راگەیاندنی مەکتەبی سیاسی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان سەبارەت بە ؛

سیاسەتی جەنگخوازانەو سەرکوتگەرانەی دەوڵەتی تورکیا

بەدوای مۆرکردنی رێکەوتنی نێوان ووڵاتانی( ٥+١ ) لەگەڵ ئێراندا سەبارەت بە دۆسیەی ئەتۆمی ئێران، بارودۆخی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست‌ روبەرووی ئاڵوگۆڕی هاوکێشەی سیاسی و ئارایشدانەوەی هاوسەنگی نێوان بلۆک‌و قوتبە ناوچەییەکانی بۆرژوازی. پەیوەندی نێوان ئێران لەگەڵ ئەمریکاو دەوڵەتانی رۆژاوا، لە پەیوەندیەکی دوژمنکارانەوە دەگۆڕێت و بۆ رێکخستنی ململانێ‌و کێشمەکێشەکانیان لەچوارچێوەی پەیوەندیەکی دیپلۆماسیدا. بەمەش ئەمریکاو رۆژاواوە جێگاورێگای دەوڵەتی ئێرانیان وەکو هێزێکی ناوچەیی قبوڵکردوە.

ئەم ئاڵوگۆڕە لەجێگاورێگای ئێراندا، بلۆك و قوتبە ناوچەییەکانی هاوپەیمانی ئەمریکاورۆژاوای خستە جێگاورێگایەکی نەخوازراوەوە. دەوڵەتی تورکیاو عەرەبستانی سعودیە، وەکو دوو قوتبی نەیاری دەوڵەتی ئێران، لەم رێکەوتنە نیگەرانن‌و بەشوێن سازدانەوەی شێوازی پەیوەندی خۆیانن لەگەڵ ئەمریکاو رۆژاوادا. جموجوڵە سیاسی و سەربازیەکانی ئەم رۆژانەی رابردووی تورکیا لەچوارچێوەی هەوڵەکانی ئەو ووڵاتەدا دێت بۆ ئەو جۆرە لە سازدانەوەو ئارایشدانەوەی پەیوەندی نێوان خۆی و رۆژاوا.
لەچەندساڵی رابردوودا، دەوڵەتی تورکیا بەسەرکردایەتی حیزبی دادو گەشەپێدان( ئەکەپە)و دوای ئەوەی ئومێدی بۆ پەیوەستبوون بە یەکێتی ئەوروپاوە وەکو دەروازەیەك بۆ گەشانەوەی ئابوری‌و جێگیری سیاسی‌ لاوازو بنبەست بوو، ئاراستەی سیاسی خۆی بەرەو ناوچەکەو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەرچەرخاند بە ئومێدی ئەوەی کە لەرێگای پاشخانە ئیسلامیەکەشیەوە نفوزی  سیاسی‌ خۆی لەناو دنیای عەرەب‌و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا وەکو هێزێکی کاریگەری ناوچەیی جێگیرو قایم بکات. بەوەش لەلایەکەوە وەکو رکابەرێکی بەتوانای ئێران کە لەئاستی ناوچەکەدا رەوتی نفوزو کاریگەریی بەرەو هەڵکشان دەچوو، جێگا بگرێت‌و لەلایەکی دیکەشەوە ئەمریکاو رۆژاوا ناچارببن دەرگای چوونەناو بازاڕی ئەوروپای بەروودا بکەنەوە. لەم چوارچێوەیەدا مایەی لەسەرپتەوکردنی پەیوەندیەکانی لەگەڵ عەرەبستانی سعودیەو هاوکاریکردنی رەوتە ئیسلامیە- سونەکانی ناوچەکە دانا. بەئاشکرا دەستی کێشایە ناو بارودۆخی سوریاوەو سەرەنجام دەستی دایە بن باڵی تیرۆریزمی ئیسلامی و هاوکاریکردنی راستەوخۆی داعش. بەڵام سەرجەم ئەم سیاسەتانەو ئەم ستراتیژەی دەوڵەتی تورکیا بە بنبەست گەیشت‌‌و وەستانەوەی تورکیا لەپاڵ تیرۆریزمی ئیسلامیدا قاچی تورکیای لە گرفتێکی نەخوازراوەوە ئاڵاند.  