نارەزایەتیەکانی خەڵكی کوردستان بۆ دەستەبەرکردنی پێداویستیەکانی ژیان و گوزەرانیان بەرهەق‌و رەوایە!

ماوەی چەندرۆژێکە لە چەندین شاروشارۆچکەی کوردستاندا نارەزایەتی‌و خۆپیشاندان لە بەرامبەر کەمیی کارەباو نەبوونی خزمەتگوزاریە بنەڕەتیەکاندا دەستی پێکردوە. لە هەندێ جێگا پۆلیس و دەزگا سەرکوتگەرەکانی حکومەتی بنکەفراوانی بۆرژوازی کورد پەلاماری خۆپیشاندەرانیان داوەو چەندین کەسیان بریندارو دەستیگرکردوە. شێوازی نارەزایەتی‌و دروشمەکان‌و دەربڕینەکانی خۆپیشاندەران کە بەشێکی بەرچاویان لاوانن، ئاستی توڕەیی ئەوان بەرامبەر بە دەسەڵاتێکی بۆرژوازی “خۆماڵی” دەخاتەروو کە دوای زیاتر لە دوو دەیە سەرەتاییترین پێداویستی شاری‌و مەدەنی وەکو کارەبا، ئاوی خواردنەوە، رێگاوبان، فرسەتی کارو دابینبوونی ژیانی بۆ خەڵك فەراهەم نەکردوە.

دەسەڵاتێکی تاڵانچی کە ملیارەها دۆلاری بۆ خۆی‌و دەستەودایەرەکەی لە سەرمایەدارو دەوڵەمەندان لەسەر حسابی ژیان‌و گوزەرانی خەڵك کۆکردۆتەوە، بەڵام دەیان هەزار گەنج بێکارن‌و هیچ سەرچاوەیەکی ژیان و گوزەرانیان نیەو ئومێدیان بە ژیان‌و ئایندە بەرەو کوژانەوە دەبرێت! دەسەڵاتێکی بێدەربەست‌و نا بەرپرس کە هەر رۆژە کێشەو گرفتێك بۆ خەڵك ساز دەکات‌و لەژێر دەسەڵاتی ئەودا لەم گەرمای هاوینەدا ئاوی خواردنەوەو کارەبا بوونەتە ئارەزوویەکی دوورەدەست بۆ هاوڵاتیانی کوردستان. دەسەڵاتێك کە بە هەموو بەش و پێکهاتە ئیسلامی‌و ناسیۆنالیستیەکەیەوە، خەریکی هەڵ لوشینی داهات‌و فڕاندنی پارووی دەمی خەڵک‌ و ژیانی شاهانەی بەرپرسەکانیانن، بەڵام هیچ باکیان بەوە نیە کە دەیان هەزار کارمەندی حکومی چۆن ژیانیان بەرێدەکەن‌و دەیان هەزاری دیکەش لە کەرتی تایبەتیدا بەهۆی وەستانی پرۆژەکان‌و قەیرانی ئابوریەوە چۆن نانی مناڵەکانیان دابین دەکەن!

