مانگی حوزەیرانی ٢٠٢٢ دوای بڕیارێکی مشتومڕاوی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا ڕاگیرا.ڕاستەکەی پێشگرتن بەو کارە بەرەنجامی کارو هەوڵەکانی ئێمەو هاوکارانمان بوو لەناو ئەو لایەن و کەسایەتیانەی ناوم هێنان. ئەوکات ژمارەیەکی زۆر لە پەنابەران کە لەگرتووخانەکانی بەریتانیا دەستبەسەرکرابوون تا رەوانەی ڕواندا بکرێن و ژمارەیان (٧٠) کەس بوو، لەوانە ژمارەیەکیان هاولاتی هەرێمی کوردستان وپەنابەری ئیرانی بوون،بەردەوام  لەپەیوەندیدا بووین و ڕێنمایمان پێدەبەخشین. چەندین پارێزەری خۆبەخش ئامادەی هاوکاریکردنی فیدراسیۆن بوون. ئێمە کەیسەکانمان وەردەگرتنو ئاراستەی ئەو پاریزەرە خۆبەخشانەماندەکرد کە بەشیوەی یاسایی داکۆکی لەکەیسی پەنابەرەکان بکەن. خۆشبەختانە  لەکۆی  ئەو٧٠ پەنابەرە کە بڕیاربوو بیانگوێزنەوە بۆ ڕواندا، تەنها ٧ پەنابەر مابوەوە کە سواری فڕۆکەی بکەن، هەموو ئەوانی دیکە لەرێگای پاریزەرە خۆبەخشەکانەوە بلیتی فڕۆکەکەنیان هەڵوەشێنرایەوە.

ئەوەی جێگای ئاماژەی تایبەتە ئەوەیە کە لەکاتی سەرخستنی ئەو (٧) کەسەدا بۆ ناو فڕۆکەکە، یەکێکیان کە پەنابەرێکی کوردی ئیران بوو، بە دەستو قاچ بەستراوی و بەشێوەیەکی توندوتیژ دەیخەنە ناو فڕۆکەکەوە، لەوکاتەدا لەگەڵ یەکێك خۆبەخشەکانی فیدراسیۆندا تەلەفۆنەکەی کراوە دەبێت و گویمان لە هاوارو گریانەکەی بوو کە دەستبەجێ توانمیان تۆماری بکەین. ئەوەبوو تۆمارەدەنگیەکە وروونکردنەوەیەكی خۆمان نارد بۆ میدیاکانی بەریتانیا.هاوکات هەر هەر ئەوکاتەو ڕاستەوخۆ کەیسەکەیمان گەیاندە دادگای ئەوروپا بۆ مافەکانی مرۆڤ. ئەوەبوو دادگای ئەوروپا لەسەر بنەمایئەوکەیسانە، بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی گەشتەکەی داو بەوجۆرە سەرجەم ئەو پەنەبارانەش کە ئامادەکرابوون بۆ ڕەوانەکردن بۆ ڕاوەندا، ئازاد کران!

دوای ئەو کارەمان هەر ئەورۆژە لەگەل ژمارەیەکی زۆر لەهەڵسوراوانی داکۆکیکار لەمافەکانی پەنابەران شەقامی سەرەکی بەردەم گرتووخانەی دەستبەسەری نزیك فرۆکەخانەی هیسرۆمان لە لەندەن گرت و چەندین نامەی نارەزایەتیشمان ئاراستەی وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا ودەزگا بەرپرسەکان کرد.پاشان روومانکردە گرتووخانەدەستبەسەرەکانی دیکە کە پەنابەریان تێدا دەستبەسەرکرابوو. لەڕیگەی بلندگۆوە پەیاممان پێدەدان و هانمان دەدان کە مل بە بە ڕەوانەکردنیان نەدەن بۆ ڕواندا. پەنابەرەکان وەکو نارەزایەتی بەرامبەر بە ناردنیان بۆ ڕواندا، بۆماوەی چەند کاتژمێر دەستیان دایە مانگرتن و کۆبونەوە لە حەوشەی زیندانەکاندا. بەوشیوەیە نەتوانرایەکەم کاروانی ناردنی پەنابەران بۆ ڕواندا سەربگرێت.