لەئاکامی ئەمەوە بارودۆخی ئابوری رووی لەداشکانی زیاترو قەیرانی قوڵتر کرد. هەلومەرجی سیاسی ناوخۆی تورکیا بە ئاراستەی پێچەوانەی ئەجندای سیاسی دەوڵەت‌و حکومەتی پارتی دادوگەشەپێدانی ئیسلامی وەرچەرخاو هەڵبژاردنە پەرلەمانیەکەی ئەمساڵیش حەقیقەتی شێواوی‌و ناجێگیریی سیاسی‌و قەیرانی حکومەتی بۆرژوازی لە تورکیادا نمایشکرد.
رێکەوتنی نێوان ئێران و دەوڵەتانی رۆژاواو ئەمریکا ئەوەندەی دیکە ئاراستەی تەریك کەوتنەوەی دەوڵەتی تورکیای لەئاستی ناوچەیی‌و گرفتاربوونی بەدەست کێشەناوخۆییەکانەوە بەهێزکرد. حکومەتی پارتی دادو گەشەپێدان‌و ئوردوگان دەبوایە کارێك بکەن بۆ دەربازبوون لەم گێژاوو بنبەستە. بۆیە لەلایەکەوە پەنا بۆ ئەمریکا دەبات‌‌و بنکەی ئەنجەرلیك کە بۆ ئەمریکا پێگەیەکی سەربازی و ستراتیژی گرنگی هەیە لەناوچەکەدا، دەخاتە بەردەستی و بۆرازیکردنیشی بەرەسمی شەڕ لە دژی داعش رادەگەیەنێ. هاوکات لەئاستی ناوخۆدا هێرش دەکاتە سەر نەیارانی سیاسی خۆی‌و سەدان کەس لە هەڵسوڕاوانی چەپ‌و کۆمۆنیست دەستگیر دەکات. پەلاماری ئەندام و لایەنگرانی هەدەپەو پەکەکە دەدات‌و هێرشی ئاسمانی بۆسەر بنکەوبارەگاکانی پەکەکە لە کوردستانی عێراق دەست پێدەکات. لەولاشەوە هەڕەشەی داگیرکردنی ئەو ناوچە سنوریانەی سوریا دەکات کە لەژێردەستی هێزەکانی پارتی یەکێتی دیموکراتی(پەیەدە)دان بەبیانووی دروستکردنی ناوچەی ئارام بۆ هاوڵاتیانی ئاوارەی سوریا.
بێگومان شەڕی دەوڵەتی تورکیا لەگەڵ داعش تەنها سەرقوفڵانەیەکە کە لەگەڵ مافی بەکارهێنانی بنکەی ستراتیژیی ئاسمانی ئەنجەرلیکدا دەیدات بە ئەمریکا، بۆ قبوڵکردنی وەکو هاوپەیمانێك و بلۆکێکی ناوچەیی‌و بەرگرتن لە داشکانی تای هاوسەنگی هێزی ناوچەیی لەبەرژەوەندی ئێران. دەنا لەپاڵ ئەم ئامانجە سەرەکیەدا، لێدانی داعش بۆ تورکیا کۆمەڵێك ئامانجی سیاسی دیکەی لەپشتەوەیە کە بە پلەی سەرەکی بەکارهێنانی چەمکی شەڕی دژی تیرۆرە بۆ لێدان‌و پاشەکشەکردنە بەنفوزی پەکەکە چ لە ناوخۆی تورکیاو چ لە سوریاو لەئاستی ناوچەکەدا، هەروەها لێدان لە بزوتنەوەی کرێکاری‌و چەپی ئەووڵاتە. حکومەتی دادو گەشەپێدان( ئەکەپە) لەم رێگایەوە دەیەوێ قەیرانی سیاسی ناوخۆیی کە بەدوای هەڵبژاردنەکاندا هاتۆتەپێشەوەو ئیمکانی دروستبوونی حکومەتی کردۆتە مەسەلەیەکی دورەدەست، چارەسەربکات‌و بە پیشاندانی ملهوڕی‌و هێزنواندن نەیارەکانی بۆ قبوڵکردنی پێکهاتنی حکومەت بە سەرکردایەتی ئەکەپە ناچاربکات، یان سەرەنجام  ئۆردوگان لە مەوقعی هێزو دەسەلاتەوە بڕیار لەسەر هەڵبژاردنێکی نوێ بدات‌و زەمینەی بەدەستهێنانی زۆرینەی پەرلەمانی بۆ پارتەکەی( ئەکەپە) دەستەبەر بکات!
لایەنێکی دیکەی ئەم سیاسەتەی حکومەتی ئەکەپەو ئۆردوگان لە پەیوەند بە سوریاو دروستکردنی ناوچەی ئارام، هەنگاوێکە بە ئاقاری سەرکوتی ئەو بەرەنگاری‌و راوەستانەوەیە کە لەدژی داعش‌و رەوتی کۆنەپەرستی ئیسلامی سیاسی لەلایەن جەماوەری ئەوناوچانەوە وەکو بەشێك لە بەکردەوە دەرهێنانی ئیرادەی شۆرشگێرانەی خەڵک‌، بەرپابووە. ئەمەش لەچوارچێوەی ستراتیژی ئەمریکا لەناوچەکەدا بۆ شکستهێنان بە شۆڕشەکانی دنیای عەرەب‌و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست جێگا پەیدا دەکات. بەمجۆرە، ئەم هەنگاوە سەرکوتگەرو شەڕەنگێزیانەی تورکیا لە ئاستی ناوخۆو ناوچەکەدا بەشێکە لە سیاسەتی کۆنەپەرستانەی بۆرژوازی تورکیا بە ئامانجی داسەپاندنی سەرکوت‌و کۆنەپەرستیی سیاسی بەسەر کۆمەڵگای تورکیاو لەئاستی ناوچەکە، بەتایبەتی سوریاو هەرێمی کوردستاندا.
لەلایەکی دیکەوە ئەم پەلامارو هێرشە ئاسمانیەی دەوڵەتی تورکیا، حەقیقەتی دابەشبون‌و لیكترازانی زیاتری هێزەکانی دەسەڵاتداری کوردستانی عێراقی بەسەر دوو بەرەی ناوچەییدا دوپاتکردەوە. لەلایەکەوە پارتی دیموکراتی کوردستان کە دۆستی نزیکی تورکیایە و دەسەلاتی جێبەجێکاری هەرێم بەشێوەی گشتی لەدەستی ئەودایە، ئەم دەستدرێژیەی دەوڵەتی تورکیا بۆسەر هەرێمی کوردستان‌ وەکو کارێکی ئاسایی تەماشادەکات و تەنها نیگەرانی ئەوەیە کە کێشەکان بە شەڕ چارەسەر ناکرێن! بەپێچەوانەوە یەکێتی و گۆڕان نەك هەر بەتوندی سەرکۆنەی هێرشی دەوڵەتی تورکیا بۆسەر پەکەکە دەکەن بەڵکو ناراستەوخۆ هەڵویستی پارتی بەجۆرێك لە خیانەتی نەتەوەیی دادەنێن! ئەم بارودۆخە نوێیە دەرگای توندبوونەوەی کێشمەکێشەکان لەنێوان هێزەکانی پێکهێنەری حکومەتی هەرێم دەکاتەوە، بەتایبەتی کە پارتی هەوڵی ئەوە دەدات پێشرەویەکانی تورکیا لە بەرامبەر پەکەکەو بەتایبەتی لە تورکیادا بە قازانجی خۆی لەناوخۆی کوردستاندا و راستکردنەوەی ئەو لاسەنگیەی کە لەماوەی رابردودا بەرامبەر بە یەکێتی و گۆڕان تووشی هاتبوو، سوود لێوەربگرێت‌و بۆسەپاندنی دەسەڵاتەکەی بەکاری بهێنێت. سەرەنجام ئاراستەیەك کە سەرجەم ئەم بارودۆخەو ئەم هێزانەی بۆرژوازی کورد دەیخەنە بەردەم خەڵکی کوردستان، ئاراستەیەکی نارۆشن‌و تاریك و پڕ لە دەردیسەرەو بارێکی گرانتر بۆسەر کێشەو گرفتەکانی خەڵکی کوردستان زیاد دەکات.
حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان لەروانگەی بەرپرسیارێتی بەرامبەر بە ژیان و گوزەران و ئایندەی خەڵکی کوردستان‌و بەهێزبوونی فەزای ئازادیخوازی‌و ئینساندۆستی لەناوچەکەدا، ئەم هێرش و پەلامارانەی دەوڵەتی بۆرژوازی تورکیا بە سەرکردایەتی پارتی دادوگەشەپێدانی ئیسلامی بۆسەر بزوتنەوەی کرێکاری‌و چەپی تورکیا‌و بۆسەر هەڵسوڕاوانی پەکەکەو هەدەپە سەرکۆنە دەکات‌و وەکو هەوڵێکی کۆنەپەرستانەو دژی ئازادی بۆ شێواندنی بارودۆخی سیاسی تورکیا بە ئاقاری سەپاندنی کۆنەپەرستی سیاسی تەماشای دەکات‌. هاوکات سیاسەتی دەوڵەتی تورکیا بۆ دامەزراندنی ناوچەی ئارام لە کوردستانی سوریا بە پیلانێك بۆ لێدان لە گیانی بەرەنگاری‌و شۆرشگێڕانەی خەڵکی کوردستانی سوریا دادەنێین‌و هێرشی ئاسمانی‌و بۆردومانکردنی کوردستانی عێراقیش بە پێشێلکردنی ئیرادەی خەڵکی کوردستان دەزانین و بەتوندی سەرکۆنەی دەکەین‌. هەروەها هەرجۆرە سیاسەتێکی بەرژەوەندخوازانەی ئەحزابی بۆرژوازی کوردیش لە پەیوەند بەم هێرشانەوەو  گرتنەپێشی سیاسەتی نائارامکردنی بارودۆخی سیاسی کوردستان لەلایەن ئەو هێزانەوە بە تاوانێکی ئاشکرا دژی خەڵکی کوردستانی دەزانین و نابێ خەڵك لێیان قبوڵ بکات. پێویستە خەڵکی کوردستان بەرامبەر بەو مەترسیانەی کە لەئاکامی ئەم بارودۆخە تازەوە روو لە کوردستان دەکات هوشیارو ئامادەبن و بە هێزی جەماوەری‌و ریزی نارەزایەتی‌ فراوان‌و یەکگرتووی خۆیان رێگا لەسەر ئەوانە دابخەن کە ژیان و ئایندەیان دەکەنە بارمتەی سیاسەت‌و بەرژەوەندی قێزەونی خۆیان‌و سیاسەتی دەست تێکەڵکردنیان لەگەڵ دەوڵەتانی ناوچەکە!
 
مەکتەبی سیاسی
٢٨-٧-٢٠١٥

 

Check Also

له‌ ماریاوه‌ بۆ زه‌هرا و فه‌یرووز، ده‌سه‌ڵات به‌رپرسه‌ له‌ كوشتنی ژنان

سه‌ر له‌به‌یانی ڕۆژی ١٧ ی نیسان و له‌ شیرینی خه‌ودا فه‌یرووزی ته‌مه‌ن ٢١ ساڵان له‌لایه‌ن …