کوردستان لە کۆتایی دەورەیەکدا

رێبوار ئەحمەد

کوردستان دوای زیاتر لە چارەکە سەدەیەک لە دابڕانی دیفاکتۆ لە عێراق، لە جەرگەی دۆخی سیاسی تازەدا و لە چوارچێوەی کێشمەکێشی سیاسی نێوان حزبەکانی کوردایەتی و دەوڵەتی مەرکەزیدا، خراوەتە سەر سکەی ڕاپێچبوونەوە بۆ ژێر دەسەڵاتی قەومی عەرەبی و ئیسلامی عێراق. ئێستا لە ڕوانگەی خەڵکی کوردستانەوە ئەم پرسیارانە بەرجەستە بوون کە بنەما و چوارچێوە و گرێوگۆڵەکانی ئەم کێشمەکێشە چیە و پەیوەندیان چیە لەگەڵ بەرژەوەندی خەڵک؟ هەریەک لە هەرێم و بەغدا چ چارەنوسێک دەخەنە بەردەم خەڵکی کوردستان؟ چارەنوسی هەرێم هەرچیەکی بەسەربێت چ پەیوەندیەکی بە چارەنوسی خەڵکی کوردستانەوە هەیە؟ ئایا گەڕانەوە بۆ ژێر ڕکێفی حکومەتی مەرکەزی وەکو ئەوەی بەشێک لە خەڵك پێی خۆشباوەڕن، بە قازانجی خەڵکی کوردستان تەواو دەبێت؟ ئایا گەڕانەوە بۆ ژێر ڕکێفی مەرکەز یان مانەوە لە دۆخی ئێستا کامیان بە قازانجی خەڵکە؟ ئایا جگە لەوانە ڕیگایەکی تر هەیە؟ لەم وتارەدا ئاوڕێکی کورت لە ٣٣ ساڵی ڕابردوو دەدەینەوە و دوای ئەوە هەریەک لەم پرسیار و ئەگەرانە لە ڕوانگەی بەرژەوەندی خەڵکی کوردستانەوە دەدەینە بەرباس و ئەنجامگیری لێدەکەین.

کۆتایی سەرگەردانی و نەمانی زەمینەی جیابونەوە

ئاشکرایە ئەو دۆخی سەرگەردانیە سیاسیەی ٣٣ ساڵە باڵی بەسەر کوردستاندا کێشابوو بە کۆتایی خۆی گەیشتوە. ٣٣ ساڵ کوردستان ناوچەیەکی دابڕاو بوو کە نە بۆخۆی خاوەنی دەوڵەتێکی دانپێدانراوی نێودەولەتی بوو نە بەکردەوە بەشێک بوو لە دەوڵەتی عێراق. ئەم دۆخی سەرگەردانیە کاریگەری زۆری هەبوو لەسەر هەموو لایەنێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوریی ژیانی خەڵک. بەگشتی دەکرێت بڵێین لەڕووی مەدەنیەت و ئاستی ژیان و خزمەتگوزاری و ژێرخانی ئابوریەوە، پاشەوپاش گەڕانەوەیەکی زۆری بەسەر ئەم کۆمەڵگایەدا سەپاند. حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی کە بەپێیپەتی و چاوی داخراوەوە بەرەو پاشکۆیەتی بۆ سیاسەتی جەنگخوازانە و میلیتاریزمی ئەمریکا تاویان دا و بەمجۆرەش پاسەوانی ئەم ناوچە سەرگەردانەیان پێسپیردرا، ماوەی ئەم ٣٣ ساڵە چاویان لە هەموو نەهامەتیەکانی خەڵک پۆشی و هەموویان کرد بە قوربانی ڕاگرتنی دەسەڵاتی داسەپا و میلیشیایی خۆیان. نە تەنیا هەموو مەینەتەکانی خەڵک، بەڵکو تەنانەت ئەو دەرفەتەیش کە بۆ چارەسەری مەسەلەی کورد پێکهاتبوو، ئەوانی نەخستە ناو بیرکردنەوە لە چارەنوسێکی تر جگە لە چاوەڕوان مانەوە بەدیار بەختی خۆیان لە پاشکۆیەتی بۆ ئەمریکا و دەوڵەتانی غەربی.