ئۆکتۆبەر: لەناو قسەکانتا باسی ئەوەت کرد کە دادگای باڵای بەریتانیا رەزامەند نەبوە بە ناردنی پەنابەران بۆ ڕواندا، باسی رەزامەندی پەرلەمان دەکەیت لەسەر ئەو پرسە. ئایا ئەو مەسەلەیە چۆنە؟ بۆچی دادگای رزای نەبوەو پەرلەمان ڕازی بووە!؟ لەوبارەوە روونکردەوەی زیاترمان پێبدەیت.

دەشتی جەمال: حکومەتی بەریتانیا دوای ئەو بریارەی دادگای ئەوروپا بۆ مافی پەنابەران و شکستی پلانەکەی،پەنایبۆ دادگای شاهانەی بەریتانیا برد تا پشتیوانی ئەوان بەدەستبهێنیت،ئەگەرچی دادگای شاهانە لە بەرژەوەندی حکومەت بڕیاری دا، بەلام لەلایەن چەندین پاریزەری خۆبەخش و رێکخراوی داکۆکیکار لەمافەکانی پەنابەران و هەولەکانی فیدراسیۆنەوە، رووبەرووی ئاستەنگکرایەوە.ئەوەبوو چەندین بەلگەی یاسایی لەسەر نائەمنی ڕواندا ونایاساییبوونی بریاری ناردنی پەنابەران بۆ ڕواندا  ئامادەکراو بڕیارەکەی دادگای شاهانەی بەریتانیا لە دادگای باڵای بەریتانیا تەمیزکرایەوە،سەرەنجام لە تشرینی دووەمی ٢٠٢٣ دادگای باڵا بە کۆی دەنگی بڕیاری دا کە هەنگاوەکانی ناردنی پەنابەران بۆ ڕواندا نایاسایین چونکە ئەوە مسۆگەر نیە کە حکومەتی ڕواندا بەشێوەی دروست بڕیار لەسەر کەیسەکانیان بدات و ئەگەری دروستکردنی مەترسی لەسەر ژیانیان هەیە بە ناردنەوەیان بۆ ئەو شوێنانەی لێیەوە هاتوون!

بەڵام حکومەتی ڕاستڕەوی بەریتانیا لەسەر ئەوە سوور بوو کە ئەو سیاسەتەی جێبەجێ بکات، بۆیە لەپشتی بڕیاری دادگاوە، پەنای بۆ پەرلەمان برد کە زۆرینەی سەر بە پارتی پارێزگارانی دەسەلاتدارە. ئەوەبوو پەرلەمان بەزۆرینەی دەنگ بڕیاری ناردنی پەنەبارانی بۆ ڕواندا پەسەندکرد. بۆیە ئێمە ، فیدراسیۆنی سەراسەری عێراقی و رێکخراوەکانی دیکەی پەنابەران و ژمارەیەك هەڵسوراوی یەکێتیە کرێکاریەکان و رێکخراوە چەپەکان و کەسایەتیەکانی لایەنگر لە مافی پەنابەران و مافی مرۆڤ لەچەشنی جۆن ماکدۆنێل و جێرمی کۆربن دوو کەسایەتی سیاسی و ئەندام پەرلەمانی بەریتانیا بەردەوام دەبین لەسەر هەوڵ و تێکۆشانمان بۆ بەشکست کێشانی هەنگاوەکانی ناردنی پەنابەران بۆ رواندا و لەوەش زیاتر دژ بە گرتن و دەستبەسەراگرتنی پەنابەران لە گرتووخانە دەستبەسەرەکان و دیپۆرتکردنەوەیان و بەرەسمیەتناسینی مافی پەنابەری و مافی کارکردن و هەڵگرتنی هەموو بەربەستەکان لە گەیشتنی پەنابەران بە سەلامەتی ، بەهەموو توانامانەوە بەردەوام دەبین.

Check Also

کۆمۆنیزم و یەکسانیخوازی، دەتوانێ بەر بە کوشتاری ژنان بگرێت!

 رێبوار ئەحمەد “سیستەمی حوکمڕانی بەرپرسیارە لە کوشتاری ژنان”! ئەمە ناوەرۆکی ڕاپۆرتێکە کە ڕێکخراوی ئەمینستی بەم …