خەڵك بە هەق لەم دەسەڵاتە توڕەن‌و مافی خۆشیانە کە بەوجۆرەی بۆیان دەکرێ‌و بۆیان گونجاوە ئەو توڕەییە نیشان بدەن. دەسەڵات‌و حکومەتێك کە خۆی رێگرە لەهەرجۆرە باشبوونێکی ژیان‌و گوزەران‌و خزمەتگوزاریە مەدەنی‌و کۆمەڵایەتیەکانی خەڵک‌، شایستەی ئەوە نیە بەرپرس بێت لە ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی‌و ئابوری خەڵکی کوردستان, بۆیە مافی جەماوەری کرێکارو زەحمەتکێش‌و لاوان‌و ئازادیخوازانی کوردستانە کەبیر لە شێوازێكی حوکمڕانی بکەنەوە تا لەگەڵ ئاوات‌و ئومێدو خواستەکانیاندا بۆ ژیانێکی یەکسان‌و ئارام‌و خۆشگوزەراندا بێتەوە. هەربۆیە مافێکی سروشتی خۆیانە کە یەخەی ئەم دەسەلات‌و حکومەتە بگرن‌و ئەم بێدەربەستی‌و بێمنەتیەی لێ قبوڵ نەکەن‌. هەرجۆرە هەوڵێکی دەسەڵات‌و دەزگا پۆلیسیەکانیشی بۆ سەرکوتکردن‌و بێدەنگکردنی خەڵکی نارازی، ئەوەندەی دیکە بێگانەبوون‌و دژایەتی حکومەتی رەنگاورەنگی بۆرژوازی کوردی لەگەڵ خەڵکی کوردستان‌و ماف‌و ئازادیەکانیدا بەرجەستە دەکات‌‌‌و جێگای سەرکۆنەو ریسواکردنە لەلایەن هەر هێزو لایەنێکی سیاسی شۆرشگێڕو سەرجەم جەماوەری ئازادیخوازەوە.

ئێمە لەحیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان، لەپاڵ پشتیوانیکردن لە نارەزایەتیەکانی ئێستای جەماوەری شارو شارۆچکەکانی کوردستان، هاوکات بە پێویستی دەزانین کە بۆسەرخستنی ئەم نارەزایەتیانەو گەیشتنی جەماوەری نارازی بە خواستەکانیان، ئەم خاڵانەی خوارەوە بخەینەروو:

