سەربەخۆیی فەڵەستین لەسەر مێزی وڵاتان

بنار مستەفا

سلۆڤێنیا فەڵەستینی وەک وڵاتێکی سەربەخۆ ناساند. ٤ی حوزەیران بە دەنگی زۆرینەی پەرلەمانی ئەو وڵاتە، سلۆڤێنیا چووە ڕیزی زیاتر لە ١٤٠ وڵاتی جیهان، کە ئەم کارەیان کردووە. کەمایەتییەک لە وڵاتان، کە هێشتا دانیان بە فەڵەستیندا نەناوە، بریتین لە ئەمریکا، کەنەدا، ئوستڕاڵیا و وڵاتانێکی ئەوروپا.

جێگەی سەرنجە، کە ڕێگەچارەی دوو وڵات هێڵی فەرمی زۆرێک لەو وڵاتانەیە کە هێشتا فەڵەستین وەک دەوڵەتێکی سەربەخۆ ناناسن، بەڵام لەئێستادا لەگەڵ مەیسەربوونی ئەم پرسە، دەڵێن “هێشتا کاتی نییە”. سیاسەتی “‌هێشتا کاتی نییە” بەمانای درێژەکێشانی سیاسەتی ئێستا و پتر لە حەفتا ساڵی ڕابردووە. واتە با داگیرکاری، ستەم، بێمافی، سەرکوت، جەنگ و دۆخی نائارامی درێژەی هەبێت، بەتایبەتی لە هەشت مانگی ڕابردوودا، کە دەرئەنجامی سیاسەتی ئێستا، ئەو کۆمەڵکوژیەی غەززەی لێکەوتۆتەوە.

دیارە مەبەست لە “هێشتا کاتی نییە” بەڕاستی ئەوە نییە کە کاتەکەی گونجاو نەبێت. بەپێچەوانەوە لە دۆخی ئێستای غەززە و تەنانەت کەناری خۆرئاواش، پێویستی بە ڕێگەچارەی خێرا و کارسازە، کە کۆتایی بە کارەساتە یەک لە دوای یەکەکان بهێنێت. سیاسەتی وڵاتانی خۆرئاوا، کە لەئێستادا زیاتر ڕاوەستانە لە پشتی ئیسڕائیل و بەرژەوەندییان گرێداوە بە بەرژەوەندی ئیسرائیلەوە، تەنانەت کۆمەڵکوژی و کارەساتی کەموێنەی مرۆیی نابنە مایەی ئاڵوگۆڕ لە سیاسەتیاندا.

هەڵبەت سەربەخۆیی فەڵەستین چارەسەری هەموو کێشەکان نییە، بەڵام دەتوانێت لانی کەم کۆتایی بە دۆخی نائارامیی دەیان ساڵی ڕابردوو بهێنێت یان کەمی بکاتەوە. مافی هاوڵاتی بە ملیۆنان کەس و بوونی سنووری دیاریکراو بێ هەستی داگیرکەر و ستەم، ژیان و گوزەرانی خەڵکی دەباتە دۆخێکی جیاوازتر و ئارامترەوە. مافی هاوڵاتی بوون دەدرێتە ملیۆنان کەس، کە ساڵەهایە لە شوێنی ژیان و گوزەرانیان وەک پەنابەر مامەڵەیان لەگەڵ کراوە. ناجێگیری سیاسی کەم دەبێتەوە و خەم و پەژارەی خەڵکی زیاتر بۆ ژیانێکی باشتر و شایستەتر دەبێت. بەدەستهێنانی مافەکانیان دەبێتە ئامانج، تا درێژەدان بە پێکدادان لەگەڵ هێزێک، کە دروست بە داگیرکەر و ستەمکار هەژمار دەکرێت.

گەر فەڵەستین سەربەخۆ بێت، دەستی گروپە توندڕەو و تیرۆریستەکان کورت دەکاتەوە. حەماس و هاوشێوەکانی، کە کارەساتی خەڵکی فەڵەستینیان کردۆتە دەستمایەی سیاسەتی چەپەڵیان و بە ناوی بەرگری لە خەڵکی فەڵەستین و تۆڵەی کارنامەی ئیسڕائیل، دەتوانن لە دۆخی نائارام و نەبوونی سەقامگیری هێز بگرن و تەنانەت لە چاوی بەشێک لە دانیشتوانانەوە وەک هێزی بەرگریکار و ڕزگارکەر دەرکەون. درێژەکێشانی دۆخی ئێستا، تەنها هێزی توندڕەو و دژەمرۆیی بەرهەم دەهێنێت و دەرگا بۆ کارەساتی زیاتر دەخاتە سەر پشت. سەربەخۆیی فەڵەستین شانسی گەشەی گروپی توندڕەو و تیرۆریسی کەم دەکاتەوە و دەرفەتێکی فراوانتر لەسەر شکڵگرتنی هێزی ئازادیخواز دەکاتەوە.

بەجیا لە خەڵکی فەڵەستین، هاوکات بۆ خەڵکی مەدەنی ئیسڕائیلیش سەربەخۆیی فەڵەستین دەستکەوتی دەبێت. خەڵکی مەدەنی لە ئیسڕائیل، هەمیشە ئامانجی گروپە تیرۆریستییەکان بوون بێ جیاکاری. تەنها سەر بە ئاینی جوو بوون، هاوڵاتی بوونی ئیسرائیل یان تەنانەت ژیانکردن لە ئیسڕائیل، بۆ گروپ و تاقمە تیرۆریستیەکان هۆکار بووە بکرێنە ئامانج. تؤڵەی سیاسەتی جەنگخوازی حکومەتەکانی ئیسڕائیل، لەم خەڵکە بێتاوانە کراوەتەوە و بوونەتە قوربانی سیاسەتی تۆڵەکردنەوە. سەربەخۆیی فەڵەستین گەر کۆتایی بەم بە ئامانجکردنی خەڵکی سیڤیلی ئیسڕائیلە نەهێنێت، لانی کەم دەرفەتی هێنانەپێشەوەی دەورانی ئارامی زیاتر دێنێتە پێشەوە.

بۆیە لەڕوانگەی بەرژەوەندی خەڵکی فەڵەستین و ئیسڕائیلەوە، سەربەخۆیی فەڵەستین هەنگاوێکی گرنگ و گونجاوە، لانیکەم بۆ کۆتاییهێنان بە دەورانی نائارامی و بێمافی. ئەوەی بەرژەوەندی حکومەتی ئیسڕائیل و سیاسەتی وڵاتانی ڕؤژئاوا و لە پێشیانەوە ئەمریکا لەگەڵی ناگونجێت، لە حەقانیەت و گرنگی ئەم دۆسیەیە کەم ناکاتەوە.

سەرەتای حوزەیرانی ٢٠٢٤

 

Check Also

کۆمۆنیزم و یەکسانیخوازی، دەتوانێ بەر بە کوشتاری ژنان بگرێت!

 رێبوار ئەحمەد “سیستەمی حوکمڕانی بەرپرسیارە لە کوشتاری ژنان”! ئەمە ناوەرۆکی ڕاپۆرتێکە کە ڕێکخراوی ئەمینستی بەم …