بڕیارنامەی مەکتەبی سیاسی هەردوو حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان و حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراق سەبارەت بە: ڕێگاچارەى کێشەى کەرکوک ….

 

  • چارەسەرى یەکجارى کێشەى کەرکوک بە چارەسەرى یەکجارى کێشەى کوردەوە گرێیخواردوە. به‌هه‌مان شێوه‌ی مه‌سه‌له‌ی کورد، بڕیاردان له‌سه‌ر ڕێگاچاره‌ی ئه‌م پارێزگایه‌ش دەبێ له‌سه‌ر بنه‌مای گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ڕای دانیشتووانه‌که‌ی بێت.
    • هەنگاوی دواتر لە پرۆسەی چارەسەری کێشە کورد لە عێراق، بەدوای ئەنجامدانی ریفراندۆمی ٢٠١٦و دەنگدانی زۆرینەی خەڵکی کوردستان بە جیابونەوە، بریتیە لە دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆ.
  • پێویستە بەدواى پێکهێنانی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان ڕیفراندۆمێکى تایبەت بۆ ڕاپرسى بە هەموو دانیشتوانى پارێزگاى کەرکوک بکرێت، سەبارەت بەوەى کە دەیانەوێ لەگەڵ دەوڵەتى عێراق ببمێننەوە یان لەگەڵ دەوڵەتى سەربەخۆى کوردستان. ئەنجامى دەنگدانى خەڵک هەرچیەک بێت دەبێ بەڕەسمى بناسرێت‌و پیادەبکرێت.
  • لەحالەتی پێکهێنانی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان ‌و دەنگدانی دانیشتوانی کەرکوك بەقازانجی پەیوەستبوون بەو دەوڵەتەوە، پێویستە چارەسەری کێشەی داهاتی نەوت بەشێوەیەکی سیاسی‌و لەرێگای دابەشکردنی بەروبوومی نەوت لەنێوان دەوڵەتی ناوەندی‌و دەوڵەتی کوردستاندا ئەنجام بدرێت‌و بەشێكیشی بۆ دابینکردنی خزمەتگوزاری بۆ دانیشتوانی پارێزگاەکە تەرخان بکرێ. بۆ بڕیاردان لەسەر چۆنیەتی دابەشکردنی ئەم داهاتانە، پێویستە رێکەوتنێکی چوارقۆڵی لەنێوان نوێنەرانی حکومەتی ناوەندی، نوێنەری دەوڵەتی کوردستان، نوێنەری پارێزگای کەرکوك‌و نوێنەری نەتەوە یەکگرتوەکاندا مۆربکرێ. هەر بڕیارێك کە سێ لایەن لە چوار لایەنەکە لەسەری رێکەوتن، دەبێ وەکو بڕیارێکی شەرعی چاوی لێبکرێ‌و جێبەجێ بکرێ.

بەڵام هەروەکو چۆن ئەو ئاڵۆزیەی باردودۆخی سیاسی‌و یاسایی کەرکوك، دانیشتوانی ئەو ناوچەیەی لەبەردەم بێمافیەکی سەرباردا راگرتوە کە نە دەوڵەتی ناوەندی‌و نە حکومەتی هەرێم هیچیان بەرپرسی راستەوخۆی ئەمنیەت‌و خزمەتگوزاریەکانی خەڵك نین، کە ئەمەش بارودۆخێکی نەخوازراوی لەچاو ناوچەکانی دیکەی عێراق‌و کوردستان بۆ پێکهێناون، بەهەمانشێوە سیاسەت‌و رۆڵ‌و هەڵسوکەوتی هێزە ناسیۆنالیستی‌و ئیسلامیەکان‌و دەسەڵاتی داسەپاویان بەسەر خەڵکی ئەو پارێزگایەو ناوچەکەدا، بەتایبەتی بەدوای ١٦ ئۆکتۆبەر وکۆنترۆڵکردنی ئەو پارێزگایە لە لایەن حەشدی شەعبی و بارگرژی بەردەوامی نێوان یەکێتی و پارتی لەنێوان خۆیان و لەبەرامبەر حکومەتی ناوەندیدا، سێبەری شەرێکی مەترسیداری نەتەوەیی خوێناوی بەسەر سەری پارێزگای کەرکوکەوە راگرتوە. بۆیە جگە لەو ڕێگاچارەیەى لەسەرەوە باسکرا، پێویست دەکات کە تەرحێکی تایبەتی بۆ دابینکردنی ئاسایش‌و خزمەتگوزاریەکان‌و دورخستنەوەى دانیشتوانی کەرکوک لە شەڕو کێشەى قەومى و بەڕێوەبردنى بەشیوەى کاتى تا کاتى بەرپاکردنی ڕیفراندۆم، بخرێتە ڕوو. ئەمەش لەم خاڵانەی خوارەوەدا بەرجەستە دەبن:

شێوازی بەرێوەبردنی کاتیی پارێزگای کەرکوك:
١/ پارێزگاى کەرکوک دەبى لەلایەن نوینەرانى هەڵبژێردراوی خەڵکى لە گەڕەکان‌و ناوەندەکانی کارو خزمەتگوزاریدا بەڕێوەببرێت. هەر گەڕەک‌و ناوەندێك هەیئەتێکى نوێنەرایەتى بۆخۆى هەلدەبژێرێت. هەیئەتى بەڕێوەبردنى پارێزگا(شوراى پارێزگا)لە نوێنەرى گەڕەک‌و ناوەندەکان پێکدێت.
٢/ هەیئەتى نوێنەرانى هەر گەڕەکێك کارى بەڕێوەبردنى هەمەلایەنةى گەڕەک و دابینکردنى ئەمنیەتى گەڕەکیان دەکەوێتە ئەستۆ. ئەم ئەرکە لە ڕێگاى بنکه‌ یان باره‌گای به‌ڕێوه‌بردنی گەڕەک و دامەزراندنى دەستە چەکدارەکانى ئەمنیەتپارێزى گەڕەک لە خەڵکى گەڕەک، دەبرێتە پێشەوە. خەڵکى هەر گەڕەکێک هەرکات بیانەوى دەتوانن هەیئەتى نوینەرانى گەڕەک یان نوێنەرانى گەڕەک لە شوارى پارێزگادا بگۆڕن.
٣/پارێزگاى کەرکوک پارێزگاى هەموو دانیشتوانەکەیەتى. هەرکەسێک کە پێشتر لەم پارێزگایە دانیشتبێت یان تازە بیەوێ ببێتە دانیشتوى ئەم پارێزگایە، بەدەر لە ناسنامەى قەومى و دینى و تائیفى، ئازادە و بە هیچ هۆ و بەهانەیەکەوە نابێ ڕێگاى لێبگیرێت یان کێشەى بۆ سازبکرێت.
٤/ ده‌رکردنى خەڵک لەم پارێزگایە بە هەر بیانویەکەوە بێت قەدەغەیه‌.
٥/دەبێ بەشێك لەداهاتى نەوتى کەرکوک بدرێتە دەستی شورای پارێزگا وەکو بودجەی گەشەپێدانی پارێزگاو پێشکەشکردنی خزمەتگوزارى بۆ دانیشتوانەکەی.
٦/هەموو دانیشتوان مافى خۆیانە بە زمانى دایکى خۆیان قسە بکەن و دەرس بخوێنن و کەڵک له‌ میدیا وەرگرن.
٧/ هەموو میلیشیاو هێزێکی چەکداری حکومەتی ناوەندی‌و حکومەتی هەرێم لە پارێزگا بڕۆنە دەرەوە. هەموو حزبێکى سیاسى ئازادە لەپارێزگاى کەرکوک هەڵسورانى سیاسى بکات. حیزبە سیاسیەکان نابێ لە هیچ کێشەیەکدا پەنا بۆ چەک بەرن. پەنابردنى ئەحزاب بۆ چەک و هەروەها هاندانى ڕق‌و کینە‌و دووبەرەکى نەتەوەیی قەدەغەیە. هەر حیزبێک بەم کارانە هەڵسێت ڕووبەڕووى لێپرسینه‌وه ى یاسایى دەبێتەوە.
٨/ده‌خاڵه‌تی ووڵاتانی ناوچه‌که، به‌ تایبه‌تی ئێران، تورکیا و ووڵاتانی عه‌ره‌بی دراوسێ به‌هه‌رشێوه‌یه‌ک‌و لەژێر هه‌ر ناوو بیانوویه‌کدا بێ، قه‌ده‌غه‌یه‌.

ئەرکەکانى شوراى پارێزگا:
١/ دیاریکردنى سیستەمێکى پشتبەستوو بەئیرادەى خەڵک بۆ هەڵبژاردنى سەرجەم پۆستە سیاسى‌و ئیداریەکانى پارێزگا.
٢/ بیناکردنەوەى پارێزگاو دەرهێنانى له‌م وێرانه‌یه‌ی ئێستا. دروستکردنى خانوبەرەو ئاپارتمانى مودێرن بۆ ئەو دانیشتوانەى خانویان نیە. داڕشتنى سیستەمێکى مودێرن بۆ دروستکردنى خانوبەرە و بەرگرتن لە بێسەرەوبەرەیى لەم بوارەدا.
٣/ دابینکردنى هەموو جۆرە خزمەتگوزاریەکى مودێرن بۆ پارێزگا وەکو ئاو و کارەباو قیرتاوکردنى ڕیگاوبانەکان‌و دروستکردنى تۆڕی ئاوو ئاوه‌ڕۆ… و دروستکردنی قوتابخانەو نەخۆشخانەو پاکوخاوێنى پارێزگا بە یەک ستاندارد لە ئاستى هەموو پارێزگاو گەڕەکەکانیدا.
٤/هێزێکى پاسەوانى ئەمنیەتى گشتى پارێزگا بەسەرپەرشتى شوراى پارێزگا پێکدێت، بۆ پاراستنى شوێنە گشتیەکان و ڕێگاوبانەکان‌و دامەزراوەکان‌و………هەموو جێگایەکى پارێزگا جگە لە گەڕەکەکان.
٥/هاوکاریکردن‌و دابینکردنى هەموو پێداویستیەکان بۆ گەڕانەوەى ئاوارەکان‌و کۆتایهینان بە دیاردەى ئاوارەیى لە پارێزگادا.
٦/ قەرەبووکردنەوەى هه‌موو ئه‌و هاوڵاتیانەی کە بەهۆی سیاسه‌تی ڕژێمی پێشوو وە لەماوەی‌ ساڵانی رابردوودا بە روداوەکانی دوای ١٦ ی ئۆکتۆبەریشەوە…زیانیان لێکه‌وتووەو تا ئێستا قەرەبوو نەکراونەتەوە‌.
٧/دانانى دادگایەکى تایبەتى بۆ یەکلاکردنەوەى کێشەکانى ئەم پارێزگاە، بەتایبەتى یەکلاکردنەوەى شکاتى ئەوانەى موڵک و ماڵیان داگیرکراوە.

مارسی ٢٠١٩

 

Check Also

سەربەخۆی کوردستان لەبەردەم بازرگانی بە نەوتەوە!

عوسمانی حاجی مارف حکومەتی هەرێمی کوردستان پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە دەسەڵاتی فرۆشتنی هەناردەی نەوت …