ئەم ماوە درێژە دەکرا هەم مەینەتە زۆروزەبەندەکانی خەڵک بەهۆی سەرگەردانی سیاسی، لەڕووی ژیانی ئابوری و سیاسی و مەدەنیەوە، هەم کێشەی کورد، بەشێوەیەکی گونجاو کۆتاییان بێت. زەمینە و دەرفەتی ئەوە هەبوو کە کوردستان جیابێتەوە و ببێتە دەوڵەتێکی سەربەخۆ. بەڵام حزبەکانی کوردایەتی کە چەند مەتری ئەولای بەرلوتی خۆیانیان نەدەبینی، ئەوەندە سەرمەستی دەسەڵاتە داسەپاو و گەندەڵەکەیان بوون، سەرباری ئەوەی خۆیان بیریان لە هیچی تر نەدەکردەوە، تەنانەت بە هەموو توانا دژی ئەو ڕێگاچارە عەمەلی و کارساز و گونجاوەش وەستانەوە کە لەلایەن مەنسور حیکمەت و حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریەوە هێنرایە گۆڕێ و خەباتێکی هەمەلایەنەی بۆ کرا. واتە ڕێگاچارەی جیابونەوە و دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆ.

ئێستا ئیتر جیابونەوە و دەوڵەتی سەربەخۆ لانی کەم لەم قۆناغەدا نە زەمینە و ئیمکانی ماوە نە ڕەغبەت. زەمینەی نەماوە چونکە ئەو دابڕان و سەربەخۆییە دیفاکتۆیەی هەبوو کۆتایی هاتوە و پرۆسەی گرێخواردنەوەی کوردستان بە عیراقەوە تا ڕادەیەکی زۆر یەکلابوەتەوە. هەروەها ئیمکانی نەماوە چونکە حکومەتی مەرکەزی تا ڕادەیەکی زۆر دەسەڵاتی خۆی سەقامگیر کردوە، سوپای عێراقی سازداوەتەوە و پڕچەکی کردوە، جگە لە سوپا میلیشیای حەشدی شەعبی دامەزراندوە و دەتوانێ بەرامبەر هەر هەنگاوێک لەم بارەیەوە بوەستێتەوە. هەروەها دەوڵەتانی ناوچەکە لە سایەی وەزعی سیاسی تازەی ناوچەکە و جیهاندا ئاسانتر دەتوانن یەکدەست ببنەوە بۆ بەرگرتن بەم مەسەلەیە. تەنانەت جیابونەوە ڕەغبەتیشی نەماوە، چونکە لەم ٣٣ ساڵەدا خەڵکی کوردستان ئەزمونێکی تاڵ و ناسۆریان هەبوو لەگەل حکومەتی کوردی. ڕاستە بەتەواوی دەوڵەتێکی سەربەخۆ نەبوو، بەڵام دەسەڵاتی کوردی و تاڕادەیەکی زۆریش بەشێوەی دیفاکتۆ سەربەخۆ بوو. ئەم ئەزمونە تاڵە دەوڵەتی سەربەخۆی لەبەرچاوی خەڵکی کوردستان خستوە و چیتر ئەم خەڵکە وەکو سەردەمەکانی پێش ئەم ئەزمونە تامەزرۆی  جیابونەوە و دەوڵەتی سەربەخۆ نیین. پێش ئەوەی حزبەکانی کوردایەتی بەدەسەڵات بگەن وایان دەنواند کە ئەگەر ئەوان بەدەسەڵات بگەن، دەسەڵاتی کوردی هەموو نەهامەتیەکان کۆتایی پێدەهێنێ و بەهەشتێک بەرپادەکات. ئەوان خۆڵیان کردە چاوی خەڵک و ئەوەندەی توانییان بە هەمانشێوەی دەوڵەتی مەرکەزی رقوکینەی قەومیان پەرەپێدا، هەردولا؛ واتە ناسیۆنالیزمی عەرەب و کورد  دووبەرەکی و قڵشتێکی گەورەی قەومیان لەنێوان خەڵکی کوردزمان و عەرەبزمان دروستکرد. بە لەبەرچاو گرتنی ئەمە و لەکاتێکدا کە کوردستان سەرگەردان و چارەنوسی هەڵواسرابوو، ئێمە پێشنیاری جیابونەوە و دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆمان کرد، هەم بۆ دەرهێنانی کوردستان لەسەرگەردانی و هەم بۆ کۆتایهێنان بە کێشەی کورد و دووبەرەکی ناو خەڵک و چینی کرێکار کوردزمان و عەرەبزمان. ئەم ٣٣ ساڵە بەکردەوە راستی بۆچونەکانی ئێمەی سەلماند کە حکومەتی کوردی و عەرەبی و تورکی و.. تد. بۆ چینی کرێکار جیاوازیی نیە. بەکردەوە ئەوە سەلما کە دەوڵەت چ کوردی بێت چ  عەرەبی، مادام کە بورژوازی بێت، هەموویان دژی کرێکارن. ئەم ئەزمونە ڕۆڵی گێڕا لەوەی کرێکاران و خەڵکی ستەمدیدە لە ئاستێکی بەرچاودا پەی بە ناوەڕکی ڕاستەقینە و بورژوازی بوونی ناسیۆنالیزم بەرن. تەنانەت ڕۆڵی گێڕا لە لاوازکردنی مەیل و خواستی جیابونەوە کە لە هەلومەرجێکی تایبەتی و دیاریکراودا و بەهۆی پێشڕەوی و هەژمونی سیاسی ناسیۆنالیزم لە هەردولاوە، واتە هەم ناسیۆنالیزمی عەرەب و هەم ناسیۆنالیزمی کورد، ئێمە بەناچاری دەستمان بۆ برد.  ئەم ٣٣ ساڵەی کە ناسیۆنالیزمی کورد دەسەڵاتدار بوو، هیچ مەینەتێک نەما بەسەر ئەم خەڵکەی نەهێنن. ئەمە هەرچەند بە نرخێکی زۆر گران بەدەست هات، بەڵام ڕۆڵی گەورەی گێڕا لە ڕەوینەوەی خۆشباوەڕی خەڵک بە ناسیۆنالیزم، تەنانەت ئەگەر تا ئاستێکی دیاریکراویش بێت. هەر ئەمەش فاکتۆرێکە لە خۆشباوەڕی ناڕەوای ئێستای خەڵک بە گەڕانەوە بۆ ژێر رکێفی دەوڵەتی مەرکەزی. ئەوەندە نەفرەت لە دەسەڵاتی حزبەکانی کوردایەتی دەکەن، گەڕانەوە بۆ ژێر رکێفی دەوڵەتی عەرەبی ئیسلامیان پێ باشترە.

گەڕانەوە بۆ ژێر ڕکێفی دەوڵەتی مەرکەزی

بەهۆی ئەو مەینەت و کوێرەوەریانەی لەم ٣٣ ساڵەی ڕابردوودا بەرۆکی بە خەڵکی کوردستان گرتبوو، لەئاستێکی فراواندا ئەو ڕوانگە و مەیلە لەناو ئەم خەڵکەدا بەهێزبووە کە  گەڕانەوە بۆژێر ڕکێفی حکومەتی مەرکەزی هەرچۆنێک بێت لەڕووی موچە و گوزەران و خزمەتگوزاری و بنەماکانی ژیان و گوزەرانی ڕۆژانەوە باشتر دەبێت لەم دۆخەی لەسایەی دەسەڵاتی کوردایەتیدا هەیە. جگە لە خەڵک، حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتیش دوای ئەو بنبەست و ناکامیەی بەرۆکیانی گرتوە، دوای شکستی سیاسەتی ئابوریی سەربەخۆ و دوای شکستی ریفراندۆم و دوای شکستی “نەزمی نوێی دنیا” و سیستەمی تاک جەمسەری و دوای شکستی سیاسەتی میلیتاریستی ئەمریکا لە ناوچەکە، کە پشتوپەنای بزوتنەوەی کوردایەتی بوو، ئیتر لە جەرگەی دۆخی تازەدا بەناچاری جگە لە ڕیگای چۆکدادان و تەسلیمبوون بە قەید و بەندەکانی حکومەتی مەرکەزی و گەڕانەوە بۆ ژێر ڕکێفی ئەو، ڕێگایەکی تر لە پێش خۆیان نابینن. بۆیە وەکو ئەمری واقع و لە چوارچێوەی ساتوسەودای سیاسیاندا ملیان بەم ڕیگایە داوە و خەریکن کوردستان ڕاپێچ دەکەنەوە بۆ ژێر دەسەڵاتی حکومەتی مەرکەزی.