  1. نارەزایەتیەکانی ئەم رۆژانەی شاروشارۆچکەکانی کوردستان دژ بە نەبوونی کارەبا و خزمەتگوزاریەکان، بەشێک و گۆشەیەکە لە نارەزایەتیەکی گەورەو سەراسەری بەرینی کرێکاران‌و توێژە بێبەش‌و کەمدەرامەتەکانی کۆمەڵگای کوردستان‌و جەماوەری ئازادیخوازە دژی نایەکسانی‌و ناعەدالەتی‌‌و بێمافیەکانی جەماوەر و پاوانکردنی داهاتی کۆمەڵگا لەلایەن دەستەیەک بەرپرس و سەرمایەداری تاڵانچی سەربە حزبە دەسەلاتدارەکان کە ژیانی خەڵکیان بەنادیار ورێکەوت سپاردوە!
  2. ئەزمونی دەسەڵاتی حکومەتی بۆرژوازی کوردی بە دەسەڵاتی دوو حیزبی و فرەحیزبی بۆرژوازیەوە ئەوەی سەلماندوە کە ئەم دەسەڵاتە بەرامبەر بە ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیانی کوردستان بێدەربەستەو بەبن بەست گەیشتوەو شکستی هێناوە لەدابینکردنی لانی کەمی ژیان و گوزەران‌ بۆ خەڵك،‌ لەکاتێکدا نارەزایەتیەکانیش رووبەرووی پەلامارو سەرکوتی دەسەڵات و حکومەت دەبنەوە، بۆیە تەنها رێگایەك کە بۆ هاوڵاتیانی کوردستان ماوەتەوە تەنها نارەزایەتی‌و خەباتکردنە بەرامبەر بەم دەسەڵاتەو رێکخستن‌و بەرینکردنەوەی ئەو خەبات‌و نارەزایەتیانەیە بە ئاقارێك کە هێزی جەماوەری رێکخراو ببێتە فاکتەرێکی گرنگ لە هاوکێشە سیاسیەکان‌و ناوەندەکانی بڕیاردانی سیاسی لە کۆمەڵگادا.
  3. له‌سه‌ر زه‌مینه‌ی لاوازبوونی خۆشباوه‌ڕیه‌کان به‌دەسەڵاتی بۆرژوازی‌و حکومەتی بنکەفراوان، دۆخیکی سیاسی‌ تازە بۆ کریکاران‌و ئازادیخوازان‌و نارەزایەتیەکانیان هاتوەتە ئاراوە کە رێگاخۆش دەکات بۆ هاتنەمه‌یدانی بزوتنه‌وه‌یه‌کی شۆڕشگێرانه‌ی چینایه‌تی‌و جه‌ماوه‌ریی سه‌ربه‌خۆو یه‌کگرتوو به‌ڕووی سه‌رتاپای هەلومەرجی سیاسی‌و ئابوری ئیستاو بەدژی ده‌سه‌ڵاتی داسه‌پاوی ٢٤ساڵەی بۆرژوازی کورد کە‌به‌ربه‌سته‌ له‌به‌رده‌م به‌دیهاتنی خواسته‌کانی خه‌ڵکی کوردستان. پاڵنەری سەرەکی بۆ هاتنە مەیدانی خەڵک، بەشداریکردن‌و کاریگەریانە لەسەر بڕیاری سیاسی‌و لە جومگەکانی دەسەڵات و ئیدارەی ژیانی سیاسی و ئابوری کوردستان‌و بۆ دیاریکردنی چارەنوسی خۆیان‌و پوچەڵکردنەوەی تەواوی ئەو سیاسەتانەیە کەلەسەرو ئیرادەی ئەوانەوە دادەڕێژرێت‌و یاری بە ژیان و چارەنوسیان دەکات.
  4. بۆئەوەی خەبات‌و نارەزایەتیەکانی خەڵك بەسەرکەوتن بگات، دەبێ لەو حاڵەتەی ئێستای دەربچێت، هەم لەباری رێکخستن‌و یەکگرتوویی و یەکپارچەیی‌و سەراسەری بوونەوەی نارەزایەتیەکانەوە، هەم لەباری خواستەکانەوە ، کە دەبێ هەر خۆپیشاندان‌و نارەزایەتیەک ئامانجەکەی و خواستەکەی رۆشن و دیاریکراو بێت، هەم لەباری شێوازی نارەزایەتیەکانەوە، کە كام شێواز بگیرێتەپێش بۆ بەدیهاتنی ئەو خواستەی کە گروپێکی خەڵك هەیەتی بەجۆرێك کە بتوانێ جەماوەر بەشێوەیەکی فراوان، ژنان و پیاوان بەشداری تێدابکەن! بەداخەوە بەشێکی بەرچاوی خۆپیشاندانەکان لە توڕەیی‌یەوە سەرچاوە دەگرن‌و بەشێوەی خۆرسك روودەدەن و هەر لەو چوارچێوەیەشدا دەمێننەوە. مانەوەی نارەزایەتیەکان لەم چوارچیوەیەدا لەلایەکەوە رێگا بۆ سەرکوتکردنی خۆش دەکات و لەلایەکی دیکەوە فرسەت بۆ هێزو لایەنە بۆرژواییەکانەوە دەرەخسێنێ بۆ بەکارهێنانی ئەو نارەزایەتیانە لەپێناو بەرژەوەندی سیاسی خۆیان. رێکخراوبوون و رۆشنی خواستەکان و شێوازی جەماوەری هوشیارانەو شۆڕشگێڕانە رێگا لەوە دەگرێ کە خەباتی جەماوەر سەرکوت بکرێ یان بە لاڕێدا ببرێت!

حزبی کۆمۆنیستی کریکارایی کوردستان بەتەواویی تواناوە بۆ ریکخستن و سەرخستنی داواکاریەکانی ئەم نارەزایەتیانە لە مەیداندایە و هەنگاو بە هەنگاو بۆ یەکگرتووکردنی نارەزایەتیەکان و بە ئاکام گەیشتنی داواکاریەکان و دورخستنەوە یان لە هێرشەکانی دەسەلات‌و چەواشەکاری هەلپەرستە سیاسیەکان تیدەکۆشێت.

حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان

٦-٨-٢٠١٥

Check Also

پەیامەکانی سەردانەکەی ئۆردوگان!

موحسین کەریم رۆژی دووشەممە ٢٢ی نیسان رەجەب تەیب ئۆردوگان سەردانی بەغدای کردو لەگەڵ بەرپرسانی عێراق …