بەرگریکردن لە فاروق رەفیق بەرگریکردنە لە ئازادی !

راگەیاندنی سکرتاریەتی مەکتەبی سیاسی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان

سەبارەت بە کەمپینی شکاندنی کەسایەتی فاروق رەفیق لەلایەن ئیسلامیەکانەوە

 دوابەدوای چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ کەناڵی ئاسمانی (روداو) سەبارەت بە پرسی دەستورو مادەی (٦)ی رەشنوسی دەستوری هەرێم تایبەت بە داسەپاندنی ئاینی ئیسلام وەکو سەرچاوەی سەرەکی یاسادانا لە کوردستان، کە بەرێز فاروق رەفیق راشکاوانە پشتیوانی لە دەستورێکی سیکولار کردوە بۆ کوردستان لەجیاتی ئەوەی دەستورێکی ئاینی یان ئیسلامی بێت، ئیسلامیەکانی کوردستان بەجیاوازی گروپ‌و حزبەکانیەوە، کەوتونەتە هێرشێکی هیستریك و جنێودان‌و درۆهەڵبەستن‌و سوکایەتیکردن بە کەسایەتی فاروق رەفیق و تەنانەت هەڕەشەلێکردنی‌و بۆئەو مەبەستە کەمپینێکی قین لەدڵانەو پڕ لە شەرمەزارییان بەڕیخستوە!

ئێمە لە حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان بە تەواوی مانا بەرگری لە ئازادیی بیرورا، ئازادیی دەربڕین ویژادن دەکەین و بە بەشێك لە مافە سەرەتایی و بنەڕەتیەکانی خەڵکی کوردستانی دەزانین، لەو سۆنگەیەوە، هێرشی ئیسلامیەکان بۆسەر بەرێز فاروق رەفیق بە پێشێلکردن‌و هێرش بۆسەر ئەو بەهایانەی کۆمەڵگای کوردستان دادەنێین‌و بە توندی لەدژی دەوەستینەوە.

داواکارین لە سەرجەم ئازادیخوازانی کوردستان کە بەرامبەر بەم بێرێزیکردنەی جنێوفرۆشانی ئیسلامی سیاسی بەرامبەر فاروق رەفیق بێدەنگ نەبن و بەهەموو شێوازێکی گونجاو و مەدەنی پشتیوانی بکەن و کۆنەپەرستانی ئیسلامی لەسەر جێگای خۆیان دابنێننەوە.

سەرکوتی بیروڕاو دەربڕین، هەڕەشەکردن و نائارامکردنی ژیانی رەخنەگرانی بیروباوەڕە کۆن و دواکەوتوەکان هەمیشە بەشێکە لە ئامرازەکانی دەستی دەسەڵات‌و هێزە کۆنەپەرستە دژی ئینسانیەکان بۆ راگرتنی کۆمەڵگا لە نایەکسانی و بێمافی و ملدانی خەڵکی زەحمەتکێش‌و ئازادیخواز بە یاساو دەسەڵاتە کۆنەپەرست‌و چەوسێنەرەکانیان.

پێویستە بەرگری لە فاروق رەفیق بکەین چونکە بەرگری لە خۆمان و لە مافە سەرەتاییەکانی خۆمان‌و لە ئازادی و لە کەرامەتی خۆمان دەکەین.

 ٢٢-٧-٢٠١٥

Check Also

له‌ ماریاوه‌ بۆ زه‌هرا و فه‌یرووز، ده‌سه‌ڵات به‌رپرسه‌ له‌ كوشتنی ژنان

سه‌ر له‌به‌یانی ڕۆژی ١٧ ی نیسان و له‌ شیرینی خه‌ودا فه‌یرووزی ته‌مه‌ن ٢١ ساڵان له‌لایه‌ن …