ئەو خۆشباوەڕیەی لەناو بەشێک لە خەڵکدا پەرەی سەندوە، کە گوایە گەڕانەوە بۆ ژێر ڕکێفی حکومەتی مەرکەزی بەوجۆرەی کە لەئێستادا ڕێچکەی گرتوە، لانی کەم لەڕووی موچە و خزمەتگوزاری و سوتەمەنیەوە بە قازانجی خەڵک تەواو دەبێت، ئەمە لێکدانەوەیەکی دروست نیە. ئەمە دیدێکی زۆر تەسکبینانە کە لەچاو چارەنوسی سیاسی و مافە مەدەنیەکانی خەڵك، لەم ڕوانگە بەرتەسکەوە چاو لە مەسەلەکە بکرێت. گەڕانەوەیە بۆ ژێر ڕکێفی حکومەتێک کە ڕون و ڕاشکاو قەومی بوون و ئیسلامی بوون و تەنانەت مەزهەبی و شیعەبوونی خۆیشی ڕاگەیاندوە و دەیەوێ لە ڕوانگەی ناسیۆنالیزمی عەرەب و ئیسلامەوە مامەڵە لەگەل خەڵکی کوردستان بکات، دەتوانێ سەرەتای ڕێگایەک بێت کە ئەوسەرەکەی بگات بە داسەپاندنەوەی ستەم و پلەدوویی بەسەر خەڵکی کوردستان و وردوخاشکردنی مافە سیاسی و مەدەنیەکانی ئەم خەڵكە بە دەستور و یاسای قەومی عەرەبی و ئیسلامی.

ئەو مەسەلانەش کە لەنێوان هەرێم و بەغدادا کێشمەکێشی لەسەر دەکرێت و لەلایەن سەرانی بزوتنەوەی کوردایەتیەوە وا نیشان دەدرێت کە پەیوەستە بە گەرەنتی ژیان و گوزەران و مافە سیاسی و مەدەنیەکانی خەڵکی کوردستانەوە، هیچ ڕاستیەکی تیا نیە. هەرێم و حزبە دەسەڵاتدارەکانی کوردستان تەنها لە هەوڵی ئەوەدان بەناوی نوێنەرایەتی خەڵکەوە و لە چوارچێوەی فیدراڵیزمی قەومیدا، ئیمتیازاتێک بۆ خۆیان مسۆگەر بکەن لە بەشداری دەسەڵات و داهات و سامانی بەتاڵانبراوی کۆمەڵگا. تەواوی ئەو مەسەلە و کەیسانەی بەدەستیانەوە گرتوە، لە فیدراڵیزمی قەومی و “ناوچە ناکۆکی لەسەرەکان” و سینگدادڕین بۆ موچە و بە بانکیکردنی، هەروەها خزمەتگوزاری و..و…تەنها بۆ ئەوەیە و لەو پێناوەدایە کە بەشی خۆیان مسۆگەر بکەن. ئەویش لەسەر حیسابی دزین و قرتاندنی بەشی خۆیان لە مووچە و مافی خەڵک، هەروەها ڕاپێچکردنی ئەم خەڵکە بەرەو چارەنوسێکی تاریک و مەترسیدار. لەڕاستیدا خەڵک و حزبەکانی کوردایەتی و قەوارەی هەرێمەکەیان هاوبەرژەوەند نین، یەک بەرژەوەندی هاوبەشیان نیە. ئەوەی بەقازانجی ئەوانە نەک هەر بەهەمانشێوە بە قازانجی خەڵک نیە، بگرە زۆرتر بە پێچەوانەیە. هاوکێشەکە زۆرتر وایە کە ئەوەی بەقازانجی ئەوانە بە زیانی خەڵکە و ئەوەی بە قازانجی خەڵکە بە زیانی ئەوانە. ئەوەی لەم نێوەدا هەڕەشە لە خەڵکی کوردستان دەکات، نە مەترسی لەناوچونی قەوارەی هەرێم و حکومەتی حزبەکانی کوردایەتیە، نە ئەوەی کام لا موچەی خەڵک بدات و نە کێشەکانی پەیوەست بە بانکیکردنی موچەی نیوان ئەم دوو جەمسەرە کۆنەپەرستە و نە تەنانەت “ناوچە ناکۆکی لەسەرکان” و ئەوانی تر. بەڵکو مەترسیەکە گەڕانەوەیە بۆ ژێر رکێفی حکومەتێک کە لە بنەڕەتدا لە هەمان ڕوانگەی شۆڤێنستی قەومی عەرەبی و ئیسلامیەوە لە مافەکانی خەڵکی کوردستان دەڕوانێ کە ڕژێمی بەعس لێی دەڕوانی و ئەگەر بۆشی بلوێ بە هەمان لۆژیک مامەڵە لەگەڵ ئەم خەڵکە دەکات.

فیدراڵیزم تەڵەیە نەک چارە!

فیدراڵیزمی قەومی کە لەلایەن ئەحزابی ناسیۆنالیستەوە وەکو رێگاچارەی کێشەی کورد و گەرەنتیکردنی مافەکانی خەڵکی کوردستان نیشان دەدرێت، نەک هەر بەهیچ جۆرێک ئایندە و چارەنوسێکی ڕووناک بۆ خەڵکی کوردستان مسۆگەر ناکات و گەرەنتی پاریزگاری مافەکانی ئەم خەڵکە نیە، بەڵکو ڕێک بەپێچەوانەیە. هەروەکو لە بیست ساڵی ڕابردودا بینیمان، فیدراڵیزمی قەومی مۆدیل و چوارچێوەیەکە کە بنەماکەی ئیمتیازدانە بە بورژوازی کورد و حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی لەسەر حیسابی مەینەت و کوێرەوەری زۆروزەبەند بۆ خەڵکی کوردستان. بەپێی ئەم مۆدیلە خەڵکی کوردستان دەبنە بارمتەی بورژوازی کورد بۆئەوەی وەکو نوێنەری ساختەی ئەم خەڵکە، لەلایەن دەوڵەتی مەرکەزیەوە بەشداربکرێن لە دەسەڵات و سامانی بەتاڵانبراو. سەرباری ئەمە بەپێچەوانەی مانەوەی ئازادانە و مەرجداری خەڵکی کوردستان لەگەڵ عێراق، کە کۆمەک دەکات بە بەهێزکردنی گیانی هاوچارەنوسی و هاوپشتی سەرجەم جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشی عیراق بە کوردزمان و عەرەبزمان و ئەوانی ترەوە، فیدراڵیزمی قەومی هۆکارێکە بۆ زەقکردنەوەی ناسنامەی ساختەی قەومی و هەمیشەییکردنی ناکۆکی و شەڕو بێنەو بەرەی قەمی و لێکدابڕینی چینی کرێکار لەسەر بنەمای قەومی. مۆدیلێکە بۆ شەڕ و کێشەی نەبڕاوەی هەرێم و مەرکەز لەپێناو زیادکردنی بەشی هەرلایەک لەسەر حیسابی لایەنی بەرامبەر. فیدراڵیزمی قەومی هیچ پێناسە و لەنگەرێکی نەگۆڕی نیە، بەڵکو هەمیشە و لە هەر هێزهاوسەنگیەکدا، هەر لایەکی ئەم کێشەیە لە بەرژەوەندی خۆیدا فیدراڵیزمی قەومی شرۆڤە دەکات و هەوڵدەدات لەسەر حیسابی لایەنی بەرامبەر بەشی خۆی زیاد بکات. بیست ساڵی رابردوو بەڵگەی حاشاهەڵنەگری ئەم ڕاستیەیە. تا کاتێک دەسەڵاتی مەرکەزی لاواز و هاوسەنگی هێز بە قازانجی هەرێم بوو، حزبەکانی کوردایەتی ئەم فیدراڵیزمەیان تا ڕادەی سەربەخۆیی لە فرۆشتنی نەوت و بەندوبەست لەگەڵ دەوڵەتان و پەیوەندی دەرەکی و سەپاندنی دەسەڵاتی میلیشیایی خۆیان بەسەر “ناوچە ناکۆکی لەسەرەکان” تەفسیر دەکرد، ئێستاش کە هیزهاوسەنگیەکە پێچەوانە بوەتەوە، وەکو دەبینین حکومەتی مەرکەزی پەڕوباڵی حکومەتی هەرێمی کردوە و وەکو ئیدارەیەکی لۆکاڵی پاشکۆی خۆی مامەڵەی لەگەڵ دەکات. ئەمە هێشتا کۆتایی کار نیە و دەتوانێ تا ئاستی ئۆتۆنومیە کارتۆنیەکەی ڕژێمی بەعس بڕوات. ئەمە چەندینجار لە مێژووی دەیان ساڵی ڕابردوی عێراقدا ڕویداوە و دەکرێت دیسان دوبارە بێتەوە، بەڵام ناسیۆنالیزمی کورد هیچ کات دەرسی لەم ئەزمونانە و تەنانەت لە شکستەکانی خۆی وەرنەگرتوە. هەمیشەش باجی کێشمەکێشی کۆنەپەرستانە و شکستەکانی خۆیان دەخەنە ئەستۆی خەڵکی کرێکار و ستەمدیدەی کوردستان. ڕوداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ تەنها نمونەیەکە کە چۆن جەماوەرێکی سەدان هەزاری لە خەڵکی کەرکوک و دوز و دەوروبەریان، باجی کێشەی کۆنەپەرستانەی ئەم دولایە و شکستی حزبەکانی کوردایەتیان بە ئاوارەیی و دەربەدەری و تیاچونی ماڵ و حاڵیان دایەوە.

رێگاچارە چیە؟

پێش هەرشت خەڵکی کوردستان پێویستیان بەوەیە کە ڕیز و چارەنوسی خۆیان لە حکومەتی هەرێم و حزبەکانی کوردایەتی جیابکەنەوە. ئەوەی کە حزبەکانی کوردایەتی و حکومەتی هەرێم بۆ قەبڵاندنی سیاسەتی کۆنەپەرستانە و تاڵانگەری خۆیان دەڵێن: “ئێمە هەموومان لە ناو کەشتیەکداین ئەگەر نوقم بێت هەموان تیادەچین”، ڕاست نیە. کەشتی ئەوان و کەشتی خەڵکی کرێکار و ستەمدیدەی کوردستان جیاوازە. بەڵام ئەوان هەمیشە باجی شکستەکانی خۆیان دەخەنە سەر خەڵکی کوردستان. ئەم خەڵکە دەتوانن و دەبێت حیساب و چارەنوسی خۆیان لەوان جیابکەنەوە. ئەم دەسەڵاتە تاڵانچی و ستەمکارە و خودی قەوارەکەیان مستەحەقی لەناوچونە. ئەوەی کە دەبێ ئەم دەسەلاتەش لەناوببات هاتنەمەیدانی ڕیزی فراوانی جەماوەری ناڕازی و ستەمدیدەی کوردستانە. خەڵکی کوردستان دەبێ بەڕیزێکی جیاواز و سەربەخۆ و لە ڕوانگە و ئاسۆیەکی سیاسی جیاوازەوە بەرامبەر هەردو دەسەڵاتی مەرکەزی و هەرێم و کێشمەکێشەکەیان بوەستنەوە. ڕێگای دروست ئەوەیە کە خەڵکی کوردستان ئەم دەسەڵاتە هەڵپێچێ و دەسەڵاتێکی پشتبەستوو بە ئیرادەی ڕاستەوخۆی خەڵک لە جێگایدا بەرپا بکات و پاشان ئەم دەسەڵاتە حیسابی خەڵکی کوردستان لەگەڵ حکومەتی مەرکەزی یەکلابکاتەوە.

بێگومان مانەوە لەگەڵ عێراق دەکرێت یەکێک بێت لە ڕێگاچارەکانی خەڵکی کوردستان بۆ کۆتایهاتنی دۆخی کارەساتباری ئێستا و چارەسەری کێشەی کوردیش. تەنانەت ئەمە دەکرێت ڕێگایەک بێت بۆ کۆمەککردن بە پەرەگرتن و بەرەوپێشچوونی خەباتی چینی کرێکار و جەماوەری زەحمەتکێش لەدژی ستەم و نەهامەتیەکانی نیزامی سەرمایەداری. دەتوانێ زەمینە خۆشکەر بێت بۆ ئەوەی چینی کرێکاری عێراق لەسەرووی ناسنامە دروستکراوە قەومی و دینی و مەزهەبیەکانەوە، لە ڕیزێکی یەکپارچەدا یەکگرتوو بێت و ئەمەش کۆمەک دەکات بە خەباتی چینی کرێکار و بەرەوپێشچونی ڕەوتی شۆڕشی کرێکاری. بێگومان ئەگەر چینی کرێکاری عێراق بەدەر لە قەومیەت و دین و مەزهەب یەکگرتوو و یەکدەست بێت، ڕیزێکی بەهێزتری چینایەتی پێکدەهێنێ لەچاو ئەوەی چینی کرێکار و جەماوەری زەحمەتکێش لە عێراق و کوردستان بە جیاجیا خەبات بکەن بۆ ئامانجە هاوبەشە چینایەتیەکانیان دژی نیزامی سەرمایەداری و لە پێناو سۆسیالیزمدا. بەڵام گەڕانەوە بۆ ژێرڕکیفی دەوڵەتێکی قەومی عەرەبی و ئیسلامی لە چوارچێوەی فیدراڵیزمی قەومیدا، نە ئەو ڕێگاچارەیەیە و نە کۆمەک دەکات بە شکڵگرتنی ئەو ڕیزە چینایەتیە گەورە و یەکگرتووە. بگرە بەپێچەوانەوە دەکرێت ببێتە مایەی ناکۆکی و دووبەرەکی و لێکدابڕانی زۆرتر و قوڵترکردنەوەی ئەو قڵشتەی کە تا ئێستا هەردوو بورژوازی کورد عەرەب دروستیان کردوە.

یەکەم مەرجی سەرەکی مانەوەی خەڵکی کوردستان لەگەڵ عێراق بەجۆرێک کە کۆمەک بکات بە ئایندە و چارەنوسێکی باشتر بۆ ئەم خەڵکە و یەکگرتویی چینی کرێکاری عێراق، ئەوەیە کە دەوڵەتی عێراق دەوڵەتێکی غەیرە قەومی و سیکولار بێت و هەموو هاوڵاتیان بەبێ لەبەرچاوگرتنی ناسنامەی قەومی و ئیسلامی و مەزهەبی، لە مافی بە تەواوی یەکسان بەهرەمەند بن. هەروەها مەرجی دوەم ئەوەیە کە خەڵکی کوردستان خۆیان ئازادانە مانەوە لەگەڵ عێراق هەڵبژێرن نەک ناچار بکرێن بە ملدان بە مانەوە. بۆ ئەم مەبەستەش ئەوە ئەرکی حکومەتی عێراقە کە خەڵکی کوردستان خاترجەم بکات لەوەی مانەوە لەگەڵ عێراق چارەنوسێکی درەخشان و ژیان و گوزەرانێکی باشتریان بۆ مسۆگەر دەبێت و مافە سیاسی و مەدەنیەکانیان پارێزراو دەبێت. دەوڵەتی عێراق ئەرکێتی کارێک بکات کە خەڵکی کوردستان ئازادانە مانەوە لەگەڵ عێراق هەڵبژێرن.

 ئەنجامگیری

وەکو ئەنجامگیری ئاشکرایە کە دەورەی ٣٣ ساڵی ڕابردوو بەبنبەست و کۆتایی گەیشتوە. لەم کاتەدا ئەگەر هەلومەجی ئێستا جگە لەوەی نالەبار و بە زیانی خەڵکی کوردستانە، بەکردەوە توانای بەردەوامبوونی لەدەستدابێت، وە ئەگەر جیابونەوەی کوردستان و دەوڵەتی سەربەخۆ زەمینە و ئیمکان و ڕەغبەتی نەمابێت، کەوایە مانەوە لەگەڵ عێراق دەبێتە ئەمری واقع. خەڵکی کوردستان دەبێ ئەم مانەوەیە مەرجدار بکەن بەوەی کە: یەکەم/ فیدراڵیزمی قەومی هەڵوەشێتەوە، ئەگەر بڕیار بێت عێراق یەک وڵات و یەک دەوڵەت بێت، کەوایە دەبێ هەموو وڵاتەکە بە یەک دەستور و یەک یاسا و یەک پێوانەی یەکسان بەڕێوەببرێت و هەموو هاوڵاتیان لەبەرامبەر یاسادا مافی یەکسانیان هەبێت. لەمبارەیەوە حکومەتی هەرێم و حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی مافی نوێنەرایەتی خەڵکی کوردستانیان نیە، لە ٣٣ ساڵی رابردوودا بەکردەوە ئەوە سەلماوە کە ئەوان نوێنەرایەتی بەرژەوەندی خەڵک ناکەن، بەڵکو لە دژی ئەو بەرژەوەندیە کار دەکەن و بە قازانجی خۆیان و کوێرەوەری خەڵک بەهرەبەرداری لێدەکەن. تەنانەت بۆئەوەی ئەم خەڵکە بتوانێ زەمانەتی بەرژەوەندیەکانی خۆی بکات، دەبێ کۆتایی بەم دەسەڵاتە بهێنێ و نوێنەرانی  ڕاستەقینە و ڕاستەوخۆ هەڵبژێردراوی خەڵک، ڕاسپێردرێن بۆئەوەی لەگەڵ دەوڵەتی مەرکەزی گفتوگۆ بکەن لەسەر دەستەبەربوونی مەرجەکانی ئەم خەڵکە بۆ مانەوە لەگەڵ عێراق. دووەم/ دەبێ دەوڵەتی عێراق دەوڵەتێکی غەیرە قەومی و سیکولار بێت و هەموو هاوڵاتیان بەدەر لە قەومیەت  و دین و مەزهەب بە یەک چاو تەماشا بکرین و مافی بە تەواوی یەکسانیان هەبێت. بۆ نمونە وەکو یەک و بە یەک پێوانە مافیان هەبێت خۆیان کاندید بکەن بۆ هەر پۆستێک، لە بەڕێوەبەرێکەوە تا سەرۆککۆمار و سەرۆکوەزیران و سەرۆک پەرلەمان و سەرۆکی دەزگای قەزائی. وە سێیەم/ دەبێ خەڵکی کوردستان ئازادانە و بە خواستی خۆیان و لەسەر بنەمای دڵنیابون لەوەی مانەوە چارەنوس و ژیان و گوزەرانێکی باشتریان بۆ مسۆگەر دەکات، ئەم ڕێگایە هەڵبژین نەک بە تۆپزی و ناچارکردن.

ناوەڕاستی ئایاری ٢٠٢٤

 

Check Also

ڕاگەیاندنێک لە مەکتەبی سیاسی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستانەوە

کوشتاری کۆمۆنیستەکان لەلایەن سەرکردایەتی یەکیەتی نیشتمانیەوە، هێشتا دۆسیه‌یه‌كی کراوەیە!   بۆ ڕای گشتی خەڵکی کوردستان: …