راگەیاندنی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان

سەبارەت بە شەڕی نێوان پەکەکەو حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران!

سەر لەبەیانی ئەمڕۆ ٢٤/٥/٢٠١٥ لەناوچەی کێلەشین لەسەر سنوری نێوان کوردستانی عێراق‌و ئێران، شەڕ لە نێوان هێزەکانی پەکەکەو ژمارەیەك چەکداری حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران کە دەیانویست لەوناوچەیە جێگیر بن، رویدا  کە بوە هۆی کوژرانی دوو کەس لە چەکدارەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و برینداربوونی ژمارەیەکی دیکە.

بەپێی راگەیەنراوی فەرمی پەکەکە پێشمەرگەکانی حیزبی دیموکرات ویستویانە  ئەو تیمەی گەریلاکانی پەکەکە چەك بکەن کە  بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵیاندا چووبوونە ئەو جێگایە، بەڵام بەرپرسێکی دیکەی پەکەکە هۆکاری شەڕەکە دەگێرێتەوە بۆ ئەوەی کە  ئەو چەکدارانەی حزبی دیموكرات سەرانەیان لە خەڵك سەندوە! راگەیاندنی فەرمی مەکتەبی سیاسی حیزبی دیموکراتیش دەڵێ کە پەکەکە ئامادە نەبوە بە گفتوگۆ چارەسەری کێشەی نێوانیان بکات‌و لەجیاتی ئەوە فەرمانی بە هێزەکانی داوە هێرش بکەنە سەر پێشمەرگەکانیان.

لە دەرەوەی پاساوەکانی هەرکام لەو دووهێزە بۆ پاکانەکردنی خۆی‌و تاوانبارکردنی بەرامبەرەکەی بە هۆکاری رودانی شەڕەکە، هۆکارە راستەقینەو سەرەکیەکەی ئەم شەڕ‌و پێکدادانەی نێوان پەکەکەو حیزبی دیموکرات دەگەرێتەوە سەر جێگاورێگای ناتەباو ناکۆکی ئەو دووهێزە و دابەشبوونیان بەسەر هێزو بلۆکە ناکۆک‌و دژبەیەکەکانی ناوچەکە لە( ئێران‌و تورکیا) و لەچوارچێوەی دابەشبوون و ریزبەستنی هێزەکانی ناسیۆنالیزمی کورد لەناوچەکەدا، کە ئەگەری سەرهەڵدان‌و توندوبوونەی ئەمجۆرە بارگرژی‌و پێکدادانەی نێوانیانی بەهێزتر و چاوەڕوانکراوتر کردوە.

بەمجۆرە، نەك ئەم شەڕەی نێوان حیزبی دیموکرات‌و پەکەکە، بەڵکو مەترسی شەڕ‌و پێکدادانی دیکە لەنێوان هێزەکانی ناسیۆنالیزمی کورد، لەئاکامی ئەم دابەشبونە بەسەر ئەو دوو بلۆکەدا، لەئارادایەو هەردەم بارودۆخی سیاسی کوردستانی عێراق‌و ئارامی‌و ژیانی خەڵک دەخاتەبەردەم  ئەگەرێکی تاریکەوە. بۆیە دەبێ خەڵکی کوردستان بەرامبەر بەم مەترسیە هوشیارو چاوکراوەبن ‌و رێگا لەهەرجۆرە شەڕەنگێزیەکی ئەم هێزانەی بزوتنەوەی کوردایەتی بگرن‌و بەرگری لە ئارامی‌و ئاسایشی خۆیان بکەن.

لەلایەکی دیکەوە، حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان، بیانوەکانی پەکەکە بۆ هیرشی چەکداری بۆسەر حیزبی دیموکرات، بە نارەواو بێبناغە دەزانێت‌و بە بەشێك لە سیاسەتی ملهوڕی‌و پاوانخوازی ئەو حیزبەی دادەنێت لەناوچەیەکی کوردستانی عێراقدا، کە بەزەبری هێزی ملیشیاکەی کۆنترۆڵی کردوە. لەروانگەی ئێمەو خەڵکی ئازادیخوازی کوردستانەوە هێزە سیاسیەکانی ناوچەکە لەوانە پەکەکەو حیزبی دیموکرات، مافی یەکسانی هەڵسوڕانی سیاسیان هەیە لە کوردستانی عێراقدا‌. هەرجۆرە پەنابردنێك بۆ چەك بۆ بەلاداخستنی کێشەکان‌و هەرجۆرە پاوانکردنێکی سیاسی‌و چەکداری‌و کردنەدەرەوەی هێزە سیاسیەکانی دیکە مەحکومە.

دەبێ دەستبەجێ ئەو بارگرژی‌و شەڕەی نێوان پەکەکەو حیزبی دیموکرات کۆتایی پێبێت‌و پەنا بۆ گفتوگۆو دیالۆگی سیاسی بەرن بۆ چارەسەری کێشەکانیان. حکومەتی هەرێمی کوردستانیش بەرپرسە بەرامبەر بە دابینکردنی ئارامی‌و ئاسایش بۆ هاوڵاتیانی کوردستان‌و دورخستنەوەیان لە ئاگری شەڕ‌و ململانێی چەکداری نێوان لایەنە سیاسیەکان.

٢٤/٥/٢٠١٥

Check Also

هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ڕەفەح! دوا بزمار لە تابوتی زایۆنیزم و هاوپەیمانە جیهانیەکانی

بەیاننامەی ژمارە ٦ی سێ حیزبی کۆمۆنیستی- کرێکاری لە ناوچەکەدا: ئەمڕۆ ٧ی ئایار، لە دۆخێکی پڕ …