تاوانەکانی دەوڵەتی تورکیا دژی هاوڵاتیانی مەدەنی ناوچە کوردنشینەکان مەحکوم دەکەین

هاوکاتی ئەو بارگرژی‌و کارەساتانەی بەهۆی کێشمەکێشی وولاتانی زلهێزی دنیاو ناوچەکەو بەناو شەری دژی داعشەوە، باڵی بەسەر ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەراستدا کێشاوە، هێزە چەکدارو ئەمنیەکان‌و پۆلیسی تورکیا پەلاماری هەندێك لە شارە کوردنشینەکانی تورکیا دەدەن‌و بارودۆخی نائاساییان راگەیاندوە. بەبیانوی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆرو هێزەکانی پەکەکەوە دەیان کەسیان بەشێوەیەکی هەڕەمەکی  کوشتوەو سەدان کەسیشیان زیندانی و بریندارکردووە. خەڵکی  ئەو  شارو شارۆچکانەی بوونەتە  بەرەی جەنگ‌ لە بارودۆخێکی ژیان و گوزەرانی  کارەساتبارو تراژیدیدا دەژین.

حکومەتی فاشیست‌و کۆنەپەرستی  تورکیا کە حیزبی دادو گەشەپێدانی ئیسلامی بەڕێوەی دەبات، شەڕێکی ئاشکرای لەدژی خەڵکی مەدەنی کوردستانی تورکیا راگەیاندوەو دەیەوێ سیاسەتی کۆنەپەرستانە‌و بەرژەوەندیەکانی خۆی بەشێوەی زەبرو زەنگ‌و تۆقاندن بەئاکام بگەیەنێ. ئەم سیاسەتە جەنگخوازیەی دەوڵەتی تورکیا دژی هاوڵاتیانی ناوچە کوردنشینەکان بەردەوامی‌و ئەڵقەیەکی دیکەی سیاسەتی کۆنەپەرستانەو هێزنواندنە لەئاستی ناوخۆی وڵات‌و ناوچەکەدا کە نەک دژی تیرۆر نیە، بەڵکو ئەو دەوڵەتەشی  کردۆتە  پشتیوانێکی ئاشکرای گروپی تیرۆریستی داعش.

ئێمە لەحیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان لەکاتێکدا سیاسەتی تۆڵەسەندنەوەو تیرۆری بە کۆمەڵی هاوڵاتیانی کوردستانی تورکیا لەلایەن دەوڵەتی تورکیاو هێزە سەربازی‌و ئەمنیەکانیەوە بە تاوانێکی رێکخراو دژی هاولاتیانی مەدەنی دادەنێین‌و بەتوندی ئێدانەی دەکەین، هاوکات ئەو حزب‌و لایەنە کوردیانەی بەرژەوەندی سیاسی خۆیان لەوەدا دەبیننەوە کە چاوپۆشی لەم تاوانەی دەوڵەتی تورکیا بکەن، ریسوا دەکەین. هەروەها دەبێت حکومەتی ئەکەپەو دەوڵەتی کۆنەپەرستی تورکیا بەرامبەر بەو تاوانەیان روبەرووی نارەزایەتی خەڵکی ئازادیخواز و لێپێچینەوەی یاسایی ببنەوە.

حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان

٢٥/١٢/٢٠١٥

Check Also

له‌ ماریاوه‌ بۆ زه‌هرا و فه‌یرووز، ده‌سه‌ڵات به‌رپرسه‌ له‌ كوشتنی ژنان

سه‌ر له‌به‌یانی ڕۆژی ١٧ ی نیسان و له‌ شیرینی خه‌ودا فه‌یرووزی ته‌مه‌ن ٢١ ساڵان له‌لایه‌